riklam

قوباد تاڵەبانی: نابێت تەنها پشت بەنەوت ببەستین

کوردستان 02:55 PM - 2019-02-18
.

.

ئەمڕۆ قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، لە هەولێر بەشداری لە دیداری هەماهەنگیی هۆڵەنداو هەرێمی كوردستان سەبارەت بەكەرتی كشتوكاڵ و پیشەسازی خۆراك كرد كە بە چاودێریی وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا و لەژێر ناونیشانی (لەكێڵگەوە بۆ سەر خوان) ئەنجامدرا.

سەرەتای دیدارەكە كونسولی گشتیی هۆڵەندا باسی لە چۆنیەتیی بەرەوپێشچوونی كەرتی كشتوكاڵی و گرنگی بوژانەوەی ئەو كەرتە بەمەبەستی بنیاتنانی ئابووریەكی بەهێز كرد، هەروەها ئامادەیی هاوكارییكردنی هەرێمی كوردستانی لەبەرەوپێشبردنی كەرتی كشتوكاڵیدا دەربڕی.

دواتر فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان وتارێكی پێشكەش كرد، تێیدا ئاماژەی بەپەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان  هۆڵەندا و گرنگیی پتەوكردنی ئەو پەیوەندییە كرد، هەروەها سوپاسی كردن كە هەمیشە هاوكار و پاڵپشتی گەلی كورد بوونە. دواتر كورتەیەكی لەبارەی بواری كشتوكاڵ و لەمپەرەكانی بەردەم بەرەوپێشچونی ئەو كەرتە لە هەرێمی كوردستان پێشكەش كرد.

دواتر جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە وتارێكدا ئاماژەی بە گرنگیی كەرتی كشتوكاڵ بۆ بنیاتنای ئابورییەكی بەهێز و هەنگاوەكانی برەودان بەو كەرتە كرد و جەختیكردەوە كە كەرتێكی بەهێزی كشتوكاڵ تەنها خواردن ناخاتە سەر سفرەكانمان، بەڵكو پێداویستیی بازاڕ دابین دەكات، پیشەسازی بەهێز دەكات، ئابووریی كوردستان هەمەجۆر دەكات، هەزارەها هەلی كار دەرەخسێنێت و ئەمنیی قەومیمان دەپارێزێت.

بەڕێزیان هەروەها وتی: نابێت هیچ دوو دڵبین لەوتنی ئەو ڕاستیە كە سەرەڕای ئەوەی ئێمە لەسەر خاكێكی بەپیت دەژین، كەچی لەبری ئەوەی سەرچاوە و نمونەیەكی باشی دەوروبەر بین، خۆمان گەورەترین هاوردەكار و بەكارهێنەری بەرهەمی دەرو دراوسێین، ئەمەش تەحەدایەكی گەورەی بەردەممانە لە ئێستادا و پێویست دەكات لە سەرمان ئەم دۆخە بگۆڕین.

سەبارەت بە هەمەجۆركردنی داهاتی هەرێم، ئاماژەی بەوەدا كە نابێت تەنها پشت بەنەوت ببەستین و وتی: راستە ئێمە لەپەنا كشتوكاڵدا خاون سامانی نەوت و گاز و چەندین كانزای تری بەنرخین، بەڵام شتێكی شاراوە نییە كە هەموو ئەو ئابورییانەی تەنیا پشتیان بەسامانە سروشتییەكان بەستووە، ئابورییەكی نەخۆش و لاوازن و بەرگەی قەیرانەكان ناگرن.

قوباد تاڵەبانی لە بەردەوامیی وتەكەیدا وتی: دەبێت سەرمایەدار هانبدرێت بۆ وەبەرهێنانیان لەكێڵگەی كشتوكاڵ، نەك تەنها لەكێڵگەی نەوت، كشتوكاڵ بۆ ئێمە تەنها سەرچاوەی دابینكردنی خۆراك و كەمكردنەوەی هاوردەكردن نییە، بەڵكو زەمینە و فاكتەری پێشكەوتنی پیشەسازیشە، ئەگەر نەتوانین كەرتی كشتوكاڵ پێشبخەین، ئەوا ناتوانین كەرتی پیشەسازیش پێشبخەین، لەو حاڵەتەشدا ناتوانین ببینە خاوەن ئابورییەكی بەهێز و دەبێت قۆناغی داهاتوو بكەینە قۆناغی بووژانەوەی كشتوكاڵ كە دەكاتە گەشەپێدانی ئابوری.

لەمبارەیەوە ئاماژەی بەهەنگاوەكانی حكوومەتی هەرێم داو وتی:هەرچەندە لە كابینەی هەشتەمدا سەرەڕای قەیرانەكان و شەڕی داعش،  هەنگاومان بۆ پاراستنی بەروبوومی خۆماڵی ناوەو بەرهەمی خۆماڵی  بە بەوراورد بەساڵانی رابردوو زیادیكرد، بەڵام لە ئاستی چاوەڕوانیمان نەبوو.

لە كۆتاییدا جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی حكومەتی هۆڵەندا و كۆنسوڵخانەی هۆڵەندای لە هەرێمی كوردستان كرد كە  خەمخۆرانە گرنگی بە كەرتی كشتوكاڵ و پیشەسازیی خۆراك لە هەرێم دەدەن، هەروەها سوپاسی زانكۆی ڤاخنینگنی كرد و وتی: پێموایە توێژینەوەكانی ئەو زانكۆیە بناغەیەكی پتەوە بۆ بووژانەوەی كەرتی كشتوكاڵ لە هەرێمی كوردستان و داوایان لێ دەكەم لە داهاتووشدا بەردەوام بن لە یارمەتیدانی حكوومەتی هەرێم و خەڵكی كوردستان".

PUKmedia راگەیاندنی جێگری سەرۆك وەزیران 

 

677.jpg

2012.jpg

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket