riklam

لەئەڵمانیاو بەریتانیا یادی رۆژی ژنان دەكرێتەوە

تاراوگە‌‌ 05:13 PM - 2019-03-11
.

.

8ی مارس لەناوەندی پێكەوە ژیانی كوردو ئەڵمان رۆژی جیهانی ژنان بەرز راگیراو سەرەتا سرودێك بەو بۆنەیەوە بەسینەما ڤیژەن پێشكەكراو دواتر مەهاباد قادر لەوتەیەكی كورتدا وێڕای بەخێرهێنان ئاماژەی بەوەدا ٨ی مارس رۆژی بەرخودان و راپەڕینی پرشنگداری ژنان بوو لەپێناوی دادپەروەری كۆمەڵایەتی ویەكسانیدا.

لەبەشێكی تری قسەكانیدا ئاماژەی بەوەدا ژنان نیوەی كۆمەڵن دایكی بەشەكەی تریشن لەم بارەیەوە وتی: دەستەواژەی نیوەكەی تری كۆمەڵ ئەوەمان پێدەڵێت، دایك وەك ژن وەك مرۆڤ لێوان لێوە لەتواناو میهرو بەخشندەیی وخۆشەویستی و جوانیەكانی ژیان، پێگەی بنیاتنانی گەورەی نەوە لەدوای نەوەو كەسایەتیە زانستی و ئەدەبی و كۆمەڵایەتیەكان بووە بەدرێژایی مێژوو ئەو پێشكەوتنانەش كەمرۆڤایەتی بەرهەمی هێناوە بەرهەمی رەنج و پەروەردەی ژنان بووە شانبەشانی پیاو.

لەكۆتایی وتەكەیدا مەهاباد قادر وتی: با ڕێز لەژن بگرین، هەتا ئازادی ژن لەكۆمەڵگادا نەیەتەدی میللەت ئازاد نابێ.

دواتر فلمێكی دیكۆمێنتاری سەبارەت بە٨ی مارس پێشكەشكرا كە لەلایەن بەختیاری كەریمی ئامادەكرابوو.

هەر بەو بۆنەیەوە باستی عەزیمی سەرپەرشتیاری ناوەندەكە بەهاوڕێیەتی كوێستان نەجم وێڕای پێشكەشكردنی چەند پەیڤێكی جوان بۆ رۆژی ژنان رێزیان لەژنانی بەشداربوان و گوڵی ناوەندەكەیان پێشكەشكردن.

بەدوایدا خاتوو ئەمیرە عەبدوڵا پانۆرامایەكی سەبارەت بەمێژووی راپەڕینی ژنان و رۆژی ٨ی مارس پێشكەشكردو چەندین نمونەی لەسەر روداوەكان و پێگەو قورسایی ژن لەمێژودا هێنایەوەو لەبەشێكی تریشیدا ئاماژەی بەڕۆڵ و پێگەی ژنی كورد كرد بەدرێژایی مێژووی دورونزیك و چەند نمونەیەكی لەكەسایەتیەكان هێنایەوە، لەكۆتایی قسەكانیدا شەڕڤانی كۆبانی بەسونبولی سەربەرزی ژنان وەسفكرد.

هەر لەو یادەدا مەهاباد قادرو نیشتمان كاكەڕەش چەند پارچە هۆنراوەیەكیان خوێندەوە.

پاشان هاوڕێ ئەحمەد خوێندكاری ماجستێر لەمافەكانی مرۆڤ وەك بەشێك لەلێكۆڵینەوەیەكی كەپێشكەشی زانكۆی ئێرلانگنی كردوە ئینفۆگرافیكێكی  بارگاوی بەچەندین داتاو زانیاری بەناونیشانی "فرە رەهەندی جیاكاری و رەگەزی دژی ئافرەتانی كورد" پێشكەش كرد.

 لەبەشێكی تری بەرنامەكەدا هونەرمەند سیروان كەلاری بەهاوكاری هونەرمەند شیخە گەشتێكی گۆرانی و مۆزیكیان پێشكەشكردو ژنانی بەشداربوو بەجلی ئاڵو واڵای كوردیەوە بەهەڵپەركێ و سەرچۆپیەوە یادەكەیان رازاندەوە.

 بەدوایدا فلمێكی فیكۆمێنتاری لەلایەن ئیسماعیلی ماملێ وە پیشكەش كرا كە مێژووی سەرهەڵدانی خەباتی ژنان و ڕاپەرینی ٨ ی مارسی لەخۆ گرتبوو..دواتر هنەرمەند ئیسماعیلئ ماملێ بە دەنگە خۆشەكەی و بەگەشتێكی ڕازاوەی ناو دنیای گۆرانیەكانی ماملێ دا كردە ئیوارەیەكی پڕ خۆشەویستی بۆ ٨ی مارس و تاشەوێكی درەنگ هەڵپەڕكێ وگۆرانی ناوەندی پڕكرد لەخۆشەویستی.

لەپەراوێزی ئەم یادەدا ناوەند رێزی لەهونەرمەندان شیخەو ئیسماعیلی ماملێ نا وەك دوو هونەرمەندی بەتوانا كە بەدەنگ و مۆزیك یادەكەیان رازاندەوەو هەمان كات بەبۆنەی تەواوكردنی خوێندنی تەكنییكیەوە رێز لە ئەیوب ئەندامی ناوەندەكە نرا.

هاوكات  رۆژی 10ی ئادار كەرتی رێكخستنی (بیرمنگهام )ی یەكێتیی نیشتمانیی لەبەریتانیا هەستان بەڕێزلێنان بۆ هەندێك لەكادرو ژنە چالاكەكانی سنوری بێرمینگهام بەبۆنەی 8ی مارس و جەژنەكانی راپەڕین.

ئەم مەراسیمە لەلایەن بەرپرسی كەرتی بیرمنگهام سازكرا بوو و ژنان خۆیان هەستابون بەئامادەكردنی شیرینیەكان.

سەرتا بەدەقەیەك بۆ گیانی پاكی شەهیدان دەستیپێكرد لەدوای ئەوە رێزلێنان بۆ ژنانی كوردو كادرە ژنەكان كرا ئینجا لەلایەن بەرپرسی كۆمیتەی بەریتانیا رێبوار ئەحمەد وتەیەك پێشكەشكراو دوای ئەوە لەلایەن شەونم ساڵح و وتەیەك لەسەر شۆڕشی ژنان سەركەوتنی شۆڕشی ژنان خۆیندرایەوە لەكۆتایی مەراسیمەكەدا خەڵات و ڕێزلێنان دابەشكرا.

PUKmedia شیهاب عوسمان – ئەڵمانیا

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket