riklam

وه‌ره‌قه‌ی سیاسی و هاوسه‌نگی سیاسی

بیروڕا 05:10 PM - 2019-02-07
.

.

هه‌ڵگورد جه‌لال
به‌ئاماده‌بوون و به‌شداری هه‌ریه‌ك له‌(مام جه‌لال) و (نه‌وشیروان مسته‌فا)، یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان رێككه‌وتنێكی سیاسییان ئیمزاكرد، ئه‌و رێككه‌وتنه‌ ئه‌گه‌ر جێبه‌جێ بكرایه‌ له‌كاتی خۆیدا، ئه‌وا ئێستا پرۆسه‌ی سیاسی له‌هه‌رێمی كوردستان به‌ئاقارێكی باشتر له‌وه‌ی ئێستادا ده‌ڕۆیشت و هاوسه‌نگكردنه‌وه‌ی هێزیش به‌بارێكی دروست تردا ده‌كه‌وت و ده‌ستی خزمه‌ت و ئاوه‌دانی و سه‌قامگیریش زیاتر به‌ر ئه‌م زۆنه‌ ده‌كه‌وت.
دوای ئه‌نجامدانی ریفراندۆم، تێكچوونی بارودۆخی كه‌ركوك، هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان، پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی عیراق، دانوستان بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێم، بۆ هه‌ریه‌ك له‌(پارتی) و (گۆڕان)و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی تریش ده‌ركه‌وت، هیچ شتێك به‌بێ یه‌كێتی ناكرێت و سه‌رناگرێت، چونكه‌ كارێكی نه‌كرده‌و نالۆژیكییه‌ بیر له‌وه‌ بكرێته‌وه‌ به‌بێ (یه‌كێتی) حكومه‌ت و فه‌رمانڕه‌وایی له‌كوردستان به‌ڕێوه‌ببرێت و سه‌قامگیری سیاسی و ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی له‌هه‌موو كوردستاندا به‌رپابكرێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی (یه‌كێتی) له‌ساته‌وه‌ختی نائومێدی و قه‌یراندا دروستبوو، هه‌ربۆیه‌ ئیداره‌دانی قه‌یران و تێپه‌ڕاندنی قه‌یرانیش (به‌بێ یه‌كێتی) له‌خه‌وێكی زۆر مه‌حاڵ ده‌چێت.
له‌سه‌روبه‌ندی پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانداو به‌پێداگرییه‌كانی یه‌كێتی، ئێستا یه‌كێتی له‌لایه‌ك سه‌رقاڵی نووسینه‌وه‌و داڕشتنه‌وه‌ی وه‌ره‌قه‌یه‌كی ستراتیژی و سیاسییی نوێیه‌ له‌گه‌ڵ پارتی بۆ په‌یوه‌ندی و حوكمڕانییه‌كی ته‌ندروست له‌هه‌رێم، له‌لایه‌كی تریش له‌هه‌وڵدایه‌ بۆكاراكردنه‌وه‌ی رێككه‌وتنه‌ سیاسییه‌كانی له‌گه‌ڵ گۆڕان، به‌ئامانجی یه‌كخستنی بۆچونه‌ هاوبه‌شه‌كانیان له‌خزمه‌تكردنی هاووڵاتیان و هێنانه‌ئارای كه‌شێكی سیاسی و ئابوری و حوكمڕانی گونجاو له‌هه‌رێمی كوردستان.
ئه‌مه‌ی ئێستا یه‌كێتی ده‌یكات، به‌هه‌موو پێوه‌رێكی خوێندنگه‌و رێبازه‌ فكری و سیاسییه‌كان، سیاسه‌تكردنێكی ته‌ندروستانه‌یه‌، كه‌ئامانجی هه‌ر پارتێكی سیاسیه‌ بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌و به‌رنامه‌و كارنامه‌ سیاسییه‌ی له‌هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردندا بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كرد، به‌ڵام به‌بێ په‌راوێزخستنی هیچ لایه‌ك و بگره‌ به‌به‌شداری پێكردنی راسته‌قینه‌ی هه‌مووان له‌پێناو پاراستن و به‌دیهێنانی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی هه‌موانیشدا.
ئاسایی بوونه‌وه‌و پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی یه‌كێتی و پارتی، كاراكردنه‌وه‌ی رێككه‌وتنی یه‌كێتی و گۆڕان، راگرتنی هاوسه‌نگی و په‌یوه‌ندی یه‌كێتی و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی تر، هه‌نگاوی یه‌كه‌من بۆ به‌دیهێنانی دروشمی یه‌كه‌می یه‌كێتی له‌هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستانداكه‌(ئارامی)بوو، ده‌ركه‌وتنی ئه‌نجامه‌كانی پرۆسه‌ی چاكسازی، جێگیركردنی پشكی كورد له‌بودجه‌ی گشتی عیراق، جیاكردنه‌وه‌ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێم له‌دۆسیه‌ی نه‌وت، كه‌ په‌رله‌مانتارانی یه‌كێتی رۆڵێكی زۆرجدییان تیایدا هه‌بوو، به‌دیوێكی تردا به‌شێكن له‌به‌دیهێنانی (ئارامی ئابوری)بۆ هاووڵاتیانی هه‌رێم، كه‌ مه‌حاڵ بوو به‌بێ (ئارامی سیاسی)به‌دی بهێندرێت.
به‌ڵام بۆ به‌رده‌وامیدان به‌و ئارامییه‌و بۆ هێشتنه‌وه‌ی ئه‌و هاوسه‌نگیه‌ش، باشتر وایه‌ یه‌كێتی، په‌یوه‌ندیی و رێككه‌وتنه‌ سیاسییه‌كانی به‌یه‌ك مه‌سافه‌ له‌گه‌ڵ پارتی و گۆڕان رابگرێت .

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket