riklam

سه‌عدی پیره‌: كورد پشتگیری ژاپۆن له‌بیر ناكات

ی.ن.ک‌‌ 11:33 AM - 2018-12-12
.

.

سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌ ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی و لێپرسراوی مه‌كته‌بی په‌یوه‌ندییه‌ گشتییه‌كانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ باره‌گای مه‌كته‌بی سیاسی له‌ شاری هه‌ولێر پێشوازیكرد له‌ كینۆشیتا ئاكینۆبوو سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی دۆستایه‌تی كوردستانی-ژاپۆنی .

له‌ دیدارێكی نێوان هه‌ردوولادا باس له‌ بارودۆخی گشتی سیاسی و ئابوری و په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان كورد و گه‌لی ژاپۆن كرا .

سه‌ره‌تا كینۆشیتا ئاكینۆبوو سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی دۆستایه‌تی كوردستانی-ژاپۆنی كورته‌ باسێكی له‌باره‌ی كاروچالاكییه‌كانی كۆمه‌ڵه‌كه‌یان له‌ هه‌رێمی كوردستان خسته‌ڕوو ئاماژه‌ی به‌ ئامانجی كاره‌كانیان كرد كه‌ خۆی ده‌بینێته‌وه‌ له‌ هه‌ماهه‌نگی و به‌یه‌كه‌وه‌ كاركردن له‌ ڕووی كلتوری و كۆمه‌ڵایه‌تی و زیاتر نزیكردنه‌وه‌ی هه‌ردوو گه‌لی كوردو ژاپۆنی له‌ ئاست و پێگه‌ جیاوازه‌كاندا، وتیشی: هه‌وڵه‌كانمان به‌رده‌وام ده‌بێت بۆ دروستكردنی پردی په‌یوه‌ندی زیاتری نێوان ده‌زگاو دامه‌زراوه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی ژاپۆن له‌ لایه‌ك و رێكخراوه‌ ناحكومییه‌كانی هه‌ردوولا له‌ لایه‌كی تر به‌ئامانجی ئاڵوگۆڕی زانیاری و توانا مرۆییه‌كان و باشتر سوود وه‌رگرتن له‌ ئه‌زموونی یه‌كتر .

 سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌ ستایشی كارو چالاكییه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی دۆستایه‌تی كوردستانی – ژاپۆنی كرد له‌ پشتیوانیكردنی دۆزی گه‌لی كوردو قوڵكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌ كلتوری و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و رۆڵی به‌رچاویان له‌ هاندانی حكومه‌تی ژاپۆن بۆكردنه‌وه‌ی كونسوڵخانه‌ی ژاپۆن له‌ هه‌رێمی كوردستان، وتیشی: گه‌لی كورد پشتگیری  گه‌ل و حكومه‌تی ژاپۆن له‌بیر ناكات كه‌ له‌دوای راپه‌ڕینه‌وه‌ تاوه‌كو ئێستا له‌ رێگه‌ی جیاوازه‌وه‌ له‌ رووی سیاسی و مرۆیی و كلتوری و ئابورییه‌وه‌ به‌رده‌وام پشتیوانی خۆیان نیشانداوه‌ ئه‌مه‌ش جێگه‌ی سوپاس وپێزانینی گه‌له‌كه‌مانه‌ بۆ گه‌لی ئاشتیخوازو مرۆڤ دۆستی ژاپۆن .

هاوكات سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌ هیوای خواست په‌ره‌ به‌و په‌یوه‌ندییانه‌ بدرێت و له‌سه‌ر ئاستی باڵاتر و جیاوازتر كاری بۆ بكرێت، ئاماده‌یی و پشتیوانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانیشی بۆ سه‌رخستن و باشتر به‌ڕێوه‌چوونی كارو چالاكییه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی دۆستایه‌تی كوردستانی – ژاپۆنی نیشانداو هیوای سه‌ركه‌وتنی زیاتری بۆ خواستن.

PUKmedia 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket