riklam

پارادۆکسی شۆڕشگێڕ و تیرۆریست لای ئەمەریکا

بیروڕا 04:44 PM - 2018-12-10
.

.

کورد، سادەترین کارەکتەرە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، هەرکات ئەمەریکا ویستی بیکاتە قوربانی بەرژەوەندییەکانی و هیچ ئاکام و دەرهاویشتەیەکی خراپیشی لێ نەکەوێتەوە و هەرکاتیش ویستی دەستێک بەسەری کورددا بێنێت و ڕابردووی قوربانی لە بیر بەرێتەوە، چونکە هەمیشە کورد یەکلایەنە وتویەتی ئەمەریکا دۆستی کوردە، کە لە ڕاستییدا تەنها کورد خۆی بە دۆستی ئەو زانیوە، نەک ئەم تێگەیشتنە لای ئەمەریکا هەبوو بێت، (هیلاری کلنتۆن) لە کتێبی بژاردە قورسەکان، بیرەوەری هەشت ساڵی خۆی کە وەزیری دەرەوە و کۆنگرێسمان بوە دەگێڕێتەوە و باسی هەموو دونیا دەکات، بەڵام بە دوو وشە باسی کورد و نەهامەتییەکانی ناکات، کەچی ئەمەریکا دێت و هەموو بەهاکانی گەلی کورد و ڕەمز و سیمبوڵەکانی دەخاتە بازاڕی کڕین و فرۆشتنەوە و (12) ملیۆن دۆلار دەخاتە سەر گیانی سێ سەرکردەی PKK (موراد قەرەیلان، جەمیل بایک و دوران کالکان)، کە چل ساڵە بە گژ هەموو مەحاڵەکاندا چونەوە، چونەوە بە گژ زەبەلاحترین هێزی ناتۆ، کە بە بەرچاوی ئەمەریکا و ئەوروپاوە، خەڵکی مەدەنی دەکوژێت و دەیانخاتە زیندان و دەریاچەکانیان لێ وشک دەکات و خانوەکانیان دەروخێنێت.

ئەمەریکا، پێشتر ئەم نرخانەی خستبوە سەر (زەرقاوی، بن لادن، ئەبوبەکر بەغدادی) و دەیان تیرۆریستی تر، کە سەدان سەربازی ئەمەریکاییان کوشتوە و باڵوێزخانەکانیان تەقاندۆتەوە، دەیان هەزار هاوڵاتییان کردە قوربانی و سەریانبڕی، لە سۆماڵ فەرەح عەیدید دەیان سەربازی ئەمەریکای کوشت و دواتریش ئەمەریکای بە ناچاری لە سۆماڵ دەرپەڕاند.

ئێستا ئەمەریکا یەک مامەڵە لەگەڵ ئەبوبەکر بەغدادی و جەمیل بایک دەکات، ئایا لەم تێڕوانینەدا هیچ بەها و مۆڕاڵێک هەیە، کە بەردەوام بانگەشەی بەهاکانی مافی مرۆڤ و عەدالەت دەکرێت؟

ئەگەرچی مێژووی ئەمەریکا پڕیەتی لەم کڕین و فرۆشتن و دروستکردنی لیستی تیرۆر و کوشتنی چەند هێزی شۆڕشگێڕ و سەرکردەکانیان لە بابەتی (بزوتنەوەی تۆپاک ئامارۆ لە پیرۆ، پڵنگەکانی تامیل لە سریلانکا لە (2007) و کوشتنی سەرۆکەکەیان (فیلۆبیلای برابهاکاران) و دژایەتی فارک لە کۆڵۆمبیا و تازەترین پیلانیش سەرکردایەتی ئەمەریکا و (CIA) بوو لەگەڵ وڵاتانی ڕوسیا، یۆنان، تورکیا، ئیسرائیل و کینیا لە ساڵی 1999 بە فرۆشتنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بە (5) ملیۆن دۆلار و دەستگیرکردنی لە نایڕۆبی و تەسلیمکردنەوەی بە ئەنکەرە ((خوێنەر دەتوانێت ئەم کتێبە بخوێنێتەوە گەشتە بێئاکامەکانی سەرکردەیەک لە نوسینی بریتا بولەر کە پارێزەی ئۆجەلان بوو لە ڕۆما هاوڕێم ڕێکەوت ئیسماعیل وەریگێڕاوە))، بۆ ئەوەی تێبگات چۆن ئۆجەلان فرۆشراوە و ڕۆڵی ئەمەریکا چیببووە لەم گەلە کۆمەکێیەدا؟

ئەمەریکا کە نەک بە گرتن و تەسلیمکردنەوەی ئۆجەلان بە بوڵند ئەجەوید نەوەستا، ئەوەتا لە کاتێکدا کە ئەردۆگان و AKP و ئەنکەرە ڕۆژانە زیندانەکانیان پڕدەکەن لە گەنجانی کورد، پەرلەمانتار و خەڵکانی ئازادیخواز، ئەمەریکا و ئەوروپا چاوپۆشی لێدەکەن.

- پەلاماری عەفرین و شارە کوردییەکانی ڕۆژئاوا دەدات، ئەمەریکا چاوپۆشی لێدەکات.

- دێت لە شەنگال، زەکی شەنگال تیرۆر دەکات، ئەمەریکا بێدەنگە.

- ڕۆژانە بۆردومانی قەندیل و گوندنیشینەکان دەکات، دەیان کەس بوونەتە قوربانی، ئەمەریکا و ئەوروپا بێدەنگن.

- سوپای تورکیا سنورەکانی باشور دەبەزێنێت، ئەمەریکا بێدەنگە، کەچی لەگەڵ هەر جوڵەیەکی ئێران دەیان کێشە بۆ حکومەتی عێراق دروستدەکات.

کامە مۆڕاڵ و بەها هەیە؟ کاتێک لە واشنتۆن فەتحوڵڵا گوللەن داڵدە دەدات لە کۆشکی شاهانە و پارێزگاری لێدەکات و عەبدوڵڵا ئۆجەلانیش تەنها لەبەرئەوەی نوێنەرایەتی خەباتی گەلێک دەکات، نۆزدە ساڵە لە کونجی زیندانە و مۆڵەتی سەردانیشی لێ زەوتکراوە؟

بەڵام ئون سان سوکی، لە بۆرما پێنج ساڵ زیندانی حکومەت بوو، ئەمەریکا هێندە بۆرمای لای کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ناشرین کرد کە بە نیوەی ئەنکەرە قەتڵ و عامی نەکردبوو، تا سەرئەنجام سان سوکی کردە خاوەنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی و دواجاریش سەرۆکۆماری بۆرمای بۆ دەستەبەر کرد، پار ساڵیش بە بەرچاوی واشنتۆنەوە خانم سان سوکی کەوتە قەتڵ و عامی رۆهینگیا موسوڵمانەکانی (بۆرما – میانمار) کەسیش هیچی نەوت، چونکە بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا دەپارێزێت. ئەمە سیاسەتی پارادۆکسی واشنتونە؟!

ئینسان ناتوانێت باوەڕ بکات بەوەی، ئەم بڕیارە بۆ بەرژەوەندی کوردە لە ڕۆژئاوا و بۆ جیاکردنەوەی ئەجێندای PKK و PYD یە و بگرە زۆر دووریش نییە، یەپەگە و یەپەژە و قەسەدەش جێبهێڵێت و بیانخاتە ژێر چەپۆکی دیمەشق و ئەنقەرەوە، وەکو چۆن پار ساڵ هەوڵیاندا ساڵح موسلیم لە چیک دەستگیر بکەن و تەسلیمی تورکیای بکەنەوە.

تاکە فاکتەر لەم بڕیارە نەبوونی مۆڕاڵ و سەیرکردنی هێزە شۆڕشگێڕەکانە وەکو کارتی بەرژەوەندی، ئێستا کە زۆربەی بۆچونەکان فۆکەس ئاوا دەکەن لەسەر بڕیارەکەی واشنتۆن، ئەمەریکا دەیەوێت دۆسیە و فایلی ڕۆژئاوای کوردستان (پەیەدە و هەسەدە) جیابکاتەوە لە دۆسیە و فایلی (پەکەکە و کەجەکە) واتا واشنتۆن (باکور و ڕۆژئاوا)ی دابەشکردۆتە سەر دوو هێز گەلی (تیرۆریست بە بۆچوونی واشنتۆن کە PKK دەگرێتەوە (ئازادیخواز و شۆڕشگێڕ)، بەڵام ئەم ئەگەر و ڕووداوانەی ئەمەریکا و ئەوروپا، هەمیشە ئەگەری دووبارەبوونەوەیان هەیە لە زەمەن و زەمانی جیاوازدا دژی کورد، کە (پەیەدە و هەسەدە) دەگرێتەوە، بەڵام بڕیارەکەی واشنتۆن دەکرێت واقیعەکەی ئاوا بخوێندرێتەوە کە ئەمەریکا بە نیازە پشت لە دۆسیەی کوردەکانی ڕۆژئاوا بکات (سەرەڕای ئەوەی هەندێکجار وەکو قارەمان وێنەیان دەکات) تا دواجار پشتتێکردن و جێهێشتنی کوردانی ڕۆژئاوا کە لە بنەڕەتدا بۆ ڕازیکردنی تورکیایە) بخاتە ئەستۆی هێزەکانی ڕۆژئاوا، کە ئەوان دۆستی پەکەکە بوون و گوێیان لە واشنتۆن گرتوە.


ئەنوەر حسێن (بازگر)

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket