riklam

كاریگەری هەواڵی توندوتیژیی لەسەر دەروونی تاك

ریپۆرتاژ‌ 05:53 PM - 2019-02-17
.

.

بڵاوكردنەوەی هەواڵی تاوان و ترسێنەر لە دەزگاكانی راگەیاندن و سۆشیال میدیادا بەشێوەیەكی بەرچاو هەستی پێدەكرێت و كاریگەرییەكانیشی بەشێوەی جیاواز زیانی بە تاك و دەروونی گەیاندووە.

شارەزایانیش پێیان وایە نەبوونی لێكۆڵینەوە لە بوارە جیاجیاكانی میدیا وایكردووە بڵاوكردنەوەی هەواَلی تاوان ئاسایی بێت، دەشڵێن میدیا بەشێوەیەكی ناتەندروست رووماڵ دەكات.

هەواڵی توندوتیژی چییە؟

پارێزەر بەختیار عەلی رایگەیاندووە: لە كەناڵە لۆكاڵی و ئاسمانییەكان هەواڵی تاوان و دادگاكان هەروەها فیلم و دراما و گۆرانی و هەواڵ و وێنەی دژ بە ئاداب و سیستمی گشتی بڵاو دەكرێنەوە كە هەندێك لەو بڵاوكراوانە جگە لەوەی دژ بە بەها مرۆیی و ئەخلاقی و كەلتوری گەلەكەمانە لە هەمان كاتدا بە تاوان ئەژمار دەكرێت و كاریگەری نەرێنی بەجێ‌ دەهێڵێت لەسەر هەست و نەست و كەسایەتی منداڵ و نەوەكانی داهاتووی گەلەكەمان.

بۆ زیاتر روونكردنەوەش پارێزەری ناوبراو چەند نمونەیەك دەخاتەروو لەوانە:

بڵاوكردنەوەی هەواڵی كچێكی تەمەن (16) ساڵ لەلایەن باوكی و مامیەوە دستدرێژی سێكسی كراوەتە سەر.

یان بڵاوكردنەوەی هەواڵی ئەو منداڵە بچوكەی لەلایەن كەسێكەوە لە توالێتی مزگەوتێكدا دەستدرێژی سێكسی كراوەتەسەر.

دووبارە بڵاوكردنەوەی ئەو وێنەو گرتە ڤیدیۆیانەی كە لەلایەن تیرۆریستانەوە بڵاودەكرینەوە یان هەواڵی كوشتنی منداڵ و ئەنجام دانی توندوتیژی بەرامبەری لەلایەن باوك و دایكی و ئەندامانی خێزانەكەیەوە كە ئەمەش دەبێتە هۆی دروستكردنی دڵەراوكێ‌ و نائومێدی و نائارامی دەروونی و نەمانی ئاشتی كۆمەڵایەتی و متمانەی نێوان تاكەكانی خێزان لە كۆمەڵگە و خراپ سود وەرگرتن لێیان.

پارێزەر بەختیار عەلی وتیشی: هیوادارم گشتاندنێك ئەنجام بدرێت بەسەر سەرجەم كەناڵەكاندا، تاكو پابەندبن بە یاساكان و ئیتیكی كاری رۆژنامەوانی و دووركەوتنەوە لە بڵاوكردنەوەی ئەو جۆرە هەواڵانە بۆ مەبەستی پاراستنی بەها باڵاكانی گەلەكەمان.

colaj.jpg

لێكەوتەكانی بڵاوكردنەوەی هەواڵی توندوتیژی

جوتیار فەتاح چالاكوانی كۆمەڵی مەدەنی رایگەیاند: لەبەر ئەوەی كۆمەڵگەی كوردی بە نێو توندتیژیدا گوزەر دەكات و بەدرێژای مێژووش لە ناوخۆ و دەرەوەش روبەڕووی توندوتیژی بووەتەوە یان تاكەكانی بەردەوم لە ژێر توندوتیژیدان، ئەمە وای كردووە كۆی دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان بەردەوام نمایشی ئەو توندوتیژییە بكەن و میدیاش بەدەر نییە وەكو هەر دامەزراوەیەكی تری هەرێمی كوردستان و نەیتوانیوە لەو نمایشە خۆی دەرباز بكات.

وتیشی: بەردەوام میدیاكانی ئێمە رۆڵێكی نێگەتیڤ دەگێڕن لە بڵاوكردنەوەی توندوتیژی بە تایبەتی لە رووماڵی هەواَلەكانیاندا بانگەشەی بوونی توندوتیژی دەكەن لە هەرێمی كوردستان كە ئەمەش كاریگەری راستەوخۆی دروستكردووە لەسەر دەرونی تاك بەگشتی و كۆمەڵگە بەشێوەیەكی تایبەت، بەجۆرێك دەبینین رۆژ بەرۆژ ئامارەكانی توندوتیژی میدیایی روو لە زیاد بوون دەكەن لە هەرێمی كوردستان.

جوتیار فەتاح ئاماژەی بەوەشكرد، میدیا بەشێوەیەكی نا تەندروست رووماڵی هەواڵ دەكات لەبەر ئەوەی نازانێت تا چەند كاریگەری لەسەر دەرونی تاك دروست دەكات وەك ئەفلاتوون پێی وایە كە مرۆڤ زیندەوەرێكی لاسایكەرەوەیە، بۆیە پێویستە بەشێوەیەكی تەندروست مامەڵە لەگەڵ هەواڵەكاندا بكرێت و لە دارشتنەوەی هەواڵەكاندا ئاگاداری لێكەوتەكانی بن كە لە ئەنجامدا توندوتیژی لێنەكەوێتەوەو نەبێتە هۆی بەرزكردنەوەی ئامارەكانی توندوتیژی.

4543.jpg

هۆكاری بڵاوكردنەوەی هەواڵی تاوان:

ستران عەبدوڵا نووسەر و سەرنووسەری رۆژنامەی كوردستانی نوێ وتی: بەداخەوە یەكێك لەو كێشانەی لەناو رۆژنامەگەری كوردیدا هەیە، كەمی لێكۆڵینەوەیە لەسەر كاریگەرییە جیاجیاكانی میدیا لەسەر كۆمەڵگە،بەتایبەتیش كاریگەری هەواڵی توندوتیژی لەسەر دەروونی تاك.

پێم وایە ئەگەر لێكۆڵینەوەیەكی پێویست لەو بابەتە بكرایە،ئەوا چارەسەری ئەم كێشەیە دەكرا.

وتیشی: مەترسی سەرەكی بڵاوكردنەوەی ئەم جۆرە هەواڵانە ئەوەیە كە بەكارهێنانی توندوتیژی لای تاك ئاسایی دەكاتەوە و كاریگەری لەسەر هەست و نەستی دەكات. 

ئەم هۆكارەش وادەكات چی ئەوانەی ئەكادیمستن و چی ئەو كەسانەشی لەبواری رۆژنامەنووسیدا كاردەكەن بەرچاو روونییان لەسەر خراپی بڵاوكردنەوەی هەواڵی توندوتیژی و تەنانەت ئەو هەموو كەرەستە میدیاییانەی لە دراما و گۆرانی و هەواڵ رێپۆرتاژی جیاجیا دەبێتە هاندەری توندوتیژی نەبێت. 

ستران عەبدوڵا ئاماژەی بەوەشكرد، بەشێكی زۆری ئەو لێكۆڵینەوانەش كە لەسەر ئەنجامدراوە لەوەدا گیرساوەتەوە كە ئەساسەن میدیا هەوڵ بدات كەرەستە و گرتەی توندوتیژی بڵاونەكاتەوە چونكە بەزۆر بلاوكردنەوەی ئەو جۆرە هەواڵانە شۆكی مرۆڤەكان نامێنێت، بەرامبەر بە ژن و پیاو منداڵ و لەلایان دەبێتە شتێكی ئاسایی.

75656.jpg

بەچەند مەرجێك دەتوانین هەواڵی توندوتیژی بڵاوبكەینەوە

دكتۆر كارزان محەمەد مامۆستای زانكۆ لەبەشی تەكنیكی میدیای زانكۆی پۆلۆتەكنیكی سلێمانی وتی: ئەمرۆ میدیا لە رێگەی كەناڵ و ئامرازە جۆراوجۆرەكانی، بووەتە میوانی سەرەكی ماڵەكانمان، بەوهۆیەشەوە زۆر بەخێرایی و بەشێوەی وێنە و ڤیدیۆ هەواڵ و زانیارییەكان بڵاودەبنەوە كە مەترسیدارترینیان تایبەتە بە توندوتیژی.

هەر هەواڵ و ڤیدۆیەك كە باس لە توندوتیژی بكات، دەبێ چەند خاڵێكی تیادا رەچاو بكرێت:

-كەناڵ و سایت و تۆرە كۆمەڵایەتییەكان بە وریایی مامەڵە لەگەڵ ڤیدیۆ و وێنە و زانیاریدا بكەن، بەجۆرێك كە توندوتیژی قێزەون بكەن نەك كەسانی توندوتیژ بكەن بە پاڵەوان.

-شێوازی بڵاوكردنەوەی بەجۆرێك شیاوە كە كاریگەری نەكاتە سەر هەست و سایكۆلۆژیای هاوڵاتیان و باری دەروونیان ئاڵۆز نەكات.

-نابێ هەواڵەكان زانیاری هێندە وردی تێدابێ كە كەسانی خراپ بۆ مەبەستی خراپ كەڵكی لێوەربگرن.

-هەمیشە لێدوان لە لایەنی بەرپرس و دامودەزگا یاساییەكانی تێدا بێت تا خەڵك فێری چۆنییەتی خۆپاراستن و داكۆكی لەخۆكردن ببن.

لێرەشەوە دەزگا راگەیاندنەكان و تا دەگاتە بەكارهێنەری تۆرە كۆمەڵایەتییەكان لەوە ئاگادار دەكەمەوە كە بڵاوكردنەوەی هەر هەواڵ و ڤیدیۆیەكی تایبەت بە توندوتیژی ئەگەر ببێتە هۆی تاوان، ئەوا بەپێی یاسا لێپرسراوێتی یاسایی بۆسەر شانیان دروست دەكات.

3543.jpg

راگەیاندن دەتوانێت ببێتە چارەسەرێكی دەروونی 

د.پاڤێ جەمیل مامۆستای سایكۆلۆژیای راگەیاندن لە زانكۆی سلێمانی وتی: بەگشتی هەواڵە توندوتیژییەكان لەكاتی شەڕ وقەیرانەكاندا بوونی هەیە و لەكاتانەشدا خەڵك سترێسە و درۆیەكی رێ كخراو لەهەزارراستی رێكنەخراو زیاتر وەردەگرێت.

لەهەمان كاتیشدا مرۆڤ ئەو وێنە و ڤیدیۆیانەی بەچاو دەیبینێت زیاتر كاریگەر یلەسەر ی دەبێت وەك لەو هەواڵَنەی بەقسە گوێ ی لێدەبێت.

هەربۆیە ئەو هەواڵَنەی ئەو جۆرە وێنانەیان لەگەڵدایە كە دەڵلەتە بۆ كوشتن وسەربڕین یان رووداوی هاتووچۆ زیاتر دەچێتە زەینی مرۆڤەوە.

وتیشی: بۆیە پێویستە دەزگاكانی راگەیاندن لەبری تۆقاندنی خە ڵك لەكاتی شەر و 

قەیرانەكاندا دەوری چارەسەرێكی دەرونی ببینن، چونكە لەوكاتانەیا خەڵك بارێكی 

دەرونی خراپی بۆ دروستدەبێت، بەجۆرێك توێژینەوە هەبووە، وەك ئەو توێژینەوانەی لەسەر 11ی سێپتەمبەر كران كە لەوكاتەدا ژمارەیەكی زۆر لەخەڵك گەیشتنە 

نەخۆشخانەكان دوای ی كە توێژینەوە كرا دەركەوت كە ژمارەیكی كەم لەكەسانە بەچاوی خۆیان كارەساتەكەیان بینیووە، باقیەكەی لەرێگەی دەزگاكانی راگەیاندنەوە كارەساتەكەیان وەرگرتبو و.

كەواتە راگەیاندن چەكێكی دووسەرەو دەتوانێت كاریگەری هەبێت هەم لە ترساندنی خەڵك هەم لە ئارامكردنەوەی دەروونی خەڵك.

د. پاڤێ جەمیل ئاماژەی بەوەشكرد، پێویستە هەواڵ بابەتی بێت و  زانیارییەكان بگەیەنێت، هیچ شتێك لە حەدی خۆی نە گەورە بكرێت نە بچوك بكرێتەوە، باقی راپۆرتەكانیش كە راگەیاندنەكان ئامادەی دەكەن پێویستە زیاتر چارەسەری تێدا بێت لەبری ترس و تۆقاندن، بۆ نمونە كاتێك باسی بوومەلەرزە دەكرێت لەبری ئەوەی 

بوترێت هۆكاری وێرانكردنی شارێكە و مەترسییەكانی باسبكرێت دەتوانرێت باسی خۆپاراستنەكانی بكرێت و رێنمایی بدرێت بە هاووڵاتیان.

24.jpg

دەرەنجام

دوای وەرگرتنی ئەم زانیارییانە دەگەینە ئەو بڕیارەی بڵاوكردنەوەی هەواڵی توندوتیژی لە لایەن دەزگاكانی راگەیاندن و سۆشیال میدیاوە كاریگەری راستەوخۆی لەسەر دەوونی تاك هەیە و دەبێتە هۆی دروستكردنی ترس و دڵەراوكێ هەندێك جاریش نەخۆشی دەروونی بۆ تاك دروستدەكات.

PUKmedia

 ئامادەكردنی خوێندكار تاژاو محەمەد / خوێندكاری بەشی راگەیاندنی زانكۆی سلێمانی 

سەرچاوەكان:

پارێزەر بەختیار عەلی (پەیوەندی تەلەفۆنی) لە رۆژی 4-12-2018

د. كارزان محەمەد دكتۆرا لەیاسای راگەیاندن  (چاوپێكەوتن) لە رۆژی  10-12-2018

جوتیار فەتاح چالاكوانی كۆمەڵگەی مەدەنی (پەیوەندی تەلەفۆنی) لە رۆژی 13-12-2018

ستران عەبدوڵڵا سەرنووسەری رۆژنامەی كوردستانی نوێ (چاوپێكەوتن) لە رۆژی 25-12-2018

د.پاڤێ جەمیل مامۆستای سایكۆلۆژیای راگەیاندن لە زانكۆی سلێمانی (چاوپێكەوتن) لە رۆژی 13-2-2019

 

 

 

 

 

 

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket