riklam

له‌یادی مورافه‌عه‌ مێژووییه‌كه‌ی سه‌رۆك مام جه‌لال-دا

ی.ن.ک‌‌ 09:09 AM - 2019-02-09
.

.

15 ساڵ به‌سه‌ر رۆژی مورافه‌عه‌ گه‌وره‌كه‌ی سه‌رۆك مام جه‌لال له‌ ئه‌نجومه‌نی حوكم تێپه‌ڕ ده‌بێت، كه‌ تێیدا به‌ به‌ڵگه‌و نه‌خشه‌و دۆكیۆمێنتی مێژوویی كوردستانی بونی كه‌ركوكی بۆ هه‌موو لایه‌ك سه‌لماند.

15 ساڵ پێش ئێستا، له‌ رۆژی 9ی شوباتی 2004دا،  سه‌رۆك تاڵه‌بانی له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ی ئه‌نجومه‌نی حوكمدا، وته‌یه‌كی مێژووی گرنگی پێشه‌شكردو به‌رگری له‌ مافی گه‌لی كوردستان كرد، راشیگه‌یاند: پێویسته‌ ئه‌نجومه‌نی حوكم دان به‌ فیدراڵیه‌تی كوردستاندا بنێت، كاریش له‌سه‌ر ئاساییكردنه‌وه‌ی بارودۆخی كه‌ركوك و گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ پێشتری بكات.

سه‌رۆك تاڵه‌بانی له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بڕگه‌یه‌كی بڕیاری لیژنه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی نه‌ته‌وه‌كان خوێنده‌وه‌و رایگه‌یاند: به‌هیچ شێوه‌یه‌ك سنووری عیراق له‌ چیای حه‌مرین تێپه‌ڕناكات، ئه‌و ناوچانه‌ی له‌ چیای حه‌مرین دابڕاون ناوچه‌ی كوردستانین.

سه‌رۆك مام جه‌لال سوربوونی خۆشی ده‌ربڕی به‌ بوونی نه‌خشه‌یه‌كی گه‌وره‌ی مێژووی سه‌رده‌می ده‌وڵه‌تی عوسمانییه‌كان، راشیگه‌یاند كه‌ركوك شارێكی كوردستانییه‌.

مام جه‌لال به‌ زمانی گوڵ و به‌ڵگه‌نامه‌ له‌یه‌ك كاتدا "كوردستانی بوونی شاری كه‌ركوك"ی بۆ ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی حوكم و هاوڕێیان و نه‌یارانی سه‌لماند.

هه‌ر له‌كاتی خستنه‌ڕووی مورافه‌عه‌ مێژووییه‌كه‌یدا، سه‌رۆك تاڵه‌بانی ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا مافی گه‌لی كورد ره‌وایه‌، ده‌بێت دانبنرێن به‌ زمانی ره‌سمیدا كه‌ زمانێكی ره‌سمی وڵاته‌و هاوشێوه‌ی زمانی عه‌ره‌بییه‌، هه‌روه‌ها كاریش بكرێت له‌سه‌ر كۆتایی هاتنی سیاسه‌تی راگواستن و سڕینه‌وه‌ی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌ی، هه‌روه‌ها كوردو توركمان بگه‌ڕێنه‌وه‌ شوێنی راسته‌قینه‌ی خۆیان.

وتیشی: پێویسته‌ مافه‌كانی گه‌لی كوردستان له‌ یاسای به‌ڕێوه‌بردنی كاتی ده‌وڵه‌تدا بسه‌لمێندرێن ‌و راستییه‌كانی په‌یوه‌ست به‌ گه‌لی كوردستانه‌وه‌ خسته‌ڕوو.

هه‌روه‌ك روونیكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌م گه‌له‌ له‌نێوان چوار ده‌وڵه‌تدا دابه‌شكراوه‌، كه‌ ئه‌وانیش توریكاو عیراق ‌و ئێران ‌و سوریان.

سه‌رۆك مام جه‌لال راشیگه‌یاند: گه‌لی كوردستان له‌ ساڵی 1925 دا به‌ بڕیارێكی عوسبه‌تولئومه‌م به‌ ده‌وڵه‌تی عیراقه‌وه‌ لكێندراوه‌، هه‌روه‌ك وته‌یه‌كی ئه‌دمۆنز نوێنه‌ری به‌ریتانیای له‌ لیژنه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی نه‌ته‌وه‌كان بۆ دیاریكردنی چاره‌نووسی ویلایه‌تی موسڵ له‌وكاته‌دا به‌بیر ئاماده‌بووان هێنایه‌وه‌ كه‌ تێیدا ده‌ڵێت: كوردستانی باشوور به‌ چه‌ند مه‌رجێك لكێندراوه‌ به‌ عیراقه‌وه‌ له‌وانه‌:

"ده‌بێت به‌ڕێوه‌به‌رانی ئه‌م ناوچه‌ كوردستانییه‌ كورد بن ‌و زمانی كوردیش زمانی ره‌سمی بێت‌ و بارودۆخی كوردستان وه‌ك خۆی بهێڵدرێته‌وه‌".

هه‌روه‌ها سه‌رۆك مام جه‌لال ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه‌ ئه‌دمۆنز كاری بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌ مۆركی كوردی له‌ لیوای كه‌ركوكدا بسڕێته‌وه‌و ئه‌وه‌شی به‌ پێشێلكردنێكی ئاشكرای ئه‌و به‌ڵێنانه‌ له‌قه‌ڵه‌مدا كه‌ عیراق‌ و به‌ریتانیا به‌ عوسبه‌تولئومه‌میان دابوو.

له‌ به‌شێكی تری مورافه‌عه‌ گه‌وره‌كه‌دا، سه‌رۆك مام جه‌لال رایگه‌یاند: ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی به‌ كورد درابوون نه‌برانه‌سه‌رو له‌لایه‌ن حكومه‌تی عیراق‌ و به‌ریتانیاوه‌ پێشێلكران‌ و كار گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی له‌ سه‌رده‌می سه‌دام حسێن دا پاكتاوی ره‌گه‌زی ‌و راگواستنی كوردو توركمان له‌ لیوای كه‌ركوك جێبه‌جێ بكرێت‌ و عه‌ره‌ب له‌ شوێنیان نیشته‌جێ بكرێت.

سه‌رۆك مام جه‌لال ته‌ئكیدیشی له‌سه‌ر مافی كوردو توركمان كرده‌وه‌ له‌وه‌ی راگوێزراوانیان بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر زێدی باب‌ و باپیرانیان له‌و ناوچانه‌ی لێی راگوێزرابوون.

سه‌رۆك مام جه‌لال له‌ به‌شێكی تری قسه‌كانیدا له‌و مورافه‌عه‌یه‌دا، به‌شێك له‌ راگه‌یاندنه‌كه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی نه‌ته‌وه‌كانی سه‌باره‌ت به‌ سنووری عیراق خوێنده‌وه‌، ده‌ڵێت: هه‌رگیز سنوری عیراق له‌ جه‌به‌ل حه‌مرین تێنه‌په‌ڕیوه‌و سنوری كوردستانیش له‌ جه‌به‌ل حه‌مرینه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات، هه‌رچه‌نده‌ شاره‌كه‌ هه‌ندێك توركمانی تێدایه‌.

هه‌روه‌ك سه‌رۆك مام جه‌لال ئاماژه‌ی بۆ كتێبی "كێشه‌ی موسڵ" كرد كه‌ تێیدا هاتووه‌ كوردستان به‌شێك نییه‌ له‌ عیراق یاخود ئه‌نادۆڵ.

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی بۆ كتێبی "قاموس ئه‌لئه‌علام" كرد ئه‌و بڕگه‌یه‌ی لێ خوێنده‌وه‌ كه‌ ده‌ڵێت: سێ به‌شی دانیشتووانی كه‌ركوك كوردن.

هه‌ر له‌و مورافه‌عه‌یه‌دا سه‌رۆك مام جه‌لال نه‌خشه‌یه‌كی گه‌وره‌ی سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی عوسمانی خسته‌سه‌ر مێزی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی حوكم‌ و له‌و نه‌خشه‌یه‌دا شوێنی كه‌ركوك له‌ سنوری كوردستان دیاریكراوه‌.

وتیشی: داوا ده‌كه‌ین كوردو توركمانه‌ راگوێزراوه‌كان بگه‌ڕێنه‌وه‌ شوێنه‌كانی پێشوی خۆیان له‌ كه‌ركوك‌ و ئه‌و عه‌ره‌بانه‌ش كه‌ رژێمی پێشوو له‌ كه‌ركوك نیشته‌جێی كردوون بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ شوێنه‌كانی پێشوی خۆیان له‌ ناوه‌ڕاست‌ و باشوری عیراق ‌و پاش ئه‌وه‌ راپرسییه‌ك له‌نێو خه‌ڵكی كه‌ركوك له‌ كوردو توركمان ‌و عه‌ره‌بی ره‌سه‌ندا ده‌كرێت له‌سه‌ر بنه‌مای سه‌رژمێرییه‌كی ورد كه‌ بۆ دیاریكردنی ئایینده‌و چاره‌نووسی كه‌ركوك ده‌كرێت.

 

433.jpg

 

مورافه‌عه‌ گه‌وره‌كه‌

رۆژی مورافه‌عه‌ گه‌وره‌كه‌، رۆژی پێداچوونه‌وه‌یه‌ به‌و زوڵمه‌ مێژووییه‌ی له‌ كوردو كوردستان، له‌ كه‌ركوك و پێكه‌وه‌ ژیانی نه‌ته‌وه‌كان له‌و شاره‌ كراوه‌، رۆژی مورافه‌عه‌ گه‌وره‌كه‌ له‌سه‌ر كه‌ركوك رۆژی بانگه‌وازه‌ بۆ دامه‌زراندنی عیراقێكی نوێ كه‌ له‌گه‌ڵ مێژوو و جوگرافیا ئاشت ببێته‌وه‌و ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌ به‌ فۆڕمێكی وا دابڕێژێته‌وه‌ له‌گه‌ڵ دیرۆكی زوڵم و زۆری ته‌عریب و راگوێزان و پره‌نسپی نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست و بنده‌ستدا دۆستایه‌تی نه‌بێت.

رۆژی مورافه‌عه‌كه‌، رۆژی به‌ده‌نگهاتنی میللـه‌تێكه‌ كه‌ به‌ڵگه‌كانی مێژوو سه‌نه‌دی تێكۆشانی ئه‌ون و حوجه‌تی قانونی و دابی خه‌باتی رزگاریخوازانه‌ پاڵپشتی ده‌كه‌ن له‌ داواو ویستی ره‌وایدا، له‌و رۆژه‌دا كوردایه‌تی وتی: ئه‌م عیراقه‌ به‌وجۆره‌ نه‌بوو كه‌ ئێوه‌ باسیده‌كه‌ن، تاسه‌ر به‌وجۆره‌ش نامێنێت ئه‌گه‌ر ئێوه‌ تاسه‌ر وه‌ك هه‌شتا ساڵی به‌ری ره‌فتاری لێلا بكه‌ن.

له‌و رۆژه‌دا كوردایه‌تی وتی: ئه‌مه‌ نه‌خشه‌ی مێژووه‌ كه‌ كوردستان وه‌ك دایكی وه‌ته‌ن كه‌ركوكی له‌ باوه‌ش گرتووه‌و ئه‌مه‌ش نه‌خشه‌ی رێگا بۆ ئه‌وه‌ی كوردستان وه‌ك جاران كوردستان بێت و عیراقیش عیراقێكی دیموكرات و فیدراڵ بێت تا بمێنێت و نه‌ته‌وه‌و پێكهاته‌كانی له‌ ئیتیحادێكی ئاره‌زوومه‌ندانه‌دا یه‌كسان، ئازادو سه‌رفراز بژین.

رۆژی مورافه‌عه‌ گه‌وره‌كه‌، ته‌نها رۆژی مورافه‌عه‌ نه‌بوو له‌سه‌ر كه‌ركوك، به‌ڵكو رۆژی مورافه‌عه‌ بوو له‌سه‌ر كوردستان و بگره‌ له‌سه‌ر عیراقیش، پارێزه‌ری مورافه‌عه‌كه‌ ته‌نیا بۆ داكۆكی له‌ زوڵملێكراوان مورافه‌عه‌ی خۆی بۆ مێژوو پێشكه‌ش نه‌كرد، به‌ڵكو بۆ ئه‌وه‌ش تا چیتر خه‌یاڵی زوڵم له‌ عیراقدا نه‌مێنێت و سودانییه‌كان وته‌نی یه‌كێتی وڵات ببێته‌ یه‌كێتییه‌كی كه‌مه‌ندكێش (وحدة جاذبة)، ببێته‌ یه‌كێتییه‌ك له‌سه‌ر بنچینه‌ی هه‌مه‌ڕه‌نگی عیراق و یه‌ك چاره‌نووسی میللـه‌ته‌كه‌ی نه‌ك له‌سه‌ر دارو په‌ردوی ولاتێكی تۆتالیتاری كه‌ میللـه‌ت به‌تۆپزی یه‌ك ره‌نگ و چاره‌نوسیشیان دژ به‌یه‌ك ئاڕاسته‌ بكات.

رۆژی مورافه‌عه‌ گه‌وره‌كه‌، وێستگه‌یه‌كی تره‌ له‌ خه‌باتی كوردایه‌تی هاوچه‌رخ و پێشكه‌وتنخواز، خه‌باتێك بۆ مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وایه‌تییه‌، به‌ڵام بۆ به‌رچاوته‌نگی نه‌ته‌وه‌یی نییه‌، بۆ لابردنی ته‌عریب و راگوێزانه‌، به‌ڵام بۆ دنه‌دانی رقی نه‌ته‌وه‌یی نییه‌، بۆ چاره‌سه‌رێكی ده‌ستووری و دیموكراتییه‌ نه‌ك چاره‌سه‌ری سه‌پاندن و فه‌زڵدانی نه‌ته‌وه‌یه‌ك به‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌كی تردا.

رۆژی مورافه‌عه‌ گه‌وره‌كه‌، 9/2/2004 له‌ ئه‌نجومه‌نی حوكم له‌ به‌غدا، هه‌رخۆی رۆژی مژده‌هێنی ئه‌و عیراقه‌ دیموكراتییه‌ فیدرالییه‌ بوو كه‌ ئیتر له‌ عیراقه‌كه‌ی جاران ناچێت، له‌ عیراقه‌كه‌ی زوڵم و زۆری ته‌عریب و راگوێزان و كیمیاباران ناچێت، ئه‌گه‌رچی هێشتا ململانێكه‌ی به‌رده‌وامه‌.

عیراقێك كه‌ نه‌خشه‌ی چاره‌سه‌ری كه‌ركوكی داناوه‌و رێگای بۆ ئه‌وه‌ش كرده‌وه‌ پارێزه‌ره‌كه‌ی كه‌ركوك، مام جه‌لال، ببێته‌ سه‌رۆك كۆمار.

PUKmedia  تایبه‌ت

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket