گه‌نده‌ڵی له عیراقدا
ئابوری 06:57 PM - 2019-01-12.
خراپ به‌كارهێنانی ده‌سه‌ڵات، كۆنترۆڵكردنی بۆ به‌رژه‌وه‌ندی كه‌سیی خزخزمێنه‌و واسیته‌و تێپه‌ڕاندنی كاروبار به‌بێ بنه‌ما ئیداری‌و یاساییه‌كان‌و پێدان‌و وه‌رگرتنی به‌رتیل، پابه‌ندنه‌بوون به ده‌ستپاكی‌و… به چوارچێوه‌ی فراوانی گه‌نده‌ڵی داده‌نرێت. كۆی ئه‌مانه به زیاتریشه‌وه له عیراقدا باوه، به‌تایبه‌ت له‌دوای ساڵی 2003ه‌وه ئه‌و كاته‌ی عیراقییه‌كان باوه‌ڕیان وابوو له دیكتاتۆریه‌ت رزگاریان بووه، نه‌یانده‌زانی ده‌كه‌ونه قۆناغێكی مه‌ترسیدارتر كه بریتییه له گه‌نده‌ڵی‌و ته‌واوی جومگه حكومی‌و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانیش ده‌گرێته‌وه.
ساڵانه له‌كانونی یه‌كه‌مدا، یادی رۆژی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵییه له جیهاندا، له عیراقیشدا جگه له خستنه‌ڕووی هه‌ندێك داتای مه‌ترسیدارو روخێنه‌ر هیچ ئومێد‌و ده‌رچه‌یه‌كی رۆشن نییه، رۆژانه وه‌كو ده‌ستكه‌وت باس له بوونی 15 هه‌زار دۆسێه‌ی گه‌نده‌ڵی ده‌كرێت كه هیچ كات به‌رپرسێكی باڵای عیراق تێوه‌نه‌گلاوه جگه له فه‌لاح سودانی وه‌زیری پێشوتری بازرگانی عیراق، ئه‌و كه‌سانه‌شی كه دۆسێه‌ی گه‌نده‌ڵیان له‌سه‌ر كراوه‌ته‌وه پله نزمه وه‌زیفییه‌كانن به‌تایبه‌ت له پله‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی‌و نزمتر، وه‌كو ده‌وترێت تۆڕی گه‌نده‌ڵی بچوكه‌كان پێوه‌ی ده‌بن نه‌ك گه‌وره‌كان. له‌ساڵی 2017دا ده‌سته‌ی نه‌زاهه‌ی عیراق بڕیاری رێگری گه‌شتی بۆ 216 كه‌س ده‌ركردوه بێ ئه‌وه‌ی ناوی یه‌ك وه‌زیر هه‌بێت.
روخساری گه‌نده‌ڵی له عیراقدا
له عیراقدا سیاسییه‌كان خۆیان له‌هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه به گه‌وره‌تر ده‌بینن، وه‌ها خۆیان پیشانداوه كه جگه له‌وان كه‌سی تر ناتوانێت ئاسوده‌یی‌و خۆشگوزه‌رانیان بۆ ده‌سته‌به‌ر بكات، ئه‌مه‌ش له ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا به‌ڕوونی ده‌بینرێت، هه‌رچه‌نده ژماره‌ی به‌شداربووان كه‌متریش بوو له نیوه‌و كورسیه‌كانیش دابه‌ش ببون، به‌ڵام هه‌مان روخسار‌و تێڕوانین دێته‌وه جێگه‌ی. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی شه‌ڕی مه‌زهه‌بی‌و تائیفی سونه‌و شیعه تادێت قوڵتربۆته‌وه‌و زۆرترین كات سیاسییه‌كانی به خۆیه‌وه سه‌رقاڵكردووه‌و كه‌متر بیر له بڕینی ده‌ستی گه‌نده‌ڵی كراوه‌ته‌وه، زۆرجاریش به‌مه‌به‌ست بره‌و به‌م بواره دراوه بۆ په‌رده‌پۆشكردنی گه‌نده‌ڵ.
له‌ناو سه‌رۆك وه‌زیره‌كانی عیراقدا، نوری مالكی سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووتری عیراق به پادشای گه‌نده‌ڵی ده‌ناسرێت‌و له‌هه‌مان كاتیش‌دا ده‌كرێت حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشوو وه‌كو یه‌كه‌م سه‌رۆك وه‌زیران دابنرێت كه به‌گژ گه‌نده‌ڵیدا چۆته‌وه، ئه‌میش به‌هۆی روبه‌ڕووبونه‌وه‌ی داعش‌و دابه‌زینی نرخی نه‌وت‌و ئه‌و رێگریانه‌ی لێی كرا نه‌ك له‌لایه‌ن كۆی سیاسییه‌كانی عیراق به‌ڵكو ئه‌وانه‌شی شیعه‌بوون‌و ته‌نانه‌ت له حزبه‌كه‌ی خۆشی بوون، نه‌یتوانی ئامانجه‌كانی خۆی بپێكێت، ئێستاش كه سه‌رده‌مێكی نوێیه‌و عیراقییه‌كان چاویان له عادل عه‌بدولمه‌هدییه، ئومێدێكی ئه‌وتۆ نابینرێت ته‌نانه‌ت ناتوانێت سیاسییه‌كان له‌سه‌ر كاندیدێك یه‌كلابكاته‌وه.
له‌ساڵی 2014ه‌وه، ناكۆییه‌كانی عیراق له‌مه‌زهه‌ب‌و نه‌ته‌وه‌وه گۆڕا بۆ پاوانخوازی‌و ده‌ركه‌وتنی ئه‌ستێره‌ی سیاسی كه پێوه‌ره‌كانی مه‌زهه‌ب‌و نه‌ته‌وه‌یان تێپه‌ڕاند، ئه‌وه‌بوو سه‌ركرده‌كان قاڵبی حزبیان تێپه‌ڕاند، دیارترینیان نوری مالكی‌و هادی عامری بوون.
سیاسییه‌كانی عیراق به جۆرێك كۆنترۆڵی ده‌زگا حكومییه‌كان‌و گرێبه‌سته‌كانیان كردووه كه حكومه‌ت تووشی ئیفلیجی بووه‌و گه‌نده‌ڵیش گه‌یشتۆته ئاستێك كه خزمه‌تگوزاری ئه‌منی‌و بژێوی‌و بێكاری‌و ته‌نانه‌ت خزمه‌تگوزارییه‌كانی ژیانی رۆژانه‌ش له‌وپه‌ڕی مه‌ترسیدان.
له‌دوای پڕۆسه‌ی ئازادكردنی عیراقیشه‌وه چاوه‌ڕوان ده‌كرا عیراقێكی فره‌یی‌و دیموكراسی بنیات بنرێت، به‌ڵام له‌دوای 15 ساڵ، عیراق به‌ده‌ست حزبه ئیسلامیی‌و تائیفیه‌كانه‌وه‌یه‌و ئه‌وان بڕیار له به‌ڕێوه‌بردن‌و ئاڕاسته‌كردنی ده‌ده‌ن، حزبه ئیسلامی‌و تائیفیه‌كان ته‌واوی جومگه گرنگه‌كانی عیراقیان به‌ده‌سته‌وه‌بوو كه‌مترین فرسه‌ت یاخود هیچ ده‌رفه‌تێك نه‌دراوه‌ته كه‌سانی ته‌كنۆكرات‌و ئه‌كادیمی له به‌ڕێوه‌بردنی كاروباری ده‌وڵه‌تدا، ئه‌مه‌ش به‌ڕاده‌یه‌كی گه‌وره كاریگه‌ری له‌سه‌ر ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی گه‌نده‌ڵی هه‌بووه له عیراقدا.
له‌عیراقدا، شه‌ش كۆنگره‌ی وزاری كراوه بۆ روبه‌ڕووبونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی‌و تائێستاش روبه‌ڕووبونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی ته‌نها ده‌سته‌واژه‌یه‌كه له‌سه‌ر كاغه‌ز‌و له واقعدا وه‌ڵامی هاووڵاتیانی عیراقی پێنه‌دراوه‌ته‌وه.
ئه‌و به‌هه‌ده‌ردانه زۆره‌ی له ئابووری عیراقدا هه‌یه، له رابردوودا رێگر بووه‌و بۆ داهاتووش هه‌مان كاره‌سات چاوه‌ڕوانی ده‌كات كه ناتوانرێت پڕۆسه‌كانی ئاوه‌دانكردنه‌وه له‌دوای كۆتایهاتنی داعش وه‌كو پێویست ئه‌نجام بدات كه چه‌ند شارێك له‌گه‌ڵ زه‌ویدا ته‌خت بوون به‌تایبه‌ت نه‌ینه‌واو رومادی.
عیراق له‌دوای 15 ساڵی دوای دیكتاتۆری كۆمه‌ڵێك داتای مه‌ترسیداری به‌رهه‌مهێناوه كه بریتین له به‌هه‌ده‌ردانی پاره‌و سامانی گشتی‌و به‌كارهێنانه‌وه‌ی بۆ به‌رژه‌وه‌ندی كه‌سیی‌و به‌ده‌ستهێنانی پێگه‌ی سیاسی، هه‌ندێك له‌و داتایانه ده‌خه‌مه‌ڕوو كه نیشانی ئه‌وه‌ی ده‌دات هاووڵاتیانی عیراق له چ مه‌رگه‌ستێكدا ده‌ژین:
هاووڵاتیانی عیراق له چ مه‌رگه‌ستێكدان
* له‌ساڵی (2003 – 2017)، (430) هه‌زار هاووڵاتیی عیراقی كوژراون‌و (620) هه‌زاریان برینداربوون، رێژه‌ی (30%)ی ئه‌و بریندارانه ناتوانن بجوڵێن یاخود كار بكه‌ن، هه‌روه‌ها (58) هه‌زار كه‌س له عیراقدا چاره‌نوسیان نادیاره، ئه‌مه‌ش یه‌كێكه له پرسه هه‌ره مه‌ترسیداره‌كان له عیراقدا. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی ئه‌و بارودۆخه بۆته هۆی ئه‌وه‌ی دوو ملیۆن بێوه‌ژن هه‌بێت كه ته‌مه‌نیان له‌نێوان (14 – 52) ساڵدایه‌و (5.6) ملیۆن هه‌تیو هه‌یه كه ته‌مه‌نیان له‌نێوان یه‌ك مانگ بۆ 17 ساڵه.
* (35%)ی عیراقییه‌كان له‌ژێر هێڵی هه‌ژارییه‌وه ده‌ژین كه داهاتی رۆژانه‌یان كه‌متره له پێنج دۆلار.
* (9%)ی منداڵان كارده‌كه‌ن كه ته‌مه‌نیان له‌خوار 15 ساڵیه‌وه‌یه.
* له‌بواری ته‌ندروستیدا، بۆ هه‌ر هه‌زار نه‌خۆشێك یه‌ك جێگه‌ی مانه‌وه‌ی نه‌خۆش هه‌یه، هاوكات (39) نه‌خۆشی‌و په‌تا له عیراقدا تۆماركراوه دیاترینیان (كۆلێرا، ئیفلیجی منداڵان‌و ڤایرۆسی جگه‌ر)، ئه‌مه جگه له شێرپه‌نجه‌و شێواوی زگماكی.
* له‌بواری په‌روه‌رده‌دا، نۆ هه‌زار خوێندنگه زیانیان به‌ركه‌وتووه، (800) خوێندنگه له قوڕ دروستكراوه، عیراق پێویستی به (11) هه‌زار خوێندنگه‌ی دیكه هه‌یه، له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا شه‌ش ملیۆن نه‌خوێنده‌وار هه‌یه كه نازانن بنووسن‌و بخوێننه‌وه.
* به‌پێی هه‌ندێك سه‌رچاوه‌ی ناڕه‌سمی، له‌دوای ساڵی 2014ه‌وه، (27) هه‌زار پڕۆژه‌ی ئاوه‌دانی‌و وه‌به‌رهێنان له‌كاركردن وه‌ستاون‌و (800) كۆمپانیای بیانیش له پڕۆسه‌ی سه‌رمایه‌گوزاری له‌عیراق كشاونه‌ته‌وه كه بۆته هۆی په‌ككه‌وتنی هه‌زار پڕۆژه، هه‌ندێك سه‌رچاوه‌ش ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن له 15 ساڵی رابردوودا 13 هه‌زارو 328 كارگه‌و دامه‌زراوه‌ی به‌رهه‌مهێنان له‌كاركه‌وتوون.
* له ساڵی (2003 – 2014) نزیكه‌ی (350) ملیار دۆلار بۆ پڕۆژه‌ی وه‌همی رۆیشتووه، كه نزیك ده‌بێته‌وه له نیوه‌ی ئه‌و داهاته‌ی عیراق له‌و ماوه‌یه‌دا ده‌ستی كه‌وتووه، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه كه لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عیراق دانی به‌وه‌داناوه كه قه‌باره‌ی قه‌رزی ناوخۆ و ده‌ره‌كی ده‌كاته (120) ملیار دۆلار. عیراق ساڵانه شه‌ش ملیار دۆلار زیانی به‌رده‌كه‌وێت به‌هۆی گه‌نده‌ڵی‌و خراپ ئیداره‌دانی مه‌له‌فی گومرگ له‌خاڵه سنورییه‌كان، جگه له خاڵه سنورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان.
* له‌بواری نه‌وتدا، عیراق پارچه زه‌وییه‌كی نه‌وتاوییه، داهاتی ساڵانه‌ی (95% – 99%) له فرۆشتنی نه‌وته‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت، نزیكه‌ی چوار ملیۆن به‌رمیل به‌رهه‌م ده‌هێنێت له رۆژێكداو (2.8) ملیۆن به‌رمیل هه‌نارده ده‌كات. به‌شێك له سه‌ركرده‌كانی عیراق له فرۆشتن‌و كۆنترۆڵكردنی سه‌رچاوه‌كانی نه‌وت‌و ئیمزاكردنی گرێبه‌سته‌كان رۆڵیان هه‌یه‌و ناویان دێت، موقته‌دا سه‌درو عه‌مار حه‌كیم‌و نوری مالكی سێكوچه‌یه‌كی دیارن له‌م بواره‌دا. رۆژانه داهاتی (300 – 500) هه‌زار به‌رمیل نه‌وت داخلی داهاتی گشتی عیراق ناكرێت كه ساڵانه ده‌گاته (7.2) ملیار دۆلار.
* له‌بواری مووچه‌و ده‌رماڵه، هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی عیراق، ساڵانه (17.467.248) ملیۆن دۆلاروه‌كو مووچه وه‌رده‌گرن، هاوكات (50) هه‌زار وه‌زیفه‌ی وه‌همی هه‌یه كه داهاتی ساڵانه‌ی ده‌گاته پێنج ملیار دۆلار. له‌ساڵی (2014 – 2018) هه‌ر په‌رله‌مانتارێكی عیراق زیاتر له‌یه‌ك ملیار‌و 400 ملیۆن دینار له‌سه‌ر هاووڵاتیانی عیراق كه‌وتووه، به ته‌نهاش سه‌رۆكی په‌رله‌مان له‌و ماوه‌یه‌دا (11) ملیۆن دۆلار له‌سه‌ر عیراقییه‌كان كه‌وتووه كه هه‌شت ملیۆن دۆلاری به‌ناوی پاسه‌وان‌و هه‌ندێك خه‌رجی دیكه بۆ رۆیشتووه.
* عادل عه‌بدولمه‌هدی ئه‌وكاته‌ی وه‌زیری نه‌وتی عیراق بوو (2015)، ده‌ڵێت: «له‌ساڵی 2003 تا 2015 كۆی داهاتی بودجه‌كانی عیراق 850 ملیار دۆلاربووه، كه به‌هۆی گه‌نده‌ڵییه‌وه 450 ملیار دۆلاری له كیس چووه.
* (30) ملیار دۆلار بۆ كه‌رتی كاره‌باو زیادكردنی توانای به‌رهه‌مهێنان خه‌رجكراوه، له هه‌مانكاتدا پێدانی كاره‌بای نیشتمانی له عیراقدا ناگاته (10) سه‌عات‌و نیوه‌ی خواستی هاووڵاتیانی پڕ نه‌كردۆته‌وه.
* له‌بواری سه‌ربازیدا، له‌ماوه‌ی 15 ساڵی رابردوودا 149 ملیار دۆلار بۆ پڕچه‌ككردنی سوپای عیراق خه‌رجكراوه كه‌چی داعش به چه‌ند رۆژێك نزیكه‌ی (30%)ی خاكی عیراقی كۆنترۆڵكرد، (232) ملیۆن دۆلار دراوه به ئامێری ئاشكراكردنی ته‌قینه‌وه‌و رۆژانه ده‌یان كه‌س به ته‌قینه‌وه ده‌كوژرێن‌و بریندار ده‌بن، یه‌كێك له‌و گرێبه‌سته گوماناوییانه‌ی له ساڵی 2007دا له‌گه‌ڵ سربیا كراوه به به‌های 833 ملیۆن دۆلار بریتیبووه له كڕینی جۆره فڕۆكه‌یه‌ك كه كار ناكات، له‌گه‌ڵ كڕینی چه‌كی كۆنی بۆیاغكراو، هێنانی ئامێری سه‌ربازی خراپبوو له رۆژهه‌ڵاتی ئه‌وروپاوه كه وه‌زاره‌تی به‌رگری 19 هه‌زار چه‌كی له‌ناوبردووه.
ئه‌م داتایانه، له‌چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی جیاواز‌و عیراقی وه‌رگیراون، به‌شێكیان داتای حكومه‌تن وه‌كو لیژنه‌كانی په‌رله‌مان به‌تایبه‌ت دارایی‌و له‌گه‌ڵ داتای چاودێری دارایی‌و ده‌سته‌ی نه‌زاهه‌ن، هه‌ندێك له‌م داتایانه به‌ریه‌كه‌وتنی تیابووه واته داتای جیاوازبوون كه من پێم وایه په‌یوه‌ندی به واده‌ی وه‌رگرتنه‌وه هه‌بووه نه‌ك داتایه‌كی نا رۆشن بن، لێره شه‌ن‌و كه‌و كراون‌و ئه‌وانه‌ی زۆر دیارن باسكراون.
پادشای گه‌نده‌ڵی
له‌ناو سه‌ركرده‌كانی عیراقدا نوری مالكی به پادشای گه‌نده‌ڵی داده‌نرێت، نوری مالكی (2006 – 2014) سه‌رۆك وه‌زیران بووه، (2014 – 2018) جێگری سه‌رۆك كۆمار بووه، یه‌كێكه له‌سه‌ركرده دیاره‌كانی دوای پڕۆسه‌ی ئازادی عیراق، سكرتێری حزبی ده‌عوه‌و سه‌رۆكی لیستی ده‌وڵه‌تی قانوون بووه، له‌ماوه‌ی هه‌شت ساڵی سه‌رۆك وه‌زیرانیدا، بناغه‌یه‌كی به‌هێزی بۆ كه‌سایه‌تی خۆی دروستكردووه، له‌هه‌مانكاتدا كاری له‌سه‌ر تێكدانی په‌یوه‌ندی نێوان پێكهاته‌كان كردووه‌و كورده‌كانیش پێیان وایه ئه‌ندازیاری تێكدانی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێرو به‌غدایه به‌تایبه‌ت بڕینی بودجه‌ی هه‌رێم.
داتای مه‌ترسیدار ئاشكرا ده‌كرێت
نوری مالكی ته‌نها كێشه‌و گرفت نه‌بووه بۆ تێكدانی په‌یوه‌ندی هه‌رێمی كوردستان‌و حكومه‌تی عیراق، به‌ڵكو سودی گه‌وره‌و گرنگی بینیی له پێكدادانی عیراقییه‌كان (سونه‌و شیعه) به‌وه‌ی له‌یه‌كێك له وتاره‌كانی به‌ئاشكرا هێرشی كرده سه‌ر ئه‌هلی سونه‌و بیری توندڕه‌وی تائیفی له‌نێوان سونه‌و شیعه توند كرده‌وه‌و به ئاشكرا ده‌ڵێت: «ئه‌وانه‌ی حسێنیان كوشت كۆتاییان نه‌هات له ئێستادا بوونیان هه‌یه‌و حسێنیش به‌ڕه‌نگی دیكه بوونی هه‌یه‌و جارێكی دیكه كراوه‌ته‌وه ئامانج، حسێن‌و یه‌زید جارێكی دیكه به‌ریه‌كده‌كه‌ونه‌وه».
ئه‌م لێدوانه‌ی مالكی وایكرد تۆوی دووبه‌ره‌كی‌و مێژووی خوێناوی عیراقییه‌كان زیندو بكاته‌وه، له‌هه‌مانكاتدا له‌ناو هێزه سونییه‌كان كارتلی سیاسیی بۆخۆی دروست ده‌كرد‌و ده‌ستی به‌سه‌ر داهات‌و سامانی عیراقیشدا ده‌گرت.
دۆسێه‌ی گه‌نده‌ڵی له‌لای نوری مالكی پڕۆژه بووه نه‌ك كارێكی هه‌رزه‌یی‌و سه‌رپێی كه بریتی بێت له بردن‌و به‌كارهێنانی پاره‌و سامانی گشتی بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی، هه‌رچه‌نده پڕۆسه‌كانی ئاشكراكراون، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به به‌رنامه كاری له‌سه‌ركردووه، دیارترین كاری مالكی ئه‌وه‌بوو پارێزگاری بانكی ناوه‌ندیی عیراقی له‌سه‌ر كاره‌كه‌ی لابرد، هه‌روه‌ها به حوكمی پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران توانی ته‌واوی گرێبه‌سته ده‌ره‌كییه‌كانیش به ویستی ئه‌و بێت.
دیارترین گه‌نده‌ڵییه‌كانی مالكی:
* لیژنه‌ی نه‌زاهه‌ی په‌رله‌مانی عیراق له ئۆكتۆبه‌ری 2015 ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو كه 130 به‌رپرسی حكومه‌ته‌كه‌ی نوری مالكی له‌گه‌نده‌ڵی‌و به‌هه‌ده‌ردانی پاره‌و سامانی گشتی تێوه‌گلاون، كه دۆسێه‌كانیان په‌یوه‌ستبووه به گرێبه‌سته‌كانی كڕینی چه‌ك‌و مۆڵه‌تی كاركردن به كۆمپانیاكانی نه‌وت‌و گرێبه‌سته‌كانی نه‌وت له‌گه‌ڵ پڕۆژه‌كانی وه‌به‌رهێنان.
* له حساباتی ختامی عیراقدا گه‌وره‌ترین كێشه بریتییه له‌پاكتاوكردنی حسابی ساڵانی پێشوو، تا ساڵی 2016 یه‌كێك بووه له‌كێشه گه‌وره‌كانی ناو ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق كه گومان ده‌كرێت له‌و چوارچێوه‌یه‌دا 350 ملیار دۆلار دیارنه‌مابێت.
* كڕینی چه‌ك، به ملیاره‌ها دۆلار بۆ ئه‌م بواره خه‌رجكراوه به‌بێ ئه‌وه‌ی كه ئه‌و چه‌كانه هاتبنه ناو عیراقه‌وه، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی كه به‌شێك له‌و چه‌كانه له‌جه‌نگی دووه‌می جیهانیدا به‌كارهاتوون یاخود نرخه‌كه‌یان به‌رزتره له‌چاو نرخی بازاڕدا. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی پێدانی به‌رتیل له‌ناو وه‌زاره‌تی ناوخۆ له ئاستێكی باڵادابووه، چونكه نوری مالكی خۆی وه‌زیر بووه به‌وه‌كاله‌ت.
* یه‌ك ملیار دۆلار بۆ نه‌خۆشخانه‌ی سه‌ربازی ته‌رخانكراوه، كه تایبه‌ت بووه به پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری نوێ‌و پێشكه‌وتووی سه‌ربازی له‌دوای به‌دواداچوونه‌كان ده‌ركه‌وتووه كه له‌واقعدا پڕۆژه‌ی له‌و جۆره بوونی نییه.
* دۆسێه‌ی كڕینی فڕۆكه له‌ڕوسیا، یه‌كێك بوو له‌دۆسێیه گه‌نده‌ڵییه كۆمیدیاكانی نوری مالكی كه وه‌ها پیشاندرا عیراق فڕۆكه‌ی له‌حكومه‌تی روسیا كڕیووه دواتر ده‌ركه‌وت كه ئه‌و فڕۆكانه عیراقیبوون‌و له‌كاتی جه‌نكی عیراق – ئێران حكومه‌تی تاران ناچاری كردوون له روسیا بنیشنه‌وه.
* كه‌وتنی موسڵ (داعش‌و سپایكه‌ر)، له‌گه‌ڵ خه‌رجكردنی ئه‌و پاره زۆره بۆ سلكی سه‌ربازی عیراق، به‌ڵام گروپی تیرۆریستی داعش به چه‌ند سه‌عاتێك نه‌ینه‌وای كۆنترۆڵكردن كه نیشانه‌ی خراپی سوپای عیراق بوو، كوشتارگه‌ی بنكه‌ی سه‌ربازی سپایكه‌ر له‌و كاته‌شدا قێزه‌وترین كار بوو له‌كابینه‌كانی حكومه‌ته‌كه‌ی نوری مالكی كه به‌و جۆره سه‌دان خوێندكاری سه‌ربازی له باكووری تكریت بكوژرێن كه زۆرینه‌یان سونه‌بوون، ئه‌مه‌ش یه‌كێكه له دۆسێیه گه‌وره‌كانی گه‌نده‌ڵی له‌سه‌ری كه پێی ده‌وترێت بازرگانیكردن به مرۆڤه‌وه.
* هێنانی ئامێری ئاشكراكردنی ته‌قه‌مه‌نی به به‌های 232 ملیۆن دۆلار كه دواتر ده‌ركه‌وتووه ئامێری ئاشكراكردن‌و ناسینه‌وه‌ی شامپۆی پاككه‌ره‌وه‌یه نه‌ك ته‌قه‌مه‌نی، له‌سه‌ر ئه‌م كه‌یسه مالكی كه‌سی نه‌داوه‌ته‌وه دادگا.
* له‌دوای لابردنی پارێزگاری بانكی ناوه‌ندی، دۆسێه‌ی بانكه ئه‌هلیه وه‌همیه‌كان سه‌ری هه‌ڵداوه به‌جۆرێك ده‌ركه‌وت كه 16 بانكی ئه‌هلی هه‌ن كه پاره له بانكی ناوه‌ندی راده‌كێشن له‌ڕێگه‌ی پسوڵه‌ی ته‌زویره‌وه، هه‌رچه‌نده ژماره‌یه‌ك فه‌رمانبه‌ریش ده‌ستگیركران، به‌ڵام ده‌ركه‌وت كه به ملیۆنان دۆلار پاره‌یان له بانكی ناوه‌ندی راكێشاوه‌و حه‌واڵه‌ی وڵاتانی دراوسێ كراوه به تایبه‌تیش ئێران، ئه‌مه‌ش به ئامانجی كه‌مكردنه‌وه‌ی كاریگه‌ری سزا سه‌پێنراوه‌كانی سه‌ر تاران.
* به‌كارهێنانی ئاسمانی عیراق‌و فڕۆكه‌خانه‌كان بۆ گه‌یاندنی پاڵپشتی سه‌ربازی به حكومه‌ته‌كه‌ی به‌شار ئه‌سه‌د، ئه‌مه‌ش له‌لایه‌ن روسیا‌و ئێرانه‌وه كراوه.
* ئه‌حمه‌دی كوڕی تێوه‌گلاوه به حه‌واڵه‌كردنی (1.5) ملیار دۆلار له داهاتی عیراق بۆ لوبنان، ئه‌وكاته‌ی باوكی سه‌رۆك وه‌زیران بووه.
* جگه له‌مانه ده‌یان دۆسێه‌ی دیكه‌ی گه‌نده‌ڵی‌و به‌هه‌ده‌ردانی پاره‌ی وه‌همی هه‌ن له‌سه‌ر نوری مالكی، به‌تایبه‌ت بونی سه‌ربازی فه‌زایی كه ژماره‌یان 50 هه‌زار كه‌س بووه‌و پاره‌یان بۆ خه‌رجكراوه‌و له وه‌قعیشدا شتی له‌و جۆره نه‌بووه.
له‌دوای كۆتایهاتنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عیراق (2018)، نوری مالكی خۆی ئاماده‌كرده‌وه جارێكی دیكه ببێته‌وه به سه‌رۆك وه‌زیران، دوای ئه‌وه‌ی خۆری ئاوابوو یه‌كێك له‌و بابه‌تانه‌ی له مێدیاكانی عیراقدا زۆر باسی لێوه‌ده‌كرا، مه‌سه‌له‌ی فرۆشتنه‌وه‌ی ئه‌و پۆسته بوو له‌به‌رامبه‌ر بێده‌نگبوونی ده‌سه‌ڵات له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و كارانه‌ی كردویه‌تی.
ئایا عیراق ئه‌م قۆناغه تێده‌په‌ڕێنێت؟
به‌شێكی زۆری وڵاتانی جیهان به قۆناغی گه‌نده‌ڵیدا تێپه‌ڕیون‌و دواتریش توانیویانه بۆ ئاستێكی باش كۆنترۆڵی بكه‌ن، یاخود نه‌یهێڵن. له‌ڕیزبه‌ندی وڵاتانی گه‌نده‌ڵیشدا عیراق له‌ناو 10 گه‌نده‌ڵترین وڵاتانی جیهاندایه (له‌عیراقیش گه‌نده‌ڵتر هه‌یه)، بۆیه ئه‌م بابه‌ته كه بۆته دیارده له‌سه‌ر ئاستی جیهان، كۆنترۆڵكردنیشی هه‌روا ساده‌و ساكار نییه.
له‌وڵاتێكی وه‌كو عیراقدا، له‌سروشتی دروستبوونی ده‌وڵه‌ته‌كه‌وه تا ده‌گاته ئێستا، به قۆناغی نا سروشتی‌دا هه‌نگاوی ناوه، ئێستاش كه دوای قۆناغی دیكتاتۆریه‌ته نه‌ك نه‌توانراوه بنیاتی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی مه‌ده‌نی بنرێت كه یاسا حكوم بكات‌و بناغه‌یه‌ك بۆ دیموكراسی دابڕێژرێت، به‌ڵكو بیری دیكتاتۆریه‌ت له‌به‌رگی دیكه‌و به‌ناوی دیكه‌وه بوونی هه‌یه. سه‌ركرده‌كانی ئێستای عیراق ئۆپۆزسیۆنه سیاسییه‌كه‌ی پێش 15 ساڵن كه دژی نه‌بوونی ئازادی‌و بیرورای سیاسیی‌و باش به‌ڕێوه‌نه‌بردن، وڵاتیان به‌جێهێشتووه‌و قوربانی زۆریانداوه، به‌ڵام له‌ئێستادا ئه‌م سه‌ركردانه هه‌نگاوه‌كانیان مه‌ترسیدارن، مه‌رجه‌عی باڵا له نه‌جه‌ف، هێنده‌ی حكومه‌ت كاریگه‌ری هه‌یه.
له‌دوای كۆتایهێنان به گروپی تیرۆریستی داعش، ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ناوچه زیان لێكه‌وتووه‌كان گه‌وره‌ترین به‌ربه‌رسته له‌به‌رده‌م حكومه‌تدا، داعش به هه‌رشوێنێكدا تێپه‌ڕی كردویه‌تی به وێرانه، نه‌ینه‌واو رومادی‌و سه‌عدیه‌و جه‌له‌ولا دیاترینن، ئه‌مه جگه له‌و زیانه مرۆییه‌ی خستیانه‌وه‌و ناوه‌نده كلتوریه‌كان‌و ژێرخانی ئابوورییان ته‌ختكردووه، به‌پێی ئاماره‌كان زیاتر له‌چوار ملیۆن هاووڵاتی عیراق له‌ناوخۆی وڵاته‌كه‌یاندا ئاواره‌ن، له‌و ژماره‌یه (2.6) ملیۆن كه‌س له‌كه‌مپه‌كاندا ده‌ژین، هه‌موو ئه‌م بابه‌تانه كۆكراوه‌ی روداوه‌كانی چوار ساڵن جگه له كه‌ڵه‌كه‌بووه‌كان. هه‌رچه‌نده داتایه‌كی دروست له‌به‌رده‌ست نییه بۆ دووباره ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی عیراق له‌دوای داعش به‌ڵام داتا ناڕه‌سمیه‌كان كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی لانی كه‌م (150 – 200) ملیار دۆلاری پێویسته، له‌كۆنگره‌ی كوێتیش كه له‌سه‌ره‌تای ساڵی 2018 به‌ڕێوه‌چوو، وڵاتان چوونه ژێرباری دابینكردنی نزیكه‌ی (30) ملیار دۆلار، له‌كاتێكدا عیراق چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌بوو كه (88) ملیاری ده‌ستبكه‌وێت. پێدانی ئه‌و پاره‌یه‌ش له چوارچێوه‌ی سه‌رمایه‌گوزاری‌و ئاسانكاری بانكیی‌و دڵنیاییدابووه، ئه‌م وڵاتانه به‌هۆی گه‌نده‌ڵی بێشوماری عیراقه‌وه گومانیان هه‌یه له‌پێدانی كۆمه‌ك بۆیه چوارچێوه‌یان بۆ دیاریكرد.
له‌عیراقدا سیانه‌ی (گه‌نده‌ڵی – تیرۆر – مه‌زهه‌ب) گه‌وره‌ترین به‌ربه‌ستن له‌به‌رده‌م پێشكه‌وتندا
تیرۆر‌و مه‌زهه‌ب‌و ده‌ستوه‌ردانی ده‌ره‌كی‌و دروستبونی تۆڕی به‌رژه‌وه‌ندخوازو لاوازی لێپرسینه‌وه هۆكاری سه‌ره‌كین بۆ كۆنترۆڵنه‌كردن‌و به‌گژدانه‌چوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی، ئه‌مانه‌ش وایانكردووه كه سه‌ره‌ڕای به‌شداری لاوازای هاووڵاتیانی عیراق له‌هه‌ڵبژاردنی ئایاری 2018، هه‌مان ده‌موچاوی سیاسیی له‌عیراق ده‌ربچنه‌وه.
به‌وته‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی كه وه‌زیری نه‌وتی عیراق بووه، له (2003 – 2015) داهاتی عیراق (850) ملیار دۆلار بووه، رووبه‌ری خاكی عیراقیش (437.027) كیلۆمه‌تر دوجایه، بۆیه هه‌ر كیلۆمه‌ترێك له‌خاكی عیراق له‌و ماوه‌یه‌دا نزیكه‌ی دوو ملیۆن دۆلاری به‌رده‌كه‌وێت ئه‌مه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه نزیكه‌ی (30%) خاكی عیراق بیابان‌و شاخ‌و روباره‌كانه.
ئه‌م پاره زۆره نه‌یتوانیبێت، ئاوی خواردنه‌وه‌و كاره‌باو ژیان‌و گوزه‌رانێكی شایسته بۆ عیراق ده‌سته‌به‌ر بكات، هه‌رگیز عیراق ناتوانێت به (90) ملیار دۆلاری بودجه‌ی 2019 كه خه‌رجییه‌كانی ئه‌و ساڵه‌شی پێ دابین بكات، وڵات ئاوه‌دان بكاته‌وه.
تێوه‌گلانی كه‌سه باڵاكانی وڵاتێك به‌تایبه‌ت كه ده‌سه‌ڵاتی لێپرسینه‌وه‌ش له‌ژێر كۆنترۆڵی خۆیاندایه هێنده‌ی دیكه پڕۆسه‌كه ئاڵۆزتر ده‌كات، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی ده‌ستوه‌ڕدان له‌كاروباری سیاسیی‌و حوكمڕانی له‌عیراقدا له‌لایه‌ن وڵاتانی جیهانه‌وه كه بۆته هۆی دروستكردنی كاره‌كته‌ری سیاسی كه ئینتیمای بۆ نیشتمانه‌كه‌ی نه‌بێت، خاڵێكی جه‌وهه‌رییه له به‌گژداچونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵیدا.
دانانی عادل عه‌بدولمه‌هدی بۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق، ئومێدێكی گه‌وره‌ی به‌خشیوه‌ته عیراقییه‌كان، تا حكومه‌تێكی خزمه‌تگوزار ئاماده‌بكات، به‌ڵام له‌ئێستادا فرۆشتنه‌وه‌ی پۆسته باڵاكان له‌عیراقدا یه‌كێكه له مه‌ترسییه گه‌وره‌كانی به‌رده‌میی هه‌رچه‌نده تا ئێستا به‌ڵگه‌یه‌كی ته‌واو نه‌خراوه‌ته‌ڕوو، به‌ڵام له‌دانانی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌ی نوێنه‌ران‌و ده‌رچونی هه‌ندێك وه‌زیر باس له‌پێدانی به‌رتیل ده‌كرێت، بۆیه ئه‌وانه‌ی ئومێدیان له‌سه‌ر وه‌یس هه‌ڵچنیبوو، وه‌یس سونی ده‌رچوو.
له‌عیراقدا ده‌زگاكانی روبه‌ڕووبونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی‌و هێنانه‌دی شه‌فافیه‌ت بوونیان هه‌یه وه‌كو ده‌زگای چاودێری دارایی‌و ده‌سته‌ی لێپرسینه‌وه‌و ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران‌و ته‌نانه‌ت دادگا‌و یاساش هه‌یه، به‌ڵام ئه‌م دامه‌زراوانه بونه‌ته به‌شێكه له‌پڕۆسه‌كه ئه‌گه‌ر له‌ناواخنیشدا نه‌بێت به‌ڵكو له‌كردارو هه‌ڵسوكه‌وتیاندا ره‌نگیداوه‌ته‌وه، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی كاره‌كته‌ره سیاسیه‌كانیش به حوكمی پێگه‌و نفوز كه‌سانی نزیك له‌خۆیان داناوه.
پێویستی به ئیراده‌یه‌كی
به‌هێز هه‌یه
بۆ روبه‌ڕووبونه‌وه‌یه‌كی سه‌رتاسه‌ری گه‌نده‌ڵی، عیراق پێویستی به ئیراده‌یه‌كی به‌هێز هه‌یه، به‌حكومی ئه‌وه‌ی كه له‌عیراقدا ده‌بینرێت، مه‌رجه‌عی باڵای شیعه یاخود هێزێكی ده‌ره‌كی ده‌توانێت كۆتایی به‌م پاشاگه‌ردانییه بهێنێت ده‌نا ئه‌وه‌ی له‌ڕوخساری سیاسییه‌كانی عیراقدا ده‌بینرێت‌و ده‌بیسترێت، جێگه‌ی ئومێد نییه، خۆپیشاندانه یه‌ك ملیۆنیه‌كانی ساڵی 2018ی موقته‌دا سه‌در له‌ناوچه‌ی سه‌وز‌و خۆپیشاندانه‌كانی هاووڵاتیانی به‌سره، نه‌یانتوانی هه‌نگاوێكی جدی بنێن بۆ به‌گژداچوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی‌و چاككردن‌و دابینكردنی گوزه‌ران‌و خزمه‌تگوزارییه‌كان بۆ هاووڵاتیان. سیاسییه‌كان، هاووڵاتیان به بابه‌تی لاوه‌كی سه‌رقاڵ ده‌كه‌ن بۆ نمونه كردنه‌وه‌ی ناوچه‌ی سه‌وز به‌ڕووی هاوڵاتیاندا وه‌كو ده‌ستكه‌وت پیشاندراوه.
درامای گه‌نده‌ڵی له‌عیراق، ئێستاش له قۆناغی سه‌ره‌تایدایه، ئه‌مه‌ی لێره‌دا خراوه‌ته‌ڕوو مشتی ناو خه‌رمانێكه، گه‌نده‌ڵی له‌عیراق بۆته كرمێك كه رۆژانه وڵات ده‌خوات‌و ده‌یخاته ژێرباری قورستره‌وه.
له كۆتاییدا
عیراق لانه‌یه‌كی گه‌وره‌ی ئابووریی بوو له‌ڕۆژهه‌لاتی ناوه‌ڕاست، خاوه‌نی دامه‌زراوه‌ی پیشه‌سازی‌و كشتوكاڵی بوو، هاتنی سه‌دام حسێن بۆ سه‌ر حوكم له‌ساڵی 1979 سه‌ره‌تای تێكچونی ژیان‌و گوزاره‌تی عیراقییه‌كان بووه، هه‌ڵگیرساندنی جه‌نگ له‌گه‌ڵ ئێران (1980 – 1988)و دواتر داگیركردنی كوێت له (1990) و سه‌پاندنی گه‌مارۆ به‌سه‌ریدا بۆ ماوه‌ی 13 ساڵ‌و تا روخاندنی له 2003، عیراقی كرده بێشه‌یه‌كی وێران، له‌دوای پڕۆسه‌ی ئازادكردنیشه‌وه تائێستا، لانیكه‌م عیراق نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه سه‌ر نیوه‌ی ئه‌و هێزه ئابوورییه‌ی هه‌یبووه ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه عیراق خاوه‌نی سامانێكی گه‌وره‌ی سروشتی‌و مرۆییه، به‌ڵام به‌هۆی خراپ به‌كارهێنان‌و لێنه‌پرسینه‌وه‌و كۆنترۆڵكردنی بۆ به‌رژه‌وه‌ندی گروپ‌و تاقمێك رۆژگارێكی خراپتر له‌ئێستا چاوه‌ڕێی ده‌كات، دوور نییه تا 2020 خه‌ڵكی ئه‌م ناوچه‌یه به‌تایبه‌ت باشور له‌به‌ر بێ خزمه‌تگوزاری كۆچ بكه‌ن‌و به‌هۆی هه‌ژاری‌و نه‌دارایشه‌وه بمرن.
یوسف عومه‌ر ره‌شید
PUKmedia
هەواڵی زیاتر
-
سەعدی ئەحمەد پیرە: بۆردومانی قەڵادزێ ببێتە هەوێنی یەکڕیزی
12:39 PM - 2024-04-24 -
نیو سەدە بەسەر بۆردومانکردنی قەڵادزێ و زانکۆی سلێمانیدا تێدەپەڕێت
09:14 AM - 2024-04-24 -
سەرۆک بافڵ بەشداری پرسەی هەڤاڵ عەلی شامار تێکۆشەری دێرین دەکات
07:37 PM - 2024-04-23 -
کوردێک دەبێتە بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی وەبەرهێنانی سەلاحەدین
04:11 PM - 2024-04-23
ئەمانەش ببینە
وەفدێکی حکومیی عیراق بەشداری ساڵیادی بۆردومانی قەڵادزێ دەکات
10:14 AM - 2024-04-24
خەڵاتی زێڕینی بلە بە 10 کەسایەتی نمونەیی بەخشرا
04:30 PM - 2024-04-23
PUKMEDIA به‌شێك له‌گفتوگۆكانی كۆبوونه‌وه‌ی سودانی و بلینكن بڵاوده‌كاته‌وه
03:28 PM - 2024-04-23
قوباد تاڵەبانی داوای لابردنی گەمارۆی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی دەکات
11:33 AM - 2024-04-23
زۆرترین خوێنراو
-
پرسەنامەی قوباد تاڵەبانی بۆ خانەوادەی شێخ محەمەد عەزیز رەسوڵ
پرسەنامە 09:16 PM - 2024-04-23 -
سەرۆک بافڵ بەشداری پرسەی هەڤاڵ عەلی شامار تێکۆشەری دێرین دەکات
کوردستان 07:37 PM - 2024-04-23 -
پرسەنامەی شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ بۆ خانەوادەی مامۆستا جەمال هیدایەت
پرسەنامە 06:36 PM - 2024-04-23 -
خەڵاتی زێڕینی بلە بە 10 کەسایەتی نمونەیی بەخشرا
کوردستان 04:30 PM - 2024-04-23 -
کوردێک دەبێتە بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی وەبەرهێنانی سەلاحەدین
کوردستان 04:11 PM - 2024-04-23 -
PUKMEDIA به‌شێك له‌گفتوگۆكانی كۆبوونه‌وه‌ی سودانی و بلینكن بڵاوده‌كاته‌وه
کوردستان 03:28 PM - 2024-04-23 -
فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا لەسەر مەزاری مام کۆتایی بە ئەرکەکەی هێنا
کوردستان 12:02 PM - 2024-04-23 -
قوباد تاڵەبانی داوای لابردنی گەمارۆی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی دەکات
کوردستان 11:33 AM - 2024-04-23