riklam

ئه‌ندامێكی سه‌ركردایه‌تی: ناكرێت له‌ به‌غدا به‌كارو كاردانه‌وه‌ كاربكه‌ین

ی.ن.ک‌‌ 03:23 PM - 2018-12-07
.

.

ئه‌ندامێكی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی ده‌ڵێت، كاردانه‌وه‌كانی له‌ده‌ستدانی پۆستی سه‌رۆكی كۆماری عیراق هێشتا له‌سه‌ر پارتی ماوه‌و ئه‌وه‌ش وایكردوه‌ كه‌ نه‌یه‌وێت یه‌كێتی ئیستحقاقی خۆی له‌حكومه‌تی داهاتووی عیراق به‌ربكه‌وێت، ئه‌ندامێكی په‌رله‌مانی عیراقیش له‌فراكسیۆنی یه‌كێتی ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ده‌كات، فراكسیۆنی یه‌كێتی دووه‌م گه‌وره‌ترین فراكسیۆنه‌ له‌ناو په‌رله‌مانی عیراق و سوورین له‌سه‌ر به‌ده‌ستهێنانی ئیستحقاقی خۆمان له‌حكومه‌تی داهاتووی عیراق.

ئارێز عه‌بدوڵڵا ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌ PUKmedia ی راگه‌یاند: كاردانه‌وه‌ی هه‌ندێك لایه‌نی كوردی به‌رامبه‌ر به‌ یه‌كێتی له‌ به‌غدا، زۆر بێمانه‌یه‌و ئه‌گه‌ر به‌كارو كاردانه‌وه‌ له‌گه‌ڵ یه‌ك له‌ به‌غدا كاربكرێت زیان به‌ به‌رژه‌وه‌ندی میلله‌ته‌كه‌مان ده‌گه‌یه‌نرێت، هه‌روه‌ها هه‌تا په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان حزبه‌كان هه‌م له‌ هه‌رێم و هه‌م له‌ به‌غدا له‌گه‌ڵ یه‌ك باش بێت له‌به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستانه‌و حزبه‌كان ده‌بێت بیر له‌به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵك پێش حزبه‌كه‌یان بكه‌نه‌وه‌.

وتیشی:  هه‌ر لایه‌نێك بیه‌وێت یه‌كێتی له‌ئیستحقاقی خۆی له‌هه‌رێم و عیراق بێبه‌شبكات، به‌دڵنیاییه‌وه‌ ناتوانێت، چونكه‌ یه‌كێتی به‌جدی كار له‌سه‌ر به‌ده‌ستهێنانی ئیستحقاقی خۆی ده‌كات له‌پێناو به‌ژه‌وه‌ندی گشتی.
ئارێز عه‌بدوڵڵا ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: یه‌كێتی مافی خۆیه‌تی له‌ هه‌رێم هه‌ڵوێست له‌و لایه‌نانه‌ وه‌ربگرێت كه‌ به‌ راسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ ده‌یانه‌وێت یه‌كێتی ئیستحقاقی خۆی له‌به‌غدا وه‌رنه‌گرێت.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌ندامێكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران له‌فراكسیۆنی یه‌كێتی رایگه‌یاند، سوورین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان وه‌زاره‌تێكی حكومه‌تی نوێی عیراق وه‌ربگرێت.

به‌ختیار شاوه‌یس ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق له‌فراكسیۆنی یه‌كێتیی له‌ لێدوانێكدا بۆ كه‌ناڵی گه‌لی كوردستان وتی: وه‌ك فراكسیۆنی یه‌كێتی پێداگری ده‌كه‌ین له‌سه‌رئه‌وه‌ی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان به‌هیچ شێوه‌یه‌ك په‌راوێز نه‌خرێت و وه‌زاره‌تێك له‌كابینه‌كه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی وه‌ربگرێت، چونكه‌ فراكسیۆنی یه‌كێتیی دووه‌م گه‌وره‌ترین فراكسیۆنه‌ له‌ناو په‌رله‌مانی عیراق.

وتیشی: له‌چه‌ند رۆژی داهاتووداو له‌دوای رێكه‌وتنی لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان، پێده‌چێت پڕكردنه‌وه‌ی كابینه‌كه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی بكه‌وێته‌وه‌ به‌رباس و بخرێته‌ دانیشتنی په‌رله‌مانه‌وه‌.


PUKmedia تایبه‌ت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket