riklam

الانصات المركزی یادی یوبیلی زیوینی دەكاتەوە

ی.ن.ک‌‌ 06:49 PM - 2019-03-12
.

.

رۆژی 12/03/2019 بەئامادەبوونی قادر عەزیز سەرپەرشتیاری مەكتەبی راگەیاندن‌و رەهبەر سەید برایم لێپرسراوی مەكتەب‌و خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد‌و ژمارەیەك لە رۆژنامەنووسان‌و رۆشنبیران، هەواڵنامەی ( الإنصات المركزی ) یادی یوبیلی زیوینی دەرچوونی كردەوە.

لە رێوڕەسمێكیشدا سەرنووسەر‌و ستافی هەواڵنامەكە پێشوازیان لە میوانان كرد كە بۆ پەیامی دەستخۆشی‌و گەیاندنی چەپكە گوڵی پیرۆزبایی سەردانی بارەگای هەواڵنامەكەیان كرد.

لەمڕووەشەوە خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، چەپكەگوڵی پیرۆزبایی خۆی بەخشییە سەرنوسەرو رۆژنامەنووسانی ئەو بڵاوكراوە رۆژنامەنوسییە بەنرخە.

هەر لەمیانەی ئەو سەردانەیدا خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، باری سەرنج و تێبینی خۆی لەمەڕ چارەكەسەدەی دەرچوونی ئەوبڵاوكراوەیە خستەڕوو، وتی:"دەچوونی یەكەمین ژمارەی هەواڵنامەی ( الإنصات المركزی ) بیست و پێنج ساڵ لەمەوبەر بەزمانی عەرەبی دەرخەری ئەوڕاستییە كە یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەردەوام بەتەنگ رەوتی نوێگەری كاری رۆژنامەنوسی مۆدێرن بووە لە كوردستان دا.

سوپاسی سەرنوسەر و رۆژنامەنوسانی بڵاوكراوەكەشی كرد كە بەبەردەوامی كار بۆنوێگەری دەكەن و تەمەنی بڵاوكراوەكەیان بەپیشەییانە گەیاندۆتە مەنزڵی چارەكەسەدەیەك و بێدابڕان پردی پەیوەندی گەیاندنی هەواڵ و زانیاری و بابەتە گرنگەكانی رۆژبوون لە ئاستی كوردستان و عێراق و جیهان.

پاشان محەمەد عوسمان سەرنوسەری الإنصات المركزی خەڵاتی یوبیلی زیوینی یادی 25 ساڵەی بڵاوكراوەكەی بەخشیە خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد لەپای پشتیوانە بەردەوامەكانی.

هەر لەو چوارچێوەیەدا سکرتاریەت‌و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی بەمەبەستی گەیاندنی پیرۆزبایی سه‌ردانی باره‌گای سه‌ره‌كی بڵاوکراوەکەیان کرد و پشتیوانی ئەنجومەنی ناوەندییان بۆ سەرنووسەرو سەرجەم کادیر و کارمەندەکانی دووپاتکردەوە، محەمەد شێخ عوسمان سەرنووسەری الانصات المرکزی لەپای هەماهەنگی تەواوی ڕاگەیاندنی ئەنجومەنی ناوەندی و الانصات المرکزی قه‌ڵغانی یوبێلی زیوینی پێشكه‌ش کردن.

هەروەك خەڵاتی قەڵغانی یوبیلی زیوینی الانصات المركزی پێشكەش بە چەند كەسایەتی‌و كەناڵێكی راگەیاندن كرا لەوانەش كەناڵی گەلی كوردستان PUKmedia زمانحاڵی رەسمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان .

هەواڵنامەی ( الإنصات المركزی ) یەكێكە لە بڵاوكراوە پیشییەكانی سەر بە مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان وماوەی بیست و پێنج ساڵە بێدابڕان خزمەت بەڕەوتی كاری رۆژنامەنوسی كوردی دەكات و هەواڵ و زانیاری و ووتارەكانی رۆژ لەمەڕ دۆخی ناوخۆی و هەرێمی و جیهان بەزمانی عەرەبی بڵاودەكاتەوە .

( الإنصات المركزی ) لەئێستادا بووەتە پردی پەیوەندی نێوان دەستەبژێری نوسەرانی كورد بەعەرەب و بەپێچەوانەشەوە لەبەرگرنگیدان بەخوێندنەوەی ئەم بڵاوكراوەیە ، لەتەمەنی پڕشكۆی خۆیدا ( مام ) بەبایەخەوە لە زانیارییەكانی ( الإنصات المركزی ) دەڕوانی و تەنانەت بەبڵاوكراوە رۆژانەكەی ( مام ) ناسراوە.

PUKmedia  تایبەت

 

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket