riklam

عەبدولستار مەجید: كۆمەڵ چاوەڕێی هاتنی وەفدی پارتی نییە

چاوپێکەوتن 02:43 PM - 2018-12-19
.

.

ئەندامی ئەنجوومەنی سیاسیی كۆمەڵی ئیسلامی جەخت لەوە دەكاتەوە، كە حزبەكەی هیچ پەیامێكی لە پارتییەوە پێنەگەیشتووە سەبارەت بەوەی ویستیان نییە بەشدارییان پێ بكەن لە حكومەتی نوێدا و دەشڵێت: خەڵكێك هەیە وا تێگەیشتووە كە كۆمەڵی ئیسلامی بە دیار هاتنی وەفدی پارتییەوە دانیشتووە، ئەگەر وەفدی پارتی نەیەت ئەوە كۆمەڵی ئیسلامی ڕەنج بەخەسار دەچێت و گورگ دەیخوات، ئەو قسە و تێڕوانین و بۆچوونانە هیچ ئەسڵوئەساسی نییە.

عەبدولستار مەجید لە چاوپێكەوتنێكدا جەخت لەوە دەكاتەوە، كە دوورخستنەوەی ئیسلامییەكان لە حكومەتی داهاتوودا دەرەنجامی خراپی دەبێت و دەشڵێت: بە بزووتنەوەی گۆڕانمان وتووە وا باشترە بۆ هەردوولامان یان بە یەكەوە بەشداریی حكومەت بین یان ئۆپۆزسیۆن بین.

سەرەتا لەوەوە دەست پێ دەكەین كە پێشبینیتان بۆ پێكهاتەی حكومەتی داهاتووی هەرێم چۆن دەبێت؟ بنكەفراوان وەك پێشوو؟ یان حكومەتێك بەدەر لە ئیسلامییەكان؟ یان لە بنەڕەتدا حكومەتی داهاتوو پێشبینینەكراوە؟

عەبدولستار مەجید: پێم وایە درووستبوونی كابینەی نۆیەم زۆر دوا دەكەوێت، وەك پیشەی هەمیشەیی بەداخەوە، من پێم وایە حكومەتی بنكەفراوان درووست نابێت، چونكە هەر لە سەرەتاوە دوو لایەن ئۆپۆزسیۆنبوونی خۆیان ڕاگەیاندووە، بنكەفراوانیش واتە هەموو ئەو لایەنانەی تێدا بێت كە دەنگی پێویستیان لە هەڵبژاردنەكان هێناوە، بۆیە پێم وایە حكومەتی بنكەفراوان پێك نایەت.

هیچتان لەسەر ئەوە بیستووە كە پارتی نایەوێت كۆمەڵ بەشداریی حكومەتەكەی بكات؟

عەبدولستار مەجید: ئێمە بە هیچ شێوەیەك هیچ شتێكی فەرمیمان پێ نەگەیشتووە.

لەسەر ئەوە مەسجتان بۆ پارتی ناردووە و وەڵامیان هەبووە؟

عەبدولستار مەجید: نەخێر، ئێمە بە هیچ شێوەیەك هیچ جۆرە مەسیجێكمان نەناردووە، ئێمە دید و تێڕوانینی خۆمان هەیە بۆ كاری سیاسی، خزمەتكردن بە كوردستان و ئامانجگرتنی بەرژەوەندییەكانی هاووڵاتییان لە هەرێمی كوردستان، ئێمە بە پێی ئەو بەرنامەیەی خۆمان چ بەشداریی حكومەت بكەین بەردەوام دەبین لەسەری و چ ببین بە ئۆپۆزسیۆنیش بە هەمان شێوە گەرموگۆڕ دەبین لەسەری، ئێمە هیچ شێتوشەیدای دەسەڵات و بەشداری لە حكومەت نین و لە بنچینەشدا كە درووست بووین بۆ ئۆپۆزسیۆنبوون درووست نەبووین، خەمی ئەوەمان نییە و بێباكین، خەڵكێك هەیە وا تێگەیشتووە كە كۆمەڵی ئیسلامی بە دیار هاتنی شاندی پارتییەوە دانیشتووە، ئەگەر شاندی پارتی نەیەت ئەوە كۆمەڵی ئیسلامی ڕەنج بەخەسار دەچێت و گورگ دەیخوات، ئەو قسانە و ئەو تێروانین و بۆچوونانە هیچ ئەسڵوئەساسی نییە.

كردنەدەرەوەی ئیسلامییەكان لە بازنەی حكومەت لایەنە سلبییەكانی چییە؟ ئەوە ئاماژەیە بۆ ئەوەی ویست هەیە كە حكومەتێكی عەلمانی درووست بكرێت؟

عەبدولستار مەجید: ئەمە یەكێك لە زیانەكانی ئەم كابینە دەبێت ئەگەر بیانەوێت بەم شێوەیە درووستی بكەن، زیانی زۆرە، بۆیە دەبێت سەركردەی عەلمانییەكان دووربین بن، با تەماشای ئێران بكەن وڵاتێكی ئیسلامییە، با تەماشای توركیا بكەن و هەتا ئەوەی كە لە عێراق هەیە، هەمووی وڵاتانی ئیسلامین، بۆیە پێم وایە وڵاتێكی عەلمانی لە ئێستادا زیانی دەبێت.

ئەگەر بەشداریتان پێ نەكرا ئامادەن لەگەڵ یەكگرتوو و لایەنەكانی تر ببنە ئۆپۆزسیۆن؟

عەبدولستار مەجید: ئێمە ببین بە ئۆپۆزسیۆنیش بە قەناعەت و ئەخلاق و مەبادیئەكانی خۆمانەوە دەبینە ئۆپۆزسیۆن، وەك چۆن كاتی خۆی كە بەشدار بووین لە حكومەت بە شێوازێكی تایبەتی خۆمان كارمان كرد، ببین بە ئۆپۆزسیۆنیش بەم شێوەیەی خۆمان دەبێت بە تایبەتمەندیی خۆمانەوە.

پێتان وا نییە گۆڕان لە دوای نەوشێروان مستەفاوە پشتی لە ئێوە كردووە، وەك جاران نێوانتان خۆش نییە؟

عەبدولستار مەجید: ئێمە لە ڕابردوو و لە ئێستاشدا لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان ڕاوێژ و هەماهەنگیمان بە یەكەوە هەبووە و لێتێگەیشتنمان هەبووە، ئێستاش لەسەری بەردەوام بین، بەڵام بابەتی بەشداری لە حكومەت و ئۆپۆزسیۆنبوون دوو بابەتی هەستیارن، هەریەك تەماشای بەرژەوەندیی خۆی و كادران و ئەندامانی خۆی دەكات، ئێمە پێمان وایە دەبێت هەردوو دیوەكە لێك بدرێتەوە، چ ئۆپۆزسیۆنبوون چ بەشداری لە حكومەت و نابێت پەلەی تێدا بكرێت، چونكە دواجار حزب دەبێت ئەو كادر و دەنگدەر و لایەنگرانە ڕازی بكات، كە لەگەڵی بن بۆ چوونە ناو حكومەت یان ئۆپۆزسیۆنبوون، چونكە وەخێتك كاریگەری و قورساییەكی باشی ئۆپۆزسیۆنت دەبێت كە خەڵكەكەت لەگەڵ بێت، بە هەمان شێوەش ئەم قسەیە بۆ چوونە ناو حكومەتیش ڕاستە، بۆیە لەوەدا لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان ڕەنگە ڕامان جیاوازە و ئازادن بەشداریی حكومەت دەكەن یاخود نا، بەڵام پێشمان وتون وا باشترە بۆ هەردوولامان یان بە یەكەوە بەشداریی حكومەت بین یان ئۆپۆزسیۆن بین، بەڵام لە كۆتاییشدا هەر كەس بۆ خۆی ئازادە.

ئەی هەڵوێستی ئەمان لەو بارەیەوە چی بووە؟

عەبدولستار مەجید: ئەوانیش تەئكیدیان لەسەر كاری هاوبەش كردووەتەوە و هەمان بۆچوونی ئێمەیان هەیە.

بە هەموو جۆرە بەشدارییەك لە حكومەتی نوێی هەرێم قایل دەبن؟ یەك وەزارەتیش بێت؟

عەبدولستار مەجید: بێگومان ئێمەش قسەی خۆمان دەبێت، هەركاتێك برادەرانی شاندی پارتی سەردانی ئێمەیان كرد و بەرنامەی خۆیان خستە ڕوو، ئێمە ئەو كاتە هەم لەسەر بەرنامەكەی ئەوان و هەم لەسەر شێوازی بەشداری و بەرنامەی خۆمان قسەمان دەبێت و كۆمەڵێك مەبادئیمان دەبێت، ئایا ئەو حكومەتەی كە پێك دێت هاووڵاتی لە كوێی ئەو حكومەتەدا دەبێت، ئایا چارەسەری نەهامەتییەكانی هاووڵاتییانی پێیە، ئایا پەیوەندییەكانی ئەو حكومەتە لەگەڵ ناوەند چۆن دەبێت، ئایا ئەم حكومەتە دەیەوێت یاساسەروەر بێت یان یاساشكێن بێت، ئەمانە لای ئێمە گرنگە و ئێمە كۆمەڵێك مەبائدیمان هەیە، ئێمە پێش هەموو شت قسە لەسەر ئەو مەبادیئانە دەكەین.

ئەگەر بەشدار بن لە حكومەت و ئیختیار بدرێتە دەست خۆتان كام وەزارەت و پۆست وەردەگرن؟

عەبدولستار مەجید: لە ڕاستیدا قسەمان لەسەر هیچ وەزارەتێك نەكردووە.

بە ڕوونی دەتوانیت پێمان بڵێیت سەردەمی دووبارەبوونەوەی ڕێگری لە سەرۆكی پەرلەمان كۆتایی هاتووە یان ئەوە ئەگەری دووبارەبوونەوەی هەیە؟

عەبدولستار مەجید: ئومێد دەكەم كۆتایی پێ هاتبێت، چونكە ئەمەی ڕووی دا خاڵێكی ڕەشە بە ڕووی مێژووی حكومڕانیی كوردیدا، بەداخەوە لە لایەن وڵاتانی دەرەوە بووە نیشانەی سەرسووڕمان و پرسیار بەسەرمانەوە، لەناو حكومەتی عێراقدا ئەمە بوو بە پەڵەی ڕەش، لە كاتێكدا ئێمە ڕۆژ تا ئێوارە دەمانوت حكومەتی ئێستای عێراق بە كەڵكی حكومڕانی نایەت و ئیدیعای ئەوەمان دەكرد دەبێت حكومەتی عێراق سوود لە ئەزموونی حكومڕانیی هەرێم وەربگرێت، بەڵام دەركەوت ئەوان پێش ئێمە كەوتن، بۆیە تا ئەقڵی حزب زاڵ بێت بەسەر حكومەتدا و تا حزب حكومەت بەڕێوە ببات مەترسیی ئەوە هەیە شتی ناخۆشتریش لەوەی كە ڕێگری كرا لە سەرۆكی پەرلەمان دووبارە ببێتەوە.

پێشبینیتان بۆ شێوزای ئیدارەدانی مەسرور بارزانی هەیە لە پۆستی سەرۆكایەتیی حكومەتی داهاتوودا، كە باشتر دەبێت لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی پێشووی حكومەت یان نا؟

عەبدولستار مەجید: دیارە بە پێی یاسا لە هەرێمی كوردستاندا گەورەترین كوتلە مافی ئەوەی هەیە حكومەت پێك بهێنێت و ئەوانیش ئازادن لەوەی كێ ڕادەسپێرن، ئێمە ئەزموونمان لەگەڵ كاك مەسرور نییە، هەم وەكو پەیوەندیی سیاسی هەم وەك لە حوكمڕانی، ئەوەی گرنگە لای ئێمە پرەنسیپەكان گرنگە، پابەندبوون بە یاسا گرنگە، قووتی هاووڵاتییان، ئەوانەمان لا گرنگە، ئێمە تا نەبینە دەوڵەتێكی دامەزراوەیی كەسەكان بەم شێوەیە كاریگەریان نابێت.

پرسی پێكهێنانی بەرەی ئیسلامی بۆ پەكی كەوت؟

عەبدولستار مەجید: ئێمە لەگەڵ لایەنە ئیسلامییەكان هەمیشە لەگەڵ كاری هاوبەش و پڕۆژەی هاوبەشین، بەڵام دیارە هەر قۆناغێك لە قۆناغەكان پێویستی بە جۆرێك و بە شێوازێك كاركردن هەیە.

ماوەیەك لەمەوبەر هەندێك كێشە لەنێو ئۆرگانەكانی كۆمەڵی ئیسلامی هەبوون، ئەم كێشانە بە كوێ گەیشتن؟

عەبدولستار مەجید: بەڕاستی ئێمە وەكو هەر حزبێكی تر كێشەمان دەبێت، چ لەناو ئۆرگان و مەڵبەندەكان چ لە رێكخستنەكان، بەڵام ئێمە پەیڕەومان هەیە و هەروەها ئەنجوومەنی سیاسی و سەركردایەتیمان هەیە، بۆیە هەركێشەیەك بێتە رێ ئەوە لەم ڕێگایانەوە چارەسەر دەكرێت و ئێستاش شوكور كێشەكان چارەسەر كراون و هیچ كێشەیەكمان نییە.

ماوەی چەند ساڵێكە بودجەی حزبەكان دابەش نەكراوە، كۆمەڵی ئیسلامی لەسەر چی دەژی؟

عەبدولستار مەجید: دیارە بە هۆی ئەم قەیرانەی كە هەیە بودجەی كۆمەڵی ئیسلامی نەدراوە، بەڵام یەكێتیی و پارتی بۆ خۆیان هیچ كێشەیەكیان نییە و چەندین كەناڵ و پڕۆژەیان هەیە، بەڵام ئێمە وەكو كۆمەڵی ئیسلامی قەرزارین، قەرزاری كرێی مانگانەی مانگی دەستكرد و مووچەی كارمەندانی پەیامین و ئەوەی هەیە لەسەر هاوكاریی كۆمەڵێك دۆست كە هەردەم هاوكارمانن دەژین.

PUKmedia  ئاژانس 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket