riklam

وەزیری پێشووی داد: ئەدای ئەم خولەی پەرلەمان لە پێشتر باشتر نابێت

چاوپێکەوتن 05:20 PM - 2019-02-20
.

.

فاروق جەمیل وەزیری پێشووتری دادی كابینەی حەوتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژە بەوە دەكات، كە ناكرێت سەرۆكی حكومەت پێش سەرۆكی هەرێم دیاری بكرێت؛ ئەوە كێشە دەنێتەوە و پێشبنییش دەكات ئەدای ئەم خولەی پەرلەمان لە پێشتر باشتر نەبێت، بەو پێیەی بە وتەی ناوبراو پارتی بە كۆتاكانەوە زۆرینەیە و ئەو یاسایانەی دەیەوێت تێی دەپەڕێنێت.

فاروق جەمیل لە چاپێكەوتنێكی «ئاژانس»دا باس لەوە دەكات، كە دەركردنی بڕیاری لێبووردنی گشتی بە بێ یاسا كە لە دەسەڵاتی سەرۆكی هەرێمدایە نایاساییە و سەبارەت بە دەستیگرنەكردنی موستەشارە تۆمەتبارەكانی تاوانی ئەنفالیش دەڵێت: «موستەشارەكان دەسەڵات دەپارێزن و بەرپرسیاریەتیی گەورەی سەربازی و ئەمنییان هەیە، جا چۆن ئەوان تەسلیم دەكرێن.»

پرسیار: سەرەتا لەوەوه‌ دەست پێ دەكەین كە پێشتر بەڕێزت وەزیر بوویت لە كابینەیەكی حكومەتدا، پێشبینیت بۆ پێكهاتەی حكومەتی داهاتوو چۆنە، پارتی و یەكێتیی و گۆڕان یان پارتی و یەكێتیی، یان سەرجەم لایەنەكان؟

فاروق جەمیل: حكومەتی داهاتوو پێك دێت لە پارتی و یەكێـتیی و گۆڕان، بەڵام پێ ناچێت حزبە ئیسلامییەكان بەشدار بن، وەك دەبینین ئەوە یەكگرتووی ئیسلامی ئۆپۆزسیۆنبوونی خۆیان ڕاگەیاندووە، بەڵام كۆمەڵی ئیسلامی پێ ناچێت بەشداریی پێ بكرێت یان بەشداری بكات.

پرسیار: بە ڕای تۆ كام پێكهاتە باشترە، واتە حكومەتەكە چۆن بێت؟

فاروق جەمیل: بە تەئكید ئەگەر هەموو لایەنەكان بەشداریی تێدا بكەن باشترە، بەڵام بە دەسەڵاتی تەواو بە بەرنامەیەكی سیاسیی دیاریكراو.

پرسیار: بۆ ئەوەی گۆڕانكاری لە شێوازی بەڕێوەبردندا بكرێت تا ئێستا حكومەت چی نەكردووە كە دەبوو بكرێت؟

فاروق جەمیل: جا حكومەتی ئێمە لە ماوەی 28 ساڵی ڕابردوو چی كردووە؟ بەداخەوە لە ماوەی 28 ساڵی ڕابردوو حكومەتی هەرێم هیچی نەكردووە، هەر ئەوە نەبێت چەند شەقامێكیان درووست كردووە، خزمەت ئەوەیە كە خزمەتی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بكرێت، بەڵام بەداخەوە هیچیان بۆ خەڵكی كوردستان نەكردووە.

پرسیار: واتە هێشتا لە سفریشەوە دەستیان پێ نەكردووە؟

فاروق جەمیل: نەخێر لە سفریشەوە دەستیان پێ نەكردووە.

پرسیار: لە ڕووی یاساییەوە هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم و ڕاسپاردنی سەرۆكی حكومەت دەبێت كامیان پێش كامیان بكەون بۆ ئەم خولە كە هەردووکیان پاڵێوراویان بۆ دیاری كراوە؟

فاروق جەمیل: یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم بە پێی بڕیاری پەرلەمانی كوردستان بوونی نەماوە و دەسەڵاتەكانی دابەش كراوە، كە دەسەڵاتەكانی دابەش كراوە، ئەی كێ‌ سەرۆكی حكومەت ڕادەسپێرێت؟ بەڕاستی ئەمە كێشەیە، ئەمە كێشەیەك دەنێتەوە، بۆیە پێم وایە دەبێت پەرلەمان دابنیشێتەوە، پرسی سەرۆكایەتیی هەرێم یەكلا بكاتەوەم ئایا دەمێنێت یاخود نا، ئەگەر دەمێنێت پێویستە یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم كارا بكرێتەوە و سەرۆكی هەرێم هەڵبژێردرێت پاشان سەرۆكی هەرێم، سەرۆكی حكومەتی داهاتوو ڕاسپێرێت.

پرسیار: واتە ناكرێت سەرۆكی حكومەت پێش سەرۆكی هەرێم دیاری بكرێت؟

فاروق جەمیل: وەكو شارەزایەكی یاسایی پێت دەڵێم نەخێر ناكرێت.

پرسیار: ئەگەر سەرۆكی نوێی هەرێم لە پەرلەمان هەڵبژێردێت بە پێی یاسا ئۆتۆماتیكی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم كارا دەكرێتەوە یان دەبێت هەموار بكرێتەوە؟

فاروق جەمیل: ئێستا سەرۆكایەتیی هەرێم نەماوە و لە پەرلەمان سڕ كراوە، بۆیە دەبێت هەموار بكرێتەوە، پەرلەمان دەبێت بە بڕیارەكەی خۆیدا بچێتەوە كە پۆستی سەرۆكایەتیی هەرێمی تەجمید كردووە و كارای بكاتەوە.

پرسیار: هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی هەرێم بە دەسەڵاتەكانی پێشووی یاسایی سەرۆكایەتیی هەرێمەوە ململانێی نێوان لایەنەكان ناباتەوە خاڵی سفر كە لەسەر ئەو پرسە هەیانبوو؟

فاروق جەمیل: نەخێر كێشەیەك درووست ناكات، چونكە سەرۆكایەتیی حكومەت و سەرۆكایەتیی هەرێم لای یەك حزبە ئەویش پارتییە، بەڵام كاتی خۆی كە سەرۆكایەتیی هەرێم دانراوە هەندێك ئەشكالیاتی هەیە، بۆ نموونە دەسەڵاتی لێبووردن، كە لە دەسەڵاتی سەرۆكی هەرێمە، دەڵێت لێبووردنی گشتی لە دەسەڵاتی سەرۆكی هەرێمە، بەڵام دەبێت ئەمە بە یاسایەك ڕێك بخرێت، بەڵام بەداخەوە ئەم یاسایە تا ئێستا نییە، كاتی خۆشی كە من وەزیری داد بووم و مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێم بوو لێبووردنێكی گشتیی دەركرد، بەڵام من هەر زوو لێدوانێكم دا و وتم «ئەم لێبووردنە نایاساییە» جا بۆیە ئەگەر ئەم یاسایانە دەرنەچێت دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم دەبێتە جێگای گومان.

پرسیار: چاوەڕوان دەكرێت ئەمجارە پەرلەمانی كوردستان ئەكتیڤ بكرێت بەتایبەت كە له‌ خولی ڕابردوودا پەك خرا و هێزی نەما؟

فاروق جەمیل: ئەگەر بە هەمان شێوەی ئەقڵییەتی ڕابردوو حكوم بكرێت، پێم وا نییە لە خولەكانی ڕابردوو باشتر بێت، بەتایبەتی كە ئەمجارە كە پارتی دیموكراتی كوردستان 45 كورسیی بە دەست هێناوە، جا بە نایاسایی بە ساختەیە ئەمە شتێكی ترە، هەروەها 11 كورسیی كۆتاكان كە ئەویش هەر پشتگیریی پارتی دەكەن، چونكە بە دەنگی پارتی چوونەتە پەرلەمان كەواتە پارتی 56 كورسیی پەرلەمانی هەیە و لە تێپەڕاندنی هەموو یاسایەك زۆرینە دێنێت و بەم شێوەیەش تەحەكوم بە پەرلەمان دەكات، بۆیە پێم وا نییە پەرلەمانی داهاتوو پەرلەمانێكی سەركەوتوو بێت.

ثرسيار: ماوەیەك وەزیری داد بوویت، ئایا یاسا بوونی هەیە لە هەرێمی كوردستان؟ ئایا یاسا لە سەرووی هەموو كەسێكەوەیە؟

فاروق جەمیل: نەخێر وەزارەتەكان و وەزیریش سەربەخۆ نەبوون و حزب تەحەكوم بە وەزارەتەكان دەكات، ئەوانەی باسی سەروەریی یاسا دەكەن خۆیان پێشیلكاریی یاسایی دەكەن.

پرسیار: كە تۆ وەزیری داد بوویت و مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێم بوو هیچ جار تەداخولی كردەوە لە كاروباری یاسایی و پێشێلكاری كردووە؟

فاروق جەمیل: زۆر جار هەبووە تەداخولی كردووە و ئیستسنادی كردووه‌تە سەر دەسەڵاتێك كە بە پێی یاسا ئیشی ئەو نەبووە و لە دەسەڵاتی ئەو نەبووە.

پرسیار: بۆچی پەرلەمان لە هەرێمی كوردستان بە بەراود بە پەرلەمانی عێراق ئەوەندە بێ دەسەڵاتە؟

فاروق جەمیل: كۆمەڵێك كوتلەی سیاسیی بەهێز لەناو پەرلەمانی عیراقن و سەركردەی زۆربەی حزبەكان خۆیان لەناو پەرلەمانن، بۆیە بەداخەوە كە دەبینین پەرلەمانەكەی ئەوان ئەكتیڤتر و بەهێزترە و هیی ئێمەش چۆنە.

پرسیار: ماوەیەك كێشەی دەستگیرنەكردنی تۆمەتبارانی داواكراو ورووژێندراوە، بەو پێیەی بەڕێزت وەزیری داد بووی كێشە چییە كە فەرمانی دەستگیركردنی تۆمەتباران جێبەجێ ناكرێت؟ كێ بەرپرسە لەو دۆسێیە؟

فاروق جەمیل: بەداخەوە حزب و خێڵ دیسان لەمە ڕۆڵیان هەبووە و لە هەردوو زۆنی سەوز و زەردیش ئەمە هەبووە كە كەسانێك پیاوكوژن یان تاوانبارن دەچن لە لای سەرۆك عەشیرەتێك یان بەرپرسێك خۆیان داڵدە دەدەن و ئەوانیش تەسلیمیان ناكەن، تا حكومەتی عەسكەری و ئیستخباراتی هەبێت ئەم كێشەیە چارەسەر ناكرێت.

پرسیار: لە چەند ساڵی ڕابردوودا دۆسیەی دەستگیركردنی موستەشارەكانی تۆمەتبار لە دۆسیەی ئەنفال ورووژێنرا، بۆچی پەكی كەوت و كەس دەستگیر نەكرا؟

فاروق جەمیل: موستەشارەكان دەسەڵات دەپارێزن و بەرپرسیاریەتیی گەورەی سەربازی و ئەمنییان هەیە، جا چۆن ئەوان تەسلیم دەكرێن، تا ئەم دەسەڵاتە مابێت پێم وا نییە ڕۆژێك دادگای موستەشارەكان بكرێت.

PUKmedia لەئاژانسەوە وەرگیراوە

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket