riklam

لابردنی پاشەكەوتی مووچە جوڵە دەخاتە بازاڕەوە

ریپۆرتاژ‌ 05:09 PM - 2019-03-10
.

.

دوای سێ ساڵ لە پاشەكەوتی موچەی فەرمانبەران، حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەو بریارەی هەڵوەشاندەوە و لەم مانگەوە موچە بە تەواوی دەدرێت، بۆیە لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی پاشەكەوت پێشبینی لە گران بوونی هەندێك كاڵا دەكرێت.

 لە بەدواداچونێكی مەیدانیدا پەیامنێری PUKmediaدا، گفتوگۆی لەگەڵ چەند دوكاندارێك و خاوەنی پێشانگای ئۆتۆمبێل و چۆنیەتی رێگری لە گران بوونی نرخەكان كرد و پسپۆڕێكی ئابووریش رێنمایی دەداتە فەرمانبەران و لە مەترسیەك ئاگاداریان دەكاتەوە.

ڕێكەوت كەمال خاوەنی پێشانگای زریان بۆ فرۆشتنی جل و بەرگی پیاوان تایبەت بە  PUKmedia وتی: تاكو ئێستا ئەمساڵ وەك ساڵانی تر خەڵكی جل و بەرگ ناكڕن و گەرموگوریەكی ئەوتۆی پێوە نەبوو، واتە وەك پێویست نەبوو، پار باشتر بوو.

دەربارەی كاریگەری لابردنی پاشكەوتی موچە وتی: ئەو پاشەكەوتەی كە بڕیارە لەلایەن حكومەتەوە لاببرێت، بێگومان كاریگەری دەبێت، بەڵام هێشتا نەچۆتە بواری جێبەجێ كردنەوە، بۆیە دوای مانگێكی تر پێشبینی دەكەین كە بازاڕ ببوژێتەوە.

6865.jpg

وتیشی: دوای بوژانەوەی بازاڕ، ئێمە نرخەكان بەرز ناكەینەوە، چونكە لە دەرەوە دێت وەك (دوبەی، چین) لەوێ قەیران نیە، نرخ نەگۆڕاوە، بۆیە ئێمەش دوای ڕەوینەوەی قەیرانەكان نرخ گران ناكەین،چونكە پێشتر ئێمە نرخمان هەرزانكرد، جارێكی تر ناتوانین نرخ بەرز بكەینەوە، چونكە خەڵكیش تازە بەو نرخە راهاتووە.

لە كۆتایشدا ئەو دوكاندارە گلەیی لە لیژنەكانی چاودێری نرخ كرد و وتی: لیژنەكان نایەنە ئێرە و بازاڕ ئازادە، من قوماش دەدەم بە بیست هەزار دیناری عیراقی، بەڵام دووكاندارێكی تر دەیفرۆشێت بە سی هەزار،بۆیە هیچ لێپرسینەوەیەك نیە، بەڕاستی توشی كێشەش دەبین لەسەر ئەو حاڵەتە.

67546543.jpg

ئارام محمد خاوەنی فرۆشگای قەندیل لە بارەی بریاری لابردنی پاشەكەوتی مووچەوە وتی: تاكو ئێستا بازاڕ وەك خۆیەتی، بەڵام پێشبینی دەكرێت لە هەفتەی داهاتووە وە دوای وەرگرتنی موچە بازاڕ گەرمی و گوڕی تێبكەوێت، بەتایبەت كە ئێستا بەرەو وەرزی بەهار دەڕۆین ئەوەش كاریگەری خۆی دەبێت، هەروەها  ئەوەی كە گرنگە دوای باش بوونی بازاڕ ئەوەیە كە لیژنەكانی قائیمقامیەت سەردانی ناوبازاڕ  بكەن و نەهێڵن نرخ گران ببێت، كە بەداخەوە ئێستا چاودێری بازار ناكەن.

وتیشی: نرخ دوای باش بوونی بازاڕ ناگۆڕێت، چونكە كاڵاكانمان هەمووی لە دەرەوە دێت، بەڵام ئەو بەرهەمانەی كە لە ناوخۆ بەرهەمدەهێنرێن، وەك سەوزەمەنی و خۆراك و  ئۆتۆمبێل و كەرەستەی بیناسازی، بۆیە كەرەستەكانی دەرەوە گەر گران ببن، ئەوا بەهۆی گران بوونیانەوەیە لە دەرەوە یان زیادبوونی گومرگ لەسەریان.

768658.jpg

بە پێچەوانەی بازاری خۆراك و پۆشاكەوە، بازاری ئۆتۆمبێل گران بوونی بەخۆیەوە بینیوە، لەوبارەیەوە بەختیار عبدالله  لە پێشانگای دڵشاد لە پێشانگاكانی ناسراو بە ( مەعرەزی علوجەكان) بۆ PUKmedia وتی: نرخی هەموو جۆرە ئۆتۆمبێلێك گران بووە، نزیكەی 1000 دۆلار چۆتە سەر نرخەكەی، ئەمەش بۆ دوو هۆكار دەگەرێتەوە، یەكەمیان لابردنی پاشكەوتی موچەو  نزیك بوونەوەی وەرزی بەهار و گەشتو سەیران.

وتیشی: بەڵام هێشتا بازاڕ بە تەواوی جوڵەی تێنەكەوتووە، چونكە خەڵك متمانەی بە حكومەت نیە، تا موچە وەرنەگیرێت و خەڵكی دڵنیا نەبن، بازاڕ بەو شێوەیە جوڵەی تێنتاكەوێت.

767657.jpg

بۆ گەیاندنی گلەیی ئەو دوكاندارانە و نەچوونی لیژنەكانی چاودێری بۆ بازاڕ، پەیوەندیمان كرد بە گۆران قادر سەرۆكی لیژنە هابەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی ، ئەویش لە وەڵامدا وتی: ئێمە بەردەوام بەدواداچوون بۆ بازاڕ دەكەین لە رووی تەندروستی و نرخەوە، بەڵام كاری لە پێشینەمان چاودێری كردنی خۆراك و ئەوانەی  كە نرخاندن دەیانگرێتەوە، قسەی ئەو هاووڵاتیانە بەشێكی راستە، چونكە لە كوردستان جۆرێك لە بازاڕی ئازاد هەیە، ئێمە زۆر دەست ناخەینە ناو كەرەستانەی كە بەلای هاوڵاتیاوە لاوەكین، وەك پۆشاك و كەمالیات، چونكە ئەو بازرگانانە لە دەرەوە كەلوپەلەكان دەهێنن، گومرگ دەدەن ، حكومەت هاوكاریان ناكات، ناشكرێت ئێمە بێین نرخیان بۆ دابنێین، بەڵكو ئەوە بۆ كێبڕكێی نێوان بازرگانەكان و رۆشنبیری هاوڵاتیان جێدەهێلێن، كەسێك قوماشێك دەكرێت بە دۆلار، ئەوا خۆی ئازادە.

وتیشی: ئێمە لیژنەكەمان بەبەراورد بە شاری سلێمانی و دانیشتوانەكەی ژمارەمان كەمە، بە هەوڵ و ماندووبون دڵسۆزیەكی زۆرەوە، ئنجا دەتوانین رێگری بكەین لە خۆراكی خراپ و ئێكسپایەر و كوالێـی بەنزین و  چێشتخانە و شوێنە گەشتیاریەكان، ئێمە تەندروستی هاوڵاتیانمان لاگرنگە، ئەوا كاری لە پێشینەی ئێمەیە، هەروەها ئەو خۆراكانەی كە نرخاندینان بۆ دەكرێت و كێشیان دیاری دەكرێت وەك سەمون و نان، ئێمە بەردەوام بەدواداچونیان بۆ دەكەین.

868765765.jpg

مامۆستا نەبەرد كەریم مامۆستای زانكۆ و پسپۆڕی دارایی و ژمێریاری  لە لێدوانێكیدا بۆ PUKmedia رێنمایی هاوڵاتیان و فەرمانبەران دەكات، بەوەی كە نەبنە هۆكارێك بۆ بەرزبوونەوەی نرخەكان، لەوبارەیەوە وتی: پێویستە خەڵكی ئێمە فێری چۆنیەتی خەرجكردن  ببن، كارێك نەكەن هەڵئەوسان لە بازارەكان روبدات، بۆیە پێویستە دوای وەرگرتنی موچە بە یەكجار و هەمووان ڕوونەكەنە بازاڕەكان،چونكە سروشتی بازرگانی وایە كاتێك خواست زۆر دەبێت نرخ گران دەبێت، بۆیە دەبێت بە وریاییەوە بازاڕی خۆیان بكەن.

دەربارەی جوڵەی بازاڕ بەهۆی لابردنی پاشەكەوتی مووچەوە، ئەو پسپۆڕەی بواری دارایی وتی: هەموومان دەزانین موچە خۆران داهاتەكەیان دیاری كراوە، ئەوان ناتوانن جوڵەیەكی ئەوتۆ بخەنە بازاڕەكانەوە، گەر جوڵەش هەبێت، ئەوا خودی بازرگانەكان ئەو جوڵەیە دروست دەكەن، فەرمانبەر ناتوانێت بە لابردنی پاشەكەوت زەوی و خانوو بكرێت، بەڵام بۆ بەرز بۆتەوە، هۆكارەكەی ئەوەیە بازرگانەكانن متمانەیەكیان بۆ گەراوەتەوە و خۆیان كڕین و فرۆشتن دەكەن.

 

لە كۆتایشدا مامۆستا نەبەرد كەریم وتی: سیستەمی قیست لە هەموو جیهاندا كاری پێدەكرێت و بوونی هەیە، چونكە رێگایەكی گونجاوە بۆ ئەوەی ئەو كەسانەی داهاتیان دیاری كراوە، بگەن بە هەندێ: لە پێداویستیەكانیان، بۆ نموونە فەرمانەبر بە دە ساڵیش ناتوانێت خانوو یان شوقە بكرێت، بەلام گەر سەرەتا یەك دەفتەر دۆلار بدات، ئەوەی تر بە قیست ئەوا كاریكی باشە، بەڵام بۆ قیستیش پێویستە بەرنامەو پلان هەبێت و زیادەڕەوی تێدا نەكرێت.

PUKmedia  ئا/ گۆران قادر - سلێمانی

876554.jpg

 

 

 

 

 

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket