riklam

دوه‌مین كۆنفرانسی نێوده‌وڵه‌تی زانكۆكانی سلێمانی و زانكۆی سنه‌

ریپۆرتاژ‌ 01:42 PM - 2018-12-12
.

.

دوێنێ سێشه‌ممه‌ 11/12/2018 له‌ هۆڵی بۆنه‌كانی هۆتێل تایتانیك له‌ سلێمانی، به‌ چاودێری د. یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی و به‌سه‌رپه‌رشتی لیژنه‌ی سه‌رپه‌رشتیكاری كۆنفرانس و به‌دروشمی (ئێمه‌ پلان به‌ ستراتیژیانه‌ داده‌ڕێژین یۆ به‌ڕێوه‌بردنی قه‌یران و چاره‌سه‌ركردنی)، دوه‌مین كۆنفرانسی نێوده‌وڵه‌تی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی و زانكۆی كوردستان (سنه‌) و زانكۆی سلێمانی ده‌ستیپێكرد.

ده‌ستپێك

به‌ئاماده‌بوونی نوێنه‌ری جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و پ.ی.د ئالان فه‌ره‌یدون عه‌لی ئه‌مین سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی و د. فه‌ردین ئه‌خلاقیان سه‌رۆكی زانكۆی كوردستان (سنه‌) و پ.ی.د.ره‌زا حه‌سه‌ن سه‌رۆكی زانكۆی سلێمانی و د.هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر پارێزگاری سلێمانی و پارێزگاری سنه‌ و سه‌ركونسوڵی كۆماری ئیسلامی ئێران و ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ مامۆستایانی زانكۆ و توێژه‌ران و میوانانی كۆنفرانس،دووه‌مین كۆنفرانسی نێوده‌وڵه‌تی ده‌ستی به‌كاره‌كانی كرد.

سه‌ره‌تا، وتاری به‌خێرهاتن له‌لایه‌ن د.كازم فه‌ره‌ج‌ پێشكه‌شكرا، پاش به‌خێرهاتنی میوانه‌كان ڕایگه‌یاند كه‌ به‌هه‌وڵی هه‌رسێ زانكۆی ناوبراو ژماره‌یه‌كی زۆر توێژینه‌وه‌ به‌ده‌ست لیژنه‌ی زانستی كۆنفرانس گه‌یشتوه‌ له‌ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان و ته‌نها 37 توێژینه‌وه‌ قبوڵ كراوه‌ بۆ پێشكه‌ش كردن.
دواتر له‌لایه‌ن پ.ی.د ئالان فه‌ره‌یدون عه‌لی ئه‌مین سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی به‌ناوی خۆی و سه‌رۆكی زانكۆی سلێمانییه‌وه‌ وتارێكی پێشكه‌شكردو تیایدا به‌خێرهاتنی گه‌رمی میوانانی كۆنفرانسی كرد و خۆشحاڵی خۆی ده‌ربڕی به‌ هه‌ماهه‌نگی نێوان سێ زانكۆی كوردستان و یه‌كهه‌ڵوێستیان له‌سه‌ر ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی بابه‌تێكی هه‌ستیار كه‌ ئه‌ویش به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی قه‌یرانه‌ هاوچه‌رخه‌كانه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ سه‌راپای جیهانی گرتۆته‌وه‌.

به‌خێرهاتن

له‌ وتاره‌كه‌یدا سه‌ره‌تا پ.ی.د. ئالان فه‌ره‌یدون عه‌لی رایگه‌یاند: به‌ڕێزان پارێزگاری سلێمانی، پارێزگاری كوردستان-سنه‌، به‌ڕێز نوێنه‌ری جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی كۆماری ئیسلامی ئیران‌و سه‌رۆكی زانكۆكانی پۆلیته‌كنیكی‌و سنه‌‌و سلێمانی‌و مامۆستایانی زانكۆ‌و توێژه‌ر‌و میوانه‌ به‌ڕێزه‌كان، به‌خێربێن بۆ كۆنفرانسی هاوبه‌شی نێوده‌وڵه‌تی نێوان زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی‌و زانكۆی كوردستان-سنه‌‌و زانكۆی سلێمانی، به‌ناونیشانی (پلانی ستراتیژی بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی قه‌یرانه‌ هاوچه‌رخه‌كان).

به‌ڕێزان، له‌دوای شۆڕشی پیشه‌سازی‌و ده‌ركه‌وته‌ سیاسی‌و دیموگرافیه‌ نوێیه‌كانی جیهان‌و پێدانی بلۆكه‌ ئابوورییه‌ زه‌به‌لاحه‌كانی دونیا، ئابووریناسان كه‌وتنه‌ ته‌قه‌لا بۆ دانانی چوارچێوه‌یه‌كی ئاركۆلۆجی نوێی‌و دنیابینی نوێ له‌ پێناو سه‌قامگیركردنی ئاسایشی ئابووری گه‌لان.

له‌درێژه‌ی وتاره‌كه‌یدا وتی:»لێره‌وه‌ جه‌نگی ساردی ئابووری نێوان شارستانییه‌ته‌كان هاته‌گۆڕی‌و به‌ ته‌واوی رووه‌ جیاوازه‌كانی فه‌لسه‌فه‌ی ئابووری هه‌ر وڵاتێك چووه‌ قۆناغێكی نوێوه‌، ئه‌گه‌ر پێشتر كاری وڵاتان بریتیی بووبێت له‌ وابه‌سته‌بوون به‌ میكانیزمی دانانی ژێرخانێكی ئابووری پته‌و بۆ وڵاته‌كه‌یان، ئه‌وا له‌ قۆناغی نوێدا ته‌نها به‌وه‌وه‌ ناوه‌ستێ كه‌ ژێرخانی ئابووری سه‌قامگیر بكرێ، به‌ڵكو ئابووری هه‌ر وڵاتێك به‌نده‌ به‌ راده‌ی سه‌ركه‌وتنی له‌جه‌نگی پێدادانی ژیاره‌كاندا‌و هه‌روه‌ها راده‌ی ده‌ركه‌وتن‌و به‌رهه‌مهێنان به‌ به‌راوورد له‌گه‌ڵ وڵاتانی جیهانی دیكه‌.

بێگومان تێڕامان‌و وردبوونه‌وه‌ له‌ره‌هه‌ندی ئابووریش هه‌رگیز نایه‌ته‌ ده‌ست ئه‌گه‌ر نه‌توانین ببینه‌ خاوه‌ن ستراتیجێكی ئه‌وتۆ كه‌ هه‌موو ئه‌و قه‌یرانه‌ مرۆیی‌و سیاسیی‌و هه‌نووكه‌ییانه‌ به‌ڕێوه‌به‌رێت، چونكه‌ ئیداره‌دانی قه‌یرانه‌ مرۆییه‌كان هه‌نووكه‌ بۆته‌ به‌شێكی گه‌وره‌ له‌ خودی پاراستنی ئاسایشی ئابووری وڵات‌و له‌هه‌مان كاتدا فاكته‌ری سه‌ره‌كیشه‌ بۆ پاراستنی جۆر‌و قه‌باره‌ی به‌رهه‌م‌و پێگه‌ی وڵات له‌ نه‌خشه‌ی ئابووریی جیهاندا.

دوو بابه‌تی سه‌ره‌كی

له‌به‌شێكی تری وتاره‌كه‌یدا رایگه‌یاند: له‌م دیباجه‌یه‌وه‌ ده‌گه‌ینه‌ سه‌نگ‌و گرنگی ئه‌م كۆنفرانسه‌، كه‌ به‌گشتی دوو بابه‌تی سه‌ره‌كی ده‌خاته‌ به‌ر توێژینه‌وه‌ی زانستی:
یه‌كه‌م: شێوازی دروستكردنی بازنه‌یه‌كی ئابووری كه‌ له‌سه‌ر ئاستی لۆكاڵی پارێزگاری له‌ خودی نیشتمان‌و پێكهاته‌ی نه‌ته‌وه‌یی میلله‌تان ده‌كات.
دووه‌م: میكانیزمی زانستی بۆ پارێزگاریكردن له‌و بازنه‌ ئابوورییه‌ له‌سه‌ر ئاستی جیهانی، كه‌ بێگومان هه‌ریه‌ك له‌م بابه‌تانه‌ پێویستی به‌ توێژینه‌وه‌ی زانستی ورد‌و قوڵه‌ بۆ دانانی هێڵه‌ گشتییه‌كانی خودی ئه‌و ستراتیژ‌و میكانیزمه‌ كه‌ ده‌بێته‌ بنه‌مایه‌كی هه‌ره‌ سه‌ره‌كی بۆ پێشكه‌وتنی خه‌ڵك.
هه‌روه‌ها وتیشی:» قه‌یرانه‌كانی ئه‌م ساڵانه‌ی دوایش كاری كرده‌ سه‌ر پێكهاته‌ی سۆسیۆلۆژی ‌و له‌ هه‌ندێ باریشدا كاری كرده‌ سه‌ر رۆڵ ‌و پێكهاته‌ی تاك‌و كۆمه‌ڵگه‌ له‌سه‌ر ئاستی هه‌موو مه‌یدانه‌ جیاوازه‌كانی ژیان.

كۆتایی

له‌كۆتایی قسه‌كانیشیدا پ.ی.د.ئالان فه‌ره‌یدون عه‌لی رایگه‌یاند: سوپاسی بێ پایانمان بۆ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا كه‌ هه‌میشه‌ پاڵپشتمانه‌ له‌ كاری زانستی ‌و به‌ره‌وپێش بردنی زانكۆ‌و جه‌نابی وه‌زیری خوێندنی باڵا دكتۆر یوسف گۆران كه‌ چاودێری ئه‌م كۆنفرانسه‌ ده‌كات، سوپاس بۆ هه‌ردوو لیژنه‌ی ئاماده‌كاری‌و زانستی كه‌ دوای ماندووبوونێكی زۆر كۆنفرانسه‌كه‌یان گه‌یانده‌ ئه‌م رۆژه‌.

پانێڵه‌كان

دواتر پانێڵه‌كانی ئه‌م كۆنفرانسه‌ هاوبه‌شه‌ی نێوان هه‌ردوو زانكۆی پۆلیته‌كنیكی‌و سنه‌ ده‌ستی پێكرد، كوردستانی نوێ له‌ سۆنگه‌ی په‌رۆشییه‌وه‌ بۆ كۆنفرانسه‌كه‌‌و گرنگی بابه‌ته‌كان له‌ ژماره‌كانی داهاتویدا روماڵی تایبه‌تی سه‌رجه‌م توێژینه‌وه‌كان ده‌كات‌و بڵاویان ده‌كاته‌وه‌.

راپۆرت:تاریق كه‌مال
PUKmedia کوردستانی نوێ

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket