riklam

بازنەی بڕیار

بیروڕا 06:37 PM - 2019-02-13
.

.

 بەپێچەوانەی زۆرێك لە تێڕوانینە باوە نالۆژیكی و نازانستیەكان سەبارەت بە چەمكی    ( سیاسەت ) و بەڕێوەبردنی كاروباری سیاسی هەر وڵاتێكی بچوك تا گەورەو زەبەلاح ( جوگرافیا، سیاسی، ئابووری، سەربازی، تەكنۆلۆژیا )، سیاسەت پشت دەبەستێت بە كۆمەڵێك چەمك و پرانسیپ و خوێندنەوەیەكی لۆژیكی و كۆمەڵە فاكتەرێكی گرنگ، كە دەبن بە پێكهێنەری  هاوكێشەی سیاسی و بەرێوەبردنی كاروبارە هەمە جۆرەكانی وڵات .

( بازنەی بڕیار ) یەكێكە لە كۆڵەگە هەرە گرنگ و سەرەكی و چارەنوسسازەكان بۆ رێكخستن و هاوسەنگكردنی هاوكێشەكانی بەرێوەبردنی سیاسەت و ئابووی هەر وڵاتێك لە ئاستی ناوخۆیی و دەرەوە.

 لەو سۆنگەیەوە، ئەو وڵاتانەی بەردەوام یان دوای شكست هەڵساونەتەوەو لەسەر پێی خۆیان وەستاون و گەشەیان بە ژێر خان و سەرخانی وڵاتەكانیان داوەو ساڵانەش كێرڤی گەشەكردنەكانیان رووەو هەوراز هەڵدەكشێ‌ و ململانێ‌ی دەكەن لەگەڵ پێشكەوتن و داهێنان، لە پێناوی دابینكردنی ژیانێكی هێمن و سەربەرزانە و خۆشگوزەرانی زیاتری هاوڵاتیانیان، ئەوانەن كە تا ڕادەیەكی زۆر سەقامگیریەكی سیاسی لە نێوان حزبە سیاسیەكانیاندا هەیە و دیموكراسی بۆتە پێڕەوی هەنگاوەكانی گەشەكردنیان. بۆ ئەم ئامانجەش ( بازنەی بڕیار ) دەبێتە پێویستیەكی حەتمی، ( بازنەیەكە كە هەموو دامەزراوە سەرەكی و جومگە گرنگەكانی دەزگا نیشتمانیەكان لە هەڕەمی دەسەڵاتدا بەشدار دەبن لە دارشتنی بڕیارە چارەنوسسازەكان ).

مێژوو ئەوەمان پێدەڵێ، هەر كاتێك لایەنە سیاسیەكانی باشوری كوردستان بە تایبەت ( ی.ن.ك ) و ( پ.د.ك )كۆك و تەباو یەك ریزو هاوڕا بووبن، سەركەوتن و ئارامی لە ئاسۆی هەرێمی كوردستان چاوی هەڵێناوە، بە پێچەوانەشەوە شەوی تاریك و نائومێدی و نەهامەتی و ناجێگیری سیاسی و كۆمەڵایەتی و دەروونی بوونەتە بەشی كۆمەڵانی خەڵك .

دوای ماوەیەكی درێژ لە خۆشاردنەوەو خەمساردی هەردوولا لە شۆڕكردنەوەی رێككەوتنامەی ستراتیژی نێوانیان ( بەهەر هۆكارێكەوە بێت )، جارێكیتریش دەركەوتەوە كە تەنیا ( رێككەوتن ) شارێگا راستەكەی گەیشتنە بە لوتكەی سەركەوتنە مەزنەكان.

لەسەر پێشنیاری ( ی.ن.ك ) و دواجار رەزامەندی ( پ.د.ك ) خەریكە گەڵاڵەی رێككەوتنێكی تر دروست دەبێت، ئەم هەنگاوە لانی كەم بۆمن وەك هاوڵاتیەكی ئەم هەرێمە دڵخۆشم دەكات، بۆیە بە مافی رەوای خۆمی دەزانم لێرەوە پێشنیارێك بكەم و داوا بكەم كە  ئەم رێككەوتنە تەنها لە هەڕەمی سەرەوە مەهێڵننەوەو لە ماوەیەكی دیاریكراودا بیهێنە خوارەوە با هاوڵاتیان هەست بە رۆحی رێككەوتنەكە بكەن و بەرهەمەكەی ببینن... هیوادارم لەم رێككەوتنە چاوەڕوانكراوەوە بەرهەم و هەنگاوی گەورەو كاریگەری ببیندرێن، رۆڵ و دەرفەتی تەواو بدرێت بە دەزگاو دامەزراوە شەرعیەكانی هەرێم تا بە ئەركە نیشتمانی و نەتەوەییەكانی خۆیان ڕابن. بەمەش راستەوخۆ ئایكۆنەكانی ( بازنەی بڕیار )ی سیاسی هەرێمی كوردستان كارا دەبن،  لە رێگای ئەم بازنەیەشەوە ژمارەیەك بڕیاری ووردو كاریگەر و تۆكمە بۆ ئایندەی ئەم خاك و گەلە ماندووە دەچنە سەر خەرمانی دەسكەوتەكانی قۆناغەكانی تەبایی. 

خدر مستەفا

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket