riklam

پانۆرامای بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە کوردستان

جینۆساید‌‌ 03:07 PM - 2019-03-15
.

.

 

پاش هەڵگیرسانی شەڕی عیراق – ئێران 22/9/1980 کە ماوەی هەشت ساڵ بەردەوامی بوو لە 8/8/1988 کۆتایی هات، بەهۆی لایەنگیری زۆربەی وڵاتانی زلهێز لە عیراق دژ بە ئێران، ئەویش بە مەبەستی بەربەست دانان لە گەشەسەندنی دەوڵەتی ئیسلامی و هەناردەکردنی فکری ئیسلامی بۆ دەرەوەی سنورەکەی، لەم ڕوانگەیەوە زلهێزەکان بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی تەواویان بۆ عراق جاڕدا بوو، هاوکات زۆربەی وڵاتانی عەرەبیش پشتیوانی عیراق بون بێجگە لە (سوریا و لیبیا) کە هاوکاری ئێران بوون.
بەهۆی بەرگەگرتنی ئیران دژ بە هەموویان، بیریان لە بەکار هێنانی چەکی کۆکوژ کردەوە ئەویش چەکی کیمیایی بوو، سەرباری ئەوە عیراق لە ڕیزی ئەو 120 وڵاتە بوو واژۆی پەیماننامەی جنێڤی ساڵی 1925 کردبوو کە باس لە قەدەغەەکردنی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی دەکات، پاش ئەوەی عیراق چەکی کیمییای و مادەکانی بەرهەم هێنانی دەس کەوت، گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵکرا بۆ بەکارهێنانی، کە بە پێی یاسا نێو دەوڵەتیەکان نابێت چەکی کۆکوژ بەکار بێت لەجەنگدا، هەروەها نابێت دژی خەڵکی سڤیل بەکاربێت، بەڵام زۆر بە ئاشکرا و بێ دەربەس لەبەرەکانی جەنگی نیوان سەربازانی عیراق و ئێران بەچڕی بەکاریان هێنا، تەنانەت سەربازی عیراقیش بەردەکەوتن.
لێرەدا نامەوێ باس لە بەکار هێنانی چەکی کیمیایی بکەین دژ بە سوپای ئێران بەڵکو دێینە سەر تەوەرەکەی خۆمان ئەویش بەکار هێنانی چەکی کیمییایە دژی گەلی کورد.
زۆربەمان لامان ئاشکرایە کە ڕژێمی بەعس بیری شۆڤێنیەت بەسەری دا زاڵ بوو، دەیویست کورد لە بۆتەی عەرەبدا بتوێنێتەوە و نەیهێڵێت، بۆ ئەم مەبەستەش چەندەها ڕێگای گرتە بەر لەوانە: راگواستن، بەزۆر بە بەعسی کردن، تەعریبکردنی ناوچە کوردیەکان، کۆتا هەنگاویشی بەکار هێنانی چەکی کۆکوژی کیمیایی بوو ، تازۆرترین ژمارەی کورد لە ناو ببات بەتایبەت نەیارەکانی.
لەم ڕوانگەوە ڕژێم هەرکەس لەژێردەسەڵاتی ئەودا نەبوایە بە قورسترین شێوە لێێ دەدا بەئاگر و ئاسن و چەکی کیمیایی، بڕیاری تایبەتی دەرکرد بۆ شوێنە ئازاد کراوەکان کە بە ناوچەی قەدەغەکراو ( مناطق محرمە ) ناو زەندی کردن، هەر بۆیە لەسەرەتای ساڵی 1987 وە زۆر دڕندانە کەوتە بۆردومانی کیمیایی ناوچە ئازاد کراوەکانی ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگە و دەستی لە مرۆڤ و ئاژەڵ و باڵندەش نەدەپاراست .
بە پێی ئەو بەڵگەنامانەی کەدەست کەوتوون ڕژێم لە تشرینی دووەمی ساڵی 1983 دا چەکی کیمیایی دەستکەوتووە، بەڵام بەهۆکاری نەزانراو بە کاری نەهێناوە لە بەرەکانی جەنگدا، ( یان گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵنەکراوە، یان بە کەمی لە بەردەستدا بووە)، دەرکەوتوە یەک جار لە بەرەی جەنگی باکوور دژ بە ئیران بەکاری هێناوە لە ناوچەی حاجی ئۆمەران.
پێشتر لە ساڵەکانی 1937-1938 دەوڵەتی تورک دژی کورد لە شۆڕشی دەرسیمدا چەکی کیمیایی بەکار هێناوە وەک لەساڵنامەی دەولەتی عوسمانیدا هاتووە.
ڕژێم هەموو جۆرەکانی چەکی کیمیایی دژ بە گەلی کورد بەکارهێنا، لە ڕێگای فڕۆکەی جەنگی و موشەک و بۆمبی گەورە، تۆپی دوورهاوێژ، راجیمە ، تێبینی دەکرێت زۆربەی هێرشە کیمیایەکان بەشەو دەیکردن، تا خەڵک نەبینێت و زۆرترین کوشتار بدات.
مەبەست لە دروست کردن یان ئامادەکردنی ئەم بابەتە بە چەند شێوازێک ( ڕۆژمێر ، کتێب، فلیکس، برۆشور، وێنەی قەبارەگەورەی سەرتەختە) ئەوەیە تاکو تاوانەکانی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی بە شێوازێکی ئاسان تۆمار و بەدۆکیومێنت بکرێن، جیهان و نەتەوەی کورد و نەوەی نوی لێی ئاگادار بێت، وەک سەرچاوەیەک سودی لێ وەربگیرێ لە کاتی پێوستدا.
لەم پانۆرامایەدا دەمانەوێت بە تێر و تەسەلی ڕۆژی بۆمبارانی کیمیایی ناوچە و شوێنەکان و ژمارەی قوربانیەکان بەپێی توانا دیاری بکەین:
1. لە ڕۆژی 15/4/1987 دا لە پارێزگای سلێمانی گوندەکانی (هەڵەدن، چاڵاوە، کانی توو، سەرگەڵو، بەرگەڵو، ئاوەژێ، سێڕوان، نوڵچکە، چنارنێ، شاخی گۆجاڕ)بۆمبارانی کیمیایی کران، ژمارەی قوربانیان، بەرکەوتووبوونی دەیان کەسی مەدەنی و پێشمەرگە بوە.
شایانی باسە ئەم بۆردومانانە لەکاتی ئەنجامدانی هێرشێکی گەورەی پێشمەرگەکانی یەکێتی نیشتمانی بوو بۆ سەر ناوچەکە بە ناوی داستانی ڕزگاری، سەرەڕای ئازادکردنی چەندین گوندو ناوچەو بە سەدان ڕەبایەو سەربازگەی ڕژێم، بەڵام داستانەکە بەپێی ئەو نەخشەیەی کە بۆی دانرابوو نەگەیشتە ئەنجام. چونکە ڕژێم چەکی کیمیایی بەکار هێنا دژی پێشمەرگە و هاوڵاتیان. بۆمبارانی کیمیایی ڕۆژانی دوایش بەردەوامی هەبوە زیاتر لە 30 هاوڵاتی بەرکەوتن ،لە نەخۆشخانەی شۆڕش لەبەر گەڵو خەوێنراون و چارەسەر کران .
دەتوانین بلێێن ئەمە یەکەم هێرشی کیمیایی بۆ بۆسەر ناوچە ئازاد کراوەکان و پێشمەرگە ،داستانی ڕزگاری لە شەوی 12 لەسەر 13/4/1987 دەستی پێکرد و ماوەی سێ هەفتە بەردەوام بوو،زیاتر لە 105 پێشمەرگە گیانیان بەخشی بە کوردستان، بەڵام نەزانراوە ئایا چەندیان بە چەکی کیمیایی شەهید بوون. ئەوەی تێبینی دەکرێ ڕژێم چەکی کیمیایی زۆرتر دژی گوندەکان بەکار هێناوە تاکو ژمارەیەکی زیاتر خەڵکی بێ دیفاع شەهید بکات.
2. لە ڕۆژی 16/4/1987 دا لە پارێزگای هەولێر گوندەکانی (بالیسان، شێخ وەسانان، کانی بەرد، زنجیرە چیای دەرەشیر، زینی بەڵاڵوکاوە، ناوچەی ساوسێوکان) بۆمباران کران بە 12 فرۆکە ی جەنگی چەکی کیمیایان وەشاند . دیارە ئەو شوێنانە ناوچەی ئازادکراو بوون و لە ژێر دەسەڵاتی هێزی پێشمەرگەدا بون بارەگای مەڵبەندی سێ ی (ینک) ی لێ بوو، لە ئەنجامی کیمیاباراندا تا ئیستا ئەوەی ئاشکرابووە زیاتر لە 280 هاوڵاتی شەهید بوون، سەرەتا ژمارەی شەهیدان کەمتر بوو بەڵام بەهۆی بەرکەوتنیان و کەمی لە چارەسەر کردندا ڕۆژ بەڕۆژ ژمارەی شەهیدان زیاتر دەبن، تائیستا مووچە بۆ 256 بەرکەوتووی کیمیایی بڕاوەتەوە و نزیکەی 320 کەسی تر بەرکەوتووی چەکی کیمیاین.
( لەکاتی بۆمبارەنەکەدا و ساڵی 1987 نزیکەی 109 کەس شەهید بوون، زیاتر لە 281 بەرکەوتووی ئاشکرا هەبوو دواتر وردە وردە کاریگەری چەکی کیمیایی دەرکەوت قوربانیەکان زیاتر بوون) بەرکەوتوانی ئەم تاوانە ڕویان لە هەولێر و شەقڵاوە و رانیە و شارەکانی تر کرد بۆ چارەسەر بەڵام ڕژێم زۆربەی هەرە زۆری دەسگیرکرد و زیندە بەچاڵی کردن بەتایبەتی ئەوانەی چوون بۆ نەخۆشخانەکانی هەولێر، پیاوەکانیان لە ژنەکان جیاکردوە و لە سەربازگەی ڕشکین پاش دەیان ڕۆژ دەسبەسەرکردن ژنەکانیان ئازاد کرد و پیاوەکان زیندە بەچاڵ کران لە دوای راپەڕین تەرمی زیاتر لە 66 کەسیان لەو سەربازگەیە هێنایەوە، هەروەها 150 خانوو دروست کراوە بۆ کەسوکاری قوربانیانی چەکی کیمیایی بالیسان و شێخ وەسان.
3. لە ڕۆژی 17/4/1987 / لە پاریزگای سلێمانی گوندەکانی (قزلەر، بیرکێ، سنگر، مێولاکە) کیمیا بارانکران، چەندین کەس بەرکەوتن، بە هۆی ئەوەی بۆمبارانەکە لە سەروبەندی داستانی ڕزگاریدا بوو، زۆربەی شوێن و گوندەکان و بەرەکانی جەنگ بۆردومان دەکرا، خەڵک خۆیان حەشار دابوو و لە ئامادەباشی دابوون، بۆیە ژمارەی قوربانیان کەمە.
4. لە ڕۆژی 18/4/1987 لە پارێزگای سلێمانی،شاخ و گوندەکانی (قەیوان، کۆرەنگ،خەجەلەرزۆک، قەواڵ، قوڵەجاخ، چۆخماخ، کۆڵەردی) بەچەکی کیمیایی بۆردومانکرا 50 هاوڵاتی بەرکەوتوە.
5. لە ڕۆژی 19/4/1987 دا لە پاریزگای سلێمانی گوندەکانی(ماوەت قەیوان، پیرەمەگرون) بە چەکی کیمیایی بۆردومان کران، دەیان کەس بەر چەکی کیمیایی کەوتن .
6. لە ڕۆژی 20/4/1987 دا هەمان ناوچەکانی ڕۆژانی پێشوو بۆمباران کران و دەیان کەس بەرکەوتن.
7. لە ڕۆژی 21/4/1987 دا ناحیەی قەرەداغ و گوندەکانی دەوروبەری لە پاریزگای سلێمانی، بە چەکی کیمیایی بۆردومان کران، لە ڕۆژی 19/4/1987 دا هێزی پێشمەرگەی کوردستان ( ینک، حشع، پدک،حسک) بە هاوکاری هێزی پشتگیری ناوچەکە لەهێرشێکدا دەستیان گرت بەسەر تەواوی ناحیەی قەرەداغدا، هەموو سەربازگە و فەرمانگەکانی حکومەت کەوتنە بندەستی پێشمەرگە، بۆیە لە تۆڵەی ئەم شکستە، ڕژێم بە چەکی کیمیایی، ناحیەکە و دەورووبەری بۆمباران کرد، بەڵام بە هۆی وریایی و ئامادەباشی هێزی پێشمەرگە، کاریگەری نەبوو تەنها چەند پێشمەرگەیەک بەرکەوتووبوون، ئیتر لەو کاتە بە دواوە ناوەندی ناحیەی قەرەداغ ئازاد کرا.
8. لە ڕۆژی 21/4/1987 دۆڵی بالیسان لە پارێزگای هەولێر، کیمیا بارانکرا.
9. لە ڕۆژی 1/5/1987 لە پارێزگای دهۆک گوندی (زێوە) بۆردومانی کیمیایی کرا چەندین پێشمەرگە شەهید بوون.
10. لە ڕۆژی 22/5/1987 لە پارێزگای هەولێر گوندەکانی (مەلەکان، گۆڕە شێر، کەندۆک، بلێ، بردون) کیمیا بارانکران.
11. لە ڕۆژی 22/5/1987 لە پارێزگای کەرکوک گوندەکانی ( تۆمار، گورگان، قەمەر) کیمیاباران کران.
12. لە ڕۆژی27/5/1987 لە پارێزگای هەولێر گوندەکانی (مەلەکان، بلەی خواروو، بلەی سەروو،تارینا، کەندۆک، گۆڕە شێر، نازەنین، دۆڵی سماقۆلی) کیمیابارانکران لە ئەنجامدا هەشت 8 شەهید و 23 بەرکەوتوو، بە پێی هەواڵەکان فرۆکە جەنگیەکان بیست 20 هێرشیی کیمیایان ئەنجام داوە لەو ڕۆژەدا.
13. لە ڕۆژی 5/6/1987 لە پارێزگای دهۆک گوندەکانی قەزای ئامێدی بۆمباران کران یەک شەهیدو سەد بەرکەوتوو.
14. لە ڕۆژی 27/6/1987 لە پارێزگای سلێمانی گوندی (زێوێ) بناری شاخی پیرەمەگرون کیمیاباران کراوە، 35 کەس بەرکەوتن .
15. لە ڕۆژی 28/6/1987 رژێمی بەعس لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان شاری سەردەشت بۆردومانی کیمیایی کراو زیاتر لە 130 کەسی مەدەنی شەهید و 8025 بەرکەوتن ، فڕۆکەکان بۆمبەکانیان لە قەرباڵخترین شوێنی شاردا فڕێدایە خوارەوە ، لەو کاتەدا سەردەشت وەک بەرەیەکی دواوەی جەنگی لێهاتبوو لەشەڕی عیراق-ئێراندا.
16. لە ڕۆژی 3/9/1987 لە پارێزگای سلێمانی گوندەکانی ( بەرگەڵو، یاخسەمەر) بەچەکی کیمیایی بۆردومان کران، لە ئەنجامدا 4 پێشمەرگە شەهید و چەندین کەس بەرکەوتن.
17. لە ڕۆژی 14/9/1987 لە پارێزگای سلێمانی ناوچەی( مێرگەپان ) بۆمبارانی کیمیایی کرا چەنین کەس بەرکەوتن.
18. لە ڕۆژی 25/2/1988 لە پارێزگای سلێمانی گوندەکانی ( سەرگەڵو، یاخسەمەر، هەڵەدن، گوێزیلە) بۆردومانی کیمیایی کران، چەندین کەس بەرکەوتن.
19. لە ڕۆژی 26/2/1988 لە پارێزگای سلێمانی، هەمان ناوچە و گوندی ڕۆژی پێشو (سەرگەڵو، یاخسەمەر، هەڵەدن، گوێزیلە) بۆردومان کران 8 شەهید و 201 کەس بەرکەوتن.
20. لە ڕۆژی 27/2/1988 لە پارێزگای سلێمانی گوندەکانی( تەکیە، بەلەکجاڕ، بەڵخە، گومەتە) لە ناوچەی قەرداغ، لەلایەن فڕۆکە جەنگیەکانی ڕژێمەوە کە ژمارەیان نزیکەی 6 فڕۆکە دەبوو، بە ژەهری خەردەل بۆمبارانکران و دەیان پێشمەرگە بەرکەوتوو بوون کە وا مەزندە دەکرا 40 کەس بن، بەهۆی کاریگەری برینەکەیانەوە 2 کەسیان شەهید بوون کە چەکداری ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی بەڕەگەز عەرەب بوون .
نیشانەکانی برینداربوون بە چەکی کیمیاویی بریتی بوو لە سوتانەوەی چاو قورگ لوت و ئاو هاتنە خوارەوە پژمین و کۆکە، کزبونی بینایی و کوێر بوون، سوتانەوەی پێستی شوێنە هەستیارەکانی لەش،(خۆم شاهید حاڵی ئەو بۆمبارانە بووم لەوێ پێشمەرگە بووم)
بۆمبارانی ئەمجارە تایبەت بوو بە بارەگاکانی مەڵبەندی یەک (ینک) لە گوندەکانی تەکیە و بەلەکجاڕ کە هەموو بەرکەوتووەکان لەوێ بوون.
21. لە ڕۆژی 9/3/1988 لە پارێزگای سنە گوندی قەڵاجێ (ڕۆژی 19 اسفند ی 1366 بۆمباران کرا)، بە گازی خەردەل، 3 شەهید و زیاتر لە 30 بەرکەوتوو.(زریوار خبر).
22. لە ڕۆژی 16/3/1988 پارێزگای هەڵەبجە، ناوەندی قەزای هەڵەبجە و شارەدێ و گوندەکانی دەوروبەری بە چەکی کیمیایی بۆمباران کران ( 5000 هەزار شەهید) و دەیان هەزار کەس بەرکەوتن و ئاوارەی ئێران بوون.
لە پاش هێرشێکی بەربڵاوی سوپای پاسدارانی ئێران و بەهاوکاری پێشمەرگەکانی بەرەی کوردستانی بۆ سەر قەزای هەڵەبجەی ئەوکاتە، لەچەندین قۆڵەوە لە ڕۆژانی 14/3 /1988 بە دواوە، پاش داگیر کردنی ناوچەکە بەتەواوی و ڕژێم دەستیکرد بە بۆردومانی ناوشاری هەڵەبجە، سەرەتا بە بۆمبی ئاسایی کاتژمێری 11.35 دەستی پێ کرد، تا خەڵک بە زۆرترین ژمارە خۆی حەشار بدات و کۆ ببنەوە، لە ژێر زەمین و حەشارگەکاندا. ئینجا دەستی کرد بە بۆمبارانی کیمیایی لە ڕێگای فرۆکەوە، مەزەندە ئەکرێ هەموو جۆرە گازەکانی بەکار هێنابێ وەک تاقیگەیەک( خەردەل، فۆسجین، سارین، تابون، سیانید، ڤی ئیکس)،بۆمباران بەردەوام بوو تا خەڵک لەشار هەڵهات و ئینجا لەوێش لە ڕێگادا بەردەوام بۆمباران دەکران، مەبەستی رژێمی بەعس ئەوەبوو، خەڵکی بەتەواوی لە ناوببات، ڕێگاکانی دەرچونی لە شار هەموی بۆردومان دەکران، ڕۆژانی دواتریش بۆمبارانی کیمیایی بەردەوام بوو،( ڕێگای عەنەب، بیاویڵە، خەرپانی، جەلیلە، عەبابەیلێ، شنروێ، سازان، بالامبۆ، ناوچەی نەورۆڵی، گولان، ڕێگای ھاوار، بیارە، ئەحمەداوا و چەمی زەڵم …ھتد) .
23. لە ڕۆژی 17/3/1988 لە ناوچەی هەورامان شارەدێی( نۆدشە) سەر بە پارێزگای کرماشان، کەوتە بەرهێرشی کیمیایی،(104) شەهیدو زیاتر لە 700 کەس بەرکەوتن، هەروەها لە رۆژی 24/3/1988 دا جارێکی تر و لە 2/4/1988 بۆ جاری سێهەم بۆردومان کرا. شاندێکی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆمەبەستی لێکۆڵێنەوە سەردانی ئەم شارەیان کرد و سەلماندیان کە چەکی کیمیایی لەجۆری خەردەل لەو شارە دراوە.
24. لە ڕۆژی 17/3/1988 ڕۆژانی دواتریش لە پارێزگای سنە گوندەکانی ( دەرەناخێ ،زەکەریا، ڕێگای نیوان مەرزی دزلی و بیەکەڕە) کە ڕێگای هاتوچۆی خەڵکی ئاوارەی هەڵەبجە و هەورامان و ناوچەکانی تر بوو، ڕژێم جارێکی تر لە ڕێگاوە بۆردومانی کردن، چەندین کەس بەرکەوتن و کەسێک شەهید بوو بە ناوی ( زۆراب ئازیز گوڵپی).
هەر لەو ڕۆژنەدا لە 22/3/1988 و دوای کیمیا بارانی هەڵەبجە گوندەکانی (نژمارو بالک، نێ ،دەگاشێخان) لە نزیک مەریوان بۆردومانی کیمیایی کران، سەرچاوەکانی دەولەتی ئیران و حزبە کوردیەکان باسی نەکردووە، زیاتر لە 50 شەهید و سەدان بەرکەوتووی هەبووە ( سابیر چەوساوە- http://kurdistannet.org/2005/7-2005/17-7/kurdu.htm
سەرچاوەکەی کوردستان نێت) دەڵێت: ڕۆژی 16/3 بوە، ژمارەی شەهیدەکان زیاترە لە 300 شەهیدە و لە گۆڕستانی گوندی چۆڕ ئەسپەردە کراون، بەڵام کاک سابیر و سەرچاوەیەکی تر ئاماژە بە چوار تا پێنج ڕۆژ دوای هەلەبجە ئەم بۆردومانە بوە.
25. لە ڕۆژی 22/3/1988 لە پاریزگای سلێمانی ناوچەی قەرەداغ، گوندی(سێوسینان)، ئێوارە دوای بانگی مەغریب (کاتژمێری 6.30) کاتی پشودان و نان خواردنی خەڵکی گوندەکە، لەگەڵ تاریک بونی هەوا ڕژێم لە نزیک دەربەندیخانەوە لە گوندی کانی ساردەوە بە ڕاجیمەی چل چل و بەچەکی کیمیایی جۆری دەمار(سارین و تابون) بۆردومانی ناو دێی سێوسێنانی کرد، دەس بەجێ 68 کەسی سڤیل لە ژن و مناڵ و پیر شەهید بوون، یەک کەسیان پێشمەرگە بوو،دواتر ژمارەی شەهیدەکان بوە بە 71 بەهۆی گیان لەدەستدانی بەرکەوتووەکانەوە، سەدان کەسیش بەرکەوتن، زیاتر لە 70 کەسیان بەهۆی تراکتۆرەوە لەلایەن تیمی فریاکەوتنی نەخۆشخانەوە گەیەنران و چارەسەریان بۆ کرا، بەهۆی هەوڵ و کۆششی دکتۆر و یارمەتیدەری دکتۆر و پێشمەرگەکانی نەخۆشخانەی مەڵبەندی یەک(ینک) توانرا گیانی هەموو بەرکەوتوەکان ڕزگار بکرێت، پاش کەمتر لەنیو کاتژمێر و گەیشتنی دوو بەرکەوتوو لە گوندەی بەردێ و خوار گوندی سێوسێنان، بۆمان پشت راستکرایەوە کە گوندی سێوسێنان بە چەکی کیمیایی بۆردومان کراوە ،یەکسەر تیمی پزیشکی لە نەخۆشخانەوە دەسبەجێ ڕۆیشتن بۆ گوندەکە کە نزیکەی 30 دەقیقە بەپێ ڕۆشتن دوور بوو لێمان، توانرا بەرکەوتووەکان بهێنرێنە نەخۆشخانە و چارەسەریان بۆ بکرێ لەماوەی 2-3 ڕۆژ. لە ئێستادا مەزارگەی شەهیدانی کیمیاباران لەو گوندە 68 کێل و روفاتە، 24 خانوش بۆ کەسوکاری قوربانیانی ئەو تاوانە دروست کراوە.( خۆم وەک شایەت حاڵی زیندوی تاوانەکەم لە نەخۆشخانەی مەڵبەند دکتۆر بووم).
ئەمەش چەند وێنەیەک لە مەزاری شەهیدان و مۆنۆمێنتی سیوسێنان.
26. لە ڕۆژی 23/3/1988 لە پارێزگای سلێمانی گوندەکانی، ناوچەی قەرەداغ(دوکان، دوکەرۆ، ولیان جافەران) بەشەو بۆمبارانی کیمییایی کرا. بەڵام کەس شەهید نەبوە و دەیان کەس بەرکەوتن، بەهۆی ژەهراوی بوونی هەوای ناوچەکە. گوند نشینان کەوتبونە خۆیان و هۆشیار بوبونەوە، بۆیە گوندەکانیان جێ هێشتبوو لە شاخ و ئەشکەوتەکان دەمانەوە تا بەر چەکی کیمیایی نەکەون.
27. لە هەمان ڕۆژدا 23/3/1988 لە پارێزگای سلێمانی گوندی (شاناخسێ) لە ناوچەی شارباژێر بەچەکی کیمیایی بۆردومان کرا 22 پێشمەرگە شەهید بوون و زیاتر لە 720 کەسی مەدەنی و پێشمەرگە بەرکەوتن. لەو کاتەدا گوندی شاناخسێ یەکێک بوە لەگوندە ئاوەدانەکان و پڕ لە خەڵک و پێشمەرگە، نزیک سەر سنور بوو بۆیە ڕژێم بە چەکی کیمیایی و بەفرۆکە بۆمبارانی کرد، بەپێی بەدواداچونەکانم ئەم گوندە ڕۆژانی 21 و 22 ،23/3/1988 بۆردومانی کیمییایی کراوە.(کاروانی جیهاز یەکێک لەپێشمەرگە بەرکەوتووەکان ی ئەو گوندە بوو، هەروەها شایەت حاڵی دادگای بالای تاوانەکان بوو، کە لە ڕۆژی 26/11/2015 گیانی بەخشی لە نەخۆشخانەی خرونگن لە هۆڵاند).
28. لە ڕۆژی 24/3/1988 لە پارێزگای سلێمانی گوندی( بەلەکجاڕ) ناوچەی قەرەداغ ، کە بارەگا سەرەکیەکانی مەڵبەندی یەکی « یەکێتی نیشتمانی کوردستانی» لێ بوو، لە کاتژمێری نۆی شەو بەتاریکی، چەکی کیمییایی جۆری گازی دەمار بۆردومان کرد، کە گازێکی بێ بۆن و بێ ڕەنگە، ناودێ و دەوروەبەری بارەگاکانی پێشمەرگە، لەئەنجامدا تەنها یەک پێشمەرگە بەناوی هۆشیاری جیهاز شەهید بوو، جچندین پێشمەرگەش بەر ژەهری کیمیایی کەوتن.
29. لە ڕۆژی 3/5/1988 لە پارێزگای سلێمانی گوندەکانی( گۆپتەپە، عەسکەر، چەمی ڕیزان، شونکە، ماهیلە، سەدی، چنار، شێخان، گڵەشێر، حاجی ژیرە بەرە، کوچبڵاخ، زرزی، کڵێسە) بۆمبارانی کیمیایی کران، رۆژی دواتریش 4/5/1988 ڕژێم هێرشی کرد، گوندەکانی هەموو تەختی زەوی کرد. لە ئەنجامدا سەرەتا زیاتر لە 200 کەس بەهۆی ژەهرەوە گیانیان سپارد، سەدانی تریش بەرکەوتن، تاکو ئیستا ژمارەی شەهیدەکانیان کە بەهۆی بەرکەوتووی چەکی کیمیایەوە گیانیان سپاردوە گەیشتۆتە 560 شەهید.
لە گۆپتەپە مەزارێکی شەهیدانی هەیە کە رووفاتی 105 شەهیدی تێدایە، سەرباری ئەوەی کە زیاتر لە 305 ئەنفالکراوایان هەیە.
30. لە ڕۆژی 15/5/1988 لە پارێزگای هەولێر ئەم گوندانە بە چەکی کیمیایی بۆردومان کران (قۆناخی چوارەمی ئەنفال بوو) ( کاموسەک، سپیندارە، عەلیاوە، بەرەکە، کەوەکیان، حەریر، سماقولی ،مەلوک)، ئەم هێرشە بۆتە هۆی بەرکەوتنی سەدان کەس .
31. لە ڕۆژی 15/5/1988 بە دواوە 18/5/ لە پارێزگای سلێمانی، ڕانیە گوندەکانی( وەرێ، گوڵان، بۆتێ) بۆردومانی کیمیایی کران، پێچەوانەی شوێنەکانی تر ئەم سێ گوندە لەژێر دەسەلاتی ڕژێمدا بون، لە گوندی وەرێ زیاتر لە 35 بەرکەوتوو گەینراوەتە نەخۆشخانەی مەڵبەندی سێی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەخەتێ، بۆئەوەی چارەسەریان بۆ بکرێت، بەڵام ژنێک پاش گەیشتنی بە نەخۆشخانە، گیانی لەدەست دەدات. هەروەها ژمارەی شەهیدانی کیمیابارانی ئەم گوندە 36 کەسە تۆمار کراون، لە گوندی بۆتێ(23) پێشمەرگەی کۆمەڵەی زەحمەت کێشان /ڕۆژەهەلاتی کوردستان شەهید کەوتن بەهۆی بۆردومانی کیمیایی، زیاتر لە 60 پێشمەرگەش بەرکەوتوو بوون، لە کاتێکدا ئەم گوندە لە ژێڕدەستی پێشمەرگەدا نەبوو، بریندارەکان سەردانی نەخۆشخانەی حکومەتیان نەدەکرد، چونکە دەترسان رژێم ئەنفالیان بکات .
32. لە ڕۆژی 20/7/1988 لە پارێزگای هەولێر بۆردومانی کیمیایی گوندەکانی( سەرو چاوە، سماقولی، گەناو، شارستێنە، خەتێ، دەراش، بالیسان، نازەنین، گەرەوان) بەهۆی هێرشی بەردەوام و بۆمبارانی کیمیاییەوە لەم کاتەدا زۆربەی گوندەکانی ناوچەکە چۆڵ کرابوو، ئەوەی مابویەوە لە چیا و پەناگاکاندا خۆیان حەشار دابوو، بە تەنها هێزی پێشمەرگە لە ناوچەکەدا مابوو ئەوانیش لەشەڕدا بوون، بەهۆی شاڵاوی ئەنفالی(5 .6.7.) 7 شەهیدو چەندین بەرکەوتوو .
33. لە ڕۆژی 22/7/1988 لە پارێزگای کرماشان، ناوچەی( داڵاهۆ گوندی زەردە ) بۆمبارانی کیمیایی کرا ،لەئەنجامدا زیاتر لە 300 کەس شەهید بوون، نزیکەی هەزار کەسیش بەرکەوتوو بوون، جێگەی ئاماژەیە لەوکاتەدا دانیشتوانی گوندەکە 1700 کەس بووە، تا ئیستاش ئەو گوندە بە کاریگەری ئەو چەکەوە دەناڵێنن و چەندین حاڵەتی شێرپەنجە سەری هەڵداوە.
34. لە ڕۆژی 31/7/1988 لە پارێزگای هەولێر گوندەکانی( سماقولی، بالیسان، هیران، گەرەوان) بۆردومانی کیمیایی کرا، لە ئەنجامدا 5 شەهید و چەندین کەس بەرکەوتن .
35. لە ڕۆژی 2/8/1988 لە پارێزگای هەولێر گوندەکانی( ئاری،سێرو، زەڕوا، هەدن، کەکلە،خێرزوکا، خەروان، بلێ) بەچەکی کیمیایی بۆردومان کراوە و( 6 ) پێشمەرگە شەهید و 117 کەس بەرکەوتن، هەڵبەت ئەم بۆردومانانە لە ڕۆژەکانی پێشوتر و داوتر بەردەوامی هەبووە لەسەر ناوچەکە بەتایبەت لەو کاتەدا، شەڕێکی قورس لە ئارادا بوو لە ناوچەی سێ سنور کە بەشەڕی (خواکورک) ناوبانگە.
36. لە ڕۆژی 24/8/1988 لە پارێزگای دهۆک چیای گارە و گوندی (زێوەشکان) بۆمبارانی کیمیایی کرا و 10 پێشمەرگە شەهید بوون.
37. لە ڕۆژی 25/8/1988 لە پارێزگای دهۆک قۆناغی هەشتەم و کۆتایی ئەنفال دەستیپێکرد و بۆمبارانی کیمیایی بۆ سەر ناوچەی ئامێدی و بەرواری باڵا، گوندەکانی ( وەرمیلی ،باپیری، گەرەگوە، هیسی، ئیکمالا، ئاسهی، بازێ، میسکا، توشمبیک، مێرگا چیا، کانی بەلاڤ ،بریجینی، توێکا) دەستیپێکرد و لە ئەنجامدا 5 شەهیدو 75 بەرکەوتوو بوون. هەر لەم ڕۆژەدا لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان دا، چەندین پەلاماری تری کیمیایی ئەنجام دراون.
38. لە ڕۆژی 25/8/1988 لە پارێزگای دهۆک، ناوچەکانی ئامێدی، سەری گارە و گوندەکانی ( ئیکمالا، کیری، بەلیتی، باوەکا، بەرکەڤری، گرکا، کۆڤلینک، ڕدینیا، سارکی، زێوکا، شێرانە، بلێجانی، بانێ) کیمیا بارانکرا و لە ئەنجامدا 2 شەهیدو 40 بەرکەوتن. هەر لەم شاڵاوەدا زیایر لە 46 گوندی دەڤەری ئامێدی تەختی زەوی کران.
39. لە ڕۆژی 25/8/1988 پارێزگای دهۆک ناوچەی ئامێدی، بەرواری ژێری (خوارو) گوندەکانی (سپینداری، سواری).
40. لەڕۆژی 25/8/1988 لە پارێزگای دهۆک، گوندەکانی ( کانیا، باسکا، ئاڤۆکێ، بیمنانش) بۆردومانی کیمیایی کرا و چەندین کەس بەرکەوتن.
41. لە ڕۆژی 25/8/1988 لە پارێزگای دهۆک، گوندەکانی( پریسە، جزگیرا، چەمچاڵی، چەمشرتی، چەم ڕەبەتکی، میروکی، بلمباس) بۆردومان کران و چەندین کەس بەرکەوتن.
42. لە ڕۆژی 25/8/1988 لە پارێزگای دهۆک، گوندەکانی( تویکا، بلیجان، زرهەوا) بۆردومانکران، لە ئەنجامدا 14 شەهیدو 15 بەرکەوتن.
43. لە ڕۆژی 25/8/1988 لە پارێزگای دهۆک، بۆردومانی کیمییایی کرایە سەر گوندەکانی (بریجینی، درگەلا شێخا، زیناڤا، دبانکێ) و لەئەنجامدا ، کۆمەڵێک کەس بەرکەوتووبوون.
44. لە ڕۆژی 25/8/1988 لە پارێزگای هەولێر، ناوچەی( بەڕۆژ، بارزان، مزوری بالا) بۆردومانی کیمیایی کران، بەڵام لەبەر سەختی ناوچەکە، ژمارەی قوربانیان نەزانروە.
45. لە ڕۆژی 25/8/1988 لە پارێزگای هەولێر، گوندەکانی(هیران و نازەنین) بۆردومانی کیمیایی کراون، بەڵام زیان نەزانراوە، ئەوکاتە دوا ڕۆژەکانی ئەنفال بوە لەو ناوچەیەدا.
46. لە ڕۆژی 25/8/1988 لە پارێزگای هەولێر، گوندەکانی(خەتێ ، وەرتێ ) بۆ دواجار بۆمبارانی کیمییای کراون، قوربانیەکان نەزانراوان.
47. لە ڕۆژی 26/8/1988 لە پارێزگای دهۆک، ( سەری ئامێدی، سپێر، سینیا، نێروە، خەرەگول کوجرزکا، خراپ، زێوە، بەرچی، کانی، دیری، دەرگەنی، سیری، سکیری، سەرکەلی، فیرستەک، چیاڕەشک) بۆردومانی کیمییای کراوان، قوربانیەکان نەزانراوە.
48. لە ڕۆژی 27/8/1988 لە پارێزگای هەولێر، مزوری بالا ناوچەی( زێی ڕوشین) بۆردومانی کیمیایی کراوە، ژمارەیەک شەهیدو بەرکەوتە هەبووە.
49. لە ڕۆژی28/8/1988 پارێزگای دهۆک، لە نێرەوە و ڕێکان گوندەکانی (شیڤی، هیتوت، کانیا پینک، باشی، سەرنی، گارە، گەرو، باوانکێ، زێوە، گەلی کوتکێ) بوردومانی کیمییای کراوان، ژمارەی قوربانیان نەزانراوە.
50. لە ڕۆژی 29/8/1988 لە پارێزگای دهۆک ناوچەی بەرواری باڵا گوندی ( بازێ و گەلی بازێ) بۆردومانی کیمیای کران و 2980 کەس شەهید بوون و سەدان بەرکەوتە. ناکۆکی لەسەر ژمارەی شەهیدەکان هەیە، پێ دەچێت ئەم ژمارەیە(بێ سەروشوێن و ئەنفال کرابن).
51. لەڕۆژی 29/8/1988 پارێزگای دهۆک، گوندی (بانکێ) کیمیاباران کراوە، زیاتر لە 1000 شەهید و سەدان بەرکەوتوو هەبوە.
لە سەروەختی شالاوی ئەنفالدا ڕژێم هەموو گوندەکانی بادینانی بە بۆمبی کیمیایی بۆردومان کردووە، نەمانتوانیوە ناوی هەموو گوندەکان بهێنین. بە پێی بەڵگەنامەکانی سوپا لە ئەنجامی بۆردومانی کیمیایی و هێرشی بەرفراوانی سوپا لە قۆناغی هەشتەمی ئەنفال ،زیاتر لە 160000 کەس لە سنور پەڕینەوە و چونە ناو خاکی باکوری کوردستان و لە وڵاتی تورکیا بوونە پەنابەر و 664 گوند وێران کران و و زیاتر لە 1700 کەس بێ سەروشوێن کراون.
تێبینی: وشەی بەرکەوتووم بەکار هێناوە لەجیاتی بەرکەوتووی چەکی کیمیایی. هەروەها بەهۆی نەشارەزایم لە ناوی گوندەکانی بادینان، ئەگەر هەڵەیەک هەبێ داوای لێ بوردن دەکەم، بەهیوام بەهەوڵی دڵسۆزانەی ئێوەی خوێنەر ڕاست بکرێنەوە
سەرچاوە:
• گۆڤاری پێشەنگ ژمارە (16) کانونی دوەمی ساڵی 1989دەرچوە. وەک بناغەو بیرۆکەی نوسینەکەم سودم لێ وەرگرتوە.
• لەتوێشوی پزیشکێکی پێشمەرگەوە (د.فایق گوڵپی)
• پانۆرامای تاوانەکانی سەدام (عەدالەت عومەر).
• شایەت حاڵەکانی دادگای باڵای تاوانەکان لەبەغدا،دۆسیەی ئەنفال (تەها سلێمان)
• یادەوەریەکانی خۆم.
• ماڵپەری مەڵبەندی ڕیکخستنی پێشمەرگە (ئەمڕۆ لە مێژوودا)

ئامادەکردنی: دکتۆر ناجح گوڵپی

PUKmedia تایبه‌ت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket