راپەڕین بەدەنگی گەلی كوردستان

راپەڕین بەدەنگی گەلی كوردستان


4/3/2019 14:51:00
چاپ کردن
بە وێنەوە    بە بێ وێنە
           
.

رۆڵی راگەیاندن لە راپەڕین دا (ئێزگەی دەنگی گەلی كوردستان) وەك نموونە. 

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وەك هێزێكی دیاری دوای نسكۆی شۆڕشی ئەیلول توانی بووی جێگەی خۆی لەناو جەماوەری كوردستاندا بكاتەوە، جگە لەچالاكییە گرنگەكانی هێزی پێشمەرگە، لەقۆناغی شۆڕشدا راگەیاندن رۆڵی گەورەو گرنگی دەگێڕا، بۆ بەستنەوەی هێزی پێشمەرگەو جەماوەری گەلی كوردستان، بۆیە یەكێتی شانبەشانی چالاكی عەسكەری و سیاسی گرنگی باشی بەڕاگەیاندنداو بەپێی قۆناغە جیاوازەكانی شۆڕشی نوێ راگەیاندنیش هەنگاوی باشی دەنا، ئێزگەی دەنگی گەلی كوردستان، وەك مەفرەزەكانی پێشمەرگە لەیەك شوێندا نەسرەوت، بەڵكو چەند جارێك جێگۆڕكێی كرد‌و لەم شوێنانەوە بەخشی كرد (نۆكان، توژەڵە، گردی مامەوڵا، زەڵێ‌، باوزێ‌، بەرگەڵو، دۆڵەكۆگە، سەقز، گەڵاڵە، چوارتا، سلێمانی).

ئێمە بە تەنها لێرەدا رۆڵی ئێزگەی دەنگی گەلی كوردستان. وەردەگرین لەسەردەمی راپەڕین و چۆنێتی جۆشدانی هێزی پێشمەرگەو رێخستنەكان. و جەماوەری كوردستان لەسەرجەم ناوچە جیاجیاكان.

ئاماژە سەرەتاییەكانی راپەڕین

دوای ئەوەی (ی.ن.ك) بڕیاریدا پاشەكشێ بكات لەناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی خۆی لەدۆڵی جافایەتی، لە 19/3/1988 بەو بۆنەیەوە مەكتەبی سیاسی (ی.ن.ك) بە یاننامەیەكی دەركردو بە درێژی باسی ئەو هێرشە زەبەلاحەی بەعسی كردوە بوو بۆ سەر پێشمەرگەو هۆكاری باشەكشێی لەو ناوچانە، ئەم بەیاننامەیە لە ئێزگەی دەنگی گەلی كوردستانەوە خوێندرایەوە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە لە كۆتایی بەیاننامەكەدا، مەكتەبی سیاسی (ی.ن.ك)، ئاماژە بەدەركردنی سەرجەم هێزەكانی بە عس دەكات لە كوردستان داو دەڵێت: بەم بۆنەیەوە ئاگاداری جەماوەری میللەتەكەمان دەكەین ئەگەر چی دوژمن بەقیمەتێكی گران سەركەوتنێكی بچوكی لە گرتنی ناوچەیەكی جوگرافی تەسك بەدەستهێنا، بەڵام دڵنیاتان دەكەین كە ئەم شەڕە دەستپێكی وەرچەرخانێك ئەبێ لە جەنگی (27) ساڵەی گەلی كوردو جەیشی عیراقی دا بەقازانجی گەلەكەمان و سەرەتای پاككردنەوەی یەكجاری خاكی كوردستان ئەبێ لە هێزی چەپەڵی داگیركەری بەعسی كە رۆژی لە گۆڕنانی نزیك بۆتەوە، بۆ پێشەوە بۆ پەرەپێدانی خەبات لە پێناوی روخاندنی رژێمی بەعس و بەدەستهێنانی مافی ئازادی چارەنووس بۆ گەلی كورد.

كۆتای ئەم بەیاننامەیە ئاماژەیەی روونی راپەڕینی تێدایە، كە رزگاربوونە لە دەستی بەعسی فاشست و داموو دەزگاكانی و رزگاربوونی گەلی كورد، كەوابێت (ی.ن.ك) هەمیشە پلانی پێشوەختەی هەبووە بۆ رووداوەكان و ئامادەسازی بۆ كردوە. راستە ئەنفال شكستبوو، بەڵام (ی.ن.ك) شكستی گۆڕی بەسەركەوتنی راپەڕین.

        

بڕیاری سەركردایەتی (ی.ن.ك) سەبارەت بە راگەیاندن

بەچەند رۆژێك بەر لەڕاپەڕین ئامادەباشی تەواو كراو لە 17/2/1991دا سەركردایەتی (ی.ن.ك) لە قاسمەڕەش رێنمایی دەركرد بۆ مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتی بەوەستاندنی هەمو بڵاوكراوەكانی تر‌و پێكهێنانی كادیر بۆ رادیۆی جوڵاو و گەڕۆك لە سەر شەپۆلی (41م) پەخشبكات ‌و، بگوازرێتەوە ناوچەی زەڵێ‌ لە ناوچەی پشدەر، هاوكاتی پەخشی رادیۆی مەركەزی یەكێتی كە لەشاری سەقزی رۆژهەڵاتی كوردستان لە سەر شەپۆڵی (75م) پەخشی دەكرد، رادیۆ گەڕۆكەكە دەستیكرد بە بانگەوازەكانی بەهەردو زمانی كوردی ‌و عەرەبی پاش جێگیربوونی لە (زەڵێ‌)، لەبەرنامەكانیدا بانگەوازی هاووڵاتیانی دەكرد بۆ راپەڕین دژی رژێمی دەسەڵاتدار، هەروەها ئەم بانگەوازانە سوپاو سوپای میللی ‌و فەوجەكانی بەرگری نیشتمانی (جاش)‌و دەزگاكانی ئاسایشی دەگرتەوە.

ئاشتبوونەوەی نیشتمانی و رۆڵی ئێزگەی دەنگی گەلی كوردستان 

هەر لەگەڵ داگیركردنی كوەیت-دا ، یەكێتی خۆی بێ دەنگ كرد نە پشتگیری و نە ئیدانەی كرد، بەڵكو یەكسەر دەستیكرد بەخۆ ئامادەكردن بۆ ئەگەرەكانی داگیركردنەكە لەكاتی كشانەوەدا چی بكات؟ ئەی لەكاتی نەكشانەوەدا چی بكات لەسەر هەموو ئاستەكانی راگەیاندن پێشمەرگانەو رێكخستن پلانی داڕشت. بەهێزكردنی رەتڵی پارتیزانەكان، پەیوەندیەكان لەگەڵ ریكخستنەكانی شار، هەماهەنگی نێوان شار و پارتیزانەكان، دروستكردنی شانەی چەكدار، ئینجا زۆر زۆر گرنگە بەر لەراپەرین ئاماژە بەو پەیامە بدەین كە ناوی پەیامی ئاشتبونەوەی نیشتمانی ئەو پەیامە بانگەواز بوو بۆ گەلی كوردستان بە هاووڵاتی و پێشمەرگەو جاشەوە، داوای یەكخستنی ریزەكانیانی دەكرد لەبەرامبەر بەعسدا تا تۆڵەی 35 ساڵەی ئەو هەمو تاوانە لەبەعس بكەنەوە ئەو بانگەوازی ئاشتبوونەوەیە، لەدوای 17ی یەكەوە ئەو شەوەی لە عیراق درا لەساڵی 1991 لەئێزگەی دەنگی گەلی كوردستان بڵاوكرایەوە، لەناو شارەكان دا بەتەواوی كاریگەری لەسەر خەلك كرد، بۆیە وەك خالید رەزا پێشمەرگەی دێرین دەڵێت: بەبروسكەو نامە داوامان لەسەركردایەتی كرد كە ئەو پەیامە رۆژانەو بەردەوام لە رادیۆكەوە بڵاو بكەنەوە تا بەتەواوی لە ناو خەڵداو بەتایبەت لەناو جاشەكان دا بڵاوببێتەوە تا لەساتی دەستپێكی راپەڕین هاوكاری پێشمەرگەو رێخستنەكان بكەن، بۆسەركەوتنی راپەڕین

عەبدولڕەحمن شێخ عوسمان عەبدولعەزیز لە دوو بەڵگەنامەی گرنگ لەئامادەكاری راپەڕیندا دەڵێت: خاڵە بەهێزەكانی بەرپاكردنی راپەڕین بەتەنیا ئەو هەلە لەبارە نەبوو، بەڵكو تەبایی نێوان سەركردایەتی لایەنە كوردستانییەكان و پێكهاتنیان لەسەر نەخشەو پلانێكی گونجاو بۆ رێكخستنی ریزەكانی جەماوەر كە بۆ خۆیان وەك ژیلەمۆ چاوەڕێی شنەیەك بون، پەیوەندی و دانیشتنەكانی سەركردایەتی لایەنە كوردستانییەكان داینەمۆیەكی بەهێز بوو بۆ هاوكاری جەماوەری ئامادەی راپەڕین كە یەكێك لەخاڵەكانی رێكەوتنی سەركردایەتی لایەنە كوردستانییەكان پەیوەندی كردن بوو بەشانەی رێكخستنەكانی لایەنەكان هەریەك لەكەناڵی خۆیەوەو پاشان دابەشكردنی میحوەرو قۆڵەكان بۆ دابەزینی پێشمەرگەو هاوكاری جەماوەرو دیاركردنی چۆنیەتی زەبر وەشاندن لەدوژمن و پارێزگاری لەجەماوەرو دابینكردنی ناوچەی ئازاد بۆ جێگیركردنی تەواوی هێزەكان پەڕینەوە لێی بەرەوشارەكان، هەروەها دەركردنی لێبوردنی گشتی بۆ چەكدارە كوردستانیەكانی سەر بەدەسەڵاتی عیراق كەشایەنی باسە زۆرێك لەسەرۆك فەوجەكانی هاوكاری پێشمەرگەیان دەكردو لەدوی هەلێك دەگەڕان بۆ وەرگەڕانی لولەی تفەنگەكانیان بەرەوڕوی دوژمنی راستەقینەی خۆیان و گەلەكەیان.

گەورەترین بەرهەمی پێكهاتنی لایەنە كوردستانیەكان و جۆشدانی جەماوەری ئەوەبو كە هیچ شەڕو ئاژاوەیەك روی نەدا لەسەردەستكەوت و بینای حكومی و جوڵەو چالاكی ئەو هەموو لایەنەو جەماوەرەدا ئەوەش نیشانەی یەكێتی مەبەست و ئامانجە كە دەكرێت ئەوجۆرە بەرژوەندیانە بكرێنە خاڵی هاوبەش و پاشماوەی كاروانەكەی پێ تەواو بكرێت. 

كەوا بێت لێبوردنە گشتییەكەی بەر لە راپەڕین و خوێندنەوەی بەردەوامی لە ئێزگەی دەنگی گەلی كوردستانەوە رۆڵی گەورەو گرنگی گێڕا.

 

بروسكەی (لەزمناكۆوە بۆ ئازاد 1760، برادەران ئاگادار بكەرەوە  7مانگ زەماوەند بكەن) چۆن نوسراو كێ نوسی و مەبەست لەچی بوو؟

خالید رەزا پێشمەرگەی دێرین، خاوەنی بیرۆكەی جفرەی (لەزمناكۆوە بۆ ئازاد.... برادەران ئاگادار بكە 7ی مانگ زەماوەند بكەن) كە هاوكات سەرپەرشتیاری شانە چەكدارەكانی شاڵاو بوو لە ناو شاری سلێمانی، بەشێك لە نهێنی نەخشەی راپەرین باس دەكات، بە PUKmediaی راگەیاند: كاتێك سەدام و بەعس لە 2 ئابی 1990دا، وڵاتی كوەیتی داگیركرد، بارەگاكانی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە قاسمە رەش بوو. لەگەڵ بڵاوبونەوەی هەواڵەكە، سەر لەبەیانی هەمان رۆژ كاك نەوشیروان ئەو نەخشە سەربازیانەی كە لەكاتی ئەنفالەكاندا گیرابوو، لەژورەكەی خۆی دانابوو، سەیری دەكردن، وەك بڵێی ئەمە دەرفەتە زێرینەكەی كوردەو، دەبێت كارێك بكەین . 

خالید رەزا دەشڵێت:داگیركردنی كوەیت سەرەتای نەخشە رێژی بوو بۆ راپەڕینە مەزنەكەو لە قاسمە رەشەوە رەنگ رێژ دەكرا، پێش روداوی داگیركردنی كوەیت و، دوای ئەنفالەكان دیسان لە قاسمە رەشەوە، لەلای سكرتێری كۆمەڵەوە، پایە ستراتیژییەكانی خەبات داڕێژرانەوە. ئێرە شوێنی رونكردنەوەی وردەكارییەكان نیە، ئەگینا هێندە دۆكیۆمێنتم لەبەردەستە كە بەشی نامیلكەیەكی قەبارە گەورە دەكات، هەروەها دەڵێت: بەندە نوسەری ئەم چەند دێڕەم لەسەر داوای رێكخراوی سلێمانی و، بە بڕیاری سكرتێرو ناوەندی كۆمەڵە، لە گەرمەی ئەم روداوانەدا، دەبوو بگەمە سلێمانی. رۆژیك كاك نەوشیروان، شەهید غەریب هەڵەدنی بانگ كرد بۆ سەركردایەتی، داوای لێكرد، منیش لەگەڵ خۆیان بەرن بۆ رەتڵی سورداش و، لەوێوە چاوساغیم بكەن تا دەگەمەوە ناو شار، هەر ئەورۆژە شەهید غەریب هەڵەدنی هات و پێیوتم كە لەم هەفتەیەدا خۆت ئامادە بكە، كە هاتمەوە بەشوێنتدا یەكسەر دەڕۆین، رۆژی 21-9-1990 شەهید غەریب هەڵەدنی و كاك عوسمان گێچینەیی هاتن و، وتیان بابڕۆین... لەوێ خوا حافیزیم لەهاورٍێكانم كرد، بەڵام پێم نەوتن كە دەچمەوە بۆ ناوشار وتم دەچم بۆ رەتڵی سورداش... یادی بەخێر كاك غەریب سەعید بەپێكەنینەوە پێی وتم، ئاگات لەخۆت بێت لوغمێكت پیا نەتەقێتەوە، مەگەر لەو چۆڵەوانیەدا قاچی (بزن)ێكت بۆ دابنێین".

ئەوەشی وت: گەیشتینە شوێنی مانەوەی پارتیزانەكانی چیای پیرەمەگرون، شەهید غەریب هەڵەدنی چەند فیشەكێكی تەقاند، وتی ئێستا برادەران دێن بەپیرمانەوە، ئەوە بوو كاك ئاكۆ سوورو، كاك خالیدی كاروباری كۆمەڵایەتی و برادەرێكی تر هاتن، كە پێكگەیشتین. ماوەیەك لەگەڵیاندا بوم هەتا، پەیوەندییەكانم لەگەڵ رێكخراوی سلێمانی دروستكرد.

سەرپەرشتیاری شانە چەكدارەكانی شاڵاو، باس لەگەڕانەوەی بۆ سلێمانی دەكات و دەڵێت: شەوی 5 لەسەر 6 ی مانگی 10ی ساڵی 1990، شەهید غەریب هەڵەدنی و، هاورٍِێ ئاكۆ سوور كەركوكی گەیاندمیانە ناو ئۆردوگای پیرەمەگرون بۆ ماڵی هاوڕێی كۆمەڵە مام رەسوڵ، ئەوان گەڕانەوە بۆ پیرەمەگرون، منیش بەچاوساغی مام رەسوڵی تیكۆشەر بەجێبێك بەرەو سلێمانی بەڕێكەوتم. گەیشتمە سلێمانی دنیا روناك بوو، بۆیە بەناچاری چوم بۆماڵی پورم بۆ ئەوەی كاك ئاكۆ محەمەد وەهبی ببینم. لەدەرگامدا ماڵی پورم وتیان ئەوە چۆنە هاتویتەوە، منیش بۆ ئەوەی ئاساییان بكەمەوە، وتم مەفرەزەیەكین هاتوینەتە ناوشار، رۆژمان لێ بۆتەوەو، نەماتوانی دەرچین بۆیە چەكەكانمان شاردۆتەوەو، ئەم شەو یەك دەگرینەوەو، دەگەڕێینەوە. من دەم ویست كاك ئاكۆ ببینم، چونكە كاك ئاكۆ لەدوای گرتنی هاوڕێ جەباری حاجی رەشیدو هاوڕێكانی، ئەم سەرپەرشتی رێكخراوی سلێمانی و كوردستانی دەكرد، وتیان ئاكۆ لەماڵەوە ناخەوێ لە خۆی دەترسێ، بەناچاری تا ئێوارە لەماڵی پورم واتە ماڵی باوكی كاك ئاكۆ وەهبی چاوەڕێم كرد، تا شەوهات و، پێكەوە رۆشتین و، بردمی تەسلیمی هاورٍِێ موردای كردم لەماڵی خۆیان، بەندە بۆ ماوەی نزیكەی شەش مانگ بەئیختفا لەناوشار مامەوەو، لەگەڵ هاوڕێكانم لە رێكخراوی سلێمانی كۆمەڵەو، بەهەماهەنگی لەگەڵ رەتڵی پارتیزانەكان، ئامادەكاریمان بۆ راپەڕین كرد، شەرەفی راپەراندن و سەرپەرشتیكردنی شانە چەكدارەكانی شاڵاو، رێكخستم پێسپێردرا.

سەبارەت بەو بروسكەیەی كە دەڵێت بروسكەی لە زمناكۆوە بۆ ئازاد 1760، برادەران ئاگاداربكەرەوە 7 مانگ زەماوەند بكەن، خالید رەزا وتی: ئەوە لە ماڵی كاك حەمە نوری مام ئەحمەد ناسراو بەهاوڕێ موراد ئەندامی رێكخراوی سلێمانی كۆمەڵە لەگەڕەكی دور ئەمنی ئەوكات و ئاشتی نوسیم، مەبەست لە شەخسێكی دیرایكراو نیە، بەڵكە وەك رەمزێك بوو بۆ دیاریكردنی رۆژەكە كە پێش ئەوە لەماوەی ئەو 6 مانگەدا نزیك بە 100 تعمیم (پەخشنامە) بۆ رێكخستنەكان و شانە چەكدارەكان نوسیبوو، لەهەموو یاندا سەرنجمان بۆ ئەوە راكێشابون، كە دەبێ بەردەوام متابەعەی رادیۆی دەنگی گەلی كوردستان بكەن بۆ فەرمان وەرگرتن، ئێمەش لەڕێی هەردوو رەتڵی پارتیزانەكانی گەرمیان كە ئەوكات شەهید حەمەرەش بەرپرسیان بوو، لەگەڵ رەتڵی سورداش كە شەهید غەریب هەڵەدنی فەرماندەی رەتڵ بوو، پەیوەندی بەردەواممان هەم بە ناوەندی كۆمەڵە بەتایبەت كاك نەوشیروان مستەفاو رادیۆوە هەبوو بروسكەو بانگەوازەكانمان بۆ رادیۆ دەنارد. 

خالید رەزا پێشمەرگەی دێرین راشیگەیاند:-بەتەنها یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە دەمە دەمی راپەریندا رادیۆی هەبوو، رادیۆیەكی جێگیر لەسەر شەپۆلی 75 لەسەقز ئەوتریان گەرۆك بو لەلای كاك نەوشیروان بو لە زەلێ و قاسمەرەش.

 لەرۆژی هاتنە ناوشار هەتا 7/3/1991 رۆژی راپەڕینی سلێمانی، لەماڵی هاوڕێی هەمیشە لەیادو جوانەمەرگ كاك حەمە نوری مام ئەحمەد (هاوری موراد) لەگەڕەكی (دور الامن) مامەوە ، كە هاورێ موراد ئەندامی رێكخراوی سلێمانی كۆمەڵەو، سەرپەرشتیاری سوپای رزگاری كوردستان (سرك) بوو.

 

ئێزگەی گەلی كوردستان و بەستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە پێكەوە؟

دەنگی گەلی كوردستان رۆڵی گرنگی بینی لەبەیەك گەیشتنەوەی هێزەكانی پێشمەرگەو ئاگاداركردنەوەیان لەیەكتری، چونكە ئەو سەردەم هێزی پێشمەرگە جیهازی بێ‌ سیمی كەم بوو، هەروەها رۆڵی باشی گێڕا بۆ شانە چەكدارەكانی ناوشارو ئاگادار كردنەوەیان لەڕاسپاردەكانی سەركردایەتی، پاشان رۆڵی زۆر كاریگەری بینی لەجۆشدانی جەماوەر بۆ راپەڕین، چونكە كەناوچەیەك ئازاد دەكرا یەك سەرو راستەوخۆ هەوڵەكەی دەگەیاندە جەماوەرو، بەمەش خەڵكی هاندەدا بۆ راپەڕین لەناوچەیەكی تر. لەهەمانكاتدا چەند ساڵێك دوای ئەنفالەكانی ساڵی 1988 یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان. خاوەنی چەندین. مەفرەزەی پارتیزان. بوو لە ناوچە جیاجیاكانی كوردستان. ئیتر لێرەوە ئێزگە ئەو مەفرەزانەی بەڕێنمای سەركردایەتی راپەڕین. ئاڕاستە دەكرد بۆ ناوچەكان و بەدەمەوە چوونی هاووڵاتیانی راپەڕیو و یەكگرتنەوەیان لە شوێنی دیاری كراودا.

 

رۆڵی ئێزگەی دەنگی گەلی كوردستان لەڕاپەڕیندا؟

ئێزگەی دەنگی گەلی كوردستان جگە لەهەواڵی شۆڕش‌ و چالاكی‌و هەڵمەتەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بۆ سەر رژێم ‌و بەرنامەكانی خەباتی شاخ ‌و بانگەوازو ئاگاداری ‌و گەیاندنی پەیام‌ و لەهۆشیاركردنەوەی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستاندا، لەمێژووی خۆیدا خزمەتێكی بەرچاو‌و رۆڵ‌و كاریگەرییەكی بەهێزی هەبووە. لەڕاپەڕینی ئازاری ساڵی (1991)ی گەلەكەماندا، دەوری بەرچاوو شیاوی خۆی گێڕا. بەهۆی بروسكەو هەواڵی رزگاركردنی شارو شارۆچكەكانی كوردستان،كە ببوە تاكە سەكۆو بڵندگۆی راپەڕین‌و حەماس ‌و ورەی جەماوەرو پەلاماری هێزی پێشمەرگە بۆ سەر دامودەزگاكانی رژێمی بەعس، هەربۆیە خۆشەویستی رادیۆكە چووە دڵی جەماوەری راپەڕیوی كوردستانەوە. بەبەردەوام. جەماوەر پەیوەندیەكی رۆحی لەگەڵ ئێزگەدا پەیداكردبوو بۆیە بەردەوام گوێبیستی سەركەوتنەكانی ناوچە جیاجیاكان دەبوون، وەك دەوتری خەڵك هەبوو دەیوت بابزانین. كەی سەرەی لای ئێمەیە تاوەكو دەست پێبكەین، شانبەشانی پێشمەرگە ئیتر ئێزگە بۆ میوانی بەردەوامی ماڵی شۆڕش دۆست و ئازادی ویستەكان. 

فراوانبوونی كاتی پەخش ئێزگەی گەلی كوردستان لەڕاپەڕین 

ئێزگە لەسەر هەردوو شەپۆلی (75) میترو (41) میتری، لەشاری (سەقز)و (زەڵێ‌)وە پەخش دەكرا، لەڕۆژانی راپەڕیندا بۆ ماوەی (17) سەعات كاریان دەكرد، بەمشێوەیە، سەعات (7)ی بەیانی تا (10)ی بەیانی شەپۆلی (75) مەتری سەقز. سەعات (10)ی بەیانی تا (1)ی پاش نیوەڕۆ شەپۆلی (41) مەتری زەڵێ‌. سەعات (1)ی پاش نیوەڕۆ تا (3)ی عەسر شەپۆلی (75) مەتری سەقز. سەعات (3)ی عەسر تا (7)ی ئێوارە شەپۆلی (41) مەتری زەڵێ‌. سەعات (7)ی ئێوارە تا (12)ی شەو شەپۆلی (75) مەتری سەقز. ئەمەش زیاتر رۆڵ‌ و بایەخی ئێزگەی گەلی كوردستان دەردەخات لەڕۆژانی راپەڕیندا.

 

ئیزگەو جۆشدانەوەی خەبات

"لەدوای ئەنفالەكان. سەركردایەتی (ی.ن.ك) نەیهێشت دەزگای‌ راگەیاندن لە كار بكەوێت، رادیۆی‌ دەنگی‌ گەلی‌ ‏كوردستان بوە سەرچاوەی گەیاندنی‌ راستی‌‌و هەواڵ ‌و سازدان‌و رێكخستنی‌ كۆمەڵانی‌ خەڵك و ‏شەرارە‌ی عەرەبی و رێبازی‌ نوێی كوردی مانگانە بڵاو دەكرانەوە.‏ بەڵام وەك لەسەرەوە ئاماژەم. پێكرد بەچەند رۆژێك بەر لەڕاپەڕین راگەیاندن. وەستاو هەموو تواناكان. درا بەئێزگەكە، بەڵام ئێزگەی دەنگی گەلی كوردستان توانی سەرجەم رێنماییەكانی راپەڕین و سەركردایەتییەكەی بگەیەنێتە ئەم، هێزانە، ‏12 بەتالیۆنی‌ نیمچە نیزامی لە سەر سنورەكان،‌ ‏520 پارتیزان لەسەرانسەری كوردستان‏، ‏120 كادری‌ (سرك) لەناو شار‌و ئۆردوگاكاندا،‏‏ 7000 كەس لە ریزی‌ شانە چەكدارەكانی‌ شاڵاو و بروسكدا،‏ چەند هەزار كەس هێزی‌ پشتگیری‌ لەناو ئاوارەكانی‌ ئێراندا.

لەهەر چوار مەیدانەكەدا بەسەركەوتویی ئەركەكانی (ستراتیجی قۆناغی نوێی كار) بەجێهێنراو، لە رۆژانی‌ جەنگی‌ ‏دووەمی‌ كەنداودا، (شكستی‌ ئەنفال) بەهاوكاری جەماوەری گەلی كوردستان و هێزی پێشمەرگەو رۆڵی ئێزگەی دەنگی گەلی كوردستان گۆڕا بەسەركەوتنی‌ راپەڕین.

 

چەند هۆكارێكی دەرەكی و ناوەكی هەبوون، بۆ ئەوەی كەئەم رادیۆیە وەكو وتەبێژێكی رەسمی دەركەوێت لە راپەڕین دا

د.پشكۆ حەمە تاهیر ئاغجەلەری پرۆفیسۆری یاریدەر لەبەشی مێژووی زانكۆی سلێمانی لەسەر رۆڵی ئێزگەی دەنگی گەلی كوردستان لە راپەڕیندا دەڵێت :رادیۆی گەلی كوردستان كە رادیۆی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بوو، رۆڵیێكی دیاری هەبوو لە هەڵگیرسانی چەخماخەی راپەڕین لەباشووری كوردستان بەگشتی ئەمەش بە پەخشكردنی بەیاننامەو بانگەوازو زانیارییەكانی بۆ رۆڵەكانی كوردستان، كە لەگەڵ رزگاركردنی هەموو شارو شارۆچكەیەك دانیشتوانەكەی هان دەدا بۆ رزگاركردنی ناوچەیەكی تر. هەر لەپێش راپەڕیندا ئەم رادیۆیە، هەستابوو بە ئامادەكردنی و ئامادەبوونی كادرە شارەزاكانی بەشی راگەیاندن بەگشتی و تێكۆشەرەكانی (دەنگی گەلی كوردستان) بەتایبەتی گوێزرانەوەی ئامێرەكان و دەستكردن بەپەراوەو راهێنان و خۆ راهێنان لە چۆنیەتی پەخشكردنی راستەوخۆ لەگەڵ روداوەكان، لەلایەن هەریەكە لە بێژەرەكان، ئەوانەی ئەركی ئامادەكردن و بەردەوامبوونی بەرنامەكانی لە ئەستۆدایە.

بۆیە كاتێك راپەڕین دەستیپێكردوو بەماوەیەك پێش ئەوە، رادیۆی دەنگی گەلی كوردستان سەركەوتووترین رۆڵی بینی، بەڵام چەند هۆكارێكی دەرەكی و ناوەكی هەبوون، بۆ ئەوەی كە ئەم رادیۆیە وەكو وتەبێژێكی رەسمی دەركەوێت لەناو گشت رادیۆیەكانی دیكەی ئۆپۆزسیۆنەكان بەگشتی و بەرەی كوردستانی، بەتایبەتی لەوانی تر:

ا- هۆكارە دەرەكییەكان: لە گرنگترین ئەو هۆكارە دەركیانەی كە وایكردبوو ئەم رادیۆیە رۆڵی سەرەكی هەبێت، ئەمانەن :

1- گەلی كورد تینوی ئەوەبوو كە گوێ لەم دەنگە بگرێ، چونكە دەنگی شۆڕشگێرانی كوردستان و پێشمەرگە بوو بەمانا رەسەنەكەی، كە ئەم دەنگە بوو. 

2- پێشوازی خەڵك بۆ بەدواداچونی بەرنامەكانی رادیۆ بۆ گوێگرتن لەبەرنامەكان، لەبەر ئەوەی ئارەزوویان هەبوو لە چاودێریكردنی رووداو و پێشهاتەكان، پاش ئەو رووخانەی رژێمی بەعسی عیراق، لەلایەكی دیكەوە پچڕاندنی وزەی كارەباو  نەمانی پەخشی تەلەفزیۆنی، یەكێك بوو لەو هۆكارانەی كە خەڵكی زیاتر گرنگیان بەم رادیۆیەو موتابەعەی بەرنامەكانیان دەكرد نەك لە كوردستان، بگرە لە زۆربەی ناوچەكانی عیراق كە پەخشەكەی پێدەگەیشت. 

3- نەبوونی باوەڕ بەڕادیۆی عیراق بەگشتی، بەوەی كە وای بڵاودەكردەوە كە گوایە عێاق لەو شەڕەیدا سەركەوتنی بەسەر دوژمنەكانی بەدەست هێناوە كە بەداستانی (ام المعارك) ناوی دەبرد.

4- بەهۆی ئاشكرای شوێنی پەخشەكەی لەسەر میلی رادیۆ، بێهێزی ئامێرەكانی تەشویشی بەعس.

5- لاوازی رادیۆییەكانی دیكەی بەرەی كوردستانی لەو كاتەدا، چونكە رادیۆی (پ.د.ك) كەناوی (ڕادیۆی دەنگی كوردستانی عێراق )بوو، بەزمانی بادینی بوو، خەڵكانێكی زۆر لێی نەدەگەیشتن، ڕادیۆی سۆشیالیست لای (P.K.K) بوو، ئەمە وایكرد كە زیاتر گرنگی بە ڕادیۆی( دەنگی گەلی كوردستان)بدرێت.

 

ب- هۆكارە ناوەكییەكان : لە گرنگترین ئەم هۆكارانە ئەمانەن: 

1- رادیۆ زۆربەی راستییەكانی بەبێ زیادەڕۆیی و بەبێ كەموكوڕی بەگوێگران دەگایاند.

2- پەخشكردنی سروودە وروژێنەرەكان كە دەبووە هۆی بەرزكردنەوەی گیانی شۆڕشگێڕی و ورەی جەماوەر، ئەمە سەرەڕای هۆنراوەی وروژێنەر. 

3- زۆربەی بانگەوازەكانی رادیۆ ئاڕاستەی گەلی عیراق بەگشتی و گەلی كوردستان بەتایبەتی دەكرد، بانگەوازەكانی تایبەت نەبوون بەكورد، بەڵكو ئاڕاستەی گەلی عەرەب و توركمان و ئاشووری دەكران بەبێ جیاوازی. 

4- خوێندنەوەی بەیان و بانگەوازەكان بەشێوەی حەماسی و عاتیفی كە كاریگەری زۆریان هەبوو لەسەر گوێگرەكان، كە بەزمانی كوردی و عەرەبی و توركی پەخش دەكران.

5- گەڕۆكی ئێزگەی دەنگی گەلی كوردستان واتە شوێنێكی جێگیری نەبوو لە پێشدا لە( زەڵێ) بوو، دواتر لە(ڕانیە)، دواتر هاتە سلێمانی، ئەمەش یەكێك بوو لە هۆكانی سەركەوتنی. بۆ نموونە دوای رزگاركردنی زۆربەی شارەكانی كوردستان، بەتایبەتی شارەكانی نزیك كەركووك (چەمچەماڵ، دووزخوركاتوو، قەرە هەنجیر.... .. تاد)، نزیكبوونەوەی هەڵهاتنی خۆری ئازادی لە كەركووك، رادیۆی دەنگی گەلی كوردستان، رۆڵێكی كاریگەری هەبوو، لەجۆشدانی خەڵك و هێزی پێشمەرگە بۆ رزگاركردنی كەركووك. ئەمەش لەڕێگەی بڵاوكردنەوەی بانگەوازو وتارە حەماسییەكانی بەوەی كە (كەركووك كوردستانە، كەركووك قودسی كوردستانە)، ئەمە یەكێكە لە دروشمەكانی رادیۆ بۆ رزگاركردنی كەركووك (بابا كر كر، لهبك يرتفع مع الانتفاضة استمر و أرفع لهبك في الآفاق- سوف تشرق الشمس لن يكون هناك مغيب- ونبدأ صباحاً مضيئاً –والي الابد). بەم شێوەیە دەردەكەوێت كە رادیۆی (دەنگی گەلی كوردستان) دەورێكی سەرەكی لە راپەڕینی ئازاری 1991دا بینیوە.

لێرەوە دەتوانرێت بوترێت رادیۆیی دەنگی گەلی كوردستان بەر لە راپەڕین و لەگەڵ راپەڕین رۆڵێكی دیاری هەبووە لە رووداوەكانی باشووری كوردستان.

 

ئیزاعەكە

هۆنراوەی، باست حەمە غەریب

بۆ ئەو ئێزگە خۆشەویستەی هەموومانی پیركردوو خۆی هێشتا گەنجەو دەنگی زوڵاڵە

لەئامێزی مایكەكەتا بم یا دروبم، هەر رۆڵەكەی جارانتم

رووی دەنگی تۆ لە كام لابێت، گوێی ئێمەش بەرەو ئەوێیە، دەی ببێژە چالاكی گەورەی ئەم جارە، كام دەڤەرە، لە كام جێیە

ئەم تەشویشە دوا بڕاوە، گەردی خستووەتە سەر دەنگت، ناهێڵێت بە دڵ بی بیستین، تا بزانین دەنگوباسی شەڕو بەرگری لە كوێیە

بەڵام رۆحمان ئاگای لێتە، كێ هەڵمەت بەرەو قارەمان، كێ لە سەنگەردا چەقیوەو، شەهید كێیە

لە دڵمانایە ئەی دەنگی هەق، ئەی سەدای بەرگری‌و خەبات

وەرن وەرن گوێ ڕادێرن ڕاپەڕینەو زەماوەندی ئازادییە، مۆسیقای ئاسودەبنە، ئیزگەكەمان هەواڵێكی تازەی پێیە

ئەم دەنگە هەرگیز پیر نابێت، چونكە دەنگی هەموومانە

 

دەنگی كوردە

دەنگی گڕی مەشخەڵانە

دەنگی زوڵاڵی پێشمەرگەو، دەنگی میللـەت

دەنگی یەكێتیەكەمانە

ئێرە ئیزگەی دەنگی گەلی كوردستانە

سەرچاوەكان 

دیدارێك لە گەڵ خالید رەزا پێشمەرگەی دێرین لەڕێگەی تۆری كۆمەڵایەتی فەیسبووك و وەرگرتنی چەندین زانیاری جۆراوجۆری بەر لەراپەڕین و رۆژی راپەڕین و چۆنییەتی نوسینی بروسكەكان بۆ دەنگی گەلی كوردستان و رێكخستنی ناوشار.

پرۆفسیۆری یاریدەدەر د.پشكۆ حمەتاهیر ئاغجەلەری :-راپەڕینی كەركوك سالی 1991،كتێب، ل62-63-64-65-66،سلێمانی ،2003

رەهبەر سەید براهیم :-رۆژنامەوانی لە كورەدا،ل 94-95-96-97-98-99،سلێمانی 2009

عادل عەلی :سەربوردەی ئومێدو خۆڕاگری:بێستون سابوراوای ،یاری مەرگ و ژیان لەناو رێكخستنە نهێنییەكاندا،ل 70، ئەكادیمیای هۆشیاری وپێگەیاندنی كادیران ،سلێمانی 2016

ژووان ئەحمەد: كۆمەڵێك زانیاری لە سەر ئێزگەی دەنگی گەلی كوردستان لە راپەڕی داو پێدانی كۆمەڵێك ئەرشیفی راپەرین .

رابەر چۆمانی: لەیادی (36) ساڵەی دامەزراندنیدا لاپەڕەیەك لەمێژووی دەنگی گەلی كوردستان ،19/3/2015،كوردستانی نوێ

عبدالرحمن شیخ عسمان عبدالعزیز:- دوبەڵگەنامەی گرنگ لەئامادەكاری راپەڕیندا، سایتی مێژووی كورد

ئیزاعەكە:هۆنراوەی، باست حەمە غەریب

PUKmedia ئامادەكردنی/ كاوان ئەحمەد حمە ساڵح هەڵەبجەی 

 

وێنە هەواڵ
  • image04
  • جاده‌ی سه‌ره‌كی ناحیه‌ی بنگرد هه‌ره‌سیهێنا

  • image04
  • به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پاسپۆرتی هه‌ڵه‌بجه‌ كرایه‌وه‌

  • image04
  • لافاو له‌پارێزگای گوڵستان له‌باكووری ئێران زیاتر له‌ 50 هه‌زار كه‌س ئاواره‌ ده‌كات

  • image04
  • هه‌سه‌ده‌ به‌ره‌سمی سه‌ركه‌وتنی به‌سه‌ر داعشدا راگه‌یاند

  • image04
  • سه‌رۆك كۆمار له‌ناو خه‌ڵكی موسڵ

  • image04
  • مەكتەبی سیاسی لەحزوری شەهیدانی هەڵەبجەدا دەوەستێت

  • image04
  • 16-3/ رۆژێكی ره‌ش له‌مێژووی كورددا

  • image04
  • هه‌ڵه‌بجه‌.. په‌رده‌ له‌سه‌ر دیواربه‌ندی عومه‌ری خاوه‌ر لادرا


                                           

كۆمیته‌ی سوید پشتگیری ئه‌ڤین ئینجیر ده‌كات


ئه‌ڤین ئینجیر جێگری لێپرسراوی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ و تاقه‌ كاندیدی كورد له‌ سه‌ر لیستی حزبی سۆشیال دی...


  فینلاند.. كۆنفرانسی كه‌رتی تێركۆ به‌رێوه‌چوو
  وه‌فدی یه‌كێتی له‌ گه‌ڵ كۆمیته‌ی سوید كۆده‌بێته‌وه‌
                                           

مەحوی فێرگەیەک بۆ پێگەیاندنی بەهرەکان


فێرگەی موزیکی مەحوی، فێرگەیەکە بۆ پێگەیاندن و فێرکردنی هەموو ئەو فێرخوازانەی حەز و خولیای فێربونی موزیک و ئامێرە سونەتییەکانیان هەیە لە هەموو تەمەنە جیاوازەکان لە پایتەختی ڕۆشنبیری و لەم ...


  دیبەیتی ئالان تۆرێن و مەلا بەختیار
  دوای 11 ساڵ رۆژنامه‌نوسێكی كوردێك دیدار له‌گه‌ڵ بێشله‌ر ئه‌نجامده‌دات
                                           

نه‌ورۆزی 1979 له‌دایك بوونی رادیۆیه‌ك دنیایی هه‌ژاند

40ساڵه‌ ئێزگه‌ی ده‌نگی گه‌لی كوردستان، ده‌نگی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستانه‌
له‌دامه‌زراندنی (ی.ن.ك) ه&zwn...


  نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ش جل و به‌رگی كوردی ده‌پۆشن
  ئێزگەی دەنگی گەلی كوردستان یادی 40 ساڵەی دەكاتەوە


کاریکاتێر