riklam

رێكه‌وتنی سیاسی ئه‌وجا حكومه‌تی هه‌رێم !

بیروڕا 12:27 PM - 2019-01-28
.

.

دوای زیاتر له‌ 3 مانگ و نیو هێشتاش چاره‌نوسی پێكهێنانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دیارنیه‌ و هێشتاش گفتوگۆ بێزه‌نتیه‌كانی نێوان 3 لایه‌نه‌ سه‌ره‌كیه‌كه‌ی((پارتی و یه‌كێتی و گۆڕان)) به‌رده‌وامن،به‌بێ ئه‌وه‌ی تروسكاییه‌كی دڵخۆشكه‌ر و مژه‌ده‌به‌خشی خۆشی له‌ئاسۆدا به‌دیاركه‌وتبێت.
هه‌موان ده‌پرسین ئایا هۆكاری ڕێكنه‌كه‌وتن و پێكنه‌هاتنی ئه‌م 3 لایه‌نه‌ چیه‌؟ به‌تایبه‌تیش یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان وه‌كو هێزی یه‌كه‌م و دووه‌می براوه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی 30 ئه‌یلولی 2018ی په‌ڕله‌مانی كوردستان؟ بێ متمانه‌ییه‌ له‌نێوانیاندا؟ یان هه‌وڵدانه‌ بۆ سه‌پاندنی ئه‌جێندای تایبه‌ت به‌سه‌ر ئه‌وانی تردا؟ ده‌كرێت بوترێت حكومه‌تێكی شه‌راكه‌تی ڕاسته‌قینه‌؟یان زاڵبوونی لایه‌نێك به‌سه‌ر ئه‌وانی تردا؟ و ده‌یان پرسیاری تریش..
ئه‌وه‌ی له‌ئه‌نجامی 3 گه‌ڕی گفتوگۆكان ده‌خوێنرێته‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هیچ كامیان له‌و سێ لایه‌نه‌ متمانه‌یه‌كی ته‌واویان به‌وانی تر نیه‌ و هه‌ریه‌كه‌ به‌ گومان و ترس و دوودڵیه‌وه‌ ده‌ڕوانێته‌ به‌رامبه‌ره‌كه‌یان و هێشتاش هیچ كامیان كارت و داواكاریه‌ ڕاسته‌قینه‌كانی خۆیان نه‌خستۆته‌ سه‌ر مێزی گفتوگۆكان و هێشتاش له‌ قۆناغی زمان تاقیكردنه‌وه‌ و نیه‌ت خوێندنه‌وه‌ی یه‌كتریدان و هیچ كامیان گه‌ره‌كیان  نیه‌ ته‌واوی كارته‌كانیان ئاشكرا بكه‌ن و هه‌موانیان به‌رزترین سه‌قفی داواكاریه‌كانیان پێشكه‌شده‌كه‌ن كه‌ ئه‌مه‌ له‌ سیاسه‌تی گفتوگۆكاندا ته‌نها به‌ركوڵ و ده‌ستپێكه‌ ،ئه‌گینا نیه‌ته‌ ڕاسته‌قینه‌كان له‌كۆتادا دێن كه‌ زۆر كه‌مترن له‌داواكاریه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان.
هۆكاری سه‌ره‌كی نه‌گه‌یشتنه‌ ڕێكه‌وتن دوای زیاتر له‌ 3 مانگ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ یه‌كێتی و پارتی دیدگا و تێڕوانین و خوێندنه‌وه‌ی نوێیان هه‌یه‌ بۆ  قۆناغی ئاینده‌ی حوكمڕانی كوردستان و له‌سایه‌ی گۆڕانكاریه‌كان و ململانێكانی نێوانیان و گۆڕانكاری له‌ته‌رازووی هێزه‌كان و ئاڵوگۆڕی نێو عێراق و ته‌واونه‌كردنی كابینه‌ حكومیه‌كه‌ی عادل عبدالمهدی و چه‌قبه‌ستنی دۆخی كه‌ركوك و جێگه‌ ناكۆكه‌كانی تر ، هه‌موو ئه‌مانه‌ هه‌ردوولایانی هێناوه‌ته‌ سه‌ر ئه‌و بڕوایه‌ی كه‌ ناكرێت به‌ ئالیه‌ت و میكانیزمی كابینه‌كانی پێشووتر ئه‌م كابینه‌ حكومیه‌ نوێیه‌ پێكبهێنن،به‌تایبه‌تی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ داوای شه‌راكه‌تێكی ڕاسته‌قینه‌ی كردوه‌ له‌ حكومه‌تدا ،شه‌راكه‌تێك كه‌ هه‌ردوولا شه‌ریكی ڕاسته‌قینه‌ بن له‌ بڕیاره‌كان و به‌رپرسیاریش بن له‌ ئێستا و ئاینده‌،یه‌كێتی گه‌ره‌كێتی حكومه‌تێكی به‌هێزی سیاسی و ئابوری و جه‌ماوه‌ری و ئه‌منی پێكبهێنرێت كه‌ حكومه‌تی هه‌موان بێت بێ جیوازی له‌ زاخۆوه‌ تا خانه‌قین به‌كه‌ركوك و ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كانیشه‌وه‌،یه‌كێتی ده‌یه‌وێت سه‌رجه‌می كێشه‌ سیاسی و ئابوری و كۆمه‌لاَیه‌تی و ئه‌منیه‌كان كه‌ په‌یوه‌ندیان به‌دواڕۆژی كوردستان و هه‌رێمه‌وه‌ هه‌یه‌ پێكه‌وه‌ و وه‌ك یه‌ك پاكێج ته‌ماشابكرێن و بخرێنه‌ سه‌ر مێزی گفتوگۆو ڕێكه‌وتنی سیاسیان له‌سه‌ر بكرێت،یه‌كێتی ده‌یهه‌وێت كه‌ له‌هه‌رێم و كه‌ركوك و به‌غداد كورد پێكه‌وه‌ كاربكه‌ن و پێكه‌وه‌ش ڕووبه‌ڕووی ئاڵنگاری و مه‌ترسیه‌كانیش ببنه‌وه‌،چونكه‌ ناكرێت له‌هه‌رێمدا حكومه‌ت پێكبهێنرێت و وه‌كو به‌شێكی دابڕاو سه‌یربكرێت له‌ كێشه‌ و ململانێكانی كه‌ركوك و به‌غداد،چونكه‌ هه‌موو كات و به‌درێژایی شۆڕشه‌كانی كورد كه‌ركوك جێگه‌ و خاڵی ناكۆكی و پێكنه‌گه‌یشتنی كورد و به‌غداد بوون،هه‌ربۆیه‌ كه‌ركوك به‌شێكی دانه‌بڕاوه‌ له‌كوردستان و ده‌بێت به‌هه‌وڵی هه‌موو كوردیش له‌ به‌غداد و له‌گه‌ڵ ده‌سه‌لاَتدارانی به‌غداد چاره‌سه‌رییان بۆ بدۆزرێته‌وه‌، به‌م شێوه‌یه‌ ناكۆكی له‌تێڕوانین و لێكتێگه‌یشتن هه‌یه‌ له‌نێوان یه‌كێتی و پارتیدا و هه‌ر ئه‌مه‌شه‌ كه‌ بۆته‌ خاڵی پێشنه‌كه‌وتنی گفتوگۆكان .
له‌لای پارتی و گۆڕانیشه‌وه‌ ئه‌وه‌ی ده‌خوێنرێته‌وه‌ هێنده‌ دوور نین له‌یه‌كتره‌وه‌ و ده‌كرێت دوای ڕێكه‌وتنی پارتی و یه‌كێتی به‌ئاسانی گۆڕان و پارتیش ڕێكبكه‌ون،چونكه‌ گۆڕان  چاوه‌ڕوانی هه‌ڵوێستی یه‌كێتی ده‌كات به‌ به‌شداریكردن یان نه‌كردن له‌حكومه‌تدا،چونكه‌ گه‌ر یه‌كێتی به‌شداری نه‌كات ئه‌وا به‌دڵنیایی گۆڕانیش به‌شدار نابێت چونكه‌ باش ده‌زانێت چاره‌نوسی ئه‌و حكومه‌ته‌ به‌بێ بوونی یه‌كێتیه‌كی كارا و به‌هێز سه‌ركه‌وتوو نابێت و ئه‌نجامیش گۆڕان  ته‌نها به‌شداریه‌كی شكڵی ده‌بێت به‌بێ ده‌سه‌لاَت و له‌به‌رامبه‌ر دۆست و لایه‌نگر و ئه‌ندامان و جه‌ماوه‌ره‌كه‌یدا تووشی ئیحراجیه‌كی گه‌وره‌ ده‌بێت له‌به‌رئه‌وه‌ی ناتوانێت له‌ناوچه‌ی سه‌وزدا هیچ به‌ڵێنێك جێبه‌جێبكات بۆیه‌ به‌شدارینه‌كردنی گۆڕان یان به‌شداریكردنی وه‌ستاوه‌ته‌ سه‌ر كۆتا بڕیار و هه‌ڵوێستی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان.
بۆیه‌ ده‌بێت كه‌  هه‌نگاوی یه‌كه‌م ڕێكه‌وتنێكی گشتگیری سیاسی و ئابوری و ئه‌منی له‌سه‌ر هه‌موو مه‌سه‌له‌ گرنگه‌كان بكرێت ،ئه‌وكات بڕیار له‌سه‌ر به‌رنامه‌ و كار و نه‌خشه‌ ڕێگاو پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێم بدرێت،چونكه‌ ناكرێت كابینه‌ی حكومه‌ت له‌هه‌رێم پێكبهێنرێت به‌بێ بوونی ماده‌ و بڕگه‌ی تایبه‌ت به‌ چاره‌سه‌ركردنی ململانێ و ناكۆكی و دواڕۆژی كه‌ركوك و ناوچه‌كانی تر و ململانێ و ناكۆكیه‌كانیش له‌گه‌ڵ به‌غداد،چونكه‌ گه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم خۆی به‌خاوه‌نی كه‌ركوك و هه‌موو ناوچه‌كانی تریش ده‌زانێت ده‌بێت بیخاته‌ نێو به‌رنامه‌ی كاری خۆیه‌وه‌،بۆیه‌ پێش پێكهاتنی ئه‌م حكومه‌ته‌ له‌هه‌رێمدا گه‌ره‌كه‌ ڕێكه‌وتنێكی سیاسی له‌نێوان پارتی و یه‌كێتی به‌تایبه‌تی و دواتریش گۆڕانیشدا بكرێت،بۆئه‌وه‌ی هه‌موان به‌رچاویان ڕوونبێت له‌سه‌ر چ به‌رنامه‌ و نه‌خشه‌ ڕێگایه‌ك ڕێكه‌وتون و بۆ 4 ساڵی ئاینده‌ كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌ن.
ئه‌م هه‌نگاوه‌ پێویسته‌ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵه‌كانی ڕابووردوو و هه‌ڕه‌شه‌ و سیاسه‌تی خۆسه‌پاندن و ته‌ریك و بێبه‌شكردنی لایه‌نێك دووباره‌ نه‌بێته‌وه‌ و له‌نیوه‌ی ڕێگادا حكومه‌ت لێكبترازێت و جارێكی تریش حكومه‌ت نه‌بێته‌ حكومه‌تی تاكلایه‌نه‌ و حكومه‌تی خۆسه‌پاندن ،چونكه‌ ده‌ركه‌وت له‌كوردستان و له‌ عێراق و له‌ناوچه‌كه‌شدا حوكمڕانی به‌ته‌نها هێزێك ناكرێت چه‌نده‌ به‌هێز و خاوه‌ن نفوز و پاره‌ و ده‌سه‌لاَتیش بێت ،جا بۆ زامنكردنی سه‌ركه‌وتنی كابینه‌ی حكومه‌تی نوێ،ئه‌م ڕێكه‌وتن و لێكتێگه‌یشتنه‌ سیاسیه‌ پێشوه‌خته‌ گه‌لێك پێویسته‌.
هه‌ربۆیه‌ ده‌كرێت پارتی دیموكراتی كوردستان وه‌ك هێزی براوه‌ی یه‌كه‌م به‌دید و تێڕوانینی كراوه‌تر و فراوانتر له‌ 4 ساڵی ڕابووردوو سه‌یری كێشه‌ و ململانێ و داواكاریه‌كانیش بكات و به‌عه‌قڵیه‌تێكی كراوه‌تریشه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ به‌رامبه‌ره‌كانی بكات نه‌ك به‌ زمانی ژماره‌ی كورسی و براوه‌ی یه‌كه‌م بدوێت،چونكه‌ گه‌ر ڕێكه‌وتنێكی سیاسی پێشوه‌خته‌ ئه‌نجامبدرێت ئه‌وا پێكهێنان و دابه‌شكردنی پۆسته‌كان زۆر ساناتر ده‌بێت و به‌دڵنیایش سه‌ركه‌وتن زۆر نزیكتر ده‌بێت و چاره‌نوسی حكومه‌ته‌كه‌ش ڕۆشنتر ده‌بێته‌وه‌.به‌لاَم به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ناكرێت هه‌موان له‌سه‌ر داواكاریه‌ ته‌عجیزیه‌كانی خۆیان مكوڕبن و هه‌نگاوێك نه‌یه‌نه‌ پێشه‌وه‌ و سه‌قفی داواكاریه‌كانیان دانه‌به‌زێنن و به‌رده‌وامبن له‌سه‌ر عینادی سیاسی خۆیان و سه‌نگه‌ر له‌یه‌كتر بگرن،چونكه‌ ناكرێت قۆناغی داهاتوو به‌و هه‌موو هه‌ستیاریه‌وه‌ سه‌رقاڵی ئه‌م ململانێ حیزبیانه‌ بێت له‌كاتێكدا هه‌موو ناوچه‌كه‌ گیردۆده‌ی ململانێی توند بونه‌ته‌وه‌ و زۆر نزیكیشه‌ سه‌ربكێشێت بۆ جه‌نگێكی گه‌رمی سه‌ربازی و ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی ڕاسته‌وخۆی نێوان زلهێزه‌ دونیایی و ناوچه‌ییه‌كان،كه‌ هه‌موانیشیان گۆڕه‌پانی ئه‌و جه‌نگه‌ ده‌گوزانه‌وه‌ بۆ سه‌ر خاك و گه‌لانی كوردستان.بۆیه‌ گه‌ر هه‌موان گه‌ره‌كیان بێت كه‌ حكومه‌تێكی به‌هێز پێكه‌وه‌بنێن و شه‌راكه‌تێكی ڕاسته‌قینه‌ش پیاده‌ بكه‌ن ئه‌وا ده‌بێت زیاتر نه‌رمونیان تر بن و ڕاستگۆیانه‌ بێنه‌ پێشه‌وه‌ و متنمانه‌ی زیاتریش به‌یه‌كدی بكه‌ن.

نه‌وزادی موهه‌ندیس
PUKmedia

ئەمانەش ببینە

سروشتی گۆمی فێڵاو

کوردستان 09:02 AM - 2024-04-16 رۆژی ژینگەی هەرێم

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket