riklam

مه‌لا به‌ختیار: چاره‌سه‌ری كێشه‌ سیاسی و ئابورییه‌كان ئاسان نييه‌

ی.ن.ک‌‌ 07:33 PM - 2019-01-12
.

.

باڵیۆز و كونسوڵی گشتی به‌ریتانیا له‌عیراق و كوردستان، له‌سلێمانی و له‌ماڵه‌كه‌ی خۆی، سه‌ردانی مه‌لا به‌ختیار، لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی ده‌كه‌ن و له‌گفتوگۆیه‌كی هه‌مه‌لایه‌نه‌شدا، بیروڕا له‌باره‌ی كێشه‌كانی عیراق، سوریا و ناوچه‌كه‌ ئاڵوگۆڕ ده‌كه‌ن و  تیایدا، لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی "گه‌ڕانه‌وه‌ی حكومه‌تی مه‌ده‌نی بۆ كه‌ركوك" به‌پێویست ده‌زانێت و ئاماژه‌ش بۆ ئه‌وه‌ده‌كات كه‌ "چاره‌سه‌ری كێشه‌ سیاسی و ئابورییه‌كانی عیراق، به‌ئاسان نازانێت".

له‌دیداره‌كه‌دا، له‌گه‌ڵ جۆناسان وڵكس و مارتن وار، باڵیۆزو كونسوڵی گشتی به‌ریتانیا له‌عیراق و كوردستان، كه‌ پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ (12/1/2018) به‌ڕێوه‌چوو، مه‌لا به‌ختیار، لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی، له‌باره‌ی كێشه‌ سیاسی و ئابورییه‌كانی عیراقه‌وه‌، كه‌ چاره‌سه‌ركردنی به‌ئاسان نازانێت، رونیده‌كاته‌وه‌، هه‌ندێك له‌كێشه‌كان بابه‌تین و ناوچه‌كه‌ش به‌هۆی كێشه‌ی ئه‌مریكا و ئێران، كێشه‌ی شیعه‌و سوننه‌، ئاڵۆزه‌. هه‌روه‌ك زۆرێكی تر له‌كێشه‌كان خودین.. بۆیه‌ ئه‌گه‌ر حكومه‌ت به‌مشێوه‌یه‌ پێكبهێنرێت، ئه‌وا حكومه‌تێك له‌ناو ئه‌م كێشانه‌دا به‌ڕێوه‌ده‌برێت، كه‌ كه‌منین و زۆرن. وتیشی: سه‌رباری كۆی دۆخه‌كه‌ و ده‌رهه‌ق به‌هه‌لومه‌رجه‌كه‌، پێویسته‌ هه‌م له‌عیراقدا كاربكه‌ین ئه‌ركه‌كانمان رابپه‌ڕێنین، هه‌م له‌كوردستانیش هه‌وڵبدرێت به‌زویی حكومه‌ت پێكبهێنرێت.
له‌به‌رده‌وامی گفتوگۆكه‌یاندا، لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی، ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌كرد، دڵنیانیم له‌وه‌ی شه‌ڕ له‌عیراقدا كۆتایی پێهاتبێت، چونكه‌ ژینگه‌ی عیراق ژینگه‌یه‌كی مه‌ترسیداره‌، هه‌روه‌ك چۆن سوریا، به‌درێژایی مێژوو چه‌قی كێشه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بووه‌ و له‌و دیده‌شه‌وه‌، خوێندنه‌وه‌كانی له‌باره‌ی دۆخی وڵاتانی هه‌رێمایه‌تییه‌وه‌ خسته‌ڕوو، تیایدا ئه‌و باوه‌ڕه‌ی نیشاندا، كه‌: هیچ سیاسه‌ت و پاڵه‌په‌ستۆیه‌ك، ناتوانێ هێنده‌ی خرۆشانی ناوخۆیی، ببێته‌ مایه‌ی گۆڕینی سیستمی ده‌سه‌ڵاته‌كان..
سه‌باره‌ت به‌ڕۆژئاوای كوردستانیش، مه‌لا به‌ختیار، ته‌ئكیدی كرده‌وه‌، كه‌: زیاتر له‌دوو ساڵه‌ وه‌كو یه‌كێتیی رامانگه‌یاندووه‌، كه‌: تاكه‌ رێگه‌ بۆ كوردی رۆژئاوا، رێككه‌وتنه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی سوریا له‌ڕێگه‌ی كۆنگره‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه‌وه‌، هه‌تا گره‌نتی مافه‌كانیان وه‌ربگرن و له‌ناو ده‌ستوری سوریادا، مافی ته‌واوی پێكهاته‌كانی سوریا، به‌تایبه‌تی كوردی رۆژئاوای كوردستان بچه‌سپێنرێت و بپارێزرێت و یه‌كێتیش، به‌رده‌وام له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ جه‌ختده‌كاته‌وه‌ و له‌باره‌ی بڕیاری ئه‌مریكاش بۆ پاشه‌كشه‌ی هێزه‌كانی، ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌كرد، كه‌: ئه‌وه‌ یه‌كێك بووه‌ له‌پێشبینیه‌كانمان و ئه‌گه‌ره‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌كان، بۆیه‌ به‌ به‌رده‌وامی ته‌ئكیدیمان له‌چاره‌سه‌ری كێشه‌و گرفته‌كان ده‌كرده‌وه‌ و وه‌بیریشی هێناوه‌، كه‌:
ئه‌و پێشبینییه‌ سآ سالڕ له‌مه‌وبه‌ر و له‌یه‌كێك له‌كۆڕه‌كانیدا له‌زانكۆی سلێمانی خوێندنه‌وه‌ی بۆ كردووه‌ و وتی: ئه‌وكاته‌ رامگه‌یاند كه‌ ئه‌مریكا له‌رۆژئاوای كوردستان ده‌كشێته‌وه‌و چاره‌سه‌ریش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كوردی رۆژئاوا له‌گه‌ڵ ئۆپۆزسیۆن و حكومه‌تی سوریا، پێكه‌وه‌ بگه‌نه‌ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان.   
مه‌لا به‌ختیار، له‌شرۆڤه‌كردنی وێنه‌ گه‌وره‌كه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ئه‌و سه‌ره‌نجامه‌ی خسته‌ڕوو، رایگه‌یاند: ئه‌وه‌ی ناونرا به‌هاری عه‌ره‌بی و ئه‌وه‌ی كه‌ ناونرا پرۆژه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی گه‌وره‌ یا بچوك، هه‌روه‌ها ئه‌و ئومێده‌ی هه‌ڵچنرابوو بۆ ئه‌وه‌ی گۆڕانكاری گه‌وره‌ رووبدات و هه‌ندێك سیسته‌می دیموكراسی به‌دیبێت، باوه‌ڕموایه‌ ئه‌و پرۆژه‌یه‌ هه‌م بۆ ئه‌مریكا و هه‌م بۆ یه‌كێتیی ئۆرۆپا، تێكشكاوه‌و حكومه‌ته‌ دژه‌ دیموكراته‌كان له‌ناوچه‌كه‌دا، له‌جێگه‌ی خۆیاندا ده‌مێننه‌وه‌. بۆیه‌ به‌داخه‌وه‌، به‌هۆی ئه‌وه‌ی پرۆژه‌یه‌كی ستراتیجی له‌ناوچه‌كه‌ بۆ گۆڕانكاری نه‌بوو،  ئه‌و سیاسه‌ته‌ی له‌ سی بۆ چل ساڵی رابردوو تاقیمانكردۆته‌وه‌، جارێكی تر هه‌مان سیاسه‌ت، به‌ڵام به‌سیناریۆی نوێ له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌م حكومه‌تانه‌، تاقیده‌كه‌ینه‌وه‌.
له‌به‌رامبه‌ریشدا، جۆناسان وڵكس، باڵیۆزی به‌ریتانیا له‌عیراق، ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌كرد، هه‌رچه‌نده‌ كه‌لتوری دیموكراسی زۆری ده‌وێ كاری له‌سه‌ر بكرێت، هه‌تا ده‌چه‌سپێنرێت و گه‌شه‌ ده‌كات. به‌ڵام هه‌رچۆنێك بێت، گفتوگۆكردن زۆرباشتره‌ له‌بری شه‌ڕكردن و ئه‌مه‌ش به‌گه‌شه‌ سه‌ندن ده‌زانم له‌عیراقدا و وتیشی:
به‌دڵناییه‌وه‌، ئه‌ركی ئێمه‌ش وه‌ك كۆمه‌ڵی نێوده‌وڵه‌تی، چاره‌سه‌كردنی قه‌یرانه‌كان و رێگه‌گرتنه‌ له‌قوڵبوونه‌وه‌ی كێشه‌و ململانێكان، ئه‌گه‌رچی دڵنیانین له‌وه‌ی له‌دوای ده‌ ساڵی تر، توندوتیژی رووبداته‌وه‌، به‌تایبه‌ت به‌هۆی داعش، یان په‌یدابوونی هێز و لایه‌نی چه‌كداری تر.
هاوكات له‌باره‌ی سیاسه‌تی نوێ له‌ناوچه‌كه‌ش، باڵیۆزی به‌ریتانیا له‌عیراق، رونیكرده‌وه‌، ئه‌و سیاسه‌ت و هاوكێشه‌ نوێیانه‌ی په‌یڕه‌وده‌كرێت، له‌پێناو گۆڕینی سیستمی حوكمڕانی وڵاتانی هه‌رێمایه‌تیدایه‌ و وتی:
له‌به‌رده‌م دوو قۆناغی گواستنه‌وه‌ی  قورسداین، چونكه‌ هه‌م دیكتاتۆری قبوڵ نییه‌و هه‌م به‌داخه‌وه‌ دیموكراسیش وه‌رناگیرێت! و له‌باره‌ی سوریاشه‌وه‌، رایگه‌یاند:
ئه‌وه‌ی به‌لامانه‌وه‌ گرنگه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ سوریا، به‌هه‌مانشێوه‌ی عیراق، هه‌موو پێكهاته‌و لایه‌نه‌كان به‌هه‌ڵبژاردن له‌ده‌سه‌ڵاتدا به‌شداربن و پێكهاته‌كان نوێنه‌رایه‌تی خۆیان هه‌بێت. بۆیه‌ باشتره‌ پرۆسه‌یه‌كی نوێی سیاسی له‌سوریا ده‌ستپێبكات.
له‌باره‌ی كوردستانیشه‌وه‌، جۆناسان وڵكس، دۆخه‌كه‌ی به‌ئارام و سه‌قامگیر ناوبردو به‌تایبه‌ت له‌باره‌ی سلێمانیشه‌وه‌، وتی: سلێمانی هه‌میشه‌ شوێنێك بووه‌ كه‌ گفتوگۆ و راوێژی تێدابووه‌و به‌مه‌ش ده‌ناسرێته‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌و چالاكی و كۆنفرانسانه‌شی لێره‌ ده‌كرێت، هیوادارین بێته‌ مایه‌ی زیاتر لێكتر نزیكردنه‌وه‌و راوێژو گفتوگۆ و كرانه‌وه‌ی بیری خه‌ڵكی له‌زۆر رووه‌وه‌.
بۆیه‌ هیوادارم له‌داهاتودا سلێمانی ببێته‌ ناوه‌ندێكی راوێژ و لێكتێگه‌یشتن و سه‌نته‌رێك بێ، بۆ ئه‌وه‌ی په‌ره‌ به‌و كه‌لتوره‌ بدرێت.


PUKmedia راگه‌یاندنی لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket