riklam

مه‌لا به‌ختیار: هیچ كه‌سێك به‌قه‌ده‌ر مام جه‌لال به‌خشنده‌ نه‌بوو

ی.ن.ک‌‌ 10:22 PM - 2019-02-20
.

.

ئه‌مرۆ (20-2-2019) گروپی دڵسۆزانی مام، گفتوگۆیه‌كی كراوه‌ی له‌هۆڵی ناوه‌ندی رۆشنگه‌ری چاودێر، بۆ مه‌لا به‌ختیار، سیاسه‌تمه‌دار و رۆشنگه‌ر به‌ڕێوه‌برد، كه‌ تیادا لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی سوپاسیكردن كه‌ له‌سه‌ر رێبازی مام به‌رده‌وامن و خه‌بات ده‌كه‌ن له‌پێناو به‌دیهێنانی ئامانجه‌ دوره‌كانی مام‌و له‌پای كاروچالاكییه‌كانیش بۆ خزمه‌تكردن به‌ڕێباز‌و قوتابخانه‌ی مام جه‌لال‌و ئامانجه‌ گه‌وره‌كانی، سوپاسیكردن.

له‌چوارچێوه‌ی ته‌وه‌ره‌ كراوه‌كانی گفتوگۆ كراوه‌كه‌شیدا، نه‌ریتی چۆنێتی هه‌ڵبژاردن‌و داڕشتنی رێوشوێنی هه‌ڵبژاردنی نوێچه‌شن، له‌ناو گۆڕانكارییه‌كانی سه‌رده‌م‌و كێبڕكێ‌و ململانێكانی، به‌ پرسێكی گرنگ ناوبرد‌و پاشئه‌وه‌ی ره‌هه‌نده‌كانی لێكدایه‌وه‌ شرۆڤه‌یكردن، مه‌لا به‌ختیار، ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌كرد كه‌ یه‌كێتی ده‌بێ‌ له‌و راستییه‌ تێبگات‌و ئه‌زمونی هه‌ڵبژاردنه‌كانی رابردووش ده‌بێ‌ ئه‌و راستییه‌یان ساغكردبێته‌وه‌، كه‌ حزب ته‌نها به‌بڕیاری مه‌ركه‌زی حزبی‌و به‌بڕیاری ره‌سمی مه‌كته‌بی سیاسی‌و سه‌ركردایه‌تی، له‌هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردندا، ده‌ره‌قه‌تی ئه‌م ململانێی فره‌ ره‌هه‌نده‌‌و فره‌ په‌لوپۆداره‌ نایات‌و وتی: ئێستا هه‌ڵبژاردن ره‌هه‌ندی زۆر فراوان‌و جۆراوجۆری  په‌یداكردووه‌.

هاوكات كاریگه‌رییه‌ جۆراوجۆره‌كانی دنیا، هه‌رێمایه‌تی‌و ناوخۆیی، سۆسیال مێدیا‌و پڕوپاگه‌نده‌ی ده‌وڵه‌تان، به‌مایه‌ی كاریگه‌ری له‌سه‌ر چۆنێتی بیركردنه‌وه‌ی ده‌نگده‌ر، ناوبردو رونیكرده‌وه‌ كه‌ هه‌ست‌و هزری ده‌نگده‌ر تێكه‌ڵه‌یه‌كه‌ له‌هه‌موو ئه‌و كاریگه‌رییانه‌و له‌و روانگه‌یه‌شه‌وه‌ ته‌ئكیدیی كرده‌وه‌: له‌هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردندا، ئه‌ركی حزب قورس ده‌بێت، بۆیه‌ پێویسته‌ باشترین دروشمی هه‌بێ‌، باشترین دورنمای هه‌بێ‌، باشترین سیاسه‌تی هه‌بێ‌، باشترین پرۆژه‌ی هه‌ڵبژاردنی هه‌بێ‌‌و باشترین كاری رووناكبیریی‌و گروپبه‌ندی هه‌بێ‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ناو ئه‌م هه‌موو كاریگه‌رییه‌، كاریگه‌ریی پرۆژه‌ی یه‌كێتی‌و هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن‌و كاندیده‌كانی یه‌كێتیی، كاریگه‌رتربێ‌ له‌ناو كاریگه‌ره‌كاندا، هه‌تا بتوانێ‌ ده‌نگی ده‌نگده‌ران بۆخۆی دابینبكات.

هۆكاره‌كانی كه‌مبونه‌وه‌ی رۆمانسییه‌تی سه‌ركه‌وتنی شاخ، نه‌بوونی ژیانێكی یه‌كسان‌و دادپه‌روه‌ر، چاره‌سه‌رنه‌كردنی ته‌نگوچه‌ڵه‌مه‌كان، به‌دینه‌هێنانی خواسته‌ جیاوازه‌كانی چین‌و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵ به‌پێی پێویستی ژیانی سه‌رده‌مه‌كه‌، گه‌شه‌پێنه‌دانی شارستانییه‌ت، بونیادنه‌نانی ژێرخانی ئابوری‌و سیسته‌مێكی پێشكه‌وتوو، نه‌مانی متمانه‌، به‌فاكته‌ری كه‌مبونه‌وه‌ی به‌شداریكردنی هاووڵاتیانی له‌پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا ناوبردو وتیشی: جێبه‌جێنه‌كردنی به‌ڵێنه‌كان‌و به‌دینه‌هێنانی خولیاو ئاواته‌كانی خه‌ڵك، گۆڕانكارییه‌كان له‌سه‌ر ئاستی دنیا، دیارده‌ی تاكگه‌رایی، لیبراڵییه‌ت‌و دیارده‌ی تازه‌ له‌په‌یوه‌ندی سیاسی، چینایه‌تی، ئابوریی، كۆمه‌ڵ‌و خێزانیش وایكرد به‌شێك له‌نه‌وه‌ی دووه‌م‌و سێهه‌م‌و به‌تایبه‌ت نه‌وه‌ی دوای راپه‌ڕین، بكه‌ونه‌ ژێر كاریگه‌ری پڕوپاگه‌نده‌و سۆشیال مێدیا‌و ئه‌مه‌ش جه‌زره‌به‌ی له‌كۆی پرۆسه‌ی بونیادنانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی‌و دیموكراسی ناوبرد.

لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی، به‌رنامه‌ی گونجاو ‌و راست‌و جێبه‌جێكردنیشی، كه‌ گونجاوی گۆڕانكارییه‌كان بێ‌، چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌‌و ته‌نگوچه‌ڵه‌مه‌كان، به‌مایه‌ی گێڕانه‌وه‌ی متمانه‌ ناوبرد‌و له‌كۆتایی گفتوگۆكه‌شیدا، مه‌لا به‌ختیار، لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی، ناونانی گروپه‌كه‌ی به‌گروپی دڵسۆزانی مام، به‌مایه‌ی كاریزمایی سه‌رۆك مام جه‌لال‌و گه‌وره‌یی ئه‌و رابه‌ره‌ له‌مێژوودا ناوبرد، كه‌ ئاسان نییه‌ دووباره‌بونه‌وه‌ی له‌مێژووداو وتی: هه‌تا ئه‌و رۆژه‌ی مام دوا ماڵئاوایی كرد، هه‌رچی ده‌ستیده‌كه‌وت بۆخۆی نه‌بوو، بۆ كوڕی نه‌بوو، ته‌نانه‌ت ماڵه‌كه‌ی ده‌باشانیشی به‌ناوی خۆیه‌وه‌ نه‌ناوه‌‌و بۆ یه‌كێتی بوو، بۆیه‌ هیچ كه‌سێك نییه‌ له‌سه‌ر زه‌وی به‌قه‌ده‌ر مام جه‌لال به‌خشنده‌بێت. به‌خشنده‌ نه‌ك هه‌ر بۆ یه‌كێتی، به‌ڵكو بۆ هه‌موو حزبه‌كان‌و له‌سه‌ر ئاستی عیراق‌و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیش، به‌خشنده‌بوو.

وتیشی: بۆیه‌ كاتێك ئێوه‌ ناو له‌گروپه‌كه‌تان ده‌نێن، گروپی مام، له‌به‌رئه‌وه‌ی مام یه‌كێك له‌هه‌ره‌ گه‌وره‌ترین كاریزماكانی مێژووه‌، دووباره‌بوونه‌وه‌ی ئه‌سته‌مه‌و ئاسان نییه‌. به‌ڵام ناونان شتێكه‌و پابه‌ندوبونیش به‌ناو و ناوه‌رۆك‌و رێبازی مام جه‌لالیش  شتێكی تره‌‌و جه‌ختیكرده‌وه‌: هه‌روه‌ك چۆن مام فه‌رمویه‌تی هه‌موو پێشمه‌رگه‌یه‌كی یه‌كێتی پێوسیته‌ ده‌ست‌و ده‌م‌و داوێن پاكبێ، ده‌بێ ئێوه‌ش به‌هه‌مان دروشمه‌وه‌، سوربن له‌سه‌ر رێبازی مام و هه‌ر به‌حیكمه‌ته‌كانی مام‌و پابه‌ندبن به‌ ستراتیج، به‌ ئه‌خلاق، به‌ رێبازو به‌ئایدۆلۆجییه‌تی مام‌و وتیشی: نه‌وه‌ی سێهه‌می یه‌كێتی ئه‌ركی گه‌وره‌تان له‌سه‌ر شانه‌و قه‌ت ئه‌و ئه‌ركه‌ی له‌سه‌ر نه‌وه‌ی سێهه‌مه‌، كه‌مترنییه‌ له‌و ئه‌ركه‌ی له‌سه‌ر نه‌وه‌ی دووه‌م‌و یه‌كه‌م بوو له‌شاخ‌و له‌دوای راپه‌ڕینیش، بۆیه‌ هیواموایه‌ به‌ناو و ناوه‌رۆك له‌گه‌ڵ مام بن، له‌گه‌ڵ حزبه‌كه‌ی مام بن‌و له‌گه‌ڵ راپه‌ڕینی به‌رده‌وامی ئه‌قڵی مام بن، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌م ته‌نگوچه‌ڵه‌مه‌كانی ئێستا‌و هه‌م له‌پیلان‌و به‌دبه‌ختییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ش، له‌عیراق‌و ناوچه‌كه‌ ده‌ربازبین‌و ئایینده‌یه‌كی باشتر بۆ كورد، بۆ كوردستان، بۆ دیموكراسی، بۆ دادپه‌روه‌ری‌و بۆ گۆڕه‌كه‌ی مام‌و هه‌موو شه‌هیده‌كانمان دابین بكه‌ین.

PUKmedia راگه‌یاندنی لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket