riklam

بافڵ تاڵەبانی: سەردەمی پاشكۆیەتی تەواو بوو، لەسەر پارێزگاری كەركوكیش سازش ناكەین

ی.ن.ک‌‌ 04:39 PM - 2019-01-23
.

.

ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەمیوانداری  بافڵ تاڵەبانی كۆبوەوە بۆ تاوتوێكردنی دواهەنگاوەكانی پێكهێنای حكومەتی هەرێم و پرسی كەركوك و پەیوەندی هەولێرو بەغدا.

 زوبێر عوسمان جێگری سكرتێری ئەنجومەنی ناوەندی راپۆرتێكی سیاسی، گشتی لەبارەی كۆی پرسەكان پێشكەشكردو دیدگای ئەنجومەنی ناوەندی لە هەموو روەیەكەوە خستەڕوو كە سیاسەتی حەكیمانەی رابەرمان سەرۆك مام جەلال-ە بۆ كۆی پرسەكان. 

كارو چالاكییەكانی سكرتارییەت و كۆمسیۆنەكان و لیژنەكانی ئەنجومەنی ناوەندی ئاشكراكرد كە لەسەر بڕیاری كۆبونەوەی فراوانی ئەنجومەنی ناوەندی راپۆرتێكی گشتگیر لەسەر كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان لە موسڵ و شەنگال و مەخمورە بۆ دووز خورماتوو هەتا خانەقین  لەسەر رۆشنایی ئەو ئامار و داتا و ئەنجام و راسپاردانە ئامادە كردوەو لەكۆبوونەوەی فراواندا گفتوگۆی لەبارەوە دەكرێ و پاش پەسەندكردنی ئاڕاستەی مەكتەبی سیاسی و لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكرێت.

‎وتیشی: ئەنجومەنەكەی مام لەسەر سیاسەتی چەپكە گوڵەكە بەردەوامەو لەسەر هەموو پرسە گرنگ و چارەنوسازەكان رۆڵ و هەڵوێستی دەبێت. 

 

بافڵ تاڵەبانی: مەرجی گفتوگۆكانمان بۆ پێكهێنانی  حكومەت رێكەوتنی سیاسی و چاكسازی ریشەییە

دواتر بافڵ تاڵەبانی لەسەر ئاستی هەرێم، عیراق، ناوچەكە خوێندنەوەی بۆ ستراتیژو سیاسەتی بڕیار لێدراوی نیشتمانی و راست و دروستی یەكێتی كردو وتی: بۆ هەرێم یەكێتی لە پۆست و دەستكەوتی حزبی گرنگتر  رێكەوتنی سیاسییە لە سەر شێوازی بەڕێوەبردن و حكومڕانی و سیاسەتی هەرێمی كردۆتە مەرج، چونكە پێمانوایە كاتی گۆڕانكاری ریشەیی هاتووە لەكۆی جومگەكان و چاكسازی لە ئیدارەدان و ژیان و گوزەرانی خەڵك و بەهێزتركردنەوە ئابوری هەرێم و یەكخستنەوە ماڵی كورد، كە ئەمەش تەنها دروشم و قسەنەبێت لە واقیعدا بەرجەستەی بكەین، بۆیە دڵنیابن بۆ وڵاتانی دونیای دەرەوەو وڵاتانی زلهێزی جیهان و ناوچەكەش دەركەوت یەكێتی لە دوو ساڵی رابردوو لەسەر كۆی پرسەكان، سیاسەتی حەكیمانەو واقیعی پەیڕەوكردووە، بۆیە ئەمڕۆش پێشنیارو بڕیارەكانمان لەسەر ئاستی ناوخۆیی و عیراق و ناوچەكە گوێلێگیراو و سەرچاوەی بڕیارە ستراتیژییەكانە.

وتیشی: لەبەر ئەوە خەمی ئێمە خەمی هەرێمێكی هاووڵاتی بوونە كە یاساو دادگاكان لەسەروو هەموانەوە بێت و عەدالەتی كۆمەڵایەتی بچەسپێنین كە بە دڵنیاوە ئەو ئاواتە بەپشتیوانی دڵسۆزان و سەركردە نیشتیمانییەكانمان و كۆمەڵانی خەڵك و خاوەن بیرو رۆشنبیرو رۆشنفكرە دڵسۆزەكانمان بەدیدێنین، بۆ ئەوەش رێكەوتنی سیاسی لەگەڵ هەموو هێزەكان دەكەین و تاكە مەرجمانە بۆ گفتوگۆكانمان لەبارەی پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێم.

رونیشیكردەوە: نوێنەرەكانی یەكێتی لەسەر ئاستی عیراق و هەرێم لەهەوڵی جێبەجێكردنی چەند پرۆژەیەكی ستراتیژین بۆ بوژاندنەوەی ژێرخانی زیاتر ئابوری هەرێم.

 

بافڵ تاڵەبانی: سازش لەسەر پارێزگاری كەركوك ناكەین

سەبارەت بەكەركوك، بافڵ تاڵەبانی راشكاوانە هەڵوێستی نەگۆڕی یەكێتی تەئكیدكردەوەو وتی: كەركوك قودسی كوردستانە، یەكێتی چۆن لەڕابردو و ئەمڕۆ كەركوكی جێنەهێشت، بۆ بەیانی و داهاتووش هەر لە شارەكەی خۆمان دەمێنینەوە ئەوە وەسێت و خەونی هەڤاڵ مام جەلال بووەو پەیڕەوی دەكەین و دەیهێنینەدی.

راشیگەیاند: لەسەر پرسی پارێزگارو مافەكانیشمان هیچ تەنازولێ ناكرێت و نەشمانكردوە، چونكە كەركوك شاری پێكەوە ژیان و هەموو پێكهاتەكانە، بەڵام دڵنیابن پۆستی پارێزگار بۆ كورد دەبێت و یەكێتیش دەبێت، ئەوە قابیلی هیچ جۆرە گفتوگۆ و سازشێك نیە، ئەوە كۆتایی پێهاتووە كەركوك شاری یەكێتییە كە ئەمەش لەپێناو ئاسایكردنەوەی دۆخی شارەكەو بوژاندنەوە گیانی برایەتییە لەنێوان كوردو برایانی عەرەبی رەسەن و توركمان و پێكهاتەكانی ترە كە بۆ هەموولایەك  ئەوە رونبۆتەوە. 

بافڵ تاڵەبانی ئەو كۆبونەوەی قۆستەوەو رووی دەمیكردە كەركوكییەكان  و داوایكرد چیتر گوێنەدەنە پەیامی ژەهراوی هەندێ راگەیاندنی بارگاوی بوون كە بەئەجێندایەكی  دژی مافی كورد  دەیانەوێت دۆخی كەركوك زیاتر تێكبدەن، بۆیە بیان سڕنەوەو ئێوەی دڵسۆز لەگەڵمان بن و هاوكارمان بن بۆ تەواوكردنی هەوڵەكانمان كە ئەوەنە نابات دۆخێكی تر دێتە پێشەوەو بەدڵی هەمووان دەبێت  

وتشی: دەیڵێمەوە یەكێتی و كەركوك بێیەك هەڵناكەن و هەتا یەكێتیەكی رەسەن مابێت دەست لە كەركوك هەڵناگیرێت و كەركوك یەكێتی دەبێت. 

 

بافڵ تاڵەبانی : سەردەمی پاشكۆیەتی تەواو بوو 

یەكێتی یەك بڕیاری هەیەو كۆنگرەی نوێبونەوەش دەبەستین  و دەبینەوە بەخزمەتكاری راستەقینەی خەڵك و قبوڵی ناكەین لەمەودوا بە هیچ پاساوێك ئەندام و كادری یەكێتی دەسبەسەربكەێت و سوكایەتی پێبكرێت.

یەكێتی ناو یەكێتی و كاری رێكخراوەیی و بەستنی كۆنگرە تەوەرێكی دیكەی قسەكانی بافڵ تاڵەبانی بوو،رایگەیاند: یەكێتی ئێستا یەك بڕیاری سیاسی هەیە بۆ كۆی پرسەكان و هەر بڕیارێكیش كە دەیدات بڕیاری نیشتمانی و رەنگدانەوەی داخوازی خەڵك دەبێت، بەرنامەیەكیش جێبەجێدەكەین بۆ رێكخستنەوەی تەواوی كاروباری رێكخراوەیی و پاداشت و سزا دەكەینە پێوەری كارەكانمان  و چیتر یەكێتی پاشكۆی هیچ حزبێك نییە و خاوەنی بڕیاری راست و دروستی خۆی دەبێت و ئەو سەردەمەش تەواو بوو یەكێتی پاشكۆیەتی و پەراوێزی قبوڵ بكات. 

راشیگەیاند: كۆنگرەی نوێبوونەوەو بوژاندنەوەی گیانی یەكێتی بوون دەبەستین و كۆنگرەش نابێتە سەكۆی دژایەتی و سڕینەوەی هیچ كەسێك، بەڵكو وێستگەی گۆڕانكاری و هێنانە پێشەوەی هێزو توانای نوێ دەبێت و یەكێتیش دەبێتەوە خزمەتكاری راستەقینەی خەڵك، هەموو پشتیوانی و هاوكارییەكی دوپاتكردەوە بۆ هەڤاڵانی سكرتارییەت و ئەندامانی ئەنجومەنی ناوەند كە دڵسۆزانە وەك پەرلەمانی حزب كاریانكردوەو ستایشی رۆڵیانی كرد لە ئاڕاستەكردنی سیاسەتی راست و دروستی یەكێتی. 

بافڵ تاڵەبانی: كۆتایی بەبڕیاری تاك لایەنانە هاتووە 

لەبارەی بەغداد و پێشهاتەكانی ناوچەكەو سیاسەتی گۆڕاوی نێودەوڵەتی بەرامبەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بافڵ تاڵەبانی هەڵوێستەی كردو وتی: یەكێتی سیاسەتێكی هاوسەنگ و واقیعی پەیڕەو دەكات كە بەقازانج و زیاتر بەهێتركردنی پێگەكەمان بشكێتەوە لەكۆی گۆڕانكارییەكانیش وەك كورد براوەبین ، بۆ ئەوەش كاردەكەین بۆ یەكخستنەوەی ماڵی كوردو یەكخستنی پەیامی نیشتیمان، چونكە لەمەودوا هەربڕیارێك دەدرێت پەیوەندی بە بەرژەوەندی باڵای گەلەكەمانەوە هەبێت، دەبێت بڕیاری نیشتمانی بێت و كۆدەنگی هەموولایەكی لەسەر بێت و قۆناغی بڕیاری تاك لایەنانە بەسەرچوو، هەموانیش پشتگیری نوێنەرەكانمان بكەین لە بەغداو كارەكانمان لە پێناو هەرێمێكی بەهێزتربێت.

وتیشی: با هەموو دەنگ و رەنگە جیاوازەكان پشتگیری لە دكتۆر بەرهەم ئەحمەد ساڵح سەرۆك كۆماری عیراق بكەین و پشتیوانی بین لە سەرخستنی هەوڵەكانی بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی هەرێم و عیراق و خزمەتكردنی زیاتر هەرێم، چونكە ئێستا نوێنەری هەمومانە لە بەغداو پێكەوە لایەنە سیاسیە كوردییەكان پرۆژەمان هەبێت بۆی و نەبینە ئاستەنگ لەبەردەمی و دور لە ئینتمای سیاسی و بیركردنەوەی حزبی لەگەڵی بین لەپێناو بەدەسیهێنانی مافەكانی گەلی كورد .

تەوەرێكی دیكەی كۆبونەوەكە تەرخان كرا بۆ گفتوگۆی بەرپرسیارانەی هەڤاڵانی ئەنجومەنی ناوەندی كە راشكاوانە لە پەرۆشیان بۆ یەكێتی ناو یەكێتی و هەرێمێكی بەهێزترو یەكڕیزی نیشتمانی و بەستنی كۆنگرەی نوێبونەوە چەندین بۆچوون و ئارا خرانەڕوو.

PUKmedia 

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket