riklam

بڕیارێك لەسەردەمی قەیراندا

بیروڕا 05:47 PM - 2019-02-11
.

.

ئیدریس مەلا سابیر

وەزارەتی ناوخۆ بە ئیمزای كەریم سنجاری (وەزیری ناوخۆ-پێشمەرگە بەوەكالەت) بڕیارێكی دەركرد و كاری شۆفێری تاكسی لە زۆربەی موچەخۆران قەدەغەكرد، ئەگەر چی ڕەنگە ئەم بڕیارە هەندێك لایەنی پۆزەتیفی هەبێت، بەڵام لایەنی نێگەتیڤیشی زۆرن ، كە دواتر و لەكاتی جێبەجێكردنی بڕیارەكەدا دەرئەكەون.

لێرەدا هەوڵ ئەدەین هەندێك لە كەموكوڕییەكانی ئەم بڕیارە بخەینە بەرچاو:

یەكەم: دەوترێت ئەم بڕیارە بۆ ڕێگەگرتنە لەو كەسانەی دوو كار دەكەن. هەروەها بە مەبەستی ڕەخساندنی هەلی كارە بۆ بێكارەكان.

  ئاشكرایە كە ئەوە تەنها ئەوان نین دوو كار دەكەن، بەڵكو زۆرینەی موچەخۆران دوای دەوام كارێكی تر دەكەن. هەندێك لە موچەخۆران دوای دەوام دوكانیان هەیە، هەندێكی تر كاری دەلاكی دەكەن، هەندێكی تر دەستگێڕی و هەندێكی تر بازرگانی و كاری كڕین و فڕۆشتن و ....هتد. پەرلەمانتاری خانەنشینمان هەیە سەرەڕای زۆری موچەكەی بێژەری كەناڵی تەلەفزیۆنە. زۆربەی وەزیر و پارێزگار و پەرلەمانتارە خانەنشینكراوەكان خەریكی كاری بازرگانین. ئەگەر مەبەست لەم بڕیارە ڕێگرتنە لە كاری دووەم، بۆچی لە موچەخۆرەكانی خوارەوە دەستپێدەكەن...؟! لەسەروو ئەمەشەوە زۆرێك لەو شۆفێری تاكسیانەی موچەخۆر نین كارێكی تر دەكەن; چەندینیان بەیانیان كاری نانەوایی و دوكانداری و فیتەری و ...هتد دەكەن و دوانیوەڕوان و شەوانیش تاكسی دەگێڕن.

دووەم: دەوترێت ئەم بڕیارە لە سوودی ئەو شۆفێری تاكسییانەدایە كە كاری تر ناكەن و تەنها پیشەیان كاری تاكسییە.

ئەم بڕیارە تەواو پێچەوانەی ئەم خاڵەیە. نەك هەر لە قازانجیان نییە، بەڵكو زیانی بۆ ئەوانیش هەیە. ئەگەر زیاتر ڕوونی بكەینەوە; بۆ نمونە دەوترێت لە پارێزگای سلێمانیدا نزیكەی 25 هەزار تاكسی هەیە، ئەگەر لەم ژمارەیە 10 هەزاریان موچەخۆر بن، ئەم 10 هەزارە لەكاتی دەوامكردنیاندا لە فەرمانگەكانیاندا كە بەشێوەیەكی گشتی لە كاتژمێر 8 ی بەیانییەوە بۆ 2ی پاش نیوەڕۆیە كاری تاكسی ناكەن، بەمەش هەم شەقامەكان لەو ماوەیەدا لۆدیان كەمتر لەسەر ئەبێت، هەم كاری شۆفێری تاكسییەكانی تر زیاد دەبێت. ڕوونتر بڵێین كاری ئەو 10 هەزار شۆفێرەش كە لە دەوامن ئەچێت بۆ شۆفێرەكانی تر، بەڵام ئەگەر ئەم بڕیارە جێبەجێ بكرێت، ئەوا ئەو 10 هەزار فەرمانبەرە ناچارن تاكسییەكانیان بفرۆشن. ئەوكاتەش كەسانێك دەیانكڕن كە فەرمانبەر نین، بەمەش هەم لۆدی سەرشەقامەكان زیاتر دەبێت، هەم كاری تاكسییەكانی تر كەمدەبێتەوە.

سێهەم: جێبەجێكردنی ئەم بڕیارە دەبێتە هۆی دابەزاندنی ئاستی بژێوی دەیان هەزار خێزان لەم هەرێمەدا كە ڕەنگە لە داهاتوودا كێشەی گەورەتری لێبكەوێتەوە.

ڕوونە زۆربەی ئەو موچەخۆرانەی كاری تاكسی دەكەن خێزاندارن و لەهەمان كاتیشدا خاوەن خانووی خۆیان نین و كرێنشینن. بەشخوراوترین چینیش لەم هەرێمەی ئێمەدا كرێنشینەكانن، چونكە سەرەڕای سەختی ژیانیان، دەبێت مانگانە 250 -300 هەزار دینار بە كرێ خانوو بدەن. ئەمە جگە لە پارەی ئاو و كارەبا و مۆلیدە و ئەنتەرنێت و تەلەفۆن و تەلەفزیۆن و وا پاڕەی فڕێدانی خۆڵیشی هاتە سەر. هەروەها پارەی كرێی هاتوچۆی خوێندنی مناڵ. خۆ ئەگەر نەخۆشێكت هەبێت و پێویستت بە دكتۆر و دەرمان بێت ئەوا تورەكەی سواڵیش ڕاخەیت، بەش ناكات. سەرەڕای هەموو ئەمانەش هەر لە ئێستاوە نرخی تاكسی دابەزینێكی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە كە ڕەنگە بەس لەكاتی فرۆشتندا بڕی زیاتر لە 2000 دۆلار زیان لە هەر یەكێكیان بدرێ.

لێرەوە ئەڵێم، ئەگەر ئەم بڕیارە بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، ئەوا ئاستی بژێوی دەیان هەزار خێزان لە نیمچە باشەوە دائەبەزێ بۆ هەژاری و خوار هەژاری. ئەمەش لێكەوتەی خراپی دەبێ، ڕەنگە چەندین كێشە بۆ حكومەت و كۆمەڵگە بەگشتی دروست بكات. هەربۆیە دەڵێم پێویستە پەلە لەم بڕیارەدا نەكرێت، وردتر و بەدیقەتتر هەڵسەنگاندنی بۆ بكرێت.

لەكۆتایدا ڕووی دەمم ئەكەمە لایەنە بەرپرسەكان، بەتایبەت پارێزگار و ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاكان كە هیچ نەبێت لەم كاتەدا كە قەیرانمان زۆرە و حكومەت پێكنەهێنراوە و كێشەی پاشەكەوتی موچە چارەسەر نەكراوە، ڕێگە بگرن لە جێبەجێكردنی ئەم بڕیارە و ئاگایان لەبژێوی ئەو كۆمەڵە خەڵكە بێت.

 ئەمەوێ ئەوەش بڵێم كە ئاگاداری ئەوەین كە كاردەكرێت بۆ دەستبەسەراگرتنی كاری تاكسی لە بەرژەوەندی چەند بازرگان و كۆمپانیایەكی دیاریكراودا بەناوی دروستكردنی وێستگە و ڕێكخستنی كاری تاكسیدا.

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket