riklam

د. یوسف گۆران: زانكۆكانی كوردستان هه‌نگاوی گرنگیان ناوه‌

کوردستان 02:32 PM - 2018-11-19
.

.

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دوپاتیکردەوە بۆ بەرزکردنەوە و پاراستنى کوالێتى خوێندن و ئاستى زانستى و ئەکادیمى زانکۆکانى کوردستان، وەزارەتەکەمان هەنگاوى گرنگى ناوەو لەو چوارچێوەیەدا به‌ده‌ر له‌ بیركردنه‌وه‌ی سیاسی كاری خۆی كردوه‌و، هه‌موو هه‌وڵه‌كانیشی بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی زانستی زانكۆكان و خوێندکاران بووە.

ئەم دووپاتکردنەوەى د. یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەمڕۆ سێشەممە ڕێکەوتى ١٩/١١/٢٠١٨ لە میانى پێشوازیکردنى هات لە وەفدێکى فراکسیۆنى یەکگرتووى ئیسلامى لە پەرلەمانى کوردستان‌.

لە دیدارێکدا کە هەریەک لە د. داود ئەتروشى بەڕێوەبەرى گشتى ئەندازەو پرۆژەکان و د. جەمال کەمال جێگرى بەڕێوەبەرى گشتى خوێندن و پلاندانان ئامادەیبوون، باس لە ڕەوشى خوێندنى باڵا بەگشتى لە هەرێمى کوردستان کراو لەلایەن فراکسیۆنى یەکگرتووى ئیسلامى هەوڵەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بۆ ئەنجامدانى چاکسازى لە سیستمەکانى خوێندن و ناوەندى وەرگرتن و گۆڕانکارى لە پرۆگرامەکانى بەش و کۆلێژەکان و بەستنەوەى پسپۆڕى زانکۆ و پەیمانگەکان بە بازاڕى کارەوە باسى لەبارەوەکرا.

هەروەک سەرۆک و ئەندامانى فراکسیۆنى یەکگرتووى ئیسلامى لە پەرلەمانى کوردستان باسیان لە دواین هەنگاو و کارەکانى وەزارەت کرد بۆ پێداچوونەوە بە بەش و کۆلێژەکان بەتایبەت بەشى زانستە ئیسلامییەکان بەپێى پێویستى کۆمەڵگە.

بۆ ئەمەش د. یوسف گۆران وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى رایگەیاند بۆ پێداچوونەوە بە بەش و کۆلێژەکان و ڕەخساندنی دەرفەتی زیاترى خوێندن بۆ ئارەزومەندانی خوێندنی زانستە ئیسلامییەکان لە کوردستان، وەزارەتى خوێندنى باڵا گرنگى تەواوى بە خوێندنى زانستە ئیسلامییەکان داوەو لەو چوارچێوەیەشدا له‌ زانکۆکانی كوردستان (2) كۆلێژی تایبه‌ت به‌ زانسته‌ ئیسلامییه‌كان هه‌ن و، هه‌ر یه‌كه‌یان چوار به‌ش له‌خۆده‌گرێت ئەمە جگە لە کردنەوەى بەشى دیکە له‌ زانكۆکانى تر.

راشیگەیاند بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی زیاتر بۆ ئارەزومەندان، ‌وه‌زاره‌ت بۆ ساڵی خوێندنى ( 2018-2019) دووجار ده‌رگای پێشکەشکردنی وەرگرتنی ڕاسته‌وخۆی بۆ به‌شه‌كانی زانسته‌ ئیسلامییه‌كان لە زانکۆ حکومییەکان كردۆته‌وه‌, ئەوە لە کاتێکدایە کە ئەو دەرفەتە بۆ هیچ پسپۆڕیه‌کی دیکە نه‌كراوه.

لەبارەى دەرفەتى زیاتر بۆ ئارەزومەندانى خوێندنى ئیسلامى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئاماژەى بۆ ئەوە کرد ئه‌مساڵ وه‌زاره‌تەکەمان ڕەزامەندی لەسەر کردنەوەی دوو كۆلێژی زانکۆیی تایبەت داوە، کە ساڵانى ڕابردو هیچ بەشێکى زانستە ئیسلامییەکان لە زانکۆ تایبەتیەکان نەبوە.

لە کۆتایى قسەکانیشیدا د. یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئاماژەى بە چاکسازییەکانى وەزارەت کرد کە ماوەى چەند ساڵێکە دەستى پێکردەوەو  ئامانج لەم چاکسازییانەش بەرزکردنەوەی کواڵێتی خوێندن و رێکخستنەوەى بەشەکان بووە، بۆ ئەمەش وتى بۆ مەبەستى بەرزکردنەوەى کوالێتى خوێندنى بەیانیان لە ئەمساڵدا (438) به‌شی خوێندنى ئێواران له‌ زانكۆ حكومیه‌كان داخران. ئامانج لەم کارەش بەرزکردنەوەو پاراستنى کوالێتى خوێندن بووە، لەبەرامبەریشدا چەندین بەشى دیکە لە خوێندنى بەیانیان کراونەتەوە.

لەبارەى بەشەکانى زانستە ئیسلامییەکانیش وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتى هیچ به‌شێکی زانسته‌ ئیسلامییه‌كان دانه‌خراوە، بەڵکو ته‌نیا خوێندنی ئێواران لە دهۆک و ئاکرێ کە پێشتر بە پاراڵێڵ بوە، ئه‌وه‌ش گواستراوەتەوە بۆ بەیانیان، ئەمەش لە چوارچێوەی ڕێکخستنەوەی خوێندنی ئێواران بوە لە زانکۆ حكومیه‌کان.

لەلایەن خۆشیانەوە ئەندامانى فراکسیۆنى یەکگرتووى ئیسلامى لە پەرلەمانى کوردستان سوپاسى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى- یان کرد، بۆ پێدانى روونکردنەوە لەبارەى چاکسازییەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا لە بەش و کۆلێژەکان و ئەو هەنگاوانەى بۆ پرۆسەکانى بەرزکردنەوەى کوالێتى و ئاستى خوێندنى زانکۆ و پەیمانگەکان دەیگرێتەبەر. هەروەک داواکارى بەشێک لە ئارەزوومەندانى سنوورى پارێزگاى دهۆک- یان پێشکەش بە وەزیرى خوێندنى باڵا کرد بۆ دیراسەى کردنەوەى کۆلێژێکى تایبەت بە خوێندنى زانستە ئیسلامییەکان لەم سنوورەدا.

لەلایەن خۆشیەوە وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لایەنى تایبەتمەندى لە وەزارەت راسپارد بۆ دیراسەکردنى ئەم بابەتە.

PUKmedia ڕاگەیاندنى خوێندنى باڵا

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket