riklam

مه‌كته‌بی سیاسی ی.ن.ك و پ.د.ك راگه‌یه‌نراوێكی هاوبه‌ش بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌

ی.ن.ک‌‌ 02:03 PM - 2018-12-11
.

.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ هه‌ولێر كۆبوونه‌وه‌و له‌دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌ش راگه‌یه‌نراوێكی هاوبه‌شیان بڵاوكرده‌وه‌.


ده‌قی راگه‌یه‌نراوه‌كه‌..
راگه‌یه‌نراوی هاوبه‌شی كۆبوونه‌وه‌ی هه‌ردوو مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان.

ئه‌مرِۆ سێشه‌ممه‌ 11/12/2018 هه‌ردوو مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ هه‌ولێر كۆبوونه‌وه‌. چه‌ند بابه‌تێكی گرنگ و هه‌ستیار و هه‌نووكه‌یی گفتوگۆی له‌سه‌ر كرا:

یه‌كه‌م: رِێكخستنه‌وه‌ی باشتری په‌یوه‌ندییه‌ دووقۆڵییه‌كانی نێوان یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان كه‌ له‌ ئاستی پێویستی قۆناغه‌كه‌دا بێت له‌رِووی سیاسی و ئابووری و په‌یوه‌ندییه‌ دیپلۆماسییه‌كانه‌وه‌ به ‌شێوه‌یه‌ك كه‌ پشتیوانی به‌هێز بێت بۆ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.

دووه‌م: پێكه‌وه‌كاركردن بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان حكوومه‌تی هه‌رێم و حكوومه‌تی فیدراڵی له‌ هه‌موو ئاسته‌كاندا، لابردنی به‌ربه‌سته‌كان بۆ زیاتر به‌ره‌وپێشه‌وه‌چوون له‌ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كه‌ركووك و ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان و هه‌موو ئه‌و با‌به‌تانه‌ی كه‌ ناكۆكییان له‌سه‌ر هه‌یه، له‌گه‌ڵ ئاماده‌بوونی كورد له‌ به‌غدا به‌ شێوه‌یه‌كی كارا و به‌هێز.

سێیه‌م: دانانی لیژنه‌یه‌ك بۆ ئاماده‌كردنی پرِۆژه‌یه‌كی رێكخستنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان به‌‌شێوه‌یه‌كی گشتی بۆ هه‌بوونی هه‌ڵوێستی هاوبه‌ش ده‌رباره‌ی چۆنیه‌تیی مامه‌ڵه‌ و دیدگای هاوبه‌ش سه‌باره‌ت به‌ عێراق و ناوخۆی كوردستان و ده‌وروبه‌ر، هه‌روه‌ها به‌رچاورِوونی له‌سه‌ر رِووداو و پێشهاته‌كان.

چواره‌م: پشتگیریكردن له‌ لیژنه‌ی تایبه‌ت به‌ پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌م و ئۆرگانه‌كانی دیكه‌ بۆ دابینكردنی سه‌قامگیری و حوكمرِانیی سه‌رتاسه‌ری له‌سه‌ر بنه‌مای یاسا و ‌هاوبه‌شیی هه‌موو ئه‌و حزبانه‌ی كه‌ به‌شداری له‌ كابینه‌ی‌ داهاتوودا ده‌كه‌ن.

پارتی دیموكراتی كوردستان
یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان

11/12/2018


PUKmedia تایبه‌ت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket