riklam

د.یوسف: پڕۆسەی فێركردن لەسەر بنەمای توانای تاكەكان دابڕێژرێت

ریپۆرتاژ‌ 04:53 PM - 2019-01-09
.

.

بەئامادەبونی د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و، د.شێرزاد نەجار ڕاوێژكاری سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران بۆ كاروباری خوێندنی باڵا و، ڕاوێژكاران و سەرۆكی زانكۆ حكومی و تایبەتیەكان و، بەڕێوەبەرە گشتیەكانی دیوانی وەزارەت و، یاریدەدەرانی سەرۆكی زانكۆكان و، ڕاگری كۆلێژەكانی پەروەردە و، بەڕێوەبەری سێنتەرەكانی ڕێگەكانی وانەوتنەوە وۆركشۆپی ڕیفۆرمی پێداگۆجی لە زانكۆكانی كوردستان بەڕێوەچو.

لەو وۆركشۆپەدا، كە ئەمڕۆ چوارشەممە، ڕێكەوتی (9/1/2019) لە هۆڵی كۆبونەوەكانی هۆتێل شیراتۆن لە شاری هەولێر بەڕێوەچو، لەسەرەتادا ئامادەبوان ساتێك بۆ گیانی پاكی شەهیدان بێ دەنگیان نواند، پاشان چەند وتارێك پێشكەشكرا.

سیستمی وانەوتنەوە بە درێژایی پێنج دەیەی ڕابردو هیچ گۆڕانكارییەكی بنەڕەتی بەسەردا نەهاتووە

لەسەرەتادا، د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی وتارێكی پێشكەشكرد، لەو چوارچێوەیەدا و، لەسەرەتای وتارەكەیدا بەگرنگیەوە باسی لە بەستنی وۆركشۆپەكە كرد و وتی: لە سەرەتای ساڵی (٢٠١٥)دا دەستمان بە گفتوگۆیەكی زانستی كراوە كرد دەربارەی ڕێگەكانی فێركردن و وانەوتنەوە لە نێو دامەزراوەكانی خوێندنی باڵا، ئەو كات ژمارەیەكی بەرچاو فیدباكی بەشداربوانی خولی ڕێگەكانی وانەوتنەوەمان بەدەست گەیشتبو، لە هەمانكاتدا داتا و زانیاری وردمان دەربارەی گۆڕانكاریی و میتۆدەكانی پێداگۆجی لەسەر ئاستی جیهان لەبەر دەستدا بو، وتیشی  خاڵی سەرەكی فیدباكی ناوخۆیی بریتی بو لە (شكستی) سیستمی پێداگۆجی تەقلیدی لە هەرێمی كوردستان لە هەڵكردن لەگەڵ گۆڕانكارییەكان، كە خۆی لە خەسڵەتێكی پاسیڤ دادەبینیەوە و، بە درێژایی پێنج دەیەی ڕابردو هیچ گۆڕانكارییەكی بنەڕەتی بەسەردا نەهاتوە، وتیشی مامۆستا (لە جیاتی خوێندكار و قوتابی) هێشتا هەر چەقی پرۆسەی خوێندن و فێركردنە، سیستمی خوێندمان نەیتوانیوە وەك پێویست دونیا بینی نەوەی نوێ فراوان بكات و، ژینگەیەكی لەبار  بۆ ئازادی بیركردنەوە و ڕەخنەگرتن داهێنان و كارسازی و پێكەوەیی بخولقێنێت، پەیوەندیمان بە كایەكانی كۆمەڵگە و پێداویستییەكانی بازاڕ و گەشەكردنی ئابوری وڵاتەكەمان هێشتا لە ئاستی چاوەڕوانكراودا نییە ، لە بری داهێنان و دیبەیتی بونیادنەرانە هێشتا لە ژمارەیەك لە زانكۆكانمان بە ئاڕاستەی تۆخكردنەوەی كەلتوری مەلزەمە هەنگاو دەنێن.

یەكەمین پرۆژەشمان لە (ڕیفۆرمی پێداگۆجی) لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان دەستپێكرد

بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانەش، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی باسی لە كارنامەی وەزارەتەكەی بۆ ئەو بوارەی خوێندنی باڵا كرد و ڕاگەیاند: یەك ساڵ پێش ئێستا و لە مانگی( ١ / ٢٠١٨)دا وەفدێكی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیمان ناردە وڵاتی فنلاند ، وتیشی فینلاند یەكێكە لە وڵاتە پێشكەوتوەكان، د.یوسف گۆران ئەوەشی ڕاگەیاند: لەو سەردانەدا ژمارەیەك زانكۆ و دامەزراوەی زانستی و ئەكادیمی ئەو وڵاتە بەسەر كرانەوە و، لە كۆتاییشدا گفتوگۆیەكی زانستی و وردیان لەگەڵ كاربەدەستانی باڵای وەزارەتی دەرەوەی فنلاند ئەنجام دابو، ڕونیشكردەوە  دوای گەڕانەوەی وەفدەكەی وەزارەت ژمارەیەك لە زانكۆكان و دامەزراوەكانی خوێندنی باڵای فینلاند ئامادەیی خۆیان نیشاندا بۆ هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی كوردستان، وتیشی بە سوپاسەوە دەرگای دەستپێكردنی پڕۆژە زانستی و ستراتیجییەكانمان لەگەڵ ئەم وڵاتە كردەوە، یەكەمین پرۆژەشمان بریتی بو لە (ڕیفۆرمی پێداگۆجی) لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان، ڕونیشیكردەوە ئەوە یەكەم پڕۆژەیە، بەڵام كۆتا پڕۆژەیە نابێ بەتایبەت لەگەڵ ئەو وڵاتانەی كە ئەزمونی سەركەو‌تویان هەیە، ئەوەشی ڕاگەیاند: یەكێك لەو كارانەی كە دەبێ كاری لەسەر بكەین ئەوەیە چەندە خوێندكاران و كەس وكاریان و كۆمەڵگە متمانەیان بەئێمە هەیه.

گەشەكردنی تەكنۆلۆجیا و دەرفەت و پێداویستییەكانی بازاڕی كار گەلێك گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە

لە تەوەرێكی دیكەی وتارەكەیدا، د.یوسف گۆران باسی لە گرنگی پێداگۆجی لە زانكۆكان  كرد و ڕایگەیاند: پیداگۆجی مانای هونەری گەیاندن و ئاڵوگۆڕی زانست و كارامەییە لە كۆنتێكستێكی پەروەردەییدا و، هەمو ئەو كاركێكانە دەگرێتەوە، كە لە پرۆسەی فێربوندا ئەنجام دەدرێن، ئەوەشی ڕاگەیاند، كە (پێداگۆجی) لەژێر كاریگەری گۆڕانكارییە ڕۆشنبیری و ئابوریەكانی سەدەی بیست و یەك و گەشەكردنی تەكنۆلۆجیا و دەرفەت و پێداویستییەكانی بازاڕی كار گەلێك گۆڕانكاری بەسەردا هاتوە، وڵاتی فینلاند لەسەر ئاستی جیهان لە پێشەنگی ڕیفۆرمی (پەروەردەیی و پێداگۆجی)دان، بۆ ئەوەش وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی وتی: خاڵی بنەڕەتی ڕیفۆرمی پەروەردەیی هەر نمونەیەكی پێشكەوتوی پێداگۆجی بریتییە لە بەرزكردنەوەی ئاستی زانستی و كارامەیی پێداگۆجی مامۆستایان و پێدانی ئازادی و ئۆتۆنۆمی بە ناوەندە پەروەردەییەكان بۆ ئەوەی خۆیان لە بواری فێركردندا دەستكراوە بن و، هەمیشە دەرفەتی داهێنان و تازەكاری لەبەردەمیاندا ئاوەڵا بێت.

 دەبێت پرۆسەی فێركردن لەسەر بنەمای تواناو پۆتێنشیاڵی تاكەكان دابڕێژرێت

سەبارەت بەئەزمونی سەركەوتوی وڵاتی فینلاند، د.یوسف گۆران ڕونكردنەوەی زیاتری لەبارەی سیستمی ئەو وڵاتەدا وتی: لە سیستمی پەروەردەی فینلاندا قوتابی و خوێندكار لە سێنتەری پرۆسەی پەروەردە و فێركردندان، (متمانە)... ڕۆڵی گرنگ دەبینێت و حكومەت و كۆمەڵگە متمانەیان بە كواڵیتی پرۆسەی خوێندن و فێركردن هەیە، وتیشی یەكێك لە جوانترین خەسڵەتەكانی  فیركردن لەم سیستمە بریتییە لەو كۆنسێپتەی كە هەر منداڵێك یان گەنجێك  (توانایەكی تایبەت و ناوازەی هەیە)، بۆیە دەبێت پرۆسەی فێركردن لەسەر بنەمای تواناو پۆتێنشیاڵی تاكەكان دابڕێژرێت، واتا هەر تاكێكی كۆمەڵگە لە پرۆسەی فێربوندا ڕێچكەی فێربونی تایبەت بە خۆی هەیە و، مامۆستایان و سیستمی پەروەردە  دەبێت ببنە  ڕێخۆشكەر لەبەردەم گەشەكردنی توانای یەكە بە یەكەی تاكەكاندا، واتا سیستمی پەروەردە دەبێت متمانەی بە توانای ناوازەی یەكە بە یەكەی تاكەكانی كۆمەڵگە هەبێت و هەلی دەركەوتن و گەشەكردنی ئەو توانایانە بڕەخسێنێت.

هەموو خوێندكارێك دەبێت بەشداربێت لە كارێكی داهێنەرانە

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بەشێكی دیكەی وتارەكەی تەرخانكرد بۆ گرنگی پرۆسەی خوێندن و فێركردن و لەوبارەیەوە وتی: پرۆسەی خوێندن دەبێت لەسەر بنەمای  (فێربون و بیركردنەوەی داهێنەرانە و كارسازی) دابڕێژرێت، هەمو خوێندكارێك دەبێت بەشداربێت لە كارێكی داهێنەرانە، كە خزمەت بە چارەسەركردنی پرس و گرفتەكانی سێكتەرەكانی كۆمەڵگە و بزنس و كەرتی پیشەسازی بكات. د.یوسف گۆران جەختی لەسەر ئەوەش كردەوە، كە دەبێت هەوڵ بدەین پرۆسەی خوێندن بەتەواوەتی لەگەڵ كۆمەڵگە و بزنس و كەرتی پیشەسازی هەماهەنگ و پێكەوە گرێدراو بن، وتیشی پرۆسەی فێربون لە سەدەی بیست و یەكدا پڕۆسەیەكی داینەمیكە و تەنها لە ژورەكانی پۆلدا قەتیس نابێت، بەڵكو دەبێت هەمو سوچێكی كۆمەڵگە وەك ژینگەیەكی پەروەردەیی بۆ خوێندن و فێركردن بەكار بهێنرێت.

ساڵی ڕابردو یەكەمین گروپی مامۆستایانی زانكۆ ڕەوانەی فینلاند كران

لە تەوەرێكی دیكەی وتارە گرنگەكەیدا، د.یوسف گۆران باسی لە وردەكارییەكانی ئەو پرۆگرامەكە كرد، كە لەگەڵ زانكۆیەكی فینلاندی ئەنجامیاندا بۆ ڕیفۆرمكردن لە بواری پێداگۆجی بۆ ئەوەش وتی: لەبەر ڕۆشنایی ئەم تێگەیشتنانەی كە هەمانە لە مانگی نیسانی (٢٠١٨) ڕەشنوسی درافتی یەكەمین پرۆژەی هاوبەشی نێوان وەزارەتی خوێندنی باڵا و زانكۆی هامك (HAMK) بە ناونیشانی (Pedagogical Training for Teachers professional Development) داڕێژرا، وتیشی لەو چوارچێوەیەدا توانیمان (٣٣) مامۆستا لە (١٧) زانكۆی هەرێمی كوردستانەوە بنێرینە فینلاند بۆ بەشداری لە پڕۆگرامی (ڕاهێنانی پێداگۆجی)، ڕونیشیكردەوە، كە پرۆگرامەكە دو بەشی سەرەكی لەخۆ دەگەرێت:

بەشی یەكەم : بریتی بو لە ڕاهێنانی ئەو (٣٣) مامۆستایە لەسەر پرانسیپەكانی پێداگۆجی مۆدیرن و ئامادەكردنیان بۆ سەركردایەتیكردنی ڕیفۆرمی پێداگۆجی لە هەرێمی كوردستان، لەم ڕاهێنانەدا بە گشتی تەركیز لەسەر كۆنسێپتە نوێیەكانی پێداگۆجی مۆدێرن كراوە بە تایبەت:

•       Student Centered Approach

•       Innovative Pedagogical Method

•       Competence Based Curriculum

•       Entrepreneurship and Innovation

•       University Business cooperation

بەشی دوم: ئەو مامۆستایانەی بەشداری ئەم پرۆگرامەیان كردوە، لە دوای گەڕانەوەیان بۆ هەرێمی كوردستان هەم پرۆگرامی نوێی پێداگۆجی بۆ هەرێمی كوردستان دادەڕێژن، هەمیش ڕاهێنان بە مامۆستایانی ناوخۆی هەرێمی كوردستان دەكەن بۆ مەبەستی گواستنەوەی ئەو كۆنسێپتە نوێیانە و دەستپێكردنی پرۆسەی ڕیفۆرمی پێداگۆجی لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان.

سەرباری ئاستەنگیەكان، قۆناخی یەكەمان بەسەركەتوی جێبەجێكرد

سەبارەت بەئەنجامی ئەو پڕۆگرامە، د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند: قۆناخی یەكەممان تا ڕادەیەكی زۆر بە سەركەوتویی تەواو كرد، ئەو (٣٣) مامۆستا بەڕێزە توانیان بۆ ماوەی(دو هەفتە لە ناوەوەی هەرێم) و، (٦ هەفتە) لە فینلاند بە سەركەوتویی بەشداری كۆرسەكە بكەن و، خۆیان بۆ قۆناخی دوەمی پرۆسەكە ئامادە بكەن، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی وتیشی شانازی دەكەین كە توانیمان سەرباری هەمو ئاستەنگەكان ئەم پرۆسەیە بەسەركەوتویی بەڕی بكەین، بە تایبەت ئەم جارەیان پرسی ڤیزا گرفتێكی گەورە بو، ئەوەش بە هۆی نەبونی كونسڵگەری فینلاند لە هەرێمی كوردستان، ناچار بوین مامۆستایان دو جار بنێرینە ئەنكەرە جاری یەكەم بۆ پێشكەشكردنی داواكاری وەرگرتنی ڤیزا و، جاری دوەمیش بۆ وەرگرتنەوەی ڤیزاكانیان، خۆشبەختانە توانیمان هەموویان بگەیەنینە شوێنی خوێندنەكەیان، وتیشی ئەمڕۆ هەمو كاندیدەكان لەم وۆركشۆپەدا باس لە ئەزمونی خۆیان دەكەن و، ناوەرۆكی پرۆگرامی نوێی پێداگۆجی دەخەنە پیش چاومان، هیواشی خواست بە گفتوگۆیەكی زانستی كراوە بتوانن تیگەیشتنی تەواو دروستبكەن و،  ئامادەكاری بۆ دەستپێكی پرۆگرامی ڕیفۆرمی پێداگۆجی بكەن.

لەو پڕۆگرامەدا، كۆمەڵێك دامەزراوەی ئەكادیمی و زانستی هەماهەنگ بون

لە بەرامبەر بەسەركەوتویی بەڕێوەچونی ئەو كۆرسەدا، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی سوپاسی تایبەتی زانكۆی هامك كرد و وتی: بەڕاستی نمونەیەكی بەرز و ناوازەی  پرۆفێشناڵیزم و، ئاستێكی بەرزی زانستی و ئەكادیمیان نیشان داین، ئێمە لێرەوە دەستخۆشیان لێدەكەین، سوپاسی تایبەتی یەكە یەكەی بەڕێوەبەرانی ئەم پرۆگرامە و ئەو مامۆستایانەی زانكۆی هامك دەكەین، كە لەم پڕۆژەیەدا بەشدار بون، وتیشی زانكۆی هامك فیدباكی خۆیان لەسەر پرۆگرامەكە و، یەكە بە یەكەی بەشداربوانی كۆرسەكە ئامادە كردوە و، بە شیوەیەكی فەرمی پیشكەشی وەزارەتی دەكەن، هەر لەو چوارچێوەیەدا سوپاسی تایبەتی مامۆستایانی بەشداربوی كۆرسەكەی كرد، كە ماندونەناس و لە خۆبوردوبون، وەك (قوتابی/ خوێندكار) ماوەی مانەوەیان لە شاری (هامێلینا )بەسەر برد، لەهەمانكاتدا د.یوسف گۆران سوپاسی تایبەتی سپۆنسەرەكانی پرۆگرامەكە كرد، كە جگە لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرسێ زانكۆی (لوبنانی فەرەنسی، گەشەپێدانی مرۆیی و نەورۆز) بەشداربون لە دەستەبەركردنی لایەنی دارایی پڕۆژەكە، وتیشی ئەم هەنگاوە یەكەمین مۆدێلی (Public Private Partnership)ە لە بواری خوێندنی باڵا كە تیایدا هەردو كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت هەماهەنگی دەكەن لە سپۆنسەركردن و، سەرخستنی بەرنامەیەكی نیشتیمانی هاوبەش لە پێناو بەرژەوەندی گشتیدا.

پڕۆژەی ستراتیجی لە ڕیفۆرمی خوێندنی باڵا جێبەجێ دەكرێ

سەبارەت بەكارنامەی داهاتوی وەزارەتەكەی، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند: بەرنامەكانمان لەگەڵ زانكۆی هامك و زانكۆكانی دیكەی فینلاند بەردەوام دەبێت، ڕاشگەیاند: هەر لە بەرنامەی ڕیفۆرمی پێداگۆجی دەمانەوێت لە ساڵی (٢٠١٩)دا لانی كەم سێ گروپی دیكەی مامۆستایان بنێرین، هەروەها گفتوگۆمان ئەنجامداوە لەگەڵ دامەزراوەی (ئارێنێ) و (فین ئێك) و، ژمارەیەك زانكۆ و دامەزراوەی ئەكادیمی فینلاند، كە پڕۆژەی ستراتیجی لە ڕیفۆرمی خوێندنی باڵا جێبەجێ بكەین و، هەوڵ بدەین ئەم هەنگاوانە ڕیفۆرمی كەرتی پەروەردەش بگرێتەوە.

لەمەودوا دەبێ قوتابی و خوێندكار دەكرێنە سێنتەری پرۆسەی فێركردن

لەكۆتایی وتارەكەیدا، د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هیوای خواست هەمو ئەو كۆنسێپتانەی كە لەم پرۆگرامەدا باس دەكرێن بە تیگەشتنی قوڵەوە بخەینە بواری پراكتیزەكردنەوە و، سود لە ئەزمون و توانای وڵاتی فینلاند و ئەم مامۆستا ئازیزانە وەربگرین، كە ڕاهێنانیان لەو وڵاتە ئەنجامداوە، ڕاشگەیاند: لەمەودوا دەبێ قوتابی و خوێندكار بكەینە سێنتەری پرۆسەی فێركردن و، بواری داهێنان و كارسازی زیاتر برەخسێنینن، وتیشی دەبێ زانكۆكانمان زیاتر ببەستینەوە بە بازاڕی كار و سێكتەرەكانی كۆمەڵگە و بزنس و پیشەسازییەوە، هەمو جێگایەكی ئەم كۆمەڵگەیەمان بكەینە ژینگەیەك بۆ خوێندن و فێربون و داهێنان و ئەفراندن.

پڕۆگرامی پێداگۆجی لە فینلاند چەند تەوەرێكی لەخۆگرتبو

پاشان وتاری (Maaret Viskari) بەرپرسی پەروەردەی جیهانی لە زانكۆی (Hamk)ی فینلاندی خرایەڕو.  لە وتارەكەیدا باسی لە بیرۆكە و گەڵاڵەكردنی پڕۆگرامەكە و، دواتر جێبەجیكردنی پڕۆژەكە كرد، وتیشی پرۆگرامە چەند تەوەرێكی لەخۆگرتبو، كە تیایدا ڕۆژانه لە وڵاتی فینلاند بەشێوەیەكی پراكتیكی ڕاهێنان بەبەشداربوانی خولەكە دەكرا و، لەلایەن ستافێكی كارامەوە بەنوێترین میتۆدەكانی پێداگۆجی ئاشنادەكران.  

ئەزمونی وانەوتنەوە لە زانكۆكانی وڵاتی فینلاند

لە بەشێكی دیكەی ئەو وۆركشۆپەدا، چەند تەوەرێكی جیا سەبارەت لایەنەكانی پیداگۆجی پێشكەشكران، لەو بارەیەوە و لە تەوەری یەكەمدا لەلایەن (د.محمد صدیق لە زانكۆی لوبنانی فەرەنسی، د.ئاراس قادر لە زانكۆی پۆلیتەكینكی هەولێر و د.توانا عبدالرزاق لە زانكۆی كۆمار) باس لە ئەزمونی وانەوتنەوە لە زانكۆكانی وڵاتی فینلاند كرا.

هەشت مۆدێل و پڕۆگرامی پێشنیازكراو بۆ خولی پێداگۆجی

لە تەوەری دوەمدا، لەلایەن (د.كارمەند حەمەد لە زانكۆی سۆران، د.موئەید محمد لە زانكۆی نەورۆز، د.ستار جەبار لە زانكۆی زاخۆ، د.ئەحمەد عومەر لە زانكۆی گەشەپێدان، د.نازدار عزالدین لە زانكۆی هەولێری پزیشكی، د.نەبەز نەوزاد لە زانكۆی لوبنانی فەرەنسی، د.ڕێژین هارون لە زانكۆی سلێمانی، د.ئەسعەد محمد لە زانكۆی گەرمیان، د.توانا حەمید لە زانكۆی چەرموو، د.موصعەب سەلمان لە زانكۆی پۆلیتەكنیكی دهۆك، د.ئەیسەر عبدالخالق لە زانكۆی سلێمانی، د.علا‌والدین خەلیل لە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی، د.عەباس بورهان لە زانكۆی سەڵاحەددین/هەولێر، د.محمد ئیبراهیم لە زانكۆی دهۆك، د.ئەمین عبدالقادر لە زانكۆی دهۆك، د. شاكر حسن زانكۆی پۆلیتەكنیكی دهۆك، د.حسین عەلی لە زانكۆی نەورۆز و د.هاوكار محی الدین لە زانكۆی ڕاپەڕین) باس لە هەشت مۆدێل و پڕۆگرامی پێشنیازكراو بۆ خولی پێداگۆجی لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان كرا.

كۆمەڵێك پێشنیاز گەڵاڵەكران

لە بەشی سێیەمی وۆركشۆپەكەدا، لەلایەن (د.محمد عەلی لە زانكۆی سۆران، د.كاروان عەلی لە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی، د.ڕەمەزان مصگفی لە زانكۆی زاخۆ، د.كاروان وەسمان لە زانكۆی سەڵاحەددین/ هەولێر، م.ئەژین مصگفی لە زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی و د.عومەر مەحمود لە زانكۆی گەرمیان) وەڵامی پرسیاری ئامادەبوان درایەوە و، گفتوگۆی ورد لەسەر تەواوی تەوەرەكانی وۆركشۆپەكەدا كرا، بەگەڵاڵەكردن و خستنەڕوی چەند ڕاسپاردەیەك كۆتایی بەوۆركشۆپەكە هات. 

PUKmedia بەرێوەبەرایەتی راگەیاندنی وەزارەت

 

 

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket