riklam

پۆلیس دانپێدانانی ژنێكی دەستبەسەر كراو لەلایەن باندێكەوە بڵاودەكاتەوە

کوردستان 03:11 PM - 2019-02-11
.

.

پۆلیسی سلێمانی دانپێدانانی ئەو ژنە بڵاودەكاتەوە كە لەلایەن باندێكەوە دەستبەسەركرابوو، لەسەر ئەو روداوەش باندێكی‌ پێنج كەسی‌ بەتۆمەتی‌ بەكارهێنان‌ و بازرگانییكردن‌ بەمادە هۆشبەرەكان دەستگیركران.

ئەمڕۆ 11ی شوباتی 2019، نەقیب سەركەوت ئەحمەد بەڕێوەبەری‌ بەشی‌ راگەیاندن‌و پەیوەندییەكانی‌ بەڕێوەبەرایەتی‌ پۆلیسی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ لەكۆنگرەیەكی‌ رۆژنامەوانیدا كە پەیامنێری PUKmedia ئامادەیی بوو، دەستگیركردنی‌ باندێكی‌ پێنج كەسی‌ راگەیاند بەتۆمەتی‌ بەكارهێنان‌ و بازرگانییكردن بەمادە هۆشبەرەكان. 

نەقیب سەركەوت راشیگەیاند: ئاشكرابونی‌ باندەكە بەهۆی‌ دیارنەمانی‌ ژنێكەوە بوو لەشاری‌ سلێمانی‌، لەلایەن بنكەكانی‌ سەرچنارو پیرەمەگرون‌و بەشی‌ پۆلیسی‌ نەهێشتنی‌ تاوانەوە بەدواداچون‌و لێكۆڵینەوە بۆ دۆزینەوەی‌ ژنەكە ئەنجامدرا، دواتر هێزەكانی‌ پۆلیس توانیان رۆژی‌ 2019/2/10 ژنەكە لەناحیەی‌ پیرەمەگرون لەباخێكدا بدۆزنەوە كە دەستبەسەركرا بوو.

وتیشی‌: ئەو ژنە هاوڕێی‌ یەكێك لەتۆمەتبارەكان بوە، دوای‌ ئەوەی‌ كە چونەتە باخەكە دواتر رێگەیان نەداوە بێتە دەرەوە، چونكە مادەی‌ هۆشبەریان پێبووە بۆ ئەوەی‌ ئاشكرایان نەكات.

نەقیب سەركەوت راشیگەیاند: لەلایەن هێزەكانی‌ پۆلیسی‌ سلێمانییەوە لەو باخەدا چوار تۆمەتبار دەستگیركران، دوای‌ پشكنینی‌ باخەكە توانرا دەستبگیرێت بەسەر بڕی‌ نیو كیلۆگرام مادەی‌ هۆشبەردا، هەروەها خاوەنی‌ باخەكە كە تۆمەتباری‌ سەرەكییە توانرا لەناو شاری‌ سلێمانی‌ ئەویش دەستگیربكرێت‌ و لەناو ئوتومبێلەكەیدا دەستبگیرێت بەسەر بڕێك مادەی‌ هۆشبەری‌ دیكەدا.

وتیشی: لەئێستادا سەرجەم تۆمەتبارەكان بەندن بەبریاری‌ دادوەرو بەپێی‌ مادەی‌ 14ی‌ مادە هۆشبەرەكان‌و 393 لەیاسای‌ سزادانی‌ عێراقی‌.

ئەوەشی رونكردەوە كە لەمیانەی‌ هەڵمەت‌و چالاكییەكانی‌ شەوانەی‌ هێزەكانی‌ پۆلیسی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ بۆ دەستگیركردنی‌ تۆمەتباران‌و كەسانی‌ لەیاسا دەرچو، لەچەند رۆژی‌ رابردودا توانرا 10 تۆمەتبار دەستگیربكرێت بەتۆمەتی‌ تەقەكردن‌و دروستكردنی‌ شەڕو پشێوی‌، دەستیشگیراوە بەسەر ئەو چەك‌و كەلوپەلانەی‌ پێیانبووەو لەئێستادا تۆمەتباران بەبریاری‌ دادوەر بەندن.

راشیگەیاند: لەچەند چالاكییەكەدا لەلایەن هێزی‌ تایبەتی‌ بەرێوەبەرایەتی‌ پۆلیسی‌ پارێزگای‌ سلێمانییەوە دەستگیراوە بەسەر چوار پارچە چەكی‌ بێ مۆڵەتدا (سێ دەمانچەو یەك كڵاشینكۆف)و خاوەنەكانیان روبەروی‌ دادگا كراونەتەوە. هەروەها نزیكەی‌ 200 پەردەو لەزگەی‌ رەشی‌ جامی‌ ئوتومبیل لێكراوەتەوەوە.

PUKmedia گۆران قادر 

لینكی یارمەتیدەر بۆ بینینی ڤیدیۆیەكە

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket