riklam

رۆڵی كورد له‌ دامه‌زراندنی سوپای عیراق

ریپۆرتاژ‌ 11:53 AM - 2019-01-07
نۆ ئه‌فسه‌ری پله‌ باڵای كورد به‌شداربوون له‌ دامه‌زراندنی سوپای عیراقدا

نۆ ئه‌فسه‌ری پله‌ باڵای كورد به‌شداربوون له‌ دامه‌زراندنی سوپای عیراقدا

سوپای عیراق كه‌ هێزێكی رێكخراوی كۆماری عیراقه‌، له‌هێزی وشكایی‌و ده‌ریایی‌و ئاسمانی پێكدێت، مێژووی دامه‌رزاندنی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ رۆژی 6-1-1921  واته‌ 98 ساڵ به‌ر له‌ ئێستا، ‌ كه‌ باس له‌ دامه‌زراندنی سوپای عیراق-یش ده‌كرێت، ناكرێت مێژووی سه‌ربازی و رۆڵی ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌‌ ‌كوردانه‌ له‌ یاد بكرێت كه‌وا به‌ردی بناغه‌ی ئه‌م سوپایه‌یان داناوه،‌ چونكه‌ نۆ ئه‌فسه‌ری پله‌ باڵا له‌و‌ 14 ئه‌فسه‌ره‌ی كه‌ رۆژی 6ی كانونی دووه‌می  یان دیاری كرد وه‌ك رۆژی سوپا كوردبوون.

رۆڵی كورد له‌ پێكهێنانی سوپای عیراق
وه‌ك ئاشكرایه‌ كه‌ سوپای عیراق یه‌كه‌م سوپای دامه‌زرێنراوی عه‌ره‌بی بوو كه‌ بووه‌ به‌ نموونه‌یه‌ك بۆ هه‌موو ده‌وڵه‌تانی عه‌ره‌بی به‌تایبه‌تی له‌ ناو و پله‌ به‌ندی سه‌ربازیدا، رۆڵی كوردیش له‌ پێكهێنانی سوپای عیراق ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ دوای كۆتایهاتنی جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانی، (1914-1918)و كۆتایهاتنی ده‌سه‌ڵاتی عوسمانی له‌عیراق ‌و كۆنترۆڵكردنی عیراق له‌لایه‌ن به‌ریتانیاوه‌، یه‌كه‌م حكومه‌تی عیراق له‌مانگی ئابی 1920 به‌سه‌رۆكایه‌تی عه‌بدولڕه‌حمان نه‌قیب پێكهێنرا، له‌و حكومه‌ته‌دا یه‌كه‌م ئه‌فسه‌ری كورد كه‌ پۆستی وه‌زیری به‌رگری حكومه‌ته‌كه‌ی نه‌قیبی وه‌رگرت جه‌عفه‌ر عه‌سكه‌ری بوو.

نۆ ئه‌فسه‌ر له‌ دامه‌زرێنه‌رانی سوپا كورد بوون
1-فه‌ریق جه‌عفه‌ر مسته‌فا عه‌سكه‌ری، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ی سوپا ئه‌وكات پله‌ی فه‌ریق روكن  بووه، ‌وه‌ ‌یه‌كه‌م وه‌زیری به‌رگری‌ بوو له‌یه‌كه‌م حكومه‌تی عیراقی (عبد الرحمان نقیب)دا، جه‌عفه‌ر عه‌سكه‌ری چه‌ندین پۆستی باڵاو گرنگی وه‌رگرتووه‌،‌ هه‌روه‌ها ‌خه‌ڵكی ناوچه‌ی عه‌سكه‌ری سه‌ربه‌ ناحیه‌ی ئاغجه‌له‌ری نزیك شارۆچكه‌ی چه‌مچماڵه.

2-عه‌قید عه‌بدولحه‌مید شاڵچی ئه‌ندامی ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ر.

3- رائد سه‌عید مه‌حه‌مه‌د .

4-به‌كر سدقی عه‌سكه‌ری ئه‌ندام ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ره‌ كه‌ چه‌ندین پۆستی ئه‌منی گرنگی بینیوه‌و ‌پاشان ده‌بێت  به‌ سوپاسالار (رئیس ئه‌ركانی الجیش) له‌ساڵی 1936دا، كه‌خه‌ڵكی  ناوچه‌ی عه‌سكه‌ری سه‌ربه‌ناحیه‌ی (ئاغجه‌له‌ر)ی نزیك شارۆچكه‌ی چه‌مچماڵن له‌گه‌ڵ جه‌عفه‌ر عه‌سكه‌ریدا خه‌ڵكی یه‌ك گوندن ئه‌مه‌ش وایكردوه‌ كه‌ نازناوی  عه‌سكه‌ری هه‌ڵبگرن.

5-تۆفیق وه‌هبی به‌گ، وه‌كیل قائد ده‌ێت له‌ ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ر له‌و ده‌مه‌دا پله‌ی رائیدی ده‌بێت، هه‌روه‌ها یه‌كێك بووه‌ له‌و ئه‌فسه‌ره‌ به‌توانایانه‌ی ناو سوپای عوسمانی كه‌به‌شداری شه‌ڕی (درده‌نیل) و‌ شه‌ڕی (شعیبه‌)ی كردووه‌، له‌ كاتێكدا كه‌ ئه‌فسه‌ر بووه‌ له‌ ریزی سوپای عوسمانی و به‌ روخانی ده‌وڵه‌تی عوسمانی په‌یوه‌ندی ده‌كات به‌ شۆڕشه‌كه‌ی شێخی نه‌مره‌وه‌، پاش هه‌وڵی‌ دامركاندنه‌وه‌ی شۆڕشه‌كه‌ی شێخ له‌ لایه‌ن به‌ڕیتانیه‌وه‌  ده‌ستگیر ده‌كرێت،‌ دوای ئازادكردنی له‌ڕێگه‌ هاوه‌ڵانییه‌وه‌ په‌یوه‌ندی ده‌كاته‌وه‌ به‌سوپای عیراقی نوێ-وه‌‌.

 6- رائد عه‌بدولره‌زاق حلمی.

  7- نه‌قیب حه‌سه‌ن حسێن عه‌سكه‌ری، به‌هه‌مان شێوه‌ خه‌ڵكی گوندی عه‌سكه‌ره‌و ئه‌ندامی ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ر بووه‌.

8- نه‌قیب محه‌مه‌د ئه‌مین زه‌كی به‌گ، ئه‌ندامی ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ر و ده‌رچووی كۆلێژی سه‌ربازی و كۆڵێژی ئه‌ركان بووه‌ له‌ سوپای عوسمانی، به‌هۆی لێهاتووییه‌وه‌ له‌ ریزه‌كانی سوپای عوسمانیداو ئه‌و وتارو  لێكۆڵینه‌وانه‌ی كه‌ له‌ ئه‌سته‌مبوڵ بڵاویان ده‌كاته‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ جه‌نگی ئیمبراتۆریه‌تی عوسمانی و ‌جه‌نگی ناپلیۆن زۆر بابه‌تی تر كاریگه‌ری ته‌واوی خۆی داده‌نێت له‌ سه‌ر (مسته‌فا كه‌مال ئه‌تاتورك) و‌ گرنگی زۆرپێده‌دات.

9-. (نوری سەعید پاشا) جێگری سەرۆكی دەستەی دامەزرێنەر دەبێت كە ئەو كات پلەكەی فەریق ركن بووە یەكەم سوپاسالاری(رەئیس ئەركانی جەیش)ی عیراقی بووە، ‌پاشان دەكرێت بە وەزیری دەرەوەی عیراق چەند جارێكیش دەكرێت بە سەرۆك وەزیرانی عیراق و لادەبرێت، بەهۆی ئاڵۆزی بارودۆخی سیاسی عیراق وه لە سەردەمی دەسەڵاتی مەلیك و ئینتیدابی بەریتانیدا، بەڵام بە لێهاتوترین سەرۆك وەزیران دادەنرێت لە مێژوی عیراقدا، خەڵكی گوندی زەردكی – دەشتی ساڵەیی كە 30 كم دوورە لە  باكور رۆژهەڵاتی كەركوكەوه،‌‌ هەروەها هاوسەری نوری سەعید خوشكی جەعفەر عەسكری بووه.

ئه‌فسه‌رانی كورد له‌ شۆڕشه‌كانی عیراقیشدا رۆڵی به‌رچاویان هه‌بووه‌
جگه‌ له‌دامه‌زراندنی سوپای عیراق، ئه‌فسه‌رانی كورد له‌شۆڕشی 14ی ته‌مموزی ساڵی 1958دا رۆڵی به‌رچاویان هه‌بووه‌، له‌ساڵی 2003 ئه‌فسه‌رانی كوردو هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ رۆڵی گه‌وره‌یان بینیوه‌ له‌ڕووخانی رژێمی به‌عس‌و په‌یوه‌ندیكردنه‌وه‌ به‌سوپا، ته‌نانه‌ت پێكهێنانه‌وه‌ی سوپای عیراق جارێكی تر له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌فسه‌رانی كوردو عه‌ره‌ب بووه‌.

به‌شداریكردنی ئه‌فسه‌رانی هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌ دامه‌زراندنه‌وه‌ی سوپای عیراق بۆ جاری دووه‌م
له‌كاتی  رزگاركردنی عیراق له‌ ساڵی 2003دا پاش ده‌ركردنی بڕیاری  هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سوپای عیراقی  له‌لایه‌ن حاكمی سه‌ربازی ئه‌و كاته‌ی عیراق، ئه‌مریكا بڕیاریدا سوپای عیراق دابمه‌زرینێته‌وه‌ به‌ پێكهاته‌و شێوه‌یه‌كی جیاواز له‌وه‌ی‌ پێشتر، یه‌كه‌كانی پێشمه‌رگه‌ كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی ناو پڕۆسه‌كه‌بوون، له‌ سه‌ره‌تادا  ته‌نانه‌ت  ئاسایش و ئه‌منیه‌تی پارێزگای به‌غدا له‌ %80ی به‌ ده‌ست كورده‌وه‌ بوو و زۆرێك له‌ فه‌رمانده‌ی فرقه‌كان و پۆسته‌ گرنگه‌كان به‌ده‌ست كورده‌وه‌بوون وه‌ك سوپا سالاری عیراق، فه‌رمانده‌ی ده‌زگای هه‌واڵگری و فه‌رمانده‌ی هێزی ئاسمانی عیراق كورد بوون، به‌ڵام به‌ هۆی  هه‌ڵه‌ی سیاسی و نه‌بوونی هیچ ئنتیمایه‌كی رۆحی وه‌ك تاكی كورد  بۆ ئه‌م سوپایه‌، ‌هه‌روه‌ها ئه‌و ‌ سوپایه ‌زیاتر  ئاڕاسته‌ی خۆی رووه‌ و مه‌زهه‌بی تایه‌فه‌گه‌ری گۆڕی و‌ وایكرد تا پێش روداوه‌كانی پێكهێنانی عه‌مه‌لیاتی دیجله‌  رێژه‌ی كورد بوو به‌ له‌ %3 له‌ ناو  وه‌زاره‌تی به‌رگری هه‌روه‌ها  هێزی پێشمه‌رگه‌ سه‌لماندی كه ته‌نها ماڵی ئارام بۆ ئه‌فسه‌رانی كورد ئه‌و هێزه‌یه‌ كه‌ بتوانێت پارێزگاری كه‌ر بێت له‌ هه‌موو پیرۆزیه‌كانی گه‌له‌كه‌مان وه‌ بشی سه‌لمێنێت كه‌ ئه‌وه‌ی به‌ سوپای عیراق ناكرێت هێزی پێشمه‌رگه‌ زۆر به‌جه‌سورانه‌ ده‌توانێت شه‌ڕی گه‌وره‌ترین و دڕنده‌ترین هێزی وه‌حشیگه‌ری جیهان بكات.

PUKmedia  تایبه‌ت

سه‌رچاوه‌كان:

•  د. فاضل البراك (دورالجيش العراق في الحكومة الدفاع الوطني) دراسة تحليلية نقدية مقارنة1987 
حازم مفتي (عیراق بین العهدین  طارق هاشمي و بكر صدقي) 1990
ستيفن همسيلي لونكريك، وه‌رگێڕانی . سلیم گه‌ تكریتی  ( العراق الحدیث ) جزء الثاني
دليل العراق سنة 1936
عبد الرزاق الحسني  (تاريخ العراق الحديث) طبع السابعة 2008
عبد الرزاق الحسني (تاريخ الوزارات العراق) مجلد الثاني  طبعة الخامسة الموسعة و المزيدة، سنة 1978و مطبعة دار الكوتب بيروت .
وزارة الدفاع والمقر العام  (تارخ القوات العراقية المسلحة الجزء الثاني) الطبعة الاولي 1991 .
مذكرات بغداد: مراجعة في تاريخ الصراع الطائفي والعنصري 672 م-2007 م
تاریخ القوات المسلح العراقیه،‌ جزء ثالث طبعة الثانية 1996
• 
سه‌ردار جه‌باری (بكر سدقی عةسكه‌ری و بیری ده‌وڵه‌تی كوردی) تویژینه‌وه‌ی مێژویی و سیاسی.

 

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket