riklam

كۆبه‌رهه‌می خاتوو گه‌لاوێژ دابه‌شی كتێبخانه‌كانی هه‌ولێركرا

ئەدەب وهونەر 08:03 PM - 2018-12-21
.

.

له‌ هۆڵی كتێبخانه‌ی گشتی هه‌ولێر(كتێبخانه‌ی زه‌یتون)، كۆبه‌رهه‌می كتێبه‌كانی خاتوو گه‌لاوێژ وه‌ك دیاری پێشكه‌شی كتێبخانه‌ گشتییه‌كانی سنووری پارێزگای هه‌ولێر كرا كه‌ پێكهاتبوو له‌ 30 كتێبخانه‌و چه‌ند ده‌زگایه‌كی رِۆشنبیری و ئه‌ده‌بی و رِوناكبیری شاری هه‌ولێر.

رِۆژنامه‌نووس ژینۆ عه‌بدولڵا به‌رِێوبه‌ری سایتی galawezh.com ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، كۆبه‌رهه‌مه‌كان پێكهاتوون له‌ 21 به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی له‌ بواره‌كانی یاده‌وه‌ری و رِۆمان و چیرۆك و نۆڤلێت و ئه‌ده‌بی منداڵان و وه‌رگێرِان، به‌ دیاری پێشكه‌شی كتێبخانه‌كانی  وه‌زاره‌تی رِۆشنبیری سنووری پارێزگای هه‌ولێر كراو پێكهاتبوو له‌ 30 كتێبخانه‌و كتێبخانه‌ی ناوه‌ندی زانكۆی سه‌لاحه‌دین و كتێبخانه‌ی كۆڵه‌ی ژینی كه‌مئه‌ندامان و كتێبخانه‌ی په‌رله‌مان و كتێبخانه‌ی سریانی.

هاوكات به‌ هاوكاری یه‌كێتی نووسه‌رانی كورد، لقی هه‌ولێر به‌رهه‌مه‌كانی خاتوو گه‌لاوێژ پێشكه‌شی ژماره‌یه‌ك نووسه‌رو رِۆشنبیرو رِۆژنامه‌نووس كراو برِیاریشه‌ له‌ ئاینده‌یه‌ كی نزیكدا كۆبه‌رهه‌مه‌كان له‌شاری دهۆك و پاشان له‌شاری به‌غدا دابه‌شبكرێت.

هه‌رله‌و مه‌راسیمی دابه‌شكردنی به‌رهه‌مه‌كانی خاتوو گه‌لاوێژ، خه‌لیل عه‌بدوڵڵا به‌رِێوبه‌ری گشتی دیوانی وه‌زاره‌تی رِۆشنبیری و لاوان وتارێكی پێشكه‌شكردو رِایگه‌یاند: خاتوو گه‌لاوێژ وه‌ك ژنه‌ ئه‌دیب‌و نوسه‌رێك شوێنێكی دیاری له‌ كایه‌ی ئه‌ده‌بی‌و روناكبیریی كوردیدا هه‌یه‌‌و خاوه‌نی چه‌ند به‌رهه‌مێكی ئه‌ده‌بی ناوازه‌یه‌‌و یاداشته‌كانیشی وه‌ك هاوژین‌و هاورِێی خه‌بات‌و تێكۆشانی مامۆستا برایم ئه‌حمه‌د تۆمارێكی جوان‌و راستگۆیانه‌ی قۆناغێكی هه‌ستیاری مێژووی كوردستانه‌، كه‌ به‌زمانێكی ساده‌‌و پاراو‌و شیرینی كوردی نوسراون.

 ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، به‌رهه‌مه‌كانی خاتوو گه‌لاوێژ ئاوێنه‌یه‌كی روونی ژیانی خۆی‌و خانه‌واده‌‌و بنه‌ماڵه‌ رووناكبیر‌و  سیاسی‌و تێكۆشه‌ره‌كه‌یه‌تی، مامۆستا هه‌مزه‌ عه‌بدوڵڵا ‌و مامۆستا برایم ئه‌حمه‌د‌و سه‌رۆك مام جه‌لال، وه‌ك سێ‌ كه‌سی نزیكی‌و سێ‌ستوون‌و سێ‌ سه‌ركرده‌ی دیاری بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی گه‌لی كوردستان له‌ دوو رووه‌وه‌ كاریگه‌رییان له‌سه‌ری هه‌بووه‌، یه‌كه‌م: له‌رووی ئه‌ده‌بی‌و رووناكبیرییه‌وه‌ سوودی له‌فیكرو دید‌و تێرِوانینی شارستانی‌و پێشكه‌وتنخوازانه‌ی ئه‌وان وه‌رگرتوه‌.

دووه‌م:به‌هۆی هه‌لومه‌رجی دژواری سیاسییه‌وه‌ كاریگه‌رییان له‌سه‌ر واقیعی ژیانی هه‌بووه‌‌و  ناچاری خۆشاردنه‌وه‌‌و ئاواره‌یی‌و دوورخستنه‌وه‌‌و شاخ‌و غه‌ریبی‌و دووره‌ وڵاتییان كردووه‌، ئه‌و ژیانه‌ سه‌خت‌و دژواره‌ بوونه‌ته‌ سه‌رچاوه‌‌و هه‌وێن‌و ئیلهامبه‌خشی به‌رهه‌مه‌كانی‌و له‌ده‌قه‌ ئه‌ده‌بییه‌كانیدا ره‌نگی داوه‌ته‌وه‌.

له‌ كۆتای مه‌راسیمه‌كه‌شدا كه‌ رِۆژی 20-12-2018 به‌ رِێوه‌چوو، كۆبه‌رهه‌مه‌كان پێشكه‌شی نوێنه‌رانی كتێبخانه‌كانی سنووری پارێزگای هه‌ولێركرا.

PUKmedia فۆتۆ: هێمن كاكه‌یی

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket