riklam

وه‌زیری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان سه‌ردانی به‌ریتانیا ده‌كات

تاراوگە‌‌ 08:19 PM - 2018-12-03
.

.

له‌چوارچێوه‌ی سه‌ردانه‌كه‌یاندا بۆ وڵاتی به‌ریتانیا، وه‌زیری كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان و شاندی یاوه‌ری به‌هاوڕێیه‌تی نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ به‌ریتانیا سه‌ردانی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیایان كردو له‌لایه‌ن ئالیستر بێرت وه‌زیری ده‌وڵه‌ت بۆ كاروباری رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و وه‌زاره‌تی په‌ره‌پێدانی نێوده‌وڵه‌تی پێشوازی كران.

له‌ دیداره‌كه‌دا كه‌ د.سامی به‌ڕێوه‌به‌ری دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان و خاتو شێری سه‌رۆكی رێكخراوی سید ئاماده‌بوون، مه‌حمود حاجی ساڵح سوپاسی وه‌زیری ده‌وڵه‌تی كرد بۆ ئه‌و پێشوازییه‌ گه‌رمه‌ی له‌وه‌فدی هه‌رێمی كوردستانیان كرد، هاوكات پوخته‌یه‌كی له‌سه‌ر پرۆسه‌ی سیاسی و دامه‌زراندنی حكومه‌تی نوێی عیراق  باس كرد و رایگه‌یاند: كه‌ هه‌رێمی كوردستان ئومێد ده‌كات كه‌ سه‌رۆك كۆماری نوێی عیراق، د.به‌رهه‌م و سه‌رۆكی نوێی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عیراق د.عادل عه‌بدلمهدی بتوانن دۆخی عیراق به‌ره‌و ئارامی و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ به‌رن و گرفته‌كانی نێوان به‌غداد و هه‌رێم چاره‌ بكه‌ن و  قه‌ره‌بووی هه‌ڵه‌ كۆنه‌كان بكه‌نه‌وه‌ و ڕێز له‌ بڕگه‌و ماده‌كانی ده‌ستوور بگیرێت و جێبه‌جێیان بكه‌ن و بنه‌مای مامه‌ڵه‌یه‌كی ده‌ستورانه دابڕێژن.

 هاوكات تیشكی خسته‌ سه‌ر ده‌ره‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و رایگه‌یاند: كه‌ خۆشبه‌ختانه‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌ڵبژاردنێكی سه‌ركه‌وتوانه‌ی ئه‌نجام داو ئێستا گفتووگۆكانی پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌م ده‌ستی پێكردووه‌.

هه‌ر له‌ دیداره‌كه‌دا وه‌زیری كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان تیشكی خسته‌ سه‌ر نه‌هامه‌تییه‌كانی به‌سه‌ر كوردا هاتوون به‌درێژایی مێژوو وه‌ چه‌ند نمونه‌یه‌كی جینۆسایدی گه‌لی كوردی خسته‌ڕوو، هاوكات ئاماژه‌ی به‌ لیژنه‌ی باڵای حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ كۆكردنه‌وه‌ی به‌ڵگه‌كانی تاوانه‌كانی داعش كردو، ووتی: لیژنه‌كه‌ كاری زۆری ئه‌نجامداوه‌ و توانیویه‌تی نزیكه‌ی پێنج هه‌زار به‌ڵگه‌ كۆبكاته‌وه‌ به‌ پێی بنه‌ماكانی نێوده‌وڵه‌تی و  له‌وانه‌ش دوو هه‌زار به‌ڵگه‌یان ئاماده‌یه‌ بۆ دادگا كه‌ گشت توخمه‌كانی جینۆساید له‌خۆده‌گرن.

تیشكیشی خسته‌ سه‌ر بڕیاری 2397ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان تایبه‌ت به‌ پێكهێنانی لیژنه‌ی سه‌ربه‌خۆ بۆ كۆكردنه‌وه‌ی به‌ڵگه‌كان و رایگه‌یاند: وێڕای سوپاسگوزاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئه‌وده‌ستپێشخه‌رییه‌ی كه‌ به‌ریتانیا  كردی بۆ ده‌ركردنی بڕیارێكی له‌و شێوه‌یه‌، ئێسته‌ش لێره‌ین بۆ ئه‌وه‌ی  داواتان لێبكه‌ین كه‌ به‌هه‌مانشێوه‌ رۆڵی خۆتان ببینن كاریگه‌ری دروست بكه‌ن بۆ پێكهێنانی هه‌ماهه‌نگی نێوان لیژنه‌ی سه‌ربه‌خۆی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی باڵای حكومه‌تی هه‌رێم بۆ سود وه‌رگرتن له‌و به‌ڵگانه‌ی كۆكراونه‌ته‌وه‌ له‌ لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، هاوكات خێرایی بدرێت به‌ پرۆسه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ و به‌ڵگه‌ كۆكردنه‌وه‌ له‌لایه‌ن لیژنه‌كه‌وه‌‌، هاوكات دادگایه‌كی تایبه‌تمه‌ندی نێوده‌وڵه‌تیش پێكبهێنرێت بۆ ئه‌وه‌ی به‌ڵگه‌كانی بۆ بچێت.

له‌به‌رامبه‌ردا به‌ڕێز بێرت وه‌زیری ده‌وڵه‌ت بۆ كاروباری ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و وه‌زاره‌تی په‌ره‌پێدانی نێوده‌وڵه‌تی خۆشحاڵی خۆی بۆ سه‌ردانه‌كه‌ ده‌ربڕی و رایگه‌یاند: كه‌ به‌ریتانیا له‌ نزیكه‌وه‌ ئاگاداری نه‌هامه‌تیه‌كانی گه‌لی كورده‌و لێیان تێده‌گات، وه‌ له‌سه‌ر ئاستی سه‌خسیش كه‌سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانم كردووه‌ كاتێك ئه‌ندام په‌رله‌مان بووم و سه‌ردانی هه‌ڵه‌بجه‌م كردووه‌ و كاره‌ساته‌كان‌ له‌دڵه‌وه‌ ناخهه‌ژێنن‌.

سه‌باره‌ت به‌ دۆخی سیاسی و حكومه‌تی نوێی عیراق وتی: وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا  خۆشحاڵ و گه‌شبینه‌ كه‌ سه‌رۆك كۆماری نوێی عیراق د.به‌رهه‌م و سه‌رۆك وه‌زیران د.عه‌بدلمهدی تێگه‌یشتنی باش له‌نێوانیان به‌دی ده‌كرێت و ئومێد ده‌كه‌ین كه‌ گشت گرفته‌كان به‌پێی ده‌ستوور چاره‌سه‌ر بكه‌ن و خزمه‌تگوزارییه‌كان و ئاسایش و ئارامی بۆ عیراق و عیراقییه‌كان ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن، هاوكات به‌ریتانیا ده‌خوازێت په‌یوه‌ندییه‌كی تۆكمه‌و دۆستانه‌ له‌نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی فیدڕاڵ درووستبێت كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی هه‌مواندابێت.

هه‌ر له‌دیداره‌كه‌دا به‌ڕێز بێرت رۆشنایی خسته‌ سه‌ر بڕیاره‌كه‌ی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش و رایگه‌یاند: كه‌ خودی خۆی لۆبی و سه‌رپه‌رشتی رۆژی ده‌نگدانی له‌ ده‌ركردنی بڕیاره‌كه‌ كردووه‌و بودجه‌یان بۆ ته‌رخان كردبوو، هاوكات رایگه‌یاند، كه‌ بڕیاره‌كه‌ زۆر گرینگه‌ بۆ دادگایی كردنی تاوانباران و ده‌سته‌به‌ركردنی دادوه‌ری بۆ قوربانیان وه‌ ئومێدی خواست كه‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بودجه‌ی گونجاو بۆ لیژنه‌كه‌ دابین بكات بۆ جێبه‌جێكردنی كاره‌كانیان.

هه‌روه‌ها جه‌ختی له گرینگی هه‌ڵوێستی یه‌كگرتوو كرده‌وه‌ بۆ دادگاییكرنی تاوانبارانی داعش و بوونی هه‌ماهه‌نی ته‌واو له‌نێوان لیژنه‌كه‌و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی عیراق له‌و رووه‌وه‌.

له‌ كۆتایی دیداره‌كه‌دا كاروان جه‌مال تاهیر نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێم له‌ به‌ریتانیا سوپاسی وه‌زیری ده‌وڵه‌تی كرد بۆ دیداره‌كه‌و هاوكاری و پشتیوانی به‌ردامی به‌ریتانیا بۆ هه‌رێمی كوردستان.

PUKmedia

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket