riklam

توندوتیژی و رۆڵی میدیا

ژنان‌ 03:45 PM - 2019-03-11
.

.

توندوتیژی و جۆره‌كانی و هۆكاره‌كانی به‌تایبه‌ت ئه‌و توندوتیژییه‌ی به‌رامبه‌ر ژنان ده‌كرێت رۆڵی میدیا و كاریگه‌رییه‌كانی له‌سه‌ر توندوتیژی و چاره‌سه‌ركردن و به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی  له‌ چاوپێكه‌وتنێدا له‌گه‌ڵ خانمێكی راگه‌یه‌ندكار ده‌خه‌ینه‌ روو.

شاجوان سلێمان حه‌سه‌ن خوێندكاری به‌شی راگه‌یاندن له‌په‌یمانگای ته‌كنیكی سلێمانی توێژینه‌وه‌یه‌كی له‌سه‌ر توندوتیژی و رۆڵی میدیا له‌گه‌ڵ خانمه‌ رۆژنامه‌نوس ئه‌ڤین ئه‌حمه‌د به‌رپرسی ماڵپه‌ڕی چاوی خه‌ڵك بۆ پرسه‌كانی ژنان ئه‌نجام داو، ئه‌نجامی توێژینه‌وه‌كه‌ی له‌ PUKmedia بڵاو ده‌كرێته‌وه‌ كه‌ به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌ بوو.

توندوتیژی چۆن پێناسه‌ ده‌كرێت؟

ـ بەشێوازێكی گشتی توندوتیژی بەمانای هەر جۆرە زەبرو كاردانەوەیەكی جەستەيی، زارەكی، دەروونی، سێكسی وهەروەها مەعنەوی دێت، كە لەلایەن كەسێكەوە بەرامبەر بەكەسێكی كە، یاخوود ڕەگەزێك بەرامبەر بەرەگەزەكەی تر ئەنجام دەدرێت، سەرەنجام دەبێتە هۆكارێك بۆ ئازار گەیاندن بەلایەنی بەرامبەر لەژێر هەر ناونیشانێكدا بێت.

چۆن پێناسەی ژن بكەین؟

ـ ژن واتا مرۆڤ، دایك، هاورێ‌، هاوژین وهەروەها دیوەكەی تری بەردەوامبوونی ژیانی مرۆڤایەتییە بەشێوازە دروستەكەی.

جۆرەكانی توندوتیژی چین ئەگەر بەشێوازێكی گشتی ئاماژەیان پێبكەی؟

ـ ئەگەر بەشێوازێكی گشتگیر قسە لەسەر جۆرەكانی توندوتیژی بكەین دەكرێت خۆیان لەچەند جۆرێكی دیاری توندوتیژی ببیننەوە، وەكو جەستەیی و زارەكی ودەروونی، كەهەریەك لەو جۆرانە دەكرێت بەرامبەر بەهەر تاكێك پەیرەو بكرێت دوور لەلایەنی رەگەزی، بەڵام ئەگەر بابەتەكە پەیوەست بێت بەجۆرەكانی توندوتیژی بۆ سەر رەگەزی مێینە بەتایبەت، دەشێت لێرەدا فراوانتر باس لەجۆرەكانی بكەین،  لەدیاریترینیان توندوتیژی جەستەیی لەرێگای بەكارهێنانی هێزی جەستەییەوە، توندوتیژی دەروونی لەرێگای بەكارهێنانی ووشەی نەشیاو، تەشهیر، سەرزەنشت كردن و جۆرەها كاردانەوەی تر كەببێتە هۆكارێك بۆ ئازارگەیاندن بەلایەنی دەروونی ژنان.

هەروەها توندوتیژی سێكسی ئەوەش لەرێگای لاقەكردن، دەستدرێژی یاخوود ناچاركردنی رەگەزی مێینە بەئەنجامدانی كردەوەیەكی سێكسی دوور لەویستی خۆی، هەروەها توندوتیژی بونیاتنراو لەسەر لایەنی رەگەزی ( جێندەر )، كە خۆی لەسەپاندنی هێزو باڵادەستی رەگەزی نێر دەبینێتەوە بۆ سەر رەگەزی بەرامبەر، ئەوەش هۆكارێكی سەرەكییە بۆ سەرهەڵدانی جۆرەها توندوتیژی.

هەروەها توندوتیژی روحی یەكێكی ترە لەدیاریترین جۆرەكانی توندوتیژی دژ بەژنان بەئامانجی لێدانی وكوشتنی روحییان... لەدواجاریشدا هەریەك لەوجۆرانەی ئاماژەیان پێكرا دەشێت بەپێى ژینگەی كۆمەلایەتی، پەروەردەیی، هەروەها ژينگەی كارو ئاستی هۆشیاری تاكەكانیش بگۆردرێت .

77.jpg


هۆكارەكانی ئەنجامدانی توندوتیژی بەرامبەر بەژنان، چین و بۆچی ژنان رووبەرووی توندوتیژی دەبنەوە؟

ـ هۆكارەكان زۆرن، دەكرێت گرنگترینیان لەچەند خالێكدا كورت بكەینەوە وەكو كێشە خێزانی وكۆمەلایەتییەكان كەزۆرجار هۆكارێكی سەرەكین بۆ تێكشكاندنی ئاشتەوایی خێزانی ولەدواجاریشدا كاریگەری نەرێنیان دەبێت بۆسەر لایەنی دەروونی منداڵان بەوەی وەكو گرێیەكی دەروونی تیاندا بەپەنگ خوادوویی بمێنیتەوە ولەدواجاریشدا هەمان ئەو كێشانە لەقۆناغەكانی داهاتووی ژیانی خێزانی وكۆمەلایەتییاندا دووبارە ببنەوە.

هەروەها یەكێكی تر لەهۆكارەكان دەكرێت لایەنی ئابووری بێت، بەوپێیەی بوونی داهات و ئابوورییەكی جێگیر وسەربەخۆ بۆ ژنان بەتایبەت دەشێت یارمەتیدەرێكی باش بێت بۆ جێگیربوونی ژیانی خێزانییان وهەروەها لەسەر ئاستی ژیانی خێزانیش پاڵنەرێكی بەهێزبێت بۆ بەرێكردنی ژیانێكی خێزانی ئارام بۆیان.

هەروەها ئاستی هۆشیاری ورۆشنبیری وكاریگەرییەكانی دابونەریت وبیری نێرگەرایەتی و پیاوسالاری وكاریگەری ووتاری ئاینیش رۆلی زۆر گەورە دەگێرن لەتەشەنەكردنی حالەتەكانی توندوتیژی دژ بەژنان.

سەرەكیترین هۆكار بۆ ئەوەی توندوتیژی بەرامبەر ژنان ئەنجام بدریت چییە؟

ـ سەرجەمی هۆكارەكان بۆ ئەنجامدانی توندوتیژی بەرامبەر بەژنان كاریگەری خۆیان هەیە بەڵام، بەبۆچوونی من سەركیترین هۆكار ئەوەیە هێشتا كۆمەڵگا نەیتوانیوە خوێندنەوەی دروستی هەبێت بۆ توانا و ئەدا و دنیابینیننی ژن لەبووارە جیاوازەكانی ژیانی كۆمەلایەتییدا، هاوكات نەشیتوانیوە ژن وەكو مرۆڤیكی خاوەن هێزو ئیرادە ببینێت بەشێوازێك كەببێتە بونیاتنەرێكی سەرەكی بۆ بناغەی كۆمەڵگایەكی تەندروست لەسەرجەمی بوارە جیاوازەكاندا بۆیە دەبینین زۆر جار هەوڵەكان بەئاراستەیەكن كار لەسەر وەستاندن وراگرتنی ژنان دەكەن لەخالێكی دیاریكراودا هەلبەتە ئەوەش پێش هەموو شتێك لەلایەن خێزانەو، دواتریش كۆمەڵگاوە دەبێت.

چارەسەر چییە بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان؟ هیچ رێگایەكی دیاریكراو هەیە؟

ـ چارەسەر بەكاراكردنی زیاتری رۆڵ وئەدای دامەزراوە خێزانی وپەروەردیی وهەروەها میدیاییەكانیش دەبێت لەوەی هەریەك لەوانە كار لەسەر بەرهەمهێنانی سیستەمێكی نوێ بكەن بۆ چۆنییەتی پێگەیاندنی تاكیكی تەندروست لەڕووی شێوازی بیركردنەوە لەهەمبەر كۆی ئەو پرسانەی پەیوەستن بەژیانی كۆمەلایەتی ودۆسییەكانی ژنانەوە.

هەروەها زۆریش پێویستە لایەنە تەشریعییەكان ودادگاكانیش رۆڵی راستەقێنەی بنوێنن لەچۆنییەتی بەگژداچوونەوەی حالەتەكانی توندوتیژی چونكە، بیرمان نەچێت سیستەمی دادگایی سیستەمێكی كاریگەرو پێویستە بۆ رێكخستنی ژیانی كۆمەلایەتی وهەر كەموكورتییەك لەم سیستەمەش كۆمەڵگا بەرەو سەرگەردانی دەبات.

دواتریش رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی، ژنان وهەروەها رێكخراوەكانی مافی مرۆڤیش پێویستە ستایل وشێوازی كاركردنیان بەئاراستەیەكی باشتردا بگۆرن، زۆرترین جەخت لەسەر كاری مەیدانی بكەن وهەروەها چەقی توانا وچالاكییەكانیان شۆربكەنەوە بۆ ناو كۆمەڵگا لەرێگای كاری مەیدانییەوە.

ئایا میدیا هۆكارە بۆ دروستبوونی توندوتیژی بەرامبەر بەژنان وەكو هەندێك جار لێرە ولەوێ‌ ئاماژەی پێدەكرێت؟

ـ نەخێر میدیا هۆكارنییە بەڵام، خودی میدیا ئەركی لەسەرە لەڕووی ئەوەی بەچ ئاراستەو شێوازێك كار دەكات بۆ كەمكردنەوەی حاڵەتەكانی توندوتیژی وهۆشیار كردنەوەی كۆمەڵگا، واتا میدیا بەشێك لەمیكانیزمی چۆنییەتی چارەسەری ئەم گرفتە كۆمەلایەتییەی دەكەوێتە ئەستۆ، لەو بەشەی كەپەیوەندی بەئەركی میدیاییەوە هەیە.

ئەمرۆ لەكوردستان زۆرینەی میدیاكان نەوەكو هەموویان نەیانتوانیوە بەپێى پێویست كار لەسەر ئەم ئاراستەیە بكەن، بەڵكو شێوازی رۆماڵكردنیان بۆ پرسەكانی تایبەت بەژنان وزۆریش بەتایبەت پرسی توندوتیژی شێوازە رۆمالێكی ڕووكەشییەو تەنها لەبۆنە تایبەتەكانی ژناندايە، واتا نەیتوانیوە جەوهەرییانە تر كار لەسەر پرسی ژن بكات وهاوكات نەشیتوانیوە تاك و كۆمەڵگایەكی هۆشیاریش بەرهەم بهێنیت لەهەمبەر پرسە كۆمەلایەتییەكان بەگشتی وبەتایبەتیش پرسی ژنان.

قتل-732x360.jpg


واتا رۆڵی میدیا چییە و چۆن دەبێت لەبەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بەژنان؟

ـ میدیا دەبێت پەیام بەخش بێت چونكە ئاوێنەی ژیانی كۆمەلایەتییە واتا دەبێت خاوەنی پەیام وستراتیژو ئایدیایەكی روون بێت وهەوڵی تەواو بدات زیاتر میدیایەكی چارەسەركەر بێت نەوەكو میدیایەكی وروژێنەر، بۆنموونە ئەگەر بەراوردێك بكەین لەدۆخی ئیستای میدیای كوردی لەگەڵ ساڵانێك لەمەوبەر بەروونی دەردەكەوێت پێشكەوتن هەیە، بەڵام پلان وستراتیژێكی ڕوون نییە لەبارەی چۆنییەتی بەرنگاربوونەوەی حالەتەكانی توندوتیژی كۆمەلایەتی بەگشتی.

لیرەشدا میدیا نەیتوانیوە بەپێ‌ پێویست هاوسەنگی راگرێت لەنێوان واقعی كۆمەڵگاو ئەو پەیامەی كەدەیەوێت بیاتەوە بەكۆمەڵگا، بۆیە دەبینین كۆمەڵگاش لەئاست پرسە كۆمەلایەتییەكان ولەنیوانیشیاندا پرسەكانی ژنان بەدیاری كراوی كۆمەڵگایەكی بێباكە وپرس ودۆسییەی ژن بەلایەوە نەبۆتە پرسێكی چارەنووسساز وپێویست بۆ بەرهەمهێنانی تاك وكۆمەڵگایەكی تەندروست.

بۆیە پێویستە میدیا هەنگاوەكانی زیاتر لەسەر هۆشیاری كۆمەلایەتی بەرپا بكات ، كار لەسەر گۆرینی مەفاهیمە كۆن وباوەكانی دنیای پیاوسالاری فكری بكات لەناو كۆمەڵكادا بەشێوازێك كەخودی ئەو هەنگاوەی لەدواجاردا نەبێتەوە بەدووبارە بەهەمهَنانی تاكێكی توندرە بەرامبەر بەپرسی ژن وكۆمەڵگا.

تاچەند میدیا رۆل وكاریگەری هەبووە لەدەرخستنی ئەو توندوتیژییانەی بەرامبەر بەژنان دەدرێن؟

ـ لەم ڕووەوە میدیا هەنگاوی ناوە، رۆلیشی هەبوو بەڵام، دەرەنجامەكانی ئەو هەنگاونانە بەچییان گەیاندووین ئەوە پرسیارەكە سەرەكییەكەیە, هەندیك میدیا وكەناڵ لەراستیدا هێندە زەرەیان بۆ سەر دۆسییەی ژن هەبووە لەرووی چۆنییەتی تەرح كردن وخستنەرووی بابەتە كۆمەلایەتییەكان وهەروەها ئەوانەش زۆر پەیوەستن بەژیانی ژنانەوە لەراستیدا سوودێكی ئەوتۆیان نەگەیاندووە بەدۆسییەی ژن لەكۆمەڵگا، بۆنموونە ئەگەر قسە لەسەر میدیای ئەلیكترونی بكەین بەشێوازێكی تایبەت بەوپێیەی ئەو بوارە بۆتە بەشێكی سەرەكی وئاسان بو دەستكەوتنی زانیاری لای خوێنەر دەبینین بەشێك لەماڵپەرەكان بەجیاوازی ئایدیاو بۆچوونیانەوە بەشێوازێكی سلبی كاریان لەسەر پرسە كۆمەلایەتییەكان بەگشتی كردووە، وایان كردووە تاكی وەرگریش كاردانەوەی نەرێنی هەبێت بەرامبەر بەو پرسە بەتایبەتیش لەو پرسانەی پەیوەستن بەژنانەوە.

یاخوود بەشێك لەمیدیاو مالپەرەكان هیندە كاریان لەسەر لەقەبارەدانی ژنان كردووە لەرووی جەستەو روكەشەوە هێندە نەیانتوانیوە كار لەسەر چۆنییەتی دەرخستنی لایەنی فیكری، ئەداو توانای ژن بكەن لەگۆرینی هاوكێشە كۆمەلایەتییەكانی ژیانی رۆژانە.. بەداخەوە میدیای كوردی میدیایەكی هاوسەنگ نییە لەبارەی چۆنییەتی قسەكردن لەسەر ژن وەكو بەشێكی سەرەكی كۆمەڵگا، پێویستی بەچاكسازییە بنەرەتییە هەڵبەتە ئەو چاكسازییەش دەبێت پێش هەر لایەنێكی تر لەناوخۆی میدیاكان خۆیانەوە ئەنجام بدرێت.

ئایا لەگەڵ بەرەوپێشچوونی میدیای كوردی دەتوانین بلێین ( میدیا بۆتە هۆكارێكی دیار بۆ  بەرەنگاربوونەوەی ئەو توندوتیژیانەی بەرامبەر بەژنان دەكرێن )؟

ـ میدیا  هەوڵی داوە كار بكات بەئاراستەی كەمكردنەوەی دیاردەی توندوتیژی دژ بەژنان، بەڵام ئەو رۆلەی نەبۆتە خاڵێكی بەهێز بۆ چۆنییەتی بەرەنگاربوونەوەی حالەتەكانی توندوتیژی دژ بەژنان هەڵبەتە یەكێك لەو هۆكارانەش كەوایكردووە نەتوانیت ئەو ئامانجە بپێكێت نەبوونی دەنگ وفەلسەفەو دنیابینینی ژن بووە لەناو میدیا وهاوكات زاڵبوونی باڵادەستی پیاوانیش بۆ سەر جومگە سەرەكییەكانی كار ودامەزراوە میدیاییەكان لەزۆر حاڵەتدا رۆلی نەرێنی گێراوە ، هەروەها وەكو پیشتریش ئاماژەم پێكرد ستراتیژێكی میدیایی روون نییە لەو بارەیەوە میدیاكان كاری لەسەر بكەن بەڵكو هەر میدیایەك وبەجۆرێك كار لەسەر پرسی ژن دەكات واتا پشت بەفلتەرو دیدی ئاراستەكراو دەبەستیت ئەوەش سەرەنجام وایكردووە جۆرێك لەبیسەروبەری بەمیدیای كوردییەوە ببینرێت لەبارەی چۆنییەتی رۆماڵكردنی پرسەكانی ژنانەوە.

PUKmedia توێژینه‌وه‌یه‌كی/ شاجوان سلێمان  خوێندكاری به‌شی راگه‌یاندنی په‌یمانگای ته‌كنیكی سلێمانی

ئاماده‌كردنی/ هاژه‌ باست

 

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket