riklam

وەزیری شەهیدان: پێویستە سەرچاوەكانی هزری توندڕەوی وشك بكرێن

جینۆساید‌‌ 03:14 PM - 2019-02-01
.

.

لەڕێوڕسمیكی شكۆداردا لەشاری هەولێر یادی 15یەمین ساڵەی مەرگەساتی 1ی شوبات كرایەوە كە لەو كارەساتەدا دەیان سەركردە و ئەندامانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان شەهیدو بریندار بوون.

لەو مەراسیمەدا نێچیرڤان بارزانی سەرۆك حكومەتی هەرێمی كوردستان و مەحمود حاجی ساڵح وەزیری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان و ئەندامانی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان و نوێنەرانی حزب و پارتە سیاسییەكان و پەرلەمانتاران و كۆنسوڵی وڵاتان لە هەرێمی كورستان و كەسوكاری شەهیدان ئامادەبوون.

لەو مەراسیمەدا مەحمود حاجی ساڵح وەزیری كاروباری شەهیدان لە وتەی بەخێرهێناندا دوای ئەوەی بەخێرهاتنی ئامادەبوانی كرد وتی: ئەمڕۆ 15 ساڵ بەسەر مەرگەساتی ١ی شوبات تێپەڕ دەبێت و، لە رۆژێكی وەك ئەمڕۆدا لە ١ی شوباتی ساڵی 2004 لە كاتێكدا جەماوەری گەلی كوردستان لە گەردن ئازایی جەژندا بوون، دوژمنانی روناكی و مرۆڤایەتی و خۆشگوزەرانی، بێگوێدانە پیرۆزی ئەم رۆژە، دەستی رەشی تیرۆریان گەیاندنە هەردوو بارەگای لقی دووی پارتی دیموكراتی كوردستان و مەڵبەندی سێی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە شاری هەولێرو، لە دوو تەقینەوەی خۆكوژیدا كە تەنها چەند چركەیەكیان نێوان بوو، مەرگیان كردە دیاری جەژن و، لە یەك ساتدا زیاتر لە 100 رۆڵەی گەلەكەمان لە سەركردەو كادیرو ئەندامی ئەو دوو حزبەیان كردە قوربانی و سەدانی دیكەش بریندار بوون.

مەحمود حاجی ساڵح وتیشی: لەكاتێكدا تاریكی ئاڵا رەشەكانی داعش لە كوردستان بە بەرگری و گیانفدایی پێشمەرگەو خوێنی ئاڵی زیاتر لە هەزارو 800 رۆڵەی گەلەكەمان لە پێشمەرگە قارەمانەكان تێكشكا، بەڵام ئەو بیروهزرە ژەهراویەی لەدوای خۆیاندا بەجێیانهێشتووە تاكو ماوەیەكی دوور كاریگەری دەبێت و بەرۆكمان بەرنادات، بۆیە كاركردن بۆ كۆتاییهێنان بەبیری تیرۆرستی دەكەوێتە ئەستۆی لایەنە پەیوەندیدارەكان و تاك بەتاكی ئەم كۆمەڵگایە و كاری دەستەجەمعی بۆ بكەن و سەرچاوەكانی ئەو هزرە تیرۆرستیە وشك بكەن.

وەزیری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان جەختی لەوەشكردەوە كە لەو قۆناغە هەستیارەدا كە پیایدا تێدەپەڕن و، هەرێمی كوردستان روبەڕووی كۆمەڵێك ئاڵنگاری بۆتەوە كە پێویست دەكات وەكو ئەمەكێك بۆ خوێنی شەهیدان، هەموولایەك بەگیانی هەستكردن بەلێپرسراویەتی مێژوویی سەرشانیان رۆڵ ببینن و بەڕۆحی پێشمەرگایەتی قۆڵی لێهەڵماڵن و بەتەبایی و یەكڕیزی و یەك گوتاریی، كێشە سیاسیەكان چارەسەربكەن.

مەحموود حاجی ساڵح وتیشی: دوای تێپەڕبوونی ماوەیەكی زۆر بەسەر هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی كوردستان هەرچەندە تاكو ئێستا حكومەت پێكنەهاتووە، بەڵام هەوڵ و دیدارەكان درێژەیان هەیەو ئومێد دەكەین هەموو لایەك بەگیانی لێپرسراویەتی سەرشانیان و بەلەبەرچاوگرتنی خوێنی شەهیدان ناكۆكییەكان وەلابنێنن و پەلە بكەن بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی كوردستان تاكو بتوان بەهەمولایەك كوردستان لەو گرفتانەی هەیە لەڕووی دارایی و سیاسی و یاسایی تێپەڕێنین و خزمەتی زیاتر بەگەلەكەمان بگەیەنین.

پاشان نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان وتەیەكی پێشكەشكردو رایگەیاند: ئەمڕۆ یادی رووداوێكی ئاسایی ناكەنەوە، بەڵكو یادی تێكەڵبوونی خوێنی پێشمەرگەو سەركردەكانی پارتی و یەكێتی دەكەینەوەو رایگەیاند كە 1ی شوبات ئەو راستیەی بۆ هەموو لایەك دەرخست كە دووژمنان هیچ جیاوازییەك لەنێوانماندا ناكەن و لەیەك كاتدا دژایەتی هەموومان دەكەن، بۆیە لەم رۆژەدا دەبێت بەبیر خۆمانی بهێنینەوە كە ئێمەش دەبێت یەكگرتوو بین و، هەموولایەكمان یەكگرتوویمان بپارێزین.

سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كورستان نێچیرڤان بارزانی ئەوەشی وت: 15 ساڵ پێش ئەمڕۆ لە هێرشێكی هاوكاتدا هەردوو بارەگای لقی دووی پارتی دیموكراتی كوردستان و مەڵبەندی سێی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە هەولێری خۆشەویست، هەولێری لێبوودەیی و پێكەوەژیانی و میواندۆستی و ئایین پەروەری، كرانە ئامانج و لە ئەنجامدا ١٠١ كەس لە سەركردەو كادیران و ئەندامان شەهیدبوون، لێرەدا جارێكی دیكە ریز لە گیانی پاكی ئەو شەهیدانە دەگرین و بەبیریان دەهێننینەوەو ریز لە خەباتی هەموو ئەو كەسانە دەگرین كە لەم رۆژەدا شەهیدبوون.

نێچیرڤان بارزانی وتیشی:ئەو رۆژە كە جەژنی قوربان بوو خەڵكی هەولێر دەستە دەستە دەهاتن و پیرۆزبایی جەژنییان لە كاربەدەستانی حكوومەت و بەرپرسە حكومیەكان دەكردو، گەردن ئازاییان لەیەكتر دەكرد، بەڵام تیرۆریستان خۆشی جەژنی قوربان و هیچ خۆشییەك بە خەڵكی كوردستان رەوا نابیننن، وەك كارە هەمیشە ناشرینەكان ئەمجارەش جەرگی سەدان دایكیان سووتاند و دڵی سەدان هاوڕێ و كەسوكاری ئەم شەهیدانەیان تاساند.

هەر لە درێژەی رێورەسمەكەدا، هەریەك لە سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان و پارتە سیاییەكان و پەرلەمانتاران و كۆنسوڵی وڵاتان لە هەرێمی كورستان و كەسوكاری شەهیدان، تاجە گوڵینەیان لەسەر كۆتەڵی شەهیدان دانا. 

رۆژی 1ی شوباتی ساڵی ٢٠٠٤ لە یەكەمین رۆژی جەژنی قوربان، تیرۆریستان دوو تەقینەوەی خۆكوژییان لە هەردوو مەڵبەندی سێی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و بارەگای لقی دووی پارتی دیموكراتی كوردستان لەشاری هەولێر ئەنجامدا كە تیایدا ١٠١ كەس شەهید بوون دەیانی دیكە بریداربوون.

PUKmedia فوئاد عوسمان 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket