riklam

مدیری ئاسایشی هەولێر تەنیا بۆ مێژوو!

بیروڕا 05:40 PM - 2019-01-06
.

.

هەرچەندە من كە ئەو ستوونە دەنووسم، بە پێی زانیارییەكانم هەوڵێك هەیە لەلایەن سەركردایەتی یەكێتی و پارتییەوە بۆ چارەسەری كێشەكە، بەڵام ئەو رووداوەی لە چەند رۆژی رابردوو لە هەولێر روویدا كە چەند كادیرێكی یەكێتی بێ‌ هیچ تاوانێك و بەبێ فەرمانی دادگا دەستگیركران، گوایە لە تۆڵەی دەستگیركردنی كادرێكی پارتی-دا لە گەرمیان، ئاسایشی هەولێر بە ئەمری مدیرەكەی كردوویەتی!.

قسەكەی من لەسەر بڕیارەكەی مدیری ئاسایشەكەی پارتییە، چونكە زۆر بە ئاشكرا بە میدیاكانی راگەیاندووە، بەڵێ‌ ئەو كادرە بێ‌ تاوانەی یەكێتی دەستگیركردووە لەبەرامبەر ئەو كادرەی پارتی كە لە گەرمیان دەستگیركراوە، تا ئەو ئازاد نەكرێت، ئەویش كادرەكەی یەكێتی ئازاد ناكات!

من قسە لەسەر ئەوە ناكەم كە كادرەكەی پارتی سكاڵای لەسەرە و بە پێی بڕیاری دادگا و لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیركراوە، بەڵام كادرەكەی یەكێتی بێ‌ تاوان و لەلایەن ئاسایشەوە ڕفێندراوە و دادگاش ئاگای لێ نییە!. بەڵام قسەكە لەسەر ئەو مدیری ئاسایشەی هەولێرە، كە لەوانەیە وەكو ئەركێكی رێكخراوەیی حزبیی دەستخۆشی لێبكرێت و مەدالیایەكی زەردی تر وەربگرێت، بەڵام دەبێت ئەوە بزانێ‌ كە ئەو هەڵسوكەوت و ئەو كارەی كردوویەتی، ماڵئاوایی كردنە لە سەروەریی یاسا لە سنووری هەولێر و دەبێتە لەكەیەكی رەشیش لە مێژووی خۆی وەكو كەسایەتییەك و رەشتریش بۆ حوكمداریی هەرێمی كوردستان، چونكە نەبووەو نابێ‌ مدیرێكی ئاسایش كە بە پێی یاسا بەرپرسە لە پاراستنی گیانی هاووڵاتیان و ئارامیی، بە عالەمی ئاشكرا گەنجێكی بێ‌ تاوان بڕفێنێ‌ و بیخاتە كونجی زیندانەوە و بوێرانەش بڵێ: بەڵێ‌ تاوانی نییە و دەستگیریشی دەكەم و بەریشی نادەم!.

بەهیوام گیانی برایەتی بگەڕێتەوە نێوان هێزە سیاسییەكان و خەڵكیش بە خۆشگوزەرانی و ئارامیی بژین و بەسیەتی ئەم ترس و تۆقاندنە، و دەپرسین ئەرێ ئێوە ئاسایشمان دەپارێزن، یان ترس و دڵەڕاوكێ لە ناخماندا دەچێنن؟

تۆفیق وەلی

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket