riklam

كەژاڵ ئەحمەد: بەتاسەی دە ساڵ دوورییەوە شیعرم خوێندەوە

ئەدەب وهونەر 05:48 PM - 2018-12-01
.

.

شاعیری ناسراو كەژاڵ ئەحمەد كۆڕێكی جیاوازی پێشكەشی هونەردۆستان و هەوادارانی هۆنراوەكانی كرد، شاعیری ناوبراویش رایدەگەیەنێت، چاوەڕوانم دەكرد پایتەختی رۆشنبیریی ئەو ئامیزە گەرمە بۆ رۆڵەیەكی خۆی بكاتەوە.

ئێوارەی هەینی كۆمەڵەی سۆفیا دوای 10 ساڵ دووركەوتنەوە لە هەوادارەكانی لەشاری سلێمانی، كۆڕێكی جیاواز و تێكەڵاو بە موزیك و گۆرانی و سەمای بۆ خاتوو كەژاڵ ئەحمەدی شاعیر رێكخست.

كۆڕەكە بەسەرپەرشتی كۆمەڵەی سۆفیاو بە بەشداریی گروپی لەیزین بۆ سەمای بالێ و گروپی میوزیكی كچانی مەحوی، بە بەشداری سەدان كەس لە سینەما سالم لە سلێمانی بەڕێوەچوو.

لەبەرامبەر بەشداری ئەو ژمارەیەی هەواداران كە هێندە زۆر بوون بەشێكیان لە دەروەی هۆڵەكە مانەوەو نەیانتوانی بەشداری بكەن كەژاڵ ئەحمەد لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ PUKmedia وتی: بەتاسەی دە ساڵ دوورییەوە ئێوارەی 30-11 شیعرم خوێندەوە، لەبەردەم خەڵكی ئەو شارەی شایەنی ھەموو جوانییەكە ئەو سلێمانییەی كانگای داھێنان و زیندوێتی و درەوشانەوەیە.

وتیشی: سەعات و نیوێك لەترپەی دڵی خەڵكێكی تینوی شیعر و ھەندێكجار دەنگی گریان یان چەپڵە لێدان بەولاوە گوێم لەسرتەیەك نەبوو، ئەو ھەموو قەرەباڵغییە چەند بەڕێز و بێدەنگ گوێگربوون، ئەمە لەدڵەوە خۆشحاڵی كردم  چاوەڕوانكراویش بوو پایتەختی رۆشنبیریی ئەو ئامیزە گەرمە بۆ رۆڵەیەكی خۆی بكاتەوە.

پێشتریش كەژاڵ ئەحمەد بە PUKmedia ی راگەیاندبوو، ئەو تەنها لە میدیا دووربووە و دەرنەكەوتووە، بەڵام قەڵەمی هۆنینەوەی هەمیشە لەسەر كاغەزی تۆماركردنی هۆنراوەكانی بووە و بەمنزیكانەش دیوانێك بەناوی (زمانی باڵندەم دەزانی) كە بەرهەمی 10 ساڵ دوورییەتی بڵاودەكاتەوە.

PUKmedia  تاژاو محەمەد

 

لینكی یاریده‌ده‌ر بۆ بینین كۆره‌كه‌:

 

 

 

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket