riklam

داهات و فرۆشی نەوت لەنێوان ڕاستی و فریوداندا

ئابوری 07:34 PM - 2019-02-02
.

.

• ئاشكرایە وڵاتی عێراق بەهەرێمی كوردستانیشەوە دادەنرێن بە وڵاتێكی نەوتی بەهۆی بوونی یەدەگێكی گەورەی نەوت كە بەنزیكەیی لە نێوان ((150 بۆ 160 ))ملیار بەرمیل نەوتی خاودایە و  و بڕی یەدەگی نەوتی هەرێمیش دیاریكراوە بە یەك لەسەر سێی ئەو بڕە نەوتە یەدەگەی عێراق كە بە نزیكەیی دەگاتە ((50 ملیار بەرمیل نەوتی خاو)) و لە پاڵیشیدا هەرێمی كوردستان خاوەنی بڕی(( 7ر5 تریلیۆن)) مەترسێجا یەدەگی غازی سروشتیە و كە هەردوو((نەوتی خاو و غازی سروشتی)) دادەنرێن بە دووسەرچاوە گرنگەكەی وزەی هەڵهێنجراو.كە هەر وڵات و كۆمەڵگایەك خاوەنی ئەم دوو سەرچاوە گرنگە بن ،ڕاستەوخۆ دەبنە وڵات و كۆمەڵگایەكی پێشكەوتووی و گەشەسەندوو و خۆشگوزەران و پڕ ڕەفاه،بەڵام بەداخەوە ئەوەی دەبینرێت و خۆشمانی تیادا دەژین چ لە عێراق و چ لە هەرێمی كوردستان ئەم دووسەرچاوە گرنگە نەبونەتە هۆكاری خۆشگوزەرانی و پێشكەوتن و گەشەسەندنی وڵات و كۆمەڵگاكانمان،و بەپێچەوانەوە بونەتە هۆكاری قەیرانی دارایی و برسێتی و بێكاری و نەخۆشی و هەژاری و بێخزمەتی و بێبەش بوونی تاك و كۆمەڵگا لە بچوكترین قازانج لەو سەروەت و سامانە سروشتیە.

جا هەریەكە لە عێراق و هەرێمیش بانگەشەی باشیو سەركەوتوویی سیاسەتی خۆیان دەكەن لەكەرتی وزەدا،بەڵام ئەوەی لەسەر زەمینەی واقیع دەبینرێت بەپێچەوانەوەیەو دەركەوتوە كە شكستخواردووترین سیاسەت پیادە دەكرێت لەو بوراە گرنگەدا و تەنها قازانج بۆ حیزب و كەمینەی سەركردە دەستڕۆیشتوەكانە نەك زۆرینەی چین و توێژەكانی كۆمەڵگا.چونكە كەرتی وزە بەگشتی بەسیاسەت و پلانێكی زانستی و واقعی نابرێت بەڕێوە و دوورە لە شەفافیەت و ئاشكرایی بەڵكو هەموان دیزە بەدەرخۆنە دەكرێت و دەشارێتەوە و بەویست و خواستی دەستڕۆیشتوەكان ژمارەكان ڕێكدەخرێن و لەچوارچێوەی بەناو ڕاپۆرتی مانگانە و ساڵانەدا ئاشكرا دەكرێن.هەر لەبەر ئەو هەموو گومان و شكستخواردنانەدا لە كەرتی وزەدا لەم دواییانەدا لەلایەن پەڕلەمانی عێراقەوە لیژنەی تایبەت پێكهێنراوە بۆ لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ ئیشوكارەكانی كۆمپانیای سۆمۆ((كۆمپانیای فرۆشتن و بە بازاڕكردنی نەوتی عێراق))كە تائێستا و بۆ ماوەی زیاد لە 15 ساڵە هیچ لێكۆڵینەوەیەك نەكراوە لە سروشتی كار و گرێبەست و فرۆشتن و پەیوەندیەكانی ئەم كۆمپانیایە،كە دەركەوتوە گەندەڵیەكی گەورە و مەترسیداری تیادایە.ئەوەی لەهەرێمی كوردستانیش دەگوزەرێت و هەر لەبەر بێمتمانەیی و بوونی گومان لە ئیدارەی كەرتی وزەدا بەناچاری حكومەتی هەرێم كۆمپانیای ((دلیۆت))ی بۆ ووردبینی كردن هێناوە بۆئەوەی بەسەر  داهات و فرۆشی چەندین ساڵەی نەوتی هەرێمدا بچێتەوە،ئەم كەرتە بارتەقای هەموو كەرت و لایەن و بوارەكانی تری حوكمڕانی تاریك و ناشەفاف و بەنهێنی ماوەتەوە و ژمارەیەكی زۆر كەم دەزانن كە چی دەگوزەرێت و بەقازانجی كێش دەگوزەرێت و دەسكەوت و داهاتی ئەم نەوت و غازی سروشتیە بە چ ئاڕاستەیەك دەگوزەرێت،هەربۆیە بۆتە جێگەی گومان و سەرهەڵدانی دەیان پرسیار.

هەربۆیە هەموو ئەو داهات و فرۆشی نەوتەی لە عێراق و هەرێمی كوردستان ئاشكرا دەكرێت هیچ كامیان جێگەی متمانە و ڕەزامەندی هاوڵاتیان نین و تەنها بۆ فریودانن و دوور و نزیك لەڕاستیەوە نزیك نین.

بەپێی ئەم زانیاریانەی دەربارەی داهات و فرۆشی نەوتی  عێراق وهەرێمی كوردستان و مووچەی فەرمانبەران دەیانخەینە ڕوو ،ئەو ڕاستیەمان بۆ دەردەكەوێت كە داهات و فرۆشی نەوت زۆر لەوە زیاترە كە ڕادەگەیەنرێن و دەكرێت بەو داهاتە زۆر وزەوەندانە لەعێراق و هەرێمی كوردستانیش هەنگاوی گەورەی ئاوەدانی و گەشەسەندن و خۆشگوزەرانی هەڵبنرێت.

ژمارەی مووچەخۆرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەدوای پڕۆسەی بایۆمەتریەوە بریتیە لە ((1250000)) فەرمانبەر

كۆی مووچەی فەرمانبەران بەبێ‌ پاشەكەوت بریتیە لە((  850 ملیار دینار/ مانگانە))

كۆی مووچەی فەرمانبەران بەم پاشەكەوتەی ئێستاوە بریتیە لە((720 ملیار دینار/ مانگانە)) 

لە مانگی 2/2016وە سیستەمی پاشەكەوتی مووچە سەپێنرا

لەمانگی 3/2018 وە بڕی پاشكەوتی مووچە كەمكرایەوە بۆ ئەوەی ئێستا هەیە لەنێوان ((18 بۆ 30% ))

حكومەتی هەرێم لە ئێستادا و بەم سیستەمی پاشكەوتە بەم جۆرە مووچە دابین دەكات:

1. بڕی 375 ملیار دینار لە وەزارەتی سامانە سروشتیەكان

2. بڕی 317 ملیار دینار لە حكومەتی عێراقەوە لەمانگی 4/2018وە

3. بڕی 25ملیار دینار لە ئەمریكاوە

كە كۆی ئەم پارانە دەكاتە 717 ملیار دینار..هەربۆیە حكومەتی هەرێم لەمانگی 4/2018وە توانیویەتی كە مانگانە و لەكاتی خۆیدا مووچە بدات.

دوای ئەوەی كە میزانیەی ساڵی 2019ی حكومەتی عێراقی پەسەندكرا لە 24/1/2019دا و بڕیاریشدرا كە پشكی هەرێم 67ر12% بنێرێت و بەمەش مانگانە  حكومەتی هەرێم بەم شێوەیە داهاتی دەبێت:

1. بڕی 522 ملیار دینار حكومەتی عێراق دابینی دەكات

2. بڕی 375 ملیار دینار وەزارەتی سامانە سروشتیەكان دابینی دەكات

3. بڕی 25 ملیار دیناریش ئەمریكا دابینی دەكات

كۆی ئەم پارانە دەكاتە  922 ملیار دینار

هەربۆیە دەبێت لەمانگی 1/2019وە حكومەتی هەرێم سیستەمی پاشەكەوت هەڵبگرێت چونكە پارەی تەواوی لەبەردەستدا دەبێت بۆ مووچەی مانگانەی فەرمانبەران و بڕی  72 ملیار دیناریش زیاد دەبێت.

لەلایەكی ترەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە 4/11/2018وە ڕایگەیاند كە دەتوانێت ڕۆژانە بڕی 400 هەزار بەرمیل نەوتی خاو هەناردە بكات

كەواتە لەمانگێكدا  400000* 30 ڕۆژ  یەكسانە بە 12 ملیۆن بەرمیل

ئەگەر نرخی 1 بەرمیل نەوت بریتی بێت لە 55 دۆلار كە زیارتیش بوە

ئەوا 12,000,000 بەرمیل *55 دۆلار یەكسانە بە  668,250,000 ملیۆن دۆلار

ئەگەر 100 دۆلار بەرامبەر  120000 دینار دابنرێت

ئەوا مانگانە داهاتی نەوتی حكومەتی هەرێم بریتی دەبێت لە 801,900,000,000 ملیار دینار

گەر داهاتی ناوخۆش لە((بەرهەمە نەوتیەكان و باج و رسومات و گومرك)) بریتی بێت لە

 150 ملیار دینار

ئەوا كۆی داهاتی  مانگانەی حكومەتی هەرێم بریتی دەبێت لە(( 951,900,000,000)) ملیار دینار

كەواتە حكومەتی هەرێم بەبێ‌ یارمەتی ((حكومەتی بەغداد و ئەمریكاش)) دەتوانێت نەك مووچە بەپاشەكەوتەوە بدات ،بەڵكو دەتوانێت مووچەی تەواویش بدات بێ‌ پاشەكەوت.و زیادەشی بۆ بمێنێتەوە بەبڕی ((101,900,000,000)) ملیار دینار

پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئەی چەند وەختە بۆ مووچەی نەداوە  ؟ یان بۆچی سیستەمی پاشەكەوتی مووچەی هەڵنەگرتوە؟

وەك دەردەكەوێت تەنها داهاتی نەوتی مانگانە بریتی بوە لە(( 801,900,000,000 )) ملیار دینار

بەڵام تەنها بڕی ((375ملیار دیناری )) داوەتە وەزارەتی دارایی بۆ مووچە و ئەو بڕەی كە ماوەتەوە داویەتیەوە بە((قەرزی كۆمپانیا نەوتیەكان و سوودی كەڵەكەبووی ئەو قەرزانە)) كە مانگانە بڕی ((426,900,000,000))ملیار دینار بوە كە بەرامبەرە بە ((355 ملیۆن دۆلار))ی ئەمریكی لەسەر حسابی مووچەخۆرانی هەرێم.

دەربارەی پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی دەوڵەتی عێراقی بۆ ساڵی  2019شدا

بڕی داهاتی دەوڵەتی عێراقی بریتیە لە(( 105,569,686,870,000 ))تریلیۆن دینار 

كۆی پشكی هەرێم بریتیە لە 67ر12% و یەكسانە بە 13,375,679,326,429 تریلیۆن دینار

بەڵام دوای لێبڕینی خەرجیە حاكمیەكان بڕی كۆی پشكی هەرێم بە 67ر12% یەكسانە بە 8,741,406,026.000 تریلیۆن دینار

جارێكی تر كۆی پشكی هەرێم دوای خستنە سەری پارەی گەشەپێدانی هەرێمەكان و پڕۆژەكانی وەبەرهێنان یەكسان دەبێت بە 8,970,467,226,000 تریلیۆن دینار

داهاتە ناوخۆییەكانیش مانگانە بریتیە لە 150ملیار دینار ،واتە لە ساڵێكدا بریتیە لە 1,800,000,000,000 تریلیۆن دینار

كۆی ئەو دوو بڕە داهات و پارەیە لەساڵێكدا دەكاتە 10,770,467,226,000 تریلیۆن دینار

بڕی كۆی مووچەی مانگانە بێ‌ پاشەكەوت  بریتیە لە 850 ملیار دینار

كەواتە  ئەو بڕە پارەیە بەشی 12 مانگ و نیو دەكات كە مووچەی تەواوی پێبدرێت

ئەم پشكەی هەرێم بەندە بەوەی كە هەرێم ڕۆژانە بڕی 250 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بكات كە 

لە 1 مانگدا دەكاتە 7,500,000 بەرمیل نەوت

ئەگەر  نرخی 1 بەرمیل نەوت بە 56 دۆلار دابنرێت وەك لە یاسای بودجەكەدا هاتوە ئەوا مانگانە دەكاتە بڕی 420 ملیۆن دۆرلاری ئەمریكی

كە بە دیناری عێراقی دەكاتە 355,329,949,238 ملیار دینار كە نرخی 100 دۆلار بە 118200 دینار دیاریكراوە

هەرێم بڕی 400 هەزار بەرمیل هەناردە دەكات كەواتە بڕی 150000 بەرمیل نەوتی بۆ دەمێنێتەوە

كە مانگانە دەكاتە 4,500,000 بەرمیل نەوت و 

پارەكەشی بە 56 دۆلار دەكاتە 252 ملیۆن دۆلاری ئەمریكی 

بە دیناری عێراقیش دەكاتە 213,197,969,543 دینار 

كە نرخی 100 دۆلار بەرامبەر بە 118200 دینار دیاریكراوە لە یاسای بودجەی دەوڵەتی عێراقدا بۆ ساڵی 2019 كە ئەم بڕە پارە و داهاتەش زیادەیە و هەرێم دەتوانێت سوودی لێوەربگرێت.

كەواتە لە خراپترین باردا حكومەتی هەرێم دەتوانێت مووچەی تەواوی فەرمانبەران دابین بكات بەبێ‌ پاشكەوت.بەڵام كە نایكات ئەوا گەلێك هۆكاری حیزبی و بنەماڵەیی و گروپە دەستڕۆیشتوەكانی لە پشتەوەیەو چیدی ناكرێت هاوڵاتیانی كوردستان بە مووچەی پاشكەوتكراو ڕازیبن و چەندین ساڵی تر بە قەیران و برسێتی و هەژاری بیگوزەرێنن بەهۆی هەڵەی سیاسەت و كاركردنی كۆمەڵە كەسانێكی دەستڕۆیشتوو لە حیزب و حكومەتدا.

نةوزادى موهةنديس

PUKmedia 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket