riklam

پەیامە پێشنیارێک بۆ لیژنەی هاوبەشی...

ی.ن.ک‌‌ 07:32 PM - 2019-02-06
.

.

پەیامە پێشنیارێک بۆ لیژنەی هاوبەشی ئامادەکاری رەشنووسی رێککەوتننامەی سیاسی لەنێوان یەکێتی و پارتی...

لەتیف نێروەیی

بۆ ئەوەی هەڵەی جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی ستراتیژی لەنێوان یەکێتی و پارتی دووبارە نەبێتەوە، رێککەوتنەکە تەنها لەسەرەوە قەتیس نەبێت، بەڵکو لەسەرەوە بۆ خوارەوە شۆڕبێتەوەو لەخواریشەوە بۆ سەرەوە پشتگیری لەسەر خستن و جێبەجێکردنی بکرێت. گرنگە راو پێشنیاری ئۆرگان و کادیرانی یەکێتی دەڤەری زەردو ئۆرگان و کادیرانی پارتی لەدەڤەری سەوز وەربگیرێت، چونکە ئەوان زامنی سەرخستن و سەنەخستنی رێککەوتنەکەن.

هەروەها هۆکاری شۆڕنەبوونەوەی رێککەوتننامەی ستراتیژی بۆ خوارەوە دەست نیشان بکرێت، بۆ ئەوەی لەم رێککەوتننامەیەدا میکانیزمێک بدۆزنەوە کەببێتە هەوێنی ئاشتەواییەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی سەرتاسەری.

یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی شۆڕنەبوونەوەی رێککەوتننامەی ستراتیژی بۆ خوارەوەو پابەند نەبوونی کادیرو ئەندامانی هەردوولا بەو رێککەوتننامەیە دەگەڕێتەوە بۆ هەڵەیەکی ستراتیژی ئەو دوو حزبە، ئەویش رێککنەکەوتنیان لەسەر بەشداریکردنی پارتی لەئیدارە خۆجێییەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەو بەشداریکردنی یەکێتی لەئیدارە خۆجێییەکانی هەولێرو دهۆک.

لەئەنجامی بەشدارینەکردنی پارتی لەئیدارە خۆجێییەکانی دەڤەری سەوز بەجۆرێک لەجۆرەکان پارتییەکانی دەڤەری سەوز لەماوەی چەند خولێکی حکومەتی هەرێمدا بونەتە ئۆپۆزسیۆنی ئەو حکومەتەی کە سەرۆک وەزیرانەکەی بەرپرسێکی باڵای پارتەکەیانە، بەهەمان شێوە یەکێتییەکانی دەڤەری زەردیش کاتێ بێبەشبوون لە بەڕێوەبردنی ئیدارە خۆجێییەکانی دەڤەری زەرد ئەوانیش بونەتە ئۆپۆزسیۆنی ئەو حکومەتەی کە جێگری سەرۆک وەزیرانەکەی کوڕی سکرتێری گشتی حزبەکەیانە.

هەروەها میدیای پارتی لەسنوری دەڤەری سەوز شانبەشانی میدیای ئۆپۆزسیۆن درێغی ناکات لەگوشار خستنە سەر دامەزراوە حکومییەکان و رۆڵی میدیایەکی سەرسەختی ئۆپۆزسیۆن دەبینێت، لەبەرامبەردا میدیای یەکێتیش بەهەمان شێوە لەدەڤەری زەرد بەپێی توانای خۆی رۆڵی ئۆپۆزسیۆن دەبینێت.

لەکاتی خۆپیشاندەکانی سنوری دەڤەری سەوز بەشێک لەکادیرو ئەندامانی پارتی شانبەشانی کادیرو ئەندامانی لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن بەشداری لە خۆپیشاندانەکاندا دەکەن و گوشار لەسەر دامەزراوە حکومییەکانی ئەو دەڤەرە دروست دەکەن و هەندێک جار بەهۆی بەردەوامبوونی خۆپیشاندانەکان ناسەقامگیری ئیداری دروست دەبێت، حکومەت ناتوانێت بەرنامەی خۆی جێبەجێبکات. لەبەرامبەردا بەهەمان شێوە بەشێک لەکادیرو ئەندامانی یەکێتی لەسنوری دەڤەری زەرد بەشداری لە خۆپیشاندانەکاندا دەکەن. بەڵگەی ئەو راستییەیە ئەگەر ئەم دوو لایەنە لەسەر ئیدارە خۆجێییەکانی سەرجەم شارو شآرۆچکەکانی هەرێم رێکنەکەون، هیچ رێککەوتنێکی سیاسی لەسەرەوە بۆ خوارەوە بەشێوەیەکی سەرکەوتوانە جێبەجێ ناکرێت و تەنها لەسەرەوە قەتیس دەبێت.

لەلایەکی دیکەوە بە بەردەوامی بەشێک لەپارتی و بەشێکیش لە یەکێتی رۆڵی ئۆپۆزسیۆن دەبینن و حکومەتێکی یەککگرتووی سەرتاسەری فەراهەم نابێت، لەو کاتەدا ناتوانین رەخنە لەلایەنەکانی دیکەی کوردستان بگرین و پێشیان بڵێین قاچێکتان لەناو دەسەڵاتەو قاچەکەی دیکە لەناو ئۆپۆزسیۆن. کەواتە بەشداریکردنی ئەو دوو لایەنە لەناو ئیدارە خۆجێییەکانی دەڤەری سەوز و زەرددا زامنی سەرخستنی رێککەوتننامە سیاسییەکە دەبێت و بەمەش جەماوەرو میدیای هەردوولا پشتگیری لە رێککەوتننامەکەو سەرخستنی بەرنامەو ئەرکەکانی حکومەتی هەرێم دەکەن.

بۆیە زۆر گرنگە لە رێککەوتنی ئەم جارە برگەیەکی تایبەت هەبێت بەپرسی ئیدارە خۆجێیەکان.

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket