riklam

یه‌كێتی ژنان: پشتيوان ده‌بین

ژنان‌ 02:07 PM - 2019-03-06
.

.

به‌بۆنه‌ی 8 ی مارس یه‌كێتی ژنانی كوردستان، به‌ یاننامه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌و تێیدا ته‌ئكیدده‌كاته‌وه‌ پشتوانیی خه‌باتی ژنانی هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستانه‌، ئه‌مه‌ش ده‌قی به‌یاننامه‌كه‌یه‌:

به‌یاننامه‌ی یه‌كێتی ژنانی كوردستان به‌ بۆنه‌ی 8ی مارس ڕۆژی جیهانیی ژنانه‌وه‌
ژنانی خۆڕاگری كوردستان
رۆژی 8ی مارس ڕۆژێكی پڕ شكۆ و كاریگه‌ره‌ له‌ مێژووی مرۆڤایه‌تیدا كه‌ هاوته‌ریبه‌ له‌گه‌ڵ خه‌باتی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی دژی چینایه‌تی سه‌رمایه‌داری و جۆره‌كانی هه‌ڵاواردنی ڕه‌گه‌زیی و چه‌وساندنه‌وه‌ی مرۆڤ، ئه‌مڕۆژه‌ ڕۆژی یه‌كده‌نگی و هاوبه‌شی جیهانییه‌ بۆ به‌ ده‌ستهێنانی مافی مرۆڤ. ده‌سته‌به‌ركردنی یه‌كسانیی هێنانه‌كایه‌ی هه‌لومه‌رجی باشتر بۆ به‌ره‌و پێشبردنی كۆمه‌ڵانی سه‌ر ڕووی زه‌وی. له‌م ڕۆژه‌دا ژنانی جیهان به‌ شێوازی جیاواز داواكاری و ناڕه‌زایه‌تییه‌كانیان ده‌خه‌نه‌ڕوو، جه‌خت له‌ به‌رده‌وامیی خه‌بات و تێكۆشان ده‌كه‌نه‌وه‌ له‌ پێناو به‌دیهێنانی جیهانێكی ئارام و دوور له‌ هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسی توندوتیژی له‌سه‌ر ژنان. دیاره‌ كێشه‌ی ژنان له‌گشت كۆمه‌ڵگه‌كانی جیهاندا گه‌وره‌ترین كێشه‌یه‌ كه‌ تا ئێستاش له‌ هیچ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا كۆتایی نه‌هاتووه‌. ڕه‌نگه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كه‌وه‌ بۆ كۆمه‌ڵگه‌یه‌ی تر جیاوازی هه‌بێت. نابه‌رابه‌ری تاكه‌كانی كۆمه‌لڕ، نه‌خوێنده‌واری و بێكاری و كه‌میی سوودمه‌ندنی ژنان له‌ ته‌كنه‌لۆژیا سه‌رده‌مییه‌كان و بازرگانی به‌ مرۆڤه‌وه‌ و ناچار كردنی به‌ له‌شفرۆشی و … بۆشاییه‌كی فراوانی دروست كردبوو، پڕ كردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆشاییانه‌ش پێویستی به‌ پلانی نێوده‌وڵه‌تی جیهانی گشتیگر تره‌.

له‌ كوردستاندا ئه‌گه‌رچی ئازایه‌تی ژنانی كورد به‌رامبه‌ر شاڵاوی دڕه‌نده‌ترین گروپی توندوتیژی دژه‌ به‌ مرۆڤایه‌تی له‌ لایه‌ك و داگیركه‌رانی كوردستان له‌ لایه‌كی تر جیهانی سه‌رسام كرد و بوونه‌ سیمبولی ئازایه‌تی و به‌رخۆدان. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌هه‌ر چوارپارچه‌ی كوردستان دیارده‌ دزێوه‌كانی ده‌رهاویشته‌ی فه‌رهه‌نگی كۆنه‌په‌رستی و باوكسالاری درێژه‌ی هه‌یه‌و كوشتن به‌ بیانوی شه‌ره‌ف و خۆكوشتن و زه‌بر و زه‌نگی جه‌سته‌یی و ده‌روونی به‌ ڕێژه‌یه‌كی به‌رچاو هه‌یه‌.

ئاسه‌واری جه‌نگ و ئاواره‌یی و قه‌یرانه‌ سیاسی و ئابووریه‌كان و كێشه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان كاریگه‌ری زۆری له‌سه‌ر دۆخی ژنان هه‌یه‌ و هه‌وڵه‌كان بۆ گۆڕانكاری سستن.

له‌ هه‌رێمی كوردستانیش له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هه‌ندێك چاكسازی له‌ یاساكاندا كراوه‌ و ژنان به‌ ڕێژه‌یه‌ك به‌شدارن له‌ ناوه‌نده‌كانی بڕیاردا و چه‌ندین دامه‌زراوه‌و ده‌زگای ده‌وڵه‌تی و مه‌ده‌نی هه‌یه‌ تایبه‌ت به‌ پاراستنی ژنان و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی ژنان به‌ڵام ئاماری پێشێلكارییه‌كان زۆر به‌رزه‌.

یه‌كێتی ژنانی كوردستان به‌ بۆنه‌ی 8ی مارسه‌وه‌، جه‌خت ده‌كاته‌وه‌ له‌سه‌ر درێژه‌دان به‌ خه‌بات له‌پێناو مافه‌ ڕه‌واكانی ژناندا و پشتوانیی خه‌باتی ژنانی هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستانه‌ به‌ تایبه‌تی و ژنانی جیهانه‌ به‌ گشتی، له‌و بڕوایه‌دایه‌ كه‌ مه‌سه‌له‌كانی ژنان له‌ هه‌ر شوێنێك هاوشێوه‌یه‌ء ژنان به‌ یه‌كگرتوویی و یه‌كده‌نگی ده‌توانن گۆڕانكاری ڕیشه‌یی له‌ كۆمه‌ڵدا بكه‌ن و مافه‌كانی خۆیان بچه‌سپێنن.

بژی خه‌باتی ژنی كورد
یه‌كێتی ژنانی كوردستان
2019

PUKmedia

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket