riklam

ئاییندەی خوێندكار بەرەو كوێ‌؟

ئەدەب وهونەر 10:05 PM - 2019-02-19
.

.

"پێشكەوتنی زانستی بەپێی سەردەم، كەمتر نییە لەخەوی سەربەخۆیی بەدیهێنان بۆ كوردستان"

مەلا بەختیار: لەكوردستان، ستراتیجی زانستی لەئاستی وەرچەرخانی هاوچەرخی مێژوویدا نییە!

بەناونیشانی (ئاییندەی خوێندكار بەرەو كوێ‌؟)، ئێوارەی ئەمڕۆ (19/2/2019) ئامادەیی زانستی كۆمپویتەر، لەسلێمانی، دیدارێكی كراوەی بۆ مەلا بەختیار، سیاسەتمەدارو رۆشنگەر بەڕێوەبرد. 

مەلا بەختیار، پەیوەندی هەڵبژاردنی ناونیشانی گفتوگۆ كراوەكەی، بەسەردەمی ئێستا وەك سەردەمێكی نوێ‌، كردە دەستپێكی تەوەری گفتوگۆكانی و لەو روانگەیەوە، ئێستای خوێندنی هاوچەرخ، گۆڕانكارییەكانی فەلسەفە، پەروەردە‌و سیستەمی لەكوردستان، بەمێژووی رابردوو بەراوردو كردو بەدیهاتنی هەریەك لەگۆڕانكارییەكانیشی بەمایەی خۆشحاڵی زانی‌و وەك نمونەیەكیش ئاماژەی پێدا كە: ئێستا خوێندنی مێژوو، خوێندنی مێژووی داگیركەرانی كوردستان نییە! خوێندی ئەو مێژووە نییە كە بەئەقڵییەتی شۆڤێنی نوسرابوو.

هەروەك دوای راپەڕینی، بەگۆڕینی مێژوو و وەك سەرەتایەكی نوێ‌ خوێندەوە، كە تیایدا پرۆگرامی خوێندن، مێژووی خوێندنەوە‌و فەلسەفەی پەروەردە بەیەك ئاراستە گۆڕا‌و بەپێشكەوتنێكی گەورەشی لەقەڵەمدا بۆ گواستنەوە، بەرەو زانستی مرۆڤایەتی‌و وتی: بەڵام لەبیرمان بێ‌، كە هێشتا رێگاكە زۆری ماوە بیبڕین‌و كۆتایی پێبهێنین.

لەبەشێكی تری گفتوگۆكەیدا، بەو پرسیارەی ئایا بەكامڵی فەلسەفەی پەروەردە بگۆڕین، خوێندن لەمۆتەكەی خوێندنی دەسەڵاتە داگیركەرەكانی كوردستان رزگار بكەین، ئەمە بۆ ئێمە بەسە؟ واتە ئەركی فەلسەفە‌و سیستەمی پەروەردە تەنها هەر ئەوەیە كە لەمۆتەكەی داگیركەر، یان لەمۆتەكەی ناسیونالیستی داگیركەر رزگاری بكەین؟ یان نەخێر ئەركی وەزارەتی پەروەردەو خوێندنی باڵا ئەوەیە، كە: خوێندكاران‌و مامۆستایانمان‌و هەموو ئەوانەی لەسێكتەرەكانیدا كار دەكەن، پەروەردە بكەین‌و كۆرسیان بۆ بكەینەوەو بیاننێرینە كۆنگرەو كۆنفرانسە زانستییەكانی دنیای دەرەوە، هەتا وەكو خوێندكار، كە خوێندن تەواو دەكەن، ئامادەبن و بەشێكبن لەگەشەكردن، بەشێكبن لەستراتیجی پێشكەوتن، لەفەلسەفەو لەبۆچوونە هاوچەرخەكانی ئەم دنیایە كە خەباتی تیادا دەكەین.

لەو رەهەندەشەوە، مەلا بەختیار، ئاماژەی بۆ سیستەم و فەلسەفەی خوێندن لەئۆرۆپا كردو رونیكردەوە كە لەپرۆگرامی خوێندن لەئۆرۆپادا، كاری لەسەر ئەوەیە كە چۆن ئەقڵ پەروەردە دەكات‌و ئامادەی دەكات..! بۆ ئەوەی ببن بەئەقڵی سەردەم، بە ئەقڵی هاوچەرخ‌و بۆ ئەوەی بناغەی زانستی بۆ ئەقڵ دابنێن، چونكە سەرەنجام بەئەقڵە گەورەكان، ئەركە گەورەكان دێنەدی.

هەڵنەكەوتنی ئەقڵی گەورە‌و خاوەن داهێنانی گەورە، بەشێوەیەكی گشتی لەڕۆژهەڵاتدا، بەشێكی تر بوو لەدرێژەی شرۆڤەكردنەكەی مەلا بەختیار بۆ سیستەمی خوێندن‌و پەروەردە، كە هۆكارەكەشی سەرەڕای گۆڕانكارییە دڵخۆشكەرەكان لەكوردستان بۆ ئەوە گێڕایەوە، كە: هێشتا گۆڕانكارییەكان لەسیستەمی پەروەردە، لەفەلسەفەی پەروەردە، لەخوێندنی باڵا، لەزانكۆو پەیمانگەكانمان، ستراتیجی زانستیان لەئاستی وەرچەرخانی هاوچەرخی مێژوویدا نییە‌و هێشتا ناتوانین ئەقڵی گەورە بەكۆمەڵی پەروەردە بكەین، نەك تاك بەتاك. راشیگەیاند:

هەتا وڵاتێك بناغەی زانستی لەبواری پەروەردەو خوێندنی باڵا دانەڕێژێ‌ بۆ ئەوەی ئەقڵی گەورەی كۆمەڵی دروستبكات، بیخوڵقێنێ‌‌و بەرهەمبهێنێ‌، بێگومان ئەو وڵاتە ناتوانێ‌ لەناو بازنەی پێشكەوتنی ئەم سەردەمەدا بێت.

گۆڕینی پەروەردەكردنی ئەقڵی گەورە لەتاك تاكەوە بۆ كۆ و گۆڕینی ژینگەی پەروەردەكردنی ئەقڵی گەورە، لەكوردستان بەمەرجێكی بنەڕەتی ناوبردو كێشەكانی بودجەی هەردوو وەزارەتی پەروەردەو خوێندنی باڵای بەیەكێك لەگرفتەكان ناوبرد كە پێویستە گۆڕانكاری تێدا بكرێت‌و هاوكات تەئكیدیشی كردەوە، كە: ئێستاش لەسەدا حەفتا بۆ هەشتای خوێندنگاكانمان هی ئەم سەردەمە نین‌و هێشتا بەشێك لەزانكۆ‌و پەیمانگەكانیشمان، ناتوانن وەكو زانكۆیەكی هاوچەرخ بن‌و حسابێكی گەورەیان لەریزبەندی دنیادا بۆ بكرێت‌و هۆكار وگرفتەكانیشی لەو دیدەوە خستەڕوو، بەمانەوەی لەبازنەیەكی داخراو، ناوبرد.

پێشكەوتنی دنیا‌و سەردەم، ئەقڵی مەعریفە بەرهەمهێنان، زانست‌و زانیاری، پرۆژەی نەشونمای لەدنیادا، بەگرنگتر لەدۆزینەوەی چاڵە نەوتەكان، وەك بەشێكی تر لەتەوەرەكانی گفتوگۆ كراوەكەی شرۆڤەكردو نمونەی سەنگافورە‌و مالیزیاشی دوای بەراوردكردنی مێژووكانیان، لەسەر رەوتی گەشەكردن‌و پێكشەوتنەكان، بەبایەخەوە خوێندنەوەو وتی: بەڵام هێشتا ئێمە لەسەدا حەفتا زیاتری، گۆڕانكاری لەزانكۆ و پەیمانگەكاندا، ئەركمانە.. بۆیە دەبێ‌ كارێك بكەین كە دڵنیابین لەئاییندەی خوێندن، لەزانست، لەئای تی و لەتاقیگە زانستییەكانمان.

ئومێدیشیخواست: خوێندكارانمان بەرەو ئاییندەیەكی گەش بڕۆن‌و پەرلەمان و حكومەتی كوردستان، هەردو وەزارەتی پەروەردەو خوێندنی باڵا، زیاتر لەرابردوو ئاگایان لەخوێندكاران بێت.

هەروەك لەكۆتایی گفتوگۆ كراوەكەشیدا، بەرلەوەی لەگەڵ خوێندكاران و ئامادەبووانی گفتوگۆكەی بكەوێتە مشتومڕی پرسیارو وەڵامەكانەوە، مەلا بەختیار، رایگەیاند:

دڵنیام، ئەگەر بەتەواوەتی پرۆگرام‌و فەلسەفەی پەروەردە بگۆڕین‌و پەرلەمان‌و حكومەتی كوردستانیش، بودجەیەكی زۆر بۆ ئەم بوارە دابین بكەن، ئەوا ئەگەر سەربەخۆیی كوردستانیش نەیاتەدی، بەڵام پێشكەوتنی زانستی كوردستان، پێش پێشكەوتنی زانستی وڵاتانی دەوروبەرمان دەكەوێت. بۆیە هەرگیز پێشكەوتنی زانستی بەپێی سەردەمەكە، كەمتر نییە لەخەوی سەربەخۆیی بەدیهێنان بۆ كوردستان.

PUKmedia تایبەت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket