riklam

تەڤگەری ئازادی: داخستنی باره‌گای حزبه‌ بێ مۆڵه‌ته‌كان بریاری حكومه‌ته‌

ریپۆرتاژ‌ 03:38 PM - 2018-12-03
.

.

حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیارێكی لەبارەی ئەو حزبانەوە دەكرد كە مۆڵەتی فەرمییان لەهەرێمی كوردستان نییە‌و بەو پێیەش هەر پارتێك مۆڵەتی لەهەرێم وەرنەگرتبێت، بارەگاكانی دادەخرێت.

لەچوارچێوەی ئەو بڕیارەی حكومەتی هەرێمدا هەفتەی رابردوو بارەگاكانی تەڤگەری ئازادی دیموكراتی كوردستان لەشاری سلێمانی‌و شارۆچكەكان داخران.

بەپێی بەدواداچوونەكان "تائێستا چەند حزبێكی هەرێمی كوردستان مۆڵەتی فەرمییان لەهەرێمی كوردستان نییە كە بەشێكیان مامەڵەكانیان لەوەزارەتی ناوخۆیە‌و تائێستا بەشێكیان وەڵام نەدراونەتەوە‌و بەشێكیشیان بەشێوەی زارەكی مۆڵەتی كاركردنیان پێدراوە".

محەمەد عەبدوڵا، هاوسەرۆكی تەڤگەری ئازادی كۆمەڵگەی كوردستان، وتى :"ئەو بڕیارە بەناوی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە دەركراوە‌و ئێمەش ناتوانین بڵێین یەكێتی بووە تا ئێستا یەكێتی هەڵوێستی خۆی بەشێوەیەكی فەرمی لەو بارەیەوە رانەگەیاندووە، هەرچەندە بەشێكی زۆر لەبەرپرسانی ئەو حزبە بەشێوەی نافەرمی ناڕەزایی بوونی خۆیان لەو بڕیارەی حكومەت بەئێمە راگەیاندووە".

هاوسەرۆكی تەڤگەر ئاماژەی بەوەشكرد كە دەبوو یەكێتی وەك حزبێكی سەرەكی لەحكومەتی هەرێم هەڵوێستی باشتر بوایە، لەرێگای ئەو هێزەی هەیەتی لەحكومەتی هەرێمدا هەوڵی باشتری بدایە بۆ ئەوەی لەرووی یاساییەوە وەڵامی ئەو داوایەی ئێمە بدەنەوە كە ماوەی زیاتر لەسێ ساڵە لەحكومەتی هەرێممان كردووە.

ناوبراو بڕیارەكەی حكومەتیشی بەبڕیارێكی سیاسی زانی و جەختی لەسەر ئەوە كردەوە "داخستنی بارەگاكانمان بەهۆی ئەو هەڵوێستە سیاسیانەمانەوەیە كە دژی وڵاتانی داگیركەری كوردستان نیشانمانداوە، ئەگەرنا بۆچی وەزیری دەرەوە‌و كونسوڵی توركیا لەهەرێم دەستخۆشی لەبڕیارەكەی حكومەت دەكەن".

ژیان لەسەرچاوەیەكی تایبەتی ناو تەڤگەری ئازادی بەمەرجی ناونەهێنانی زانیویەتی لەئێستادا چەند بەرپرسێكی یەكێتی‌و چەند پەرلەمانتارێكی گۆڕان‌و یەكێتی لەهەوڵی ئەوەدان كە بەشێوەیەكی نافەرمی بارەگای سلێمانی تەڤگەر بەكراوەیی بهێڵنەوە.

محەمەد عەبدوڵا، لەبارەی هەوڵی نێوەندگیری بەشێك لەبەرپرسانی یەكێتی و پەرلەمانتارەكانی گۆڕان، روونيكردەوە كە ئەوان داوایان لەخەڵكی رۆشنبیر‌و سیاسی كرد كە هەڵوێستی خۆیان لەو بارەیەوە ئاشكرا بكەن بۆ ئەوەش هەر كەسێك هەوڵی چارەسەركردنی ئەو بابەتە بدات ئەوە شایەنی دەستخۆشییە، بەڵام ئەو هەوڵانە بۆ بەشێك لەپەرلەمانتارەكانیش وەك ئەركی لێهاتووە، چونكە دەنگی دەنگدەرانی ئێمە لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بۆ پەرلەمانتارەكانی یەكێتی و گۆڕان چەند لایەنێكی تر چووە، بۆیە دەبێت بەرگری لەدیموكراتیەت بكەن‌و هەوڵی فراوانكردنی مەودای ئازادی بدەن.

لەهەرێمی كوردستاندا جوڵانەوەی نەوەی نوێش خاوەنی مۆڵەتی فەرمی نییە، بەڵام لەپەرلەمانی كوردستان خاوەنی 8 كورسیە، لەئێستادا پێشبینی دەكرێت داخستنی حزبە بێ مۆڵەتەكان ئەوانیش بگرێتەوە، بۆ وەرگرتنی زانیاری لەو بارەیەوە ژیان چەند جارێك هەوڵیدا قسە لەگەڵ پەرلەمانتارەكان‌و وتەبێژی جوڵانەوەكە بكات، بەڵام پەیوەندییەكان بەردەست نەبوون‌و وەڵامی پەیوەندییەكانی ژیانیان نەدایەوە.
  
رزگار عەلی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان وتى:"وەك یەكێتی ئێمە پشتیوانی یاساین ئەو بڕیارەی حكومەتیش دەری كردووە بۆ حزبە سیاسیەكان تایبەتە بەوانەی مۆڵەتیان نییە، ئێمەش وەك یەكێتی پشتیوانی جێبەجێكردنی یاساین ئیتر هەر حزبێك بێت".

رزگار عەلی رەتیكردەوە بڕیاری داخستنی ئەو حزبانەی مۆڵەتی فەرمییان نییە بڕیاری یەكێتی بێت‌و بۆ ژیان¬ی روونكردەوە كە ئەو بڕیارە بڕیاری یەكێتی نییە هەرچەندە بڕیارەكە جێگری سەرۆكی حكومەت دەری كردووە، بەڵام وەك یەكێتی دەرنەكراوە وەك حكومەت دەركراوە، بۆیە ناتوانین داوا لەحكومەت بكەین یاسا جێبەجێ نەكات.

بەگوێرەی ئامارێك كە لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمەوە دەست ژیان كەوتووە لە هەرێمی كوردستاندا 36 حزب مۆڵەتی لەو وەزارەتە وەرگرتووە 20 حزبی تریش داوای مۆڵەتیان كردووە، چەند حزبێكیش مامەڵەكانیان لەوەزارەتی ناوخۆ تەواو بووە‌و ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیران كراوون.

لەهەرێمی كوردستاندا ژمارەیەك لەپارتی سیاسی ئۆپۆزسیۆنی كۆماری ئیسلامی ئێران چالاكیی سیاسی خۆیان لەباشوری كوردستان ئەنجام دەدەن‌و زۆربەی كاتیش چالاكییە سیاسیەكانی ئەوان بۆتە هۆی رەخنە‌و گازەندەی دەسەڵاتدارانی ئێران‌و بەفەرمی گلەییەكانیان بەدەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان راگەیاندووە.

كاوە بەهرامی، ئەندامی بەڕێوەبەری حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران وتى "ئەو بڕیارە پێدەچێت تایبەت بێت بەناوخۆی هەرێمی كوردستان، چونكە بارەگای فەرمیمان نییە‌و مۆڵەتیشمان لەحكومەتی هەرێم وەرنەگرتووە‌و لەو بارەیەشەوە هیچ ئاگاداركردنەوەیەكمان بۆ نەهاتووە".

لەهەرێمی كوردستاندا مۆڵەتی حزبە سیاسیەكان بەیاسای ژمارە17ی ساڵی 1993ی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوە دەچێت‌و هەر لایەنێك مۆڵەتی نەبێت ناتوانێت بارەگایان هەبێت لەهەرێمی كوردستاندا.

لەدامەزراندنی حزب‌و چالاكی نواندنی مەرجەكە بەپێی یاسای ژمارە17 لە ساڵی 1993 هاتووە"داخوازییەك پێشكەش بەوەزارەتی ناوخۆ بكرێ‌ كە بەلایەنی كەمەوە (50) ئەندامی دامەزرێنەر ئیمزایان كردبێ‌ و تەمەنی ئەندامی دامەزرێنەر لە (25) ساڵ كەمتر نەبێ‌‌و بەتاوانێك (جنایە) یا كەتنێكی (جنحە) لەكەداركەری شەرەف حوكم نەدرابێ‌".

ئیبراهیم عەلی زادە، سكرتێری یەكەمی كۆمەڵەی كۆمۆنیستی كرێكاری ئێران بۆ ژیان¬ی روونكردەوە كە ماوەی سێ‌ ساڵە هیچ بڕە پارەیەكمان لەحكومەتی هەرێم وەرنەگرتووە‌و پێشتر حكومەتی هەرێم بەبڕە پارەیەكی كەم هاوكاری دەكردین.

پارتێكی تری رۆژهەڵاتی كوردستان جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە ئەوان مۆڵەتیان هەیە‌و بارەگاكانیان فەرمییە، رەزا كەعبی، جێگری سكرتێری گشتی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان وتى"ئەو بارەگایانەی ئێمە هەمانە ئاشكران‌و بارەگای فەرمین، مۆڵەتمان هەیە بۆیە هیچ بڕیارێكی لەو شێوەیەمان بەدەست نەگەیشتووە كە بارەگا دابخەین".ژیان زانیوویەتی هاوپەیمانی نیشتیمانی كە درێژەپێدەری هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپەوەرییە‌و لەگەڵ گەڕانەوەی بەرهەم ئەحمەد ساڵح، سەرۆكی هاوپەیمانییەكە بۆ ناو یەكێتی نیشتمانی كوردستان ناوەكەی بە (هاوپەیمانی نیشتمانی) گۆڕدرا، لەهەوڵی پێدانی مۆڵەتی فەرمین لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی هەرێمەوە. 

عوسمان گوڵپی، وتەبێژی هاوپەیمانی نیشتمانی، لەو بارەیەوە وتى "ئێمە وەك هاوپەیمانی لە 9ی تشرینی دووەمی 2018 كۆبوونەوەی گشتی خۆمان بەئامادەبوونی دادوەر ئەنجامدا‌و رێكارە یاساییەكانمان بۆ بەدەستهێنانی مۆڵەت تەواو كرد‌و ئاراستەی وەزارەتی ناوخۆی هەرێممان كرد ئێستا بەشێوەیەكی زارەكی وەڵامیانداوینەتەوە كە مۆڵەتمان هەیە".

وتەبێژی هاوپەیمانی نیشتمانی رەتیكردەوە وەك هاوپەیمانی هیچ مەترسییەكیان لەسەر بێت كە بارەگاكانیان دابخرێت، بەڵكو دانی بەوەدانا كەئێستا لەهەوڵدان بینا بگرن بۆ كردنەوەی بارەگا لەهەریەكە لەپارێزگاكانی هەولێر‌و سلێمانی.


PUKmedia ژیان

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket