riklam

گەڕان بەدوای وەڵامێکدا...

بیروڕا 06:59 PM - 2018-12-03
.

.

جارێکی تر گەڕانەوە بۆ باوەشی خۆشیەکانی ژیان هانم دەدات سەوڵی خەیاڵم لە ئۆقیانوسی بی کەناردا بە هێزێکی نوێ  بسپێرم،کە سەرچاوەکەی ئەو خواستە قوڵەیە منێکی باوک لە باوەش گرتن و ماچی کچەکەمەوە چرۆی کردوە ، لەساتە وەختی دوای بەخشنی خۆشەویستی ىی بەرابەر پێم دەڵێ ئای لۆڤ یو دادی( خۆشم ئەوێت بابە).

لێرە بەدوا خەیاڵم تێکەڵ بە ناخی تاك و کۆمەڵگە دەبێت، خەیاڵێکە بەردەوام ئەم بزوێنێ و لە جیهانی خۆوویستی ڕامدەکێشێتە ناو دونیای هەمەڕەنگ و هەرەوەز و هاوبەشی ،  بۆ هەرچی بەرچاو روونیە وێنە تراژیدیەکانی ئەمڕۆم پێشان دەدات و پرسیاری (بۆ چی؟)م بەڕوودا دەکات. ئەم پرسیارە زۆر نهێنی لە هەگبەکەیدا هەڵگرتوە، پڕە لە یادەوەری تاڵ ، یەکتر سڕینەوە، کڕنۆش و جەنگی باڵادەستی پلە یەکی و سنورە بە خۆێن تەڕبووەکان، چ مەرگە ساتیکە لەو تابلۆ تۆقێنەرەی ئەمڕۆ  ئاشنای دەبم. هەموو ئەم وانانە پێم دەڵێت نەفرەت لە جەنگ ئەگەر شەڕی نێوان دوو چۆلەکەش بێت.

قەرار بوو پێشکەوتنی ژیان لە ئاستە جیاوازەکاندا بەختەوەری گشتی ئاراستەبکات، بەڵام ئەوەی پێش چاوە بەردەوامیدانە بە ترسێکی نەبڕاوە ، ترسێکە هەموو لێی بەرپرسن بەڵام ئاراستەی پەنجەکان مۆری پارادۆکسیان پێ شینکراوە بۆ هەرچی بەردەوامی ترسە نەبڕاوەکەیە. قەوم هەرخۆی سەردارە و ناخوازێت شکۆی کەچ بێت( ئەشی پێش ئەوەی مرۆڤ بێت ناسنانەمەی نەتەوەیی پێدرابێت!!)، دین هەرخۆیەتی بێ هەڵەیە و فەلسەفەش بێ کەموکوڕیە لە ئەلفەوە تاوەکو زالی، تەواوی ئەمانە بە نموونەی زاوایەکی سیاسی خۆیان بۆ بوکێی ئابوری ئامادەکردەوە، وەک جەوهەری ململانێکان.

لە دەورانی جیهانی تازەگەریدا کە بێچووی شەڕی یەکەمە بە  تیاچونی ملیونەها مرۆڤ بەڕێ کرا  و دەیان بەڵێننامەی  بە حساب ( ئینسانیدا) پەڕەی سپی بە ئاتۆگرافی دەست بە خۆێنەکان واژۆکرا، چەندین سەرکردەی وەکو هیتلەر ، مۆسۆلۆنی و ئەتاتورکی لە گەراکەیدا تروکان کە بوونە بەشێک لە مێژووی ڕەشی دەوڵەتی نەتەوەیی کە ئاودرابوو بە فەلسەفەی هیگل و کارەکتەری پۆپۆلیستی، خاڵی دەستپێکی  ڕوحی نەژاد پەرستی کردە فۆرمی پاوانخوازی  و ڕاسیزمی کردە کۆڵەکەی ڕاگری کۆشکی دەسەڵات بە جۆرێك فەرهەنگی  نادادی و سڕینەوەی بەرامبەریان کردە بواری پراکتیکیەوە و بووە هۆی سەرەتایی گەڕی دووهەمی ماڵوێرانی جەنگ  پتر لە پەنجا ملیون مرۆڤ بوونە سوتماک ، وەک چۆن هەنگاوەکانی ئەم نەفرەت کردنە دەچێتەوە سەر هەمان شاڕێی یەکەمین جەنگ هەروەها گریمانەکان و نالۆجیکی هەڵسوکەوتی دەوڵەتە نەتەوەییەکان لە پەیوەند بە مانەوەی ڕوحی سەردارێتی و تێروانینیان بۆ ئەوانی تر  لەبە کەمزانینیان بۆ سەرجەم بوارەکان هەڕەشەی جەنگ و ترس بۆ سەر کۆمەڵگە ئەو شەبەحیە کە ئەگەری تەیقینەوەی بورکانی جەنگی سێهەمی لێدەکرێت و تەواوی ئەم ئەستێرەیە( زەوی ) رووبەررووی لە ناوچون دەبێتەوە ئەمەش بە هۆی ئەو پێشکەوتنەی لە زانستی ئەتۆمیدا کە زادەی هەمان خواستی سەردارێتی و پاراستنی قەوارە سنورە کێشراوەکەیەتی وەک بڕشتی دوای جەنگەکان لە هەڕەشەی دەرەکی.

من دەمەوێت بگەڕێمەوە و خۆم ئاشنای هەستی کچەکەم بکەم ، ئەو ویستە بێگەردانە بکرێتە بەیداخی ژیان و خۆشەویستی بۆ یەکتر ، نەفرت لە جەنگ بکرێت و ژیان دۆستی بۆ مرۆڤەکان ئاراستە بکرێت. بۆ چی ناکرێت و ناگونجێت دوو مرۆڤ بگەڕێنەوە بۆ ڕوحی منداڵی و بەدەم جوانیەکانەوە پێبکەنن و هاوبەش و هاوکاربن لەو ژینگەیەی تێیدا چاویانکردوە و ئازادبن لە هەرکوێیەکی تر بژین، ئەم سنورانە سەرچاوەی چاوچنۆکی مرۆڤە نەخۆشەکانە وەک شێرپەنجە مامەڵە بە گیانی خەڵک دەکەن. هەرچی ناوی نەتەوە ، ئاین و فەلسەفەی داڕیژراو هەیە کە ئامانج گەیشتنی مرۆڤە بۆ بەختەوەری بەڵام تاوەکو ئێستا پێچەوانەکەی ئامادەیی هەبووە ، ئەمە دەستپێکی ئەو پرسیارەیە کە پێویستە بکرێت ( بۆچی؟ ).

کۆتایی دێڕم خەیاڵیکە لە نێو شەمەندەنەفەرێکی یتژ ڕەودا گەشتی نێوان دهۆک و بەسرە بەڕێدەکەم، جوانترین دیمەن جۆراوجۆری ڕەنگ و شێوە و هەمەچەشنی زمانەکانە، زۆر بە کامەرانی گوزەشت، ئەوەی بەشێک نەبوو لەم وێنەیە شەڕ و نەفریتی و یەکتر سڕینەوە بوو ،  وەڵامێک بوو بۆ ئەو پرسیارەی هەمیشە لە ڕوحی ئینسان دۆستیماندا ئامادەیی هەیە.

چالاك ئاغجەلەری

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket