riklam

بەرەو حکومەتێکی خزمەتگوزار

بیروڕا 11:34 AM - 2018-11-24
.

.

هاوکێشەیەکی سادەو ساکار تایبەت بە دەوڵەتداری و شێوازی بەڕێوەبردنی حکومەت هەیە کە ئەویش دەڵێت: لەدوای قۆناغی قەیرانەکاندا، دەبێت، (نەک پێویستە)، بەڵکو دەبێت لە پلەی یەکەمدا گرنگی بە کەرتی خزمەتگوزای بدرێت.

پێناسەیەکی سەرەتایی خزمەتگوزاری: بریتییە لە دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی کۆمەڵگە، ئاو، کارەبا، نەخۆشخانەکان، قوتابخانەکان، جادەو پرد، هەر ئەمانەشە کە پێیان دەگوترێت ژێرخانی ئابووری.

لەراستیدا، چەمکی ژێرخانی ئابووری لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە لە ساڵانی دوای 1945 بەدیاریکراوی لە ساڵی 1947 لە پلانی مارشاڵ بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی ئەوروپا بەرجەستەبوو، ئەو دەمەی کە زۆربەی زۆری وڵاتانی کیشوەری ئەوروپا لەسەروبنیاندا هیچ شتێك نەبوون جگە لە وێرانەیەک و ئەمریکا ترس و لەرزی بڵاوبوونەوەی هزری کۆمەنیستی لێنیشتبوو، بۆیە بڕیاریدا بە خەرجکردنی بڕی زیاتر لە 12 ملیار دۆلاری ئەمریکی لەو وڵاتانە خەرج بکات تاوەکو ئاستی گوزەرانی خەڵک بەرزبکەنەوەو لەرووی ئابووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئەمنییەوە سەقامگیری دابین بکەن.

بێگومان لە قۆناغی یەکەمی هاوکارییەکاندا تیشکیان خستەسەر کەرتی خزمەتگوزارییەکان پاشان وەبەرهێنان لە پیشەسازی و کشتوکاڵی  و کەرتەکانی دیکە کرا.

هیچ گومانی تێدا نییە کە ژێرخانی ئابووری کوردستان بەبەراورد لەگەڵ ئەوەی ئەوروپا لە دوو سێ ساڵی دوای جەنگی جیهانی دووەم، باشترە، بەڵام هۆکاری وەبیرخستنەوەی هاووڵاتییانی کوردستان بەو رەوشەی ئەو دەمەی ئەوروپا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە قەیران یان نیمچە قەیرانی ئابووری کوردستان کە هێشتا ئێمە تێیدا هەین و دەژین پێویستی بە هەڵمەتێكی نیشتمانی لەلایەن نوخبە و شەقامی کوردستانی هەیە تاوەکو بە ئاراستەی پێکهێنانی حکومەتێکی خزمەتگوزار هەنگاو بنەین و کار بکەین.

کاتێك کە چاو بە ناوەڕاست و باشووری عێراق دەخشێنین و دەبینین کە لەدوای نزیکەی 16 ساڵ، کەرتی خزمەتگوزاری هێشتا لە چوارگۆشەی یەکەمدایە و پێشناچێت لە 4 ساڵی سەردەمی عەبدولمەهدیدا گۆڕانکاری بەسەر ئەو واقیعە تاڵ و تاریکەی خزتمەتگوزراییەکانی عێراق، بهێنرێت.

بۆیە جێی خۆیەتی لێرە بە هاوڕێیان و هاوپیشەییان و سیاسەتڤانان و بڕیاردەرانی کوردستان بڵێم، بەرەی شەڕی داهاتوومان پێشکەشکردنی باشترین ئاستی ژیانە بۆ کوردستانییان سەرجەم ئەوانەی کە لەسەر خاکی ئەم نیشتمانەدا دەژین.

بەڕای بەندە، گۆڕەپانی پێشمەرگایەتی چەند ساڵی داهاتوومان، دابینکردنی خزمەتگوزارییەکانە و چەکی دەستەبەرکردنی ئەو ئامانجانە سەرەتا بە یەکریزی ناوماڵی کورد دەستپێدەکات و پاشان بە شەففافییەت و رووبەڕووبوونەوەی راستەقینەی گەندەڵی کە من پێموایە ئەگەر نییەتێکی جددی هەبێت، ئەوا دەکرێت لە کابینەی نوێی هەرێمی کوردستاندا، گەندەڵی لە رەگوریشەدا، بنبڕ بکرێت.

دەبێت دوا ئامانج لە گفتوگۆکانی تایبەت بە پێکهێنانی حکومەت، لە چوارچێوەی خزمەتکردنی گەل و وڵات بێت، نەک پێچەوانەکەی.

قسەکردن لەسەر چەند وەزارەتێک لێرەولەوێ نابێت ببێتە کۆسپ لە بەردەم رێگە سەرەکییەکەمان و پێویستیشە لە ئەزموونە کۆن و مێژووییەکانی گەلانی جیهان پەند وەرگرین و باشیشە ئەوەمان بیربێت کە ئەو پلانەی مارشاڵ کە لەسەرەوە باسم کرد، هەر ئەوە بوو بە سەرەتایەك بۆ دامەزراندنی بنچینەی یەکێتی ئەوروپاو هەر ئەوەش بوو کە وای کرد ئەوروپییەکان لەدوای نزیکەی 42 ساڵ دیواری دابەشکاری بەرلین بڕووخێنن و ئەوروپا وەک نەتەوەو قەوارەی سیاسی یەک بخەن.

نوخشە ناسح

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket