riklam

شاعیری نۆستالجی

ئەدەب وهونەر 02:21 PM - 2019-03-11
.

.

شیعر بە راڤەكردنی سێنتیمنت ‏
(ئیسماعیل بەرزنجی وەك نموونە)

گەڕانەوەی (ئیسماعیل بەرزنجی) بۆ هەستی غەریبی، هەر تەنها شیعری نییە، ئەو جەختكردنە لە گەڕانەوە بۆ رابردوو، دەكرێ‌ وەك بارێكی دەروونی تەماشای بكەین... كەواتە پرسیار ئەوەیە، ئایا خۆنەگونجان و دڵتەنگی دەروونی وا دەكات لە نێو نشتیمانی خۆتدا هەست بە غەوارەیی بكەیت، یان غەریبوونی نشتیمان، وا دەكات بگەڕێتەوە بۆ باری دەروونی و رابردوو... ئایا ئاوارەیی و هەتەرەبوون لە ماڵ وا دەكات، هەست بە لە دەستدانی ئازیزان بكەیت، یان لە دەستچوونی ئازیزان وا دەكات گۆرانی خەمبارانە لە ماڵی خۆتدا بڵێیت... ئەوەی غەریبە نیشتمانە، یان شاعیر باری دەروونی باش نییە و ناگونجێ‌؟؟

(بابلۆ نیرۆدا) دەڵێت: لەوەتەی هەم هەرگیز هەستم نەكردووە، كە "شیلی" نشتیمانی منە، من هێندە نامۆم بە وڵاتەكەی خۆم و دنیا، ئەسڵەن من ناچمە سەر وەچەی ئادەمیزاد، من منداڵی مانگم...

دەشێ‌ جیاوازی نێوان ئیسماعیل بەرزنجی و بابلۆ نیرۆدا ئەوە بێت، یەكەمیان نشتیمانێكی غەریبی لە نێو خۆیدا هەڵگرتبێ‌، دووەمیان هەستێكی دیكەی بەرانبەر نشتیمان هەبێت، یەكەمیان خۆی بە كوڕی رابردوو دابنێت، دووەمیان خۆی بە منداڵی سەردەم بزانێت، یەكەمیان خەمی خۆرهەڵاتنی هەبێت،

دووەمیان خەمی خۆرئاوابوون...

(1)
ئیسماعیل بەرزنجی خەمی مانا پێش دەخات و لە پشت هەموو شیعرێكی بونیادێكی حیكایی و خەمی لە دەستچوون و لە دەستچوونی ئازیزان هەیە! شاعیری سێنتیمنتاڵ هەستی لیریكی بە ویستی گوتن و خەمی دەروونەوە گرێ‌ دەدات، ویستی گوتن بە خۆشەویستی مانا و چێژەوە دەلكێنێت، پێماندەڵێت جەوهەری ئاگامەندی بە گوتنی جوان و ماناكانی سێنتیمنتاڵەوە بەندە، تایبەتمەندی جوانی مرۆڤ لە گەڕانەوە بۆ رابردوو سەرچاوە دەگرێ‌، مرۆڤ دەژی بۆ ئەوەی هەنگاو بەرەو گوتن و مانا بنێت... جوانی گوتن و جوانی مانا بە هەستی سێنتمینتاڵەوە گرێ‌ دەدات، بایەخ بە فەزای شیعری و مانای شیعری و ریتمی شیعری دەدات، بەهای هونەری شیعر لە ئاوێتەبوونی هەستی گەڕانەوە بۆ رابردوو و ویستی مانا و ریتمی تێگەیشتندا هەڵدەگرێتەوە، دالی حەقیقی لای شاعیری سێنتیمنتاڵ لە سۆز و جوانی و گەڕانەوە و تەماشاكردنی خەمە كەسییەكاندایە، لە نێو رابردوودا هەست بە خۆشی دەكات و شانازی بە ژیانی رابردوو دەكات، هەمیشە بیر لە پیری و مردن دەكاتەوە.

(2)
گوێ‌ لە ئاستی گوتن بگرن، سەیری ئاڵای خەم بكەن، كە بەردەوام لە شیعری سێنتیمنتاڵ لە هەڵكشاندایە، ئاستی گوتن و خەمی هەڵكشاو پێماندەڵێن ئیسماعیل بەرزنجی بە تەنیا خەون دەبینێت، دەسووتێت بێ‌ ئەوەی لە بەرانبەر جوانی، جوانی ئافرەت دەم بكاتەوە، دەسووتێت بێ‌ ئەوەی لە بەرانبەر رابردوو، لە بەرانبەر لە دەستچوونی ئازیزان (كە لە جوانی گوتن و جوانی مانادا نەفی كراون)... جگە لە بێدەنگی هیچ بڵێت! ئەو كەسەی لەگەڵ كتێب و خۆرهەڵات و رابردوو شەونخوونی دەكات، هەمیشە هەوڵدەدات دوورە پەرێزی و تەنیایی بە هەرای بێدەنگی پڕ بكاتەوە! ئەوە تەنیاییە خەونبین و بێدەنگی بە یەكەوە دەلكێنێت، ئەوە سروەی دەنگە هەستی تەنیایی كەم دەكاتەوە، ئەوە سۆزی شیعرە وا دەكات تەنیایی خەونبین زێتر وەك بێدەنگی هەستی پێبكرێت، سۆزی شیعر و خەونبین وەك تەنیایی بێدەنگی دەڕازێنێتەوە، تەوێڵی خوێنەرانیش رۆشن دەكاتەوە... بەمجۆرە شاعیری نۆستالجیا پێیوایە سۆزی شیعر بۆ زۆرێك لە خەونبینان وێنەی دیاری تەنیاییە.

(3)
گوڵەكان دەبەمەوە شێخی چۆلی
لە ژوور سەری گۆڕغەریبەكە
پەرداخەكە پڕ دەكەم لە رەشەڕێحانە
پێش زەردەپەڕ
تەقسێك بۆ گریان
تەقسێك بۆ رەشەڕێحانە سازدەدەم
فریشتەیەكی باریكەلە
كە لە رەنگاڵەیەكی باڵشكاو دەكات
دێتە سەر شانی تەپوتۆز لێنشتووم
سەربووردەی مردنێكی رانەگەنراوم
بۆ دەگێڕێتەوە و پێم دەڵێ‌
هەی غەریب خۆت... لە مردن خۆشتر مردنە
ل53-54 پەست، ئیسماعیل بەرزنجی.

(4)
ئێمە مرۆڤین و بە یەكەوە پەیوەستین، دنیای هەستپێكراوی مرۆیانە، مێژووبوونێكی دەرەكی نییە، بەڵكو خودی و ناوەكییە، دەبێ‌ بزانین ئەو خودی و ناوەكییە چ مانایەكی لەخۆدا هەڵگرتووە؟ هەموو ئەوانە لە ئەدەبدا بەو مانایە دێت كە ئێمەی مرۆڤ دەكەوینە نێو زمان، بەو مانایەی كە زمان ماڵی بوونە، كەواتە جیهان لە ئێمە دابڕاو نییە، جیهان ئێمە پێكدەهێنێ‌ و ئێمەش لە رێگای ماناوە جیهان پێكدەهێنین، بوونی ئێمە بەشێكە لەو، كەواتە هاوسۆزی كۆمەڵایەتی و هاوژیانی كۆمەڵایەتی و پەیوەندییە گەرم و گوڕەكان بەشێكن لە هەستی مرۆییانە، بە دیوەكەی دیكەش رەگەزێكە لە رەگەزەكانی شیعر...
دەمەوێ‌ بڵێم دنیای ئەدەب و فیكر نە دنیای شتە باوەكانە، نە دنیای داهاتوو، نە دنیای هەنووكەی لە دەستچوو... دنیای ئەدەب و فیكر نە سەر بە رابردووە و نە ئێستا... دنیای ئەدەب و فیكر هیچ كاتێك ناكەوێتە دەرەوەی مرۆڤەكانەوە، مرۆڤیش هەمیشە لە نێو ئێستا و رابردوو بە شێوە جیاواز و پرسی جیاواز و تێگەیشتنی جیاواز، هاوژیانی جیاواز... دەكات.

قسەكردن لە شیعری خۆرهەڵاتی، بەوەی توانیویەتی رەگەزی سێنتیمنتاڵ لە هەموو رەگەزەكانی دیكە زێتر بەرجەستە بكات، وەك دەزانین ئەو بەرجەستەكردنە لە شیعری خۆرئاوایی پێچەوانە دەكەوێتەوە... بەڵام هەردووكیان كیشەی خۆیان هەیە!!

مەعریفەی شیعری پەیوەندی بە بەرز راگرتن و هاوگونجانی ئاستی جوانی و مانا و چێژدایە! ئیبداع هەرگیز رەگەزێك ناخاتە پێش یەكێكی دیكەوە، بەڵكو لە بەرز راگرتنی ئاستی جوانی كۆی رەگەزەكان دێتە بەرهەم.. كەواتە نە سێنتیمنت بە تەنها شیعر بەڕێوە دەبات، نە فیكر... هاڕمونیەتی رەگەزە شیعرییەكان نەبێت، باڵا دەستی هیچ رەگەزێك قابیلی قبوڵ نییە.

(5)
وەتەن
بە هەموو غوربەت و بێزاریی خۆیەوە
وەك سەركردەیەكی تێكشكاو
لەبەر دەرگای (گیانی وێران)مان دەوەستێ‌
گەردەلوولی بێزاری
بە چوار دەوری (گۆڕی غەریب)ماندا هەڵدەكات و
چرایەكی كز
لە (ژووری لاتەریك)مان دەكوژێتەوە
ئێمە هەمیشە
بە (گیانی وێران، گۆڕی غەریب، ژووری لاتەریك)
دەچینە ناو عەدەمەوە.
ل57-58 پەست، ئیسماعیل بەرزنجی.

(6)

لە دنیای ئەدەب و نوسیندا شتێك بە ناوی رەسەنایەتی بوونی نییە، چونكە هەمیشە ئەدەب و بیركردنەوە بڕوای بە سنورداركردن و گەڕانەوە بۆ سەرچاوە و چوارچێوەدانان و جوگرافیای دیاریكراو نییە، جوانی ئەدەب لە تێپەڕاندنی سەرچاوەكان و سنورەكاندایە، لە تەجاوزكردنی رەنگ و ناسنامە و خودەكاندا دنیای خۆی بە شێوەیەكی هاڕمۆنی هەڵدەنێ‌... بۆ ئەوەی دەق ببێتە موڵكی هەمووان و ئەویدیكە بەشداری لە داهێناندا بكات، ئیتر لێرەوە منی (دیكارت)ی هەڵوەشایەوە و لەشوێنی ئەو چەندان (من) هاتنە قسەكردن... دەقی ئیبداعی هەرگیز خاوەندارێتی قبوڵ نییە، چونكە خاوەندارێتی لە رێگای ئەوەی كە هەیەتی كەڵەگایی دەسەپێنێ‌، ئەگەرچی سەرەتای خاوەنداریەتی بەپێی پێداویستییە كۆمەڵایەتیەكان بووە و لە زەرورەتێكی ئاسمانی سەری هەڵداوە،بەڵام لە جەوهەردا زۆرداری بووە و پاشان بە پیرۆز كراوە.

 لە دنیای ئەدەب ئەوەی كەسایەتی خودی و ناسنامە بونیاد دەنێ‌، خوێندنەوەیە... خوێندنەوە بەرەو ئاگامەندییەكی خودی قوڵترمان دەكاتەوە و یارمەتیمان دەدات، بۆ ئەوەی بتوانین بگەینە دنیابینییەكی قوڵتر لە بارەی ناسنامەی تایبەتیمانەوە... دواجار ئەوەی خودی مرۆڤایەتی هەڵدەنێ‌ ئازادی و خۆشەویستی و پەیوەندییە...

عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket