riklam

سه‌رۆك كۆمار: په‌یوه‌ندیی به‌هێز له‌گه‌ڵ ئێران له ‌به‌رژه‌وه‌ندی عيراقه‌

عیراق 04:17 PM - 2019-03-11
.

.

سه‌رۆك كۆمار د. به‌رهه‌م ساڵح ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 11-3-2019  له ‌كۆشكی سه‌لام له ‌به‌غدا پێشوازیكرد له‌ سه‌رۆك كۆماری ئیسلامی ئێران حه‌سه‌ن روحانی و شاندی یاوه‌ری.

له ‌پاش مه‌راسیمی پێشوازی و پشكنینی پاسه‌وانی شه‌ره‌ف و لێدانی مارشی نیشتمانی هه‌ردوو وڵات، سه‌رۆك به‌رهه‌م ساڵح خۆشحاڵی خۆی به ‌سه‌ردانی سه‌رۆك كۆماری ئیسلامی ئێران حه‌سه‌ن روحانی و شاندی یاوه‌ری ده‌ربڕی.

سه‌رۆك به‌رهه‌م ساڵح و سه‌رۆك روحانی به‌ ئاماده‌بوونی شاندی وه‌زاری هه‌ر دوو وڵات كۆبوونه‌وه‌یه‌كی فراوانیان ئه‌نجامدا و چه‌ندین دۆسێیه‌ی گرنگی جێ بایه‌خییان باس كرد له‌وانه‌ش په‌یوه‌ندییه‌ دووقۆڵییه‌كان و هه‌ماهه‌نگی ئابووری.

هاوكات هه‌ردوو سه‌رۆك له ‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆیانكرد له‌ باره‌ی هه‌لومه‌رجی سیاسی و ئه‌منی ناوچه‌كه‌ و جیهان و جه‌نگ و مه‌ترسییه‌كانی رێكخراوه‌‌ تیرۆریستیه‌كان، ته‌ئكیدیش له ‌به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی عێراق و ئێران كرایه‌وه‌ له ‌رووی ئه‌منی و سیاسی و بازرگانی كه‌ سه‌رجه‌میان له ‌خزمه‌تی به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ردوو وڵات به‌تایبه‌تی و گه‌لانی ناوچه‌ به‌گشتی بێت.

سه‌رۆك به‌رهه‌م ساڵح جه‌ختی له‌و كرده‌وه‌ كه‌ سه‌ردانه‌كه‌ی سه‌رۆك روحانی زۆر گرنگه‌ و كه‌شێكی گونجاوی بۆ لێكتێگه‌یشتن ره‌خساندوه‌ كه ‌خزمه‌ت به‌ به‌رژه‌وندییه‌ هاوبه‌شه‌كان و سه‌قامگیری له ‌ناوچه‌كه‌دا ده‌كات، هه‌روه‌ها سه‌رۆك به‌رهه‌م ساڵح، ئاماژه‌ی به‌وه ‌كرد كه‌ ئاسایشی هاوبه‌شی نێوان هه‌ردوو وڵات و وڵاتانی ناوچه‌كه‌ش پێویستی به‌هاریكاری زیاتره‌ له ‌پێناوی ڕێگاگرتن له ‌دووباره‌ سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی تیرۆر .

B4.jpg


له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌ سه‌رۆك به‌رهه‌م ساڵح، رۆڵی كۆماری ئیسلامی له‌ پشتیوانیكردنی عێياق له ‌جه‌نگی دژی تیرۆردا به‌رزنرخاند، هاوكات جه‌ختیشی كردوه‌ كه‌ سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر داعشدا زۆر گه‌وره‌ن، به‌ڵام بۆ سه‌ركه‌وتنی یه‌كجاره‌كی پێویسته‌ هزری تیرۆر و توندوتیژی به ‌ته‌واوی ریشه‌كێش بكرێت له ‌ناوچه‌كه‌دا.
 
سه‌رۆك كۆمار دووپاتی ئه‌وه‌شی كرده‌وه‌ كه ‌به‌غدا شوێنی به‌یه‌كگه‌یشتنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ هاوبه‌شه‌كانه‌ بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی بیری توندڕه‌وی و خوڵقاندنی سیسته‌مێكی ئابووری هاوبه‌ش، هاوكات روونیشی كرده‌وه‌ كه ‌عيراق له ‌پاش شكست پێهێنانی داعش له‌ به‌رده‌م دوو پرۆسه‌دایه‌، ئه‌وانیش دووباره‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و سه‌قامگیری سیاسیه‌ له‌وڵاتدا.
 
له‌لای خۆیه‌وه‌ سه‌رۆك كۆماری ئیسلامی ئێران سوپاس عيراقی كرد بۆ پێشوازی و میواندارییه‌ گه‌رمه‌ی لێ كراوه‌ و ئاماژه‌شی به‌وه‌ كرد كه‌ گفتوگۆكانی له‌گه‌ڵ سه‌رۆك به‌رهه‌م ساڵح زۆر باش بوون و جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه ‌عيراق رۆڵێكی گرنگ ده‌گێرێت له ‌ناوچه‌كه‌دا و ده‌شكرێت رۆڵی گه‌وره‌تری هه‌بێت له ‌سه‌قامگیری و ئارامی ئیقلیمیدا.
 
هه‌روه‌ها سه‌رۆك روحانی ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد كه ‌هه‌وڵی ته‌واو ده‌ده‌ین بۆ به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندییه‌ هاوبه‌شه‌كان له ‌بواره‌كانی ئابووری و بازرگانی و سێكته‌ره‌كانی ووزه‌ و ئاسانكاری بۆ سه‌ردانی زیاره‌تكه‌ران و ئاڵۆگۆڕی بانكی و سه‌رچاوه‌ ئاوییه‌كان له‌گه‌ڵ عيراقدا.

PUKmedia راگه‌یاندنی سه‌رۆك كۆمار

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket