riklam

كۆنفرانسی پلاتفۆڕمی دابڕان ده‌ستپێده‌كات

ئەدەب وهونەر 12:16 PM - 2018-12-27
.

.

پلاتفۆڕمی دابڕان و خانه‌ی زانسته‌ مرۆییه‌كانی پاریس، كۆنفرانسێك له‌ژێر ناونیشانی (زه‌بروزه‌نگ و چونه‌ده‌ره‌وه‌ له‌ زه‌بروزه‌نگ) له‌شاری سلێمانی رێكده‌خه‌ن.

بڕیاره‌ رۆژانی 17 و 18ی 1ی 2019، پلاتفۆڕمی دابڕان و خانه‌ی زانسته‌ مرۆییه‌كانی پاریس، كۆنفرانسێكی هاوبه‌ش له‌ژێر ناونیشانی (زه‌بروزه‌نگ و چونه‌ده‌ره‌وه‌ له‌ زه‌بروزه‌نگ) له‌شاری سلێمانی رێكبخه‌ن، كه‌ تێیدا چه‌ندین توێژه‌ر و سۆسیۆلۆگی به‌ناوبانگی جیهانی و ناوخۆیی به‌شداریی له‌ كۆنفرانسه‌كه‌دا ده‌كه‌ن.

له‌وباره‌یه‌وه‌ نیكۆلا ئه‌شره‌ف شاڵی ئه‌ندامی لیژنه‌ی ئاماده‌كاریی كۆنفرانس رایگه‌یاند: زیاتر له‌ 30 توێژه‌ر له‌و كۆنفرانسه‌دا توێژینه‌وه‌كانیان پێشكه‌ش ده‌كه‌ن، بابه‌تی توێژینه‌وه‌كانیش هه‌مه‌چه‌شنن و له‌چه‌ند بوارێكی جیاجیادایه‌، به‌ڵام ئامانج له‌سه‌رجه‌میان ده‌رچونه‌ له‌ دیارده‌ی زه‌بروزه‌نگ.

رونیشیكرده‌وه‌: توێژه‌ره‌كان ته‌نها شه‌شیان كوردن، ئه‌وانیتر ئه‌وروپین له‌ وڵاته‌كانی فرنسا و روسیا و ئیتالیا و بریتانیا هاتون هه‌روه‌ها ئه‌مه‌ریكی و سنگافوری و جه‌زائیری و مه‌غریبی و لوبنانیشی تێدایه‌.

وتیشی: ئه‌و توێژه‌رانه‌ی به‌شدارن سه‌رجه‌میان كه‌سانی به‌توانا و ناسراوی ئه‌كادیمین و له‌ئاستێكی باڵادان، له‌پال ئه‌وانیشدا كه‌سانی خاوه‌ن ئه‌زمون بونیان هه‌یه‌.

به‌پێی زانیارییه‌كان چه‌ند توێژه‌ر و سۆسیۆلۆگی به‌ناوبانگی جیهانی به‌شداریی له‌ كۆنفرانسه‌كه‌دا ده‌كه‌ن، له‌وانه‌ دانیال جولی پرۆفیسۆری فه‌خری له‌ زانكۆی وارویك-ی بریتانیا، توێژه‌ری هاوكار له‌ كۆلێژی توێژینه‌وه‌ی جیهانی، خانه‌ی زانسته‌ مرۆییه‌كانی پاریس، هه‌روه‌ها پرۆفیسۆر میشێل ڤیڤیۆركا، سه‌رۆكی خانه‌ی زانسته‌ مرۆییه‌كانی پاریس. د. بریۆنۆ نوبێر باڵیۆزی فره‌نسا له‌عێراق. پرۆفیسۆر ئانیه‌س لۆڤللوا، جێگری سه‌رۆكی په‌یمانگای توێژینه‌وه‌و خوێندنی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست.

خانه‌ی زانسته‌ مرۆییه‌كانی پاریس، ده‌زگایه‌كی گه‌وره‌ی ئه‌كادیمی فره‌نسی و جیهانییه‌ كه‌ سۆسیۆلۆگی به‌ناوبانگی فره‌نساو جیهان میشێل ڤیڤۆركا، سه‌رۆكی خانه‌كه‌یه‌، ئه‌م خانه‌ ئه‌كادیمیه‌ پرۆژه‌یه‌كی گه‌وره‌ له‌چوارچێوه‌ پانێلی نێوده‌وڵه‌تی چونه‌ ده‌ره‌وه‌ له‌ زه‌بروزه‌نگ  به‌ڕێوه‌ده‌بات، ئه‌م كۆنفرانسه‌ هاوبه‌شه‌شی له‌گه‌ڵ پلاتفۆڕمی دابڕاندا هه‌ر له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و پانێله‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌دایه‌.

له‌باره‌ی ناونیشانی كۆنفرانسه‌كه‌وه‌ (زه‌بروزه‌نگ و چونه‌ده‌ره‌وه‌ له‌ زه‌بروزه‌نگ)، نیكۆلا ئه‌شره‌ف شاڵی، ده‌ڵێت "ناونیشانی كۆنفرانس له‌و پرۆژه‌ هاوبه‌شه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌ وه‌رگیراوه‌ كه‌ خانه‌ی زانسته‌ مرۆییه‌كانی پاریس له‌ چوارچێوه‌ی پانێڵی نێوده‌وڵه‌تی چونه‌ده‌ره‌وه‌ له‌ زه‌بره‌زه‌نگ سه‌رپه‌رشتی ده‌كات كه‌ 10 گروپی نێوده‌وله‌تی له‌ خۆ ده‌گرێ و 180 توێژه‌ر له‌ چه‌ندین وڵاتی جیاوازه‌وه‌ له‌م گروپانه‌دا كارده‌كه‌ن. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش خانه‌ی زانسته‌ مرۆیه‌كانی پاریس له‌گه‌ڵ 25 پارتنه‌ر كار ده‌كات و یه‌كێك له‌ پارتنه‌ره‌كانی پلاتفۆرمی دابڕانه‌.

ده‌رباره‌ی گرنگیی ئه‌م كۆنفرانسه‌و سوده‌كانی بۆ هه‌رێمی كوردستان، ناوبراو ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات: ئامانجی ئه‌م كۆنفرانسه‌، گرێدان ‌و دروستكردنی په‌یوه‌ندییه‌ له‌نێوان هه‌رێمی كوردستان ‌و جیهانی ده‌ره‌وه‌ی خۆیدا له‌ بواری ئه‌كادیمی ‌و ئه‌نجامدانی توێژینه‌وه‌ و كاری هاوبه‌ش له‌ بوارێكی زیندوودا. توێژه‌رانی ئه‌م كۆنفرانسه‌ له‌ پاڵ خستنه‌ڕووی جۆره‌كانی زه‌برو زه‌نگ، سه‌رجه‌م راپۆرتی شیكاری و تێڕوانینی خۆیان بۆ ده‌رچوون له‌زه‌برو زه‌نگ له‌ چوارچێوه‌ی گفتوگۆیه‌كی هه‌میشه‌یی له‌گه‌ڵ بڕیارده‌رانی سیاسی ‌و تایبه‌تمه‌ندی مه‌یدانیه‌كان ‌و پێشكه‌شكردنی پێشنیاری گونجاو له‌به‌رژه‌وه‌ندی ناوه‌ندی سیاسی ‌و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی هه‌رێمی كوردستان پێشكه‌ش ده‌كه‌ن.

وتیشی: له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌م كۆنفرانسه‌ كه‌سانی توێژه‌ری تایبه‌تمه‌ند له‌ چه‌ند بوار و وڵاتی جیاوازی جیهانی گرتۆته‌خۆ، بۆیه‌ ده‌توانێ‌ ئاستێكی باڵای شیكاری جیاواز له‌ بواره‌ جیاجیاكاندا پێشكه‌ش بكات، نموونه‌ی دادگه‌ری گوزه‌ری، بنیاتنانی ئاشتی ‌و دووباره‌ ئاماده‌كردنه‌وه‌ی تاكه‌كان و هه‌روه‌ها بنیاتنانی یاده‌وه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی.

PUKmedia ئاژانسه‌كان

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket