riklam

قوباد تاڵەبانی نادیە موراد خەڵات دەكات

کوردستان 05:18 PM - 2018-12-13
.

.

پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ 13ی كانونی یەكەمی 2018، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە یاوەری خاتوو شێری تاڵەبانی هاوسەری، لە هەولێر پێشوازی لە نادیە موراد چالاكوانی ئێزدی كرد كە خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی وەرگرتووە.

لە دیدارێكدا جێگری سەرۆك وەزیران، خۆشحاڵی خۆی بەوەرگرتنی ئەو خەڵاتە مەزنە لەلایەن كچێكی ئێزدی دەربڕی و پیرۆزبایی لێكردو هیوای خواست لە ئەرك و راپەڕاندنی كارەكانی داهاتووی سەركەوتوو بێت و بەخاتونێكی ئازاو زیرەك وەسفیكرد كە جێی شانازی هەموانە. ئاماژەی بەوەشدا، كە ئەو خەڵاتە پەیام و هاوسۆزیی جیهان دەردەخات بەرامبەر قوربانیانی تاوانەكانی گروپی تیرۆرستی داعش كە دەرهەق بەهەموو گەلانی عیراق ئەنجامیان داوە.

قوباد تاڵەبانی وتیشی: تیرۆرستانی داعش كردەوەی زۆر قێزەونیان دژی خوشك و برا ئێزیدییەكان و هەموو نەتەوەكانی تری عیراق ئەنجامداوە، كاولكاری و وێرانكاریشیان زۆر ئەنجامدا، بەڵام لە ئێستادا لەڕووی سەربازییەوە هەموو ئەو ناوچانەی كە لەژێر دەستی داعش بوون رزگار كراون و ئەوەی گرنگە ئاسەوارەكانی ئەو گروپە تیرۆرستییە بسڕینەوەو چارەسەری مەعنەوی و ماددی زیانلێكەوتوان و قوربانیان بكرێت.

هەروەها وتی: هیوادارم خاتوو نادیە بتوانێت بەهاوكاری و هەماهەنگی لەگەڵ مەرجەعی باڵای ئاینی ئێزدی، ئەو كێشانەی روبەڕوویان بونەتەوە لە دەرئەنجامی كردەوەكانی داعش چارەسەر بكات.

دواتر خاتوو نادیە، سوپاسی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ ئەو پێشوازیە گەرمەو باسی لەو نەهامەتیانە كرد كە لە سەر دەستی تیرۆرستانی داعش توشیان بووەو ئاماژەی بەگرنگی و خۆشحاڵیی خۆی لە وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ نیشاندا، هەروەها ئاشكرای كرد كە ئەركی نوێی ئەوەیە بۆ لەمەولا چۆن پەیام و ئازارەكانی ئێزدییەكان و قوربانیانی داعش بگەیەنێت بەجیهانی دەرەوە، وتی: بۆ راپەراندنی ئەركەكانمان پێویستیمان بە هاوكاریی هەموو لایەكە.

لەكۆتاییدا جێگری سەرۆك وەزیران، دیارییەكی پێشكەس بەخاتوو نادیە موراد كرد.

نادیە موراد لە گوندێكی نزیك شەنگال، لەلایەن چەكدارانی داعشەوە رفێنراو بۆ ماوەی سێ مانگ لەژێر دەستی ئەو گروپە تیرۆرستیە بوو، دواتر توانی هەڵبێت و خۆی دەرباز بكات. هەروەها لە 100 كاریگەرترین كەسایەتییەكانی ساڵی 2016 دەستنیشان كرا لەلایەن گۆڤاری تایمی ئەمریكییەوە.

PUKmedia راگەیاندنی جێگری سەرۆك وەزیران

 

 

 

 

 

 

 

 

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket