riklam

سەعدی پیرە: دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان هەڵدەبژێردرێت

ی.ن.ک‌‌ 01:22 PM - 2019-02-09
.

.

مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەسەر رێككەوتنی سیاسی بۆ پێكهێنانی حكومەت گفتوگۆی كردو وتەبێژی یەكێتیش رایدەگەیەنێت: پەرلەمان كۆدەبێتەوەو دەستەی سەرۆكایەتی هەڵدەبژێردرێت و  پێكهێنانی حكومەت دەستپێدەكات، دەشڵێت: پارێزگاری نوێ بۆ كەركوك دادەنرێت و پارێزگارەكەش كورد دەبێت و لەناو كوردیشدا یەكێتی دەبێت.

لەبارەی ناوەرۆكی رەشنوسی رێككەوتنە سیاسیەكەشەوە، سەعدی پیرە وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند:یەكێتی دەیەوێت بارودۆخی دارایی و ئابوری و ئیداری هەرێم بەشێوەیەك بێت لەخزمەت بژێوی  خەڵك و كوردستان بێت،پێویستە جگە لەنەوت سێكتەرەكانی دیكەش چالاك بكرێنەوەو وەك بەدیل لەكاتی دابەزینی نرخی نەوت و قەیراندا سودی هەبێت.

راشیگەیاند: دەبێت یەك هەڵوێستی لەبارەی ناوچەكەو عیراق لەنێوان یەكێتی و پارتی و هێزەكاندا هەبێت و  ناكرێت هەریەكە لەئاوازێك بخوێنن.

وتیشی: پێویستە پشتگیری لەخەباتی پارچەكانی دیكە بكرێت و كێشەكانیان بەئاشتی چارەسەر بكرێت، هەروەها  هێزی پێشمەرگە بكرێت بەهێزێكی نیشتمانی و نەتەوەیی و دور لەحزبی بێت و  جوڵاندن و فەرمانپێكردنی  بەئاگاداری پەرلەمان و حكومەت بێت.

لەبارەی پەیوەندییە دیپلۆماسیەكانیشەوە، رایگەیاند: یەكێتی دەیەوێت ئەو پەیوەندیانە هاوسەنگ بن و سیمای شەراكەتی راستەقینەی تێدایە بێت، لەگەڵ وڵاتان و عیراق و نوێنەرانیان پەیوەندییەكان لەئاستی باڵا بێت، هەروەها  ئاستی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەش بەرزبكرێتەوەو لەچوارچێوەی وەزارەتێكدا رێكبخرێت.

سەعدی پیرە راشیگەیاند:  هێشتا وەرەقە سیاسییەكە  بەتەواوی گفتوگۆی لەسەر نەكراوەو لەدوو رۆژی داهاتوودا تەواوی دەكەن.

لەبارەی كەركوكیشەوە، رایگەیاند:  كەركوك بارودۆخێكی نەخوزازراو حاڵەتێكی تایبەتی هەیەو پێویستە چارەسەر بكرێت، بەپێی ئەو رێككەوتنەی كراوە بۆ كۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا  نەمانوتوە لەهەولێر كۆببێتەوە، بەڵكو ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك خۆیان شوێنەكە دیاری دەكەن.

وتیشی:  پارێزگارێك بۆ كەركوك دادەنرێت و كورد دەبێت و یەكێتیش دەبێت، كەركوكییەكانیش خۆیان كاندید دیاری دەكەن.

لەبارەی پۆستی وەزارەتی دادی عیراپیشەوە، ئاشكرایكرد: ئەو پۆستە بەدڵی یەكێتی یەكلادەبێتەوەو چارەسەر كراوە.

لەبارەی هەڵبژاردنی كۆبوونەوەی 18ی ئەم مانگەی پەرلەمانی كوردستانیشەوە، وتی: كۆبوونەوەی 18ی ئەم مانگە هەنگاوی یەكەمە بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و دواتریش هەمواركردنی یاسایی سەرۆكایەتی هەرێم و دیاریكردنی شێوازی هەڵبژاردنەكە كە بەشێوازی سیستمی پەرلەمانی دەبێت و سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەمان هەڵدەبژێردرێت.

ئەوەشی خستەڕوو كە سیستمی دادوەری لەهەرێمی كوردستان لەبارودۆخێكی زۆر خراپدایەو تاكلایەنە بەڕێوە دەبرێت، بۆیە دەبێت ئەوە چارەسەربكرێت و یەكێتی دەیەوێت باوردۆخی دادوەری بێلایەت بێت و پارێزراو بێت.

PUKmedia تایبەت 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket