riklam

یەكێتی و هێزی شەراكەتی حكومەت

04:15 PM - 2018-12-08
.

.

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، شەراكەتی راستەقینە دەكاتە بنەمای بەشداریكردنی لە كابینەی نۆهەمی حكومەتی هەرێم، ئەم پەیامەش لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆ 8/12/2018 تەوەرێكی جێباسی گرنگی كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسیی بووە.

شەراكەتی راستەقینە، كە یەكێتی باسی دەكات، دوو دیوی هەیە، یەكێكیان دانپێدانانێكە ئەو راستیە دەسەلمێنێت كە لە كابینەكانی رابردوودا یەكێتی "هاوبەشی راستەقینە"نەبووە و بەشدارییەكی لاسەنگی كردووە و كۆسپ و لەمپەری بە ئەنقەستی لەبەردەمدا بووە، ئەم هێزە سیاسییەش لەبەر هەرهۆكارێك بێت، چۆتە ژێرباری لاسەنگییەكەوە تا ئەو ئاستەی توانای رێكردنی نەهێلێت!.

لاسەنگییەكانی شەراكەتی یەكێتی بەشێكی زۆری لەو وەزارەت و جۆمگانەشدا هەبوون كە خودی وەزیری وەزارەتەكە یەكێتیی بووە، بەڵام لەهەرەمی خوارەوەی هێندەی كۆسپ و لەمپەری حزبیی هەبووە، هێندە خەمخۆریی بۆ گەیاندنی بڕیار و كارەكان نەبووە كە بەخزمەتی كۆمەڵانی خەڵك بشكێتەوە، بۆیە لاسەنگیەكە لە دارایی و بودجەو نەوت و ئیدارەدانیشدا هەبووە!.

كەواتە بۆ كابینەی نۆیەم، یەكێتی بە شەراكەت رازیی دەبێت، كە بەر لە هەر هەنگاوێك دەبێت ستراتیژ و كارنامەیەكی راستكردنەوەی لاسەنگیەكە بۆ گفتوگۆكان ئامادەبكرێت و بەراشكاوی خاڵ بخرێتە سەر پیتەكانی لاسەنگكردن كە ئەوانیش وەرگرتنی هەقبەشی یەكێتی لە حكومەتی نوێ و پۆستە سیادی و خزمەتگوزارییەكان لە بواری " نەوت، دارایی، سەربازی، ئەمنی، دیپلۆماسی" سەرباری پۆستە باڵاكانی لە سەرۆكایەتییەكان.

بەشداریكردنی یەكێتی ئەوكاتە گرنگە كە شەریكی راستەقینە بێت لە ئیدارادان و حوكمڕانیدا، نەك بەشداربێت بۆ پێكهێنانی كابینەیەك و دانانی چەند وەزیر و بەرپرسێك، بەبێ ئەوەی بڕیاردەری راستەقینە بن و لەخودی كابینەكەدا دژایەتی بكرێت و دەسەڵاتی بڕیاردانی لە گۆشەیەكدا كورتبكرێتەوە، ئەوەی كە ئەم چەمكەش لە بەشداریدا دەكاتە پراكتیك، رازیی نەبوون و بێدەنگ نەبوونی یەكێتیە لە لاسەنگی دیكە و كردنەدەرەوەی لە هاوبەشێتی كە لە رابردوودا كراوە، ئەوەش بە بەكارهێنانی هێزی سیاسیی یەكێتی دەبێت بۆ راستكردنەوەی لاسەنگی.

عەتا كەریم

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket