riklam

یەكێتی و پارتی وادەیەك بۆ پێكهێنانی حكومەت دیاریدەكەن

ی.ن.ک‌‌ 02:48 PM - 2019-01-14
.

.

هەردوو مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان كۆبوونەوە جەخت لەتەبایی نێوان هەردوو حزب كرایەوەو وادەیەكیش بۆ پێكهێنانی حكومەت دیاریكرا.

لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشدا، سەعدی پیرە وتەبێژی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و مەحمود محەمەد وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان باسیان لەئەنجامی كۆبوونەوەكە كرد.

لەسەرەتادا سەعدی پیرە رایگەیاند: لەكۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەبارەی ئەو كێشەو گیروگرفتانە كراوە كە  لەنێوان هەردوولادا هەیە، هەروەها باس لەوەشكرا كە بانگهێشتی لایەنەكانی دیكە بكرێت كە دەیانەوێت بەشداری لەحكومەتدا بكەن.

وتیشی: وەك یەكێتی و پارتی كاری سەرەكیمان ئەوەیە لەدوای كاڵبوونەوەی رێككەوتنی ستراتیژی بەرنامەیەكی سیاسی و كاری هاوبەش بۆ ئیدارەدانی پێشهات و كێشەكان دابنێین، هەروەها ئەو دەستەیەی بۆ پیكهێنانی حكومەت لەنێوان هەردوولا هەیە چالاكتر دەبێت و دەستەیەكی شارەزاش بۆ بەرنامەی كاری سیاسی و هاوبەش دادەنرێت كە تایبەت دەبێت بەسەرجەم بوارە سیاسی و ئابوری و ئیدارییەكان.

ئەوەش وت: بابەتی پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێم، هەروەها هاوهەڵوێستی یەكێتی و پارتی لەسەر پرسی كەركوك، كە بارودۆخی ئێستای شارەكە، بارودۆخێكی نەخوازراوەو رەنگە زیاتر درێژە بكێشێت زیانمان پێبگەیەنێت، بۆیە ناكرێت دوابخرێت و لەبەرنامەی كارەكانماندا نەبێت.

وتیشی: بابەتی كەركوك پەیوەندی بەبەغداوە هەیەو پێویستە ئاسایی بكرێتەوە، چونكە دەبێت رێككەوتن لەگەڵ عیراق بكرێت و شارەكە لەهێز خاڵی بكرێتەوە، بۆیە دەبێت بە بەرنامەیەكی هاوبەش روبەڕووی ئەو كۆسپ و تەگەرانە ببینەوە.

وتەبێژی مەكتەبی سیاسی یەكێتی راشیگەیاند: ریككەوتنی نێوان یەكێتی و پارتی نەك بەتەنها لەبەرژەوەندی هەرێمی كوردستان دەبێت، بەڵكو بۆ ئایندەی عیراقیش هەنگاوێكی باش دەبێت، هەروەها دیدی یەكێتی و پارتیش لەسەر پێكهێنانی حكومەت دوور نیە.

لەبارەی دۆخی كەركوك و گەڕانەوەی پێشمەرگەش بۆ ناوچە جێناكۆكەكانیش، رایگەیاند: دەبێت لەگەڵ بەغدا گفتوگۆ بكرێت بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ئەو ناوچانەی لێی بووە، چونكە بەتەنها كەركوك نیە، بەڵكو لەناوچە جێناكۆكەكانی دیكەشە، هەروەها دەبێت هەماهەنگی لەنێوان هێزی پێشمەرگەو سوپای عیراق و هێزە ئەمنییەكانی دیكەدا هەبێت.

رونیشیكردەوە: ئاساییكردنەوەی پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغداو ناوچە كێشە لەسەرەكان، بەلابردنی بارەگانی هێزە ئەمنیەكان عیراق و پێشمەرگە لەناو شارەكان و جێهێشتنی بۆ هێزەكانی پۆلیس و ئاسایش تەواوەو ئەوە بەشێكە لەچارەسەری كێشەكە.

 هەروەها مەحمود محەمەد وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستانیش رایگەیاند:كۆبوونەوەكانی پێكهێنانی حكومەتی خێراتر دەكرێت تا بەزووترین كات حكومەت پێكبهێنرێت و كاتی دیاریكراوی بۆ دابنرێت.

ئەوەش وت: لیژنەیەكی هاوبەش لەنێوان هەردوولا پێكهێنراوە بۆ تێگەیشتنی زیاتر لەنێوان یەكێتی و پارتی  تا چوارچێوەی رێككەوتنێك دابنێن بۆ ئەوەی لەمەودوا چۆن حكومڕانی هەرێم بكەن لەگەڵ لایەنەكانی دیكە.

راشیگەیاند: لەنزینكترین كاتدا كۆبوونەوەی لیژنەكان دەستپێدەكات و كۆبوونەوەكانی نێوان هەردوو مەكتەبی سیاسیش بەردەوامدەبێت، لەكۆبوونەوەكەی ئەمڕۆشدا هیچ پرۆژەیەك گفتوگۆی لەسەر نەكراوە، بەڵكو ئەو بابەتە بۆ كۆبوونەوەكانی داهاتوو دەبێت. 

باسی لەوەشكرد: بۆ پێكهێنانی حكومەت دەبێت لەگەڵ ئەو لایەنانەی پێمانباشە لەناو كابینەی نوێدا بەشداری بكەن لێكتێگەیشتن هەبێت.

وتەبێژی پارتی راشیگەیاند: رێككەوتنی ستراتیژی، رێككەوتنێكی باش بوو، زۆر پێویست بوو، رۆڵی هەبوو بۆ رێكخستنەوەی نێوماڵی كورد، ئێستاش قۆناغێكی دیكەیەو  پێویستی بەڕێككەوتنی نوێ هەیە، بۆیە بەپێی پێویستی ئێستا رێككەوتن دەكەین.

لەبارەی كەركوكیشەوە، وتی: بارودۆخی كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان ئاسایی بكرێتەوەو لەگەڵ عیراق بەپاكێجێك لەسەر كەركوك بگەینە ئەنجام 

PUKmedia تایبەت 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket