riklam

وەزارەتی تەندروستی: یەكەم حاڵەتی ئەنفلۆنزای بەراز تۆماركرا

کوردستان 06:25 PM - 2019-01-17
.

.

تەندروستی هەرێم تۆماركردنی یەكەم حاڵەتی ئەنفلۆنزای (H1N1)ی راگەیاندو دەشڵێت: توشبووەكە لەژێر چاودێری تەندروستیدایەو بارودۆخی تەندروستی جێگیرە، رەتیشیدەكاتەوە لەهەرێم هیچ حاڵەتێكی ئەنفلۆنزای باڵندە تۆماركرابێت.

وەزارەتی تەندروستی هەرێم لە راگەیەنراوێكیدا كە وێنەیەكی گەیشتۆتە PUKmedia، رایگەیاند: ئەمڕۆ حاڵەتێكی ئەنفلۆنزای (H1N1) كە بەهەڵە ناسێنراوە بەئەنفلۆنزای بەراز، لە هەرێمی كوردستان تۆماركراوەو لەژێر چاودێری تەندروستی دایەو خۆشبەختانە بارودۆخی تەندروستی جێگیرو باشە.

دەشڵێت: بۆ زانیاری هاووڵاتیان و دەزگاكانی راگەیاندن، بەپێویستی دەزانین جەخت لەو راستیە بكەینەوە كە ئەنفلۆنزای (H1N1)  ئێستا  بەشێكە لە ئەنفلۆنزای وەرزی، كە پەتایەكی ساڵانەی چاوەڕوانكراوە لە هەموو وڵاتانی جیهان بەشێوەی وەرزی رودەدات، لەڕووی مەترسی و ترسناكی جیاوازە لەو پەتایەی ئەنفلۆنزای بەراز (H1N1)  كە لەساڵی 2009 رویداو جیهانی گرتەوە، ئەوكات كوتانی دژی ڤایرۆسەكە نەبوو، ڤایرۆسەكە نوێ بوو و خەڵك هیچ بەرگریەكیان نەبوو دژی ڤایرۆسەكە، بەڵام ئێستا كوتانی دژی ڤایرۆسەكە هەیەو هەموو كەسێك بەتایبەت ئەوانەی مەترسیان لێدەكرێت وەك كەسانی بەتەمەن و منداڵانی خوار تەمەن پێنج ساڵ و نەخۆشانی دڵ و سینگ و ئەوانەی بەرگری لەشیان كەمە دەتوانن كوتانی ئەنفلۆنزا وەربگرن بۆ خۆپارێزی.

تەندروستی هەرێم رونیشیكردۆتەوە:زۆربەی هەرە زۆری حاڵەتەكان بەسوكی دەبێت و پێویستە نەخۆشەكان لە ماڵەوە پشوو بدەن و شلەمەنی زیادە بخۆنەوەو نەچنە شوێنی قەرەباڵغ.

ئەوەشی خستۆتەڕوو: بۆ خۆپارێزی هاووڵاتیان، پێویستە زوو زوو دەستمان بەئاو و سابوون بشۆین، لەكاتی كۆكە و پژمین دەم و لووتمان بە كلێنیكس یان دەستەسڕ داپۆشین هەروها نەچین بۆ شوێنی قەراباڵغ و داخراو، لەكاتی توشبوون بە نەخۆشیەكە پشوو بدەین و شلەمەنی زیاتر بخۆینەوە 

بەڵام ئەو هاووڵاتیانەی خوارەوە ئەگەر توشبوون،پێویستە زوو سەردانی پزیشك بكەن :-

۱. كەسانی بەتەمەن یان منداڵی خوار پێنج ساڵ .

۲. ئەوانەی نەخۆشی درێژخایەنی دڵ و سینگیان هەیە

۳. ئەوانەی نەخۆشی كەمی بەرگری لەشیان هەیە

٤. ژنانی دوو گیان 

لە دەزگا تەندروستیەكان ئەو رێوشوێنانە وەرگیراون كە پێویستن بۆ كۆنتڕۆڵی نەخۆشیەكە و چارەسەری نەخۆشەكان . 

ئەوەش دەڵێت: ئەو ڤایرۆسە  (H5N1) نییە  كە ناسراوە بەئەنفلۆنزای باڵندە،  هیچ حاڵەتێكی ئەنفلۆنزای باڵندە (H5N1) لە هەرێم تۆمارنەكراوە. 

PUKmedia 

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket