riklam

یه‌كێتی به‌شێك له‌ پێشمه‌رجه‌كانی بۆ به‌شداری حكومه‌ت ئاشكراده‌كات

ی.ن.ک‌‌ 05:01 PM - 2019-01-10
.

.

راوێژكاری مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگه‌یاند: یه‌كێتی له‌سه‌ر بنه‌مای شه‌راكه‌تی راسته‌قینه‌ به‌شداری له‌حكومه‌تدا ده‌كات.

ئه‌مڕۆ 10-1-2019، سمكۆ ئه‌سعه‌د راوێژكاری مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌نووسیدا رایگه‌یاند: یه‌كێتی له‌سه‌ر بنه‌مای شه‌راكه‌تی راسته‌قینه‌ به‌شداری حكومه‌ت ده‌كات.

راشیگه‌یاند: هه‌میشه‌ شه‌راكه‌تی راسته‌قینه‌ داواكاری له‌مێژینه‌ی یه‌كێتییه‌، بۆیه‌ جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌و داواكارییه‌مان ده‌كه‌ینه‌وه‌، وتیشی: وه‌ك یه‌كێتی ده‌مانه‌وێت له‌ پێكهێنانی حكومه‌تدا سیاسییه‌تێكی راسته‌قینه‌و تۆكمه‌ی دارایی و به‌ڕێوه‌بردن دابڕێژرێت، كه‌ بزانرێت داهاته‌كان چۆنن چی لێده‌كرێت و چۆن خه‌رجده‌كرێن و له‌ خزمه‌تی هه‌موو هاووڵاتییانی هه‌رێمدابێت و دیارو شه‌فاف مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بكرێت، كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی هه‌موو هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستاندا بێت.

هه‌روه‌ها سمكۆ ئه‌سعه‌د وتی: یه‌كێتی داوای دامه‌زراندنی دادگای باڵای هه‌رێم ده‌كات و هه‌وڵی چاره‌سه‌كردنی كێشه‌كانی هه‌رێم ده‌دات، ئه‌وه‌شی ئاشكراكرد، كه‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان پێشتریش بۆچوونی ئه‌وه‌ی هه‌بووه‌ كه‌ سیستم به‌ره‌و په‌رله‌مانی ببرێت .

راشیگه‌یاند: یه‌كێتی به‌پێی ئیستحاقی هه‌ڵبژاردن پۆستی له‌ ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن و یاسادانان به‌رده‌كه‌وێت و پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مان و هه‌ردوو جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم و سه‌رۆكی حكومه‌ت به‌مافی خۆی ده‌زانێت.

 ته‌ئكیدیشیكرده‌وه‌، ده‌بێت لایه‌نه‌كان له‌ به‌غدا به‌رژه‌وه‌ندی گشتی له‌ به‌رچاوبگرن بۆ ئه‌وه‌ش نوێنه‌رانی یه‌كێتی هه‌میشه‌ كاری جددییان بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌.

هه‌رسه‌باره‌ت به‌ كه‌ركوك و ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كان راوێژكاری مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی وتیشی: یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، چۆن له‌ پێشدا هه‌وڵی پاراستنی گیان و سه‌رو ماڵی هاووڵاتییانی كه‌ركوكی داوه‌و مێژووش شایه‌ته‌، كه‌ چۆن یه‌كێتی ئه‌و شاره‌ی له‌خاپوركردن پاراست له‌ ئێستاشدا ده‌یه‌وێت ئه‌و شاره‌ بپارێزێت و به‌رگری له‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی هاووڵاتییانی بكات و له‌ رێگه‌ی سیاسه‌تێكی حه‌كیمانه‌و به‌پێی یاساو ده‌ستور مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ل ئه‌و شاره‌ بكرێت، بۆ چه‌سپاندنی بنه‌ما ده‌ستورییه‌كان تێیدا له‌ جێبه‌جێكردنی مادده‌ی 140 و گێڕانه‌وه‌ی بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان.

هه‌ر سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستان له‌ كه‌ركوك له‌لایه‌ن یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانه‌وه‌، راوێژكاری مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی وتی: ئاڵای كوردستان یه‌كێكه‌ له‌ پیرۆزییه‌كان لای یه‌كێتی و هه‌ر یه‌كێتی بوو له‌ژێر ئه‌و ئاڵایه‌دا به‌رگری له‌ هه‌رێمی كوردستان كردووه‌و ده‌ریایه‌ك خوێنی به‌خشیوه‌، بۆیه‌ش هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستان به‌ مافێكی خۆمان ده‌زانین، بۆ بابه‌تی یاسایی بوون یان یاسایی نه‌بوونی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ش ده‌بێت له‌ دادگا یه‌كلایی بكرێته‌وه‌، چونكه‌ دادگاو یاسا له‌م وڵاته‌دا هه‌یه‌ ئه‌وه‌ له‌دادگادا یه‌كلایی ده‌كرێته‌وه‌.

جه‌ختیشیكرده‌وه‌، یه‌كێتی ده‌یه‌وێت ئه‌وه‌ بیری سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بهێنێته‌وه‌، كه‌ ده‌یه‌وێت هاوبه‌شی راسته‌قینه‌ هه‌بێت له‌ پێكهێنانی حكومه‌تدا، هه‌رله‌ وه‌ڵامێكی پرسیاری رۆژنامه‌نووساندا، ئه‌وه‌ی ئاشكراكرد، كه‌ یه‌كێتی نابێته‌ ئۆپۆزسیۆن.

 PUKmedia تایبه‌ت 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket