riklam

كونسوڵی ئەمریكا داوای رێككەوتنی لایەنە سیاسییەكانی هەرێم دەكات

کوردستان 07:30 PM - 2019-01-08
.

.

دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەكتەبی پەیوەندییە گشتییەكانی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لە بارەگای مەكتەبی سیاسی لە شاری هەولێر پێشوازیكرد لە ستیڤن فەیگن كونسڵی گشتی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان و خاتوو سیلڤیا ئیریس  بەرپرسی نوسینگەی سیاسی و ئابوری لە كونسوڵخانەی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان. 

لە دیدارێكی نێوان هەردوولادا بارودۆخی سیاسی و ئابوری و سەربازی عیراق و هەرێمی كوردستان و ناوچەكە بەگشتی گفتوگۆی لەبارەوە كرا . 

كونسوڵی گشتی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان ئاماژەی بە هەڵوێستی حكومەتی ئەمریكا كرد سەبارەت بە حكومەتی نوێی عیراق و كابینەی داهاتووی حكومەتی هەرێمی كوردستان ، جەختی كردەوە كە واشنتۆن خوازیاری حكومەتێكی یەكگرتووە لە عیراق كە ببێتە مایەی سەقامگیری سیاسی و ئابوری و خۆشگوزەرانی بۆ گەلانی عیراق بەگشتی هاوكات خوازیارە لە زوترین كاتدا لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستانیش بگەنە رێكەوتن بۆ پێكهێنانی حكومەتی تازەی هەرێمی كوردستان . 

سەبارەت بە بارودۆخی سوریا بەگشتی و رۆژئاوای كوردستان بەتایبەتی كونسوڵی گشتی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان ئاماژەی بە دوایین هەڵوێستی كۆشكی سپی كرد كە لە دوایین روونكردنەوەدا دەڵێت كشانەوەی هێزەكانمان مەرجدارە و بەشێوەیەكی لەسەرخۆ دەبێت تا ئەوكاتەی دڵنیادەبین كە رێكخراوی تیرۆرستی داعش بەتەواوی ریشەكێش بووە لە ناوچەكە و هاوكات دڵنیابین لەوەی هاوپەیمان و دۆستە كوردەكانمان پارێزراو دەبن و هیچ هێز و لایەنێك نابنە هەڕەشە لەسەریان، ئەو پەیامەش لە رێگەی كەناڵە دیپلۆماتییەكانەوە بە وڵاتانی ناوچەكە گەیەندراوە . 

دواتر سەعدی ئەحمەد پیرە خۆشحاڵی خۆی بەدواین هەڵوێستی حكومەتی ئەمریكا نیشاندا و ئاماژەی بە مێژووی هاوپەیمانیەتی كورد و ئەمریكا كرد لەناوچەكەدا كە بەدرێژایی ساڵانی رابردوو بەیەكەوە لەیەك سەنگەردا دژی تیرۆرستان جەنگاون ، وتیشی راستە داعش لە رووی سەربازییەوە شكستی هێناوە و بەرەو لەناوچوون دەچێت بەڵام وا پێویست دەكات هاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتی بەسەرۆكایەتی ئەمریكا و هاریكاری هێزە كوردییەكان بەردەوام بێت بۆ ئەوەی لە رووی ئایدۆلۆژی و لۆجیستی و داراییشەوە سەرچاوەكانی پشتیوانیكردن لە داعش و گروپە تیرۆرستیەكانی تر بنەبڕ بكرێت.

 سەبارەت بە بارودۆخی سیاسی عیراق و هەرێمی كوردستانیش سەعدی ئەحمەد پیرە تەئكیدی كردەوە كە پشتیوانی لە حكومەتی نوێی عیراق دەكەن كەمافی هەموو پێكهاتەكانی تێدا پارێزراوبێت، وتیشی: یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە هەوڵەكانی بەردەوامە بۆ گەیشتن بە رێكەوتنێكی سیاسی بۆ شێوازی پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێمی كوردستان .

PUKmedia راگەیاندنی پەیوەندییە گشتییەكانی یەكێتی

1.jpg

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket